ته‌له‌فزیۆن مێژوو ئه‌نووسێته‌وه؟
13/8/2013
جاران مێژوونووسه‌كان مێژوویان ئه‌نووسیه‌وه، ئێستا سیناریست‌و كۆمپانیایه‌كی به‌رهه‌مهێنان‌و ده‌رهێنه‌رێك مێژوو ئه‌نووسنه‌وه.
مێژوونووسه‌كان
پشتیان به‌ده‌یان سه‌رچاوه‌و گێڕانه‌وه‌و به‌ڵگه‌ی مێژوویی‌و وته‌ی ئه‌و
كه‌سانه ئه‌به‌ست، كه له‌ناو رووداوه‌كاندا ژیاون، به‌ڵام ئێستا
سیناریست‌و ده‌رهێنه‌رێك، چه‌ند كامێرایه‌كی ئێچ دی‌و چه‌ند ئه‌كته‌رێكیان
به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی مێژووی میلله‌تێك‌و ده‌وڵه‌تێك‌و كه‌سایه‌تییه‌كی
جیهانی، به‌وجۆره‌ی خۆیان ئه‌یانه‌وێ‌و به‌و شێوازه‌ی سه‌رنجی بینه‌ر
راده‌كێشێ، بنووسنه‌وه.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌رۆك
وه‌زیرانی توركیا، له‌و سۆنگه‌یه‌وه بوو كه تووڕه‌بوونی خۆی به‌رامبه‌ر
به‌رهه‌مهێنانی زنجیره‌درامای «حریم السلطان» ده‌ربڕی، كه باس له‌ژیانی
سوڵتان سلێمانی قانونی ده‌كات‌و وه‌ك پیاوێك پیشانی ده‌دات كه به‌رده‌وام
خه‌ریكی رابواردن‌و كات به‌سه‌ربردنه له‌گه‌ڵ ژنه جارییه‌كانی
كۆشكه‌كه‌یدا.
ئه‌ردۆگان وتی: « زوڵمێكی گه‌وره به‌رامبه‌ر
سوڵتانێكی عوسمانی كراوه كه ٣٠ ساڵ به‌سه‌ر پشتی ئه‌سپه‌وه بووه بۆ
خزمه‌تكردنی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی».
جگه له‌ناڕه‌زایی ئه‌ردۆگان،
ژماره‌یه‌ك مێژوونووس‌و لێكۆڵیاریش ره‌خنه‌یان له‌و زنجیره درامایه گرت‌و
رۆژنامه‌كانیش له‌وباره‌یه‌وه زۆریان نووسی، به‌ڵام ئه‌و وێنه‌یه‌ی ئه‌و
زنجیره درامایه له‌باره‌ی سوڵتان سلێمان لای بینه‌رانی تورك‌و عه‌ره‌ب‌و
كورد دروستیكردووه، به‌هه‌زار مێژوونووس ناسڕێته‌وه!.
ئێستا
دراما مێژوو ئه‌نووسێته‌وه، په‌یجه‌كانی فه‌یسبووك له‌جیاتی ناوه‌نده‌كانی
لێكۆڵینه‌وه‌و زانكۆكان‌و پسپۆڕه‌كان رای گشتی دروستده‌كه‌ن، یوتیوب
له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا ناوبانگ به‌گه‌نجێك ده‌به‌خشێ كه له‌ماڵه‌وه
كلیپێكی تۆمار كردووه، له‌كاتێكدا هونه‌رمه‌ندی ره‌سه‌نی ئه‌وتۆ هه‌یه
كه سی ساڵ خه‌ریكی كاری هونه‌رییه به‌ڵام نابێته خاوه‌نی ئه‌و
ناوبانگه.
چه‌ندین ساڵه باس له‌وه ده‌كرێت، كه ژماره‌یه‌ك
كچی كورد دوای ئه‌نفالكردنی كه‌سوكاره‌كانیان براونه‌ته میسر بۆئه‌وه‌ی
له‌یانه‌كانی ئه‌و وڵاته كاریان پێبكرێت، به‌ڵام ئه‌م باسه شتێكی ئه‌وتۆی
دروست نه‌كرد، كه‌چی كاتێ زنجیره درامایه‌كی عه‌ره‌بی به‌چه‌ند خوله‌كێك
ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی ورووژانده‌وه، ده‌یان كه‌س هاتنه ده‌نگ‌و ناوه‌نده
ره‌سمییه‌كانیش كه‌وتنه خۆ!.
جاران رووداوه مێژووییه‌كان
ده‌كرانه فیلم‌و دراما، ئێستا فیلم‌و زنجیره دراماكان مێژوو
ده‌نووسنه‌وه.. ئێ ده‌مێكیشه وتوویانه: له‌یلێ زه‌مان گۆڕاوه.
ئیتر بۆ پێشه‌وه.
..................................................................
رەمەزان لای ئێمە
29/7/2013
پیاوێکی نەوسن لەمامۆستایەکی ئاینی ئەپرسێت:
-
مامۆستا، ئەگەر لەمەتبەخ قاچم خلیسکابێ‌و بەڕێکەوت، قومێک ئاو‌و تەماتەیەک‌و
پارچەیەک گۆشت‌و ھەندێ سەوزە چووبێتە ناو دەممەوە، تۆ بڵێی رۆژووەکەم
شکابێ ؟.
مامۆستاکەش دەڵێ:
- بەڵێ کوڕی خۆم، ئەگەر
بەھۆی کەوتنەکەوە ملت نەشکابێ، ئەوا دڵنیابە نەک ھەر رۆژووەکەت شکاوە،
بەڵکو بەم ھەموو خواردنە پارشێویشت کردووە!.
زۆر کەس باس لەوە
دەکەن کە رۆژوو گرتن کارێکی ئاسانە، بەڵام راستییەکەی بەگشتی کارێکی
زەحمەتە، بەڵام بۆ ئەوانەی باوەڕێکی بەھێزیان ھەیە، ئاسان دێتە دەست.
ھەربۆیە پاداشتی زۆربەی خێر‌و واجبەکان دیارە لای خوای گەورە، تەنھا رۆژوو
گرتن نەبێ، کە دیارە پاداشتێکی زۆر گەورەی ھەیە لای خوا، بەڵام دیارنییە
چەندە.
بەڵام رۆژوو گرتنیش چەندین جۆری ھەیەو ھەمووی وەک یەک نییە:
- ھەیە بۆ خوا بەڕۆژوو دەبێت، کە ئەمە ئەسڵەکەیەو ئینشاڵڵا پاداشتە گەورەکەی بەدواوەیە.
- ھەیە بۆ مۆدێل بەڕۆژوو دەبێت.
- ھەیە بۆ رێجیم بەڕۆژوو دەبێت.
- ھەیە بۆ حزبە ئیسلامییەکان بەڕۆژوو دەبێت.
ھەر
بەبۆنەی حزبایەتی‌و رەمەزانەوە جێی خۆیەتی سەرنج بدەن، ئەگەر لەئەندامی
حزبێکی ئیسلامی بپرسیت کە ئایا بەڕۆژوویت؟ لەوەڵامدا دەڵێ: ئینشاڵڵا. بەڵام
ئەگەر لەئەندامێکی حزبە علمانییەکان بپرسیت دەڵێ: بەڵێ.
ئەمە
بەشێکە لەو گۆڕانەی بەسەر کۆمەڵگادا دێت: جاران رەمەزان بۆ ژنان بۆ رۆژوو
گرتن بوو، ئێستا بەڕۆژ بۆ رۆژووگرتنەو بەشەویش بۆ سەیرکردنی زنجیرە
دراماکانە!.
جاران رەمەزان بۆ پیاوان بۆ رۆژوو گرتن بوو، ئێستا بەڕۆژ بۆ رۆژوو گرتنەو بەشەویش بۆ تاوڵەیە!.
ئێستا
رەمەزان بۆ ھەندێ گەنج ئۆفەرێکی تایبەتە چونکە تا پارشێو بەتەلەفۆن قسە
لەگەڵ دەنکەکانیان دەکەن‌و کەسیش پێیان ناڵێ ئەوە بۆ ناخەون؟.
ئێستا رەمەزان بۆمناڵەکان ھەلێکی زێڕینە، چونکە تا پارشێو ناخەون‌و تەقلە بە دایک‌و باوکیان لێدەدەن!.
ئێستا
رەمەزان بۆ کاندیدەکانی پەرلەمان سەردەمی ئاڵتوونییە، چونکە ھەندێکیان تا
پارشێو لەسەر خەتن‌و نیو سەعات جارێک سیڤییەکەی خۆیانت بۆ دەنێرن!.
ئێستا ئاوایە.. خوا ئەزانێ لەداھاتووشدا
چۆن دەبێت. ئیتر بۆ پێشەوە.
..................................................................
ژیان له‌وه كورتتره! 
15/7/2013
ژیان له‌وه كورتتره مرۆڤ خه‌م له‌هه‌ندێ شتی بچووك بخوات،
به‌ڵام خه‌م نه‌خواردنیش هونه‌رێكه كه‌س پێی ناگات. هی وا هه‌یه ته‌نها
هه‌شتا ساڵ ژیاوه، به‌ڵام هه‌شت سه‌د ملیۆن ساڵه مردووه‌و هێشتا هه‌ر
چاوه‌ڕێی هه‌ق‌و حسابیشه.
ژیان له‌وه كورتتره یه‌كێكت خۆش بوێت‌و جورئه‌ت نه‌كه‌ی پێی بڵێیت.
له‌وه كورتتره بڕوات به‌كه‌سێك نه‌بێت‌و ناچاربیت وای نیشان بده‌ی كه باوه‌ڕت پێی هه‌یه.
له‌وه كورتتره بزانیت چۆن پاره په‌یدا ده‌كه‌یت، به‌ڵام نه‌زانی چۆن خه‌رجی ده‌كه‌یت.
له‌وه كورتتره ته‌نها له‌ڕێی رۆمانه‌كانه‌وه به‌عه‌شق ئاشنا بیت.
له‌وه كورتتره سیاسییه‌كان ساڵانێكی ته‌مه‌نت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به‌كاربێنن‌و پاشان پێت بڵێن بۆ خۆتت كردووه!.
له‌وه
كورتتره چڵ ساڵ له‌سایه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی هاوڕێتدا به‌سه‌رببه‌یت، بیست
ساڵی تریش بۆ دژایه‌تیكردنی هه‌مان هاوڕێت ته‌رخان بكه‌یت؟.
له‌وه كورتتره له‌ڕابردووی خۆت هه‌ڵگه‌ڕێیته‌وه.
ژیان له‌وه كورتتره خۆت بۆ رق‌وتۆڵه سه‌ندنه‌وه ئاماده بكه‌یت.
له‌وه كورتتره ده‌ستت له‌ناو گیرفانی هه‌ژاراندا بێت.
له‌وه كورتتره هه‌زار گوناح بكه‌یت‌و پێشت وابێت به‌یه‌ك تۆبه تۆڵه‌ی گوناحه‌كان ئه‌كه‌یته‌وه.
ژیان له‌وه كورتتره شه‌ڕی تێدا هه‌ڵگیرسێنیت‌و بڵێی له‌به‌تاڵی باشتره.
له‌وه كورتتره تۆ به‌دیلێكی خراپتربیت بۆ خراپه‌كان.
له‌وه كورتتره خه‌ڵك بۆ شه‌ڕ بنێریت‌و خۆشت له‌ته‌له‌فزیۆنه‌وه سه‌یری شه‌ڕه‌كان بكه‌یت.
له‌وه كورتتره چاوه‌ڕێ بیت لێت ببوورن، به‌ڵام له‌كه‌س نه‌بووریت!
ئه‌وه‌ی بیه‌وێ له‌و راستییانه تێده‌گات‌و ئه‌لفێكی به‌سه. ئه‌وه‌ی نه‌شیه‌وێت، هه‌زار ئه‌لف فریای ناكه‌وێت.
ژیان له‌وه كورتتره بۆ دواوه بڕۆیت.. ئیتر بۆ پێشه‌وه.
..................................................................
ئەوەی میسر ئینقیلاب بوو... بەڵام !
8/7/2013
سوپا دەجووڵێت‌و سەرۆکێکی ھەڵبژێردراو لەسەر کار لادەبات، بەمە دەوترێت ئینقیلاب!
بەھیچ
شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نیم حزبێکی ئیسلامی حوکمم بکات، سەرەڕای ئەوەی بڕوای
تەواوم بەخوای گەورەو راستی‌و دروستی قورئانی پیرۆز‌و ئەحکامەکانی ھەیە،
بەڵام زەحمەتە لەم سەردەمەدا، ئەو ھەموو موسڵمانە راستەقینەیە بدۆزینەوە
ئیسلاممان وەک خۆی بۆ جێبەجێ بکات.
ئەوەی میسر کودەتایەک بوو
بەچاسوورکردنەوەی سوپا روویدا، بەڵام ئیخوان موسلیمین‌و مورسی، بەھۆی
کەللەرەقی‌و نەشارەزاییانەوە رێگایان بۆ خۆش کرد.
دەڵێن
دیموکراسی پەیژەیەکە تا تۆ پیایدا سەرکەویت‌و بچیتە سەر کورسی حوکمڕانی،
بەڵام کە چوویتە سەرەوە، مافی ئەوەت نییە پەیژەکە راکێشیت‌و نەھێڵیت کەسی
تر پیایدا سەرکەوێت. ئیخوان خەریک بوو پەیژەکە راکێشێت.
ئیخوان
لەسەردەمی پاشایەتییەوە تا رووخانی موبارەکی دیکتاتۆر زوڵمی لێکراوەو ئەویش
لەھەندێ قۆناغدا زوڵمی کردووە، بەڵام کەسیان باوەڕیان بەوە نەدەکرد کە
بەھەمان رێوشوێنی رووخاندنی موبارەک بڕووخێنرێن.
کێشەی ئیخوان
لەزۆر لاوە سەری ھەڵدابوو، دیارترینیان، بێ منەتی‌و غروور بوو، ھەوڵی
کۆنتڕۆڵکردنی ھەموو جومگەکان بوو، داڕشتنی دەستوورێک بوو رێک بەدڵی خۆیان،
قووڵبوونەوەی کێشە ئابووری‌و سیاسییەکان لەسەردەمی حوکمڕانییاندا، گوێ
پێنەدانیان بوو بە بیروبۆچوون‌و دنیابینی ملیۆنان کەسی تر، کاندیدکردنی
مورسییەکی بێ توانا‌و بێ ئەزموون بوو، نەشیان دەھێشت خۆی بێت، بەڵکو وەک
بووکەڵەیەک وابوو بەدەست مورشیدەوە. مورسی سەرۆک بوو، بەڵام سەرکردە
نەبوو.
ھەموو ئەمانە، شەرعییەت بەسوپا نادات جووڵە بکات، بەڵام
سوپاش بایی خۆی بەھانەی دەست کەوتبوو، یارییەکەش بەم ئاسانییە کۆتایی
نەھاتووە.
ئیشەکە قەوماو مورسی لابرا، سەرۆکی حزبە سێبەرەکەی
ئیخوانیش، لەژوورێکی تری ھەمان زیندانەکەی موبارەک بەندکرا، سعودییەو
ئیمارات‌و ئێران خۆشحاڵن‌و ئەمریکاو ئەوروپا دەڵێن چاودێری دۆخەکە دەکەین،
لەکوردستانیش شەڕی نێوان لایەنگران‌و نەیارانی مورسی، لەڕێی تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستی پێکردووە، بەڵام زەرەرمەندی گەورە ھەژارو رەش‌و
رووتەکەی میسرە.
حوکمی موبارەک حوکمێکی دیکتاتۆر بوو، مورسی‌و
ئیخوانیش خەریکی دروستکردنی سیستمێکی دیکتاتۆری بوون، بەڵام لەلایەن
سوپایەکەوە رووخێنران کە بەشیری دیکتاتۆریەت گۆشکراوە.
ئیتر ناشێ چاوەڕێی سەقامگیری‌و ئاشتی بکەن؟
ئیتر بۆ پێشەوە..
..................................................................
مەغروورێکی سەرکەوتوو! 
24/6/2013
ئەوەی لەماوەی رابردوودا لە گۆڕەپانی تەقسیمی شاری ئیستانبوڵ
رووی دا، بریتییە لەوەی: بەشێکی خەڵکی تورکیا‌و ژمارەیەکی زۆری گەنجەکان،
لەغرووری ئەردۆگانێکی سەرکەوتوو بێزار بوون..
مەسەلەی تێکدانی
گەزی پارک لەتەقسیم کە بووە ھۆی تەقینەوەی رقی جەماوەرێکی دیاریکراو، ئەسڵی
مەسەلەکە نییە، ئەسڵی مەسەلە بێزار بوونە لەغرووری سەرۆک وەزیرانێک، کە
ژمارەی سەرکەوتنەکانی لەڕووی سیاسی و خزمەتگوزاری و ئابوورییەوە، زۆر
لەژمارەی شکستەکانی زیاترە.
سەرکەوتنەکان وایان لەئەردۆگان کرد
مەغروور بێت و بەچاوێکی سووک سەیری رکابەرەکانی بکات و رۆژانە برینداریان
بکات. وایان لێ کرد جورئەت بکات بڕیاری قەدەغە کردنی فرۆشتنی کحول دەربکات
لەدوای سەعات دەی شەوەوە، کە ئەمە گەنجەکان تووڕە دەکات، بەتایبەتی کە
ئەردۆگان سووکایەتیشی بەو کوڕ‌و کچە ئەڤیندارانە کرد کە لەسەر شەقامەکان
یەکتر ماچ دەکەن و بەسەرخۆش ناوی بردن. بۆیە رۆژی دواتر کوڕ‌و کچەکان
ھاتنەوە ناو مەیدانی تەقسیم و ماچی دژایەتیکردنی ئەردۆگانیان بەسەر یەکدا
باراند.
بەڵام جوانترین کاردانەوەیان بریتی بوو لەدروشمێک کە
لەسەر دیوارەکانی تەقسیم نووسیبوویان:»بەڵێ تا ئێستا سەرخۆش بووین.. بەڵام
سەرخۆشییەکە بەری داین و لەمەودوا راستییەکان دەبینین»!
تا ئێستا
ئەردۆگان بەھێزەو ملیۆنان کەس پشتگیری لێ دەکەن، بەڵام دەبێ ھەموو
سیاسییەکی رۆژھەڵات ئەوە بزانێت، کە ئیتر گەنجەکان مەڕ نین و وەک مەڕیش
بەڕێوە نابرێن. بۆیە ئەگەر فریای خۆی نەکەوێت، لەھەڵبژاردنەکانیش گورزی
کاریگەری بەر دەکەوێت و رەنگە دەنگێکی زۆر لەدەست بدات، پێم وایە بارودۆخی
تورکیاش هی ئەوەنییە ئاک پارتی بتوانێت تەزویر بکات و بەفرت و فێڵ نفووس بۆ
ئاوارەکانی سووریا دروست بکات تا ژمارەی دەنگدەرانی زیاد بێت!
ئیتر بۆ پێشەوە.
..................................................................
لەمیکس چیم دی
17/6/2013
لەگەڵ کاک ئازاد جندیانی وتەبێژی رەسمی مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک و
لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن گەیشتینە وان، ھەرئەوەندە پێمان خستە سەر
خاکی فڕۆکەخانە، ئیتر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان دابارینە سەرم‌و ھەموو
دەیانپرسی: کاک ئازاد ل کودەرێیە؟
لەدەرەوەی فڕۆکەخانەش چەندین
کەس چاوەڕێیان دەکردو ھەر یەکێک پەلاماری جانتایەکی دەدا، ناوە ناوەش یەکێک
پەیدا دەبوو بەگەرمی باوەشی پێدا دەکرد، کاک ئازادم وەک شێخی تەریقەت ھاتە
بەرچاو!
ئێمە بۆ بەشداریکردن لەچوارەمین فێستیڤاڵی فەقێ تەیران
لەوانەوە بەرەو شارۆچکەی میکسی زێدی فەقێی جوانناس بەڕێ دەکەوتین، من
دەمزانی دایکی جندیانی خەڵکی کوردستانی باکوورە، بەڵام نەمدەزانی خەڵکی
ناوچەی میکسەو ھەندێ دەڵێن لەبنەماڵەی فەقێی تەیرانیشە.
پرۆگرامی
فێستیڤاڵەکە لەناو باخێکی شارۆچکەی میکس دەستیپێکرد، ئەو شارۆچکەیەی
حکومەتی تورکیا وەک دەیان شوێنی تر ناوە کوردییەکەی بۆ ناوێکی تورکی
گۆڕیوەو پێی دەڵێ: باخچەسەرای!
میکس تا بڵێی ناوچەیەکی جوان‌و
دڵڕفێنە، بەم ھاوینە، کاتێ بەلوعەی ماڵێک دەکەیتەوە، ئاوێکی ھێندە سارد
دێتەخوارەوە، بەزەحمەت دەستت بۆ دەشورێ. میکس بەگوێزو ھەنگوین بەناوبانگە،
تاکو ئێستا ھوتێلی تێدا نییە، بەڵام خەڵکەکەی دەڵێن ئێمە خۆمان خزمەتی
میوانەکانمان دەکەین.
فێستیڤاڵ دەستیپێکردو سەرۆکی شارەوانی‌و
قایمقامی میکس‌و والی وان‌و چەند پەرلەمانتارێک وتاریان دا، ئینجا سەرە
ھاتە سەر وەزیرێکی حکومەتی ئەردۆگان: بەدەست خۆم نەبوو، چاوەکانم پڕبوون
لەئاو کاتێ وەزیرەکە بەزمانی کوردی شیعرێکی فەقێ تەیرانی لەدەستپێکی
وتارەکەیدا خوێندەوە. ئاخر ئەو وەزیری حکومەتی تورکان بوو، ھەر دە-پانزە
ساڵ لەمەوبەریش بوو کە حکومەتی تورکان دەیگوت: کورد لەتورکیا بوونی نییە!
خوا لەسەر سەرانە خوشکان برایان، بۆیە کەس بڕوا بەوە نەکات کە زوڵم تا سەر بەردەوام دەبێت.
ھەر
لەمیانی فێستیڤاڵەکەدا، داوایان لەکاک ئازاد جندیانی کرد وتارێک پێشکەش
بکات، ئەویش بەکرمانجی وتارەکەی خوێندەوە، چەندین جار چەپڵەی گەرمیان بۆ
لێدا، منیش لەدڵی خۆمدا وتم:
ھەندێ کەناڵی تەلەفزیۆنی کە راھاتوون شەڕمان پێ بفرۆشن، ئەگەر ئەم پێشوازیی‌و چەپڵانەیان بینیبوایە، دەیانگوت:
ئەمڕۆ
کەس پشتگیریی لەدەسەڵات‌و نوێنەرەکانیان ناکات، بۆیە یەکێتی لەماردین‌و
ئامەدو ھەکارییەوە خەڵکی بردووە بۆ میکس تا پێشوازیی گەرم لەئازاد جندیانی
بکەن.
ئیتر بۆ پێشەوە...
..................................................................
واز لەمدیری شورتە بێنن!
5/6/2013
گەنجە بەڕێزەکانی یەکێتی..
ئەی ئەو دڵسۆز‌و خوێن گەرمانەی جێی شانازی یەکێتین‌و وەک شاخێک وان بۆ رێبازەکەتان.
ئەی
لاوە بیرتیژەکان.. تکایە واز لەکاک عەبدولخالقی مدیری شورتەی ھەولێر
بێنن‌و رەخنەی لێ مەگرن بەھۆی قسەکانی کە وتبووی: زۆربەی ئەوانەی بەشداریی
یادی یەکێتییان کرد لەھەولێر، لەشارەکانی ترەوە ھێنراون!
خۆشەویستان، تکایە رەخنەی لێمەگرن، بەخوا پێیان وتووە ئەو قسانە بکات ئەگینا دنیا ھەستێ شتی وا لەدەمی نایەتە دەرەوە.
واز
لەمدیری شورتە بێنن، ئەو خۆی لەئێوە باشتر دەزانێ ئەو قسەیە راست نییە،
بەڵام ئەگەر وای نەوتبا، دڵنیابن لانی کەم قەتع راتب دەکراو رەنگە قەتع
روتبەشی بەدوادا ھاتبا!
توخاتری ئازایەتی‌و گەنجی‌و جوانیتان
وازی لێبێنن، چونکە ئەو بەتەلەفۆن پێیان وتووە بڵێ لایەنگرانی یەکێتی
لەدەرەوەی ھەولێرەوە ھاتوونەتە ناو ھەولێر! رەنگە ئەو وتبێتی:
-ئێ لۆ وا برێم؟
-کورە مناقەشە مەکە... زوو فریای نەشرەی ھەواڵەکان بکەوە!
وازی
لێبێنن‌و ھیچ رەخنەیەکی لێ مەگرن، ئەگەر شتی تریشی وت وەڵامی مەدەنەوە،
ھەرچیتان ھەیە ھەڵیگرن بۆ کاتی ھەڵبژاردنەکان‌و لەڕۆژی ھەڵبژاردندا پێی
بڵێن:
ھەموو دەچین بۆ دەنگدان.. بەخۆشی چاوی ئێوە..
ئیتر بۆ پێشەوە جەنابی مدیر شورتە!
..................................................................
الحسود لا یسود
3/6/2013
له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا، سه‌دان هه‌زار ئه‌ندام‌و دۆست‌و
لایه‌نگری یه‌كێتی، به‌جۆش‌و خرۆشێكی له‌ڕاده‌به‌ره‌وه به‌شداریی یادی 38
ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتییان كرد، ئه‌م جۆش‌و خرۆش‌و دڵسۆزییه‌ش،
دووباره حه‌لیمه‌ی راگه‌یاندنی گۆڕانی برده‌وه سه‌ر ره‌فتاره
قه‌دیمه‌كه‌ی.
راگه‌یاندنی گۆڕان وتی:
-خه‌ڵكانێك به‌زۆر بروان بۆ یادی یه‌كێتی.
-پۆلیسی
هاتوچۆ له‌ڕۆژی یادی یه‌كێتیدا كامێرای سه‌ر شه‌قامه‌كانی لابردووه‌و
سه‌رپێچی ئه‌و ئوتومبێلانه تۆمار ناكات كه ئاڵای سه‌وزیان پێوه‌یه.
-
هه‌ر كه‌سێك ئاڵایه‌كی یه‌كێتی هه‌ڵگرتبێت، 40 لیتر به‌نزینی وه‌رگرتووه.
به‌ڵام لێره‌دا چه‌ند پرسیارێكم هه‌یه بۆ حه‌سووده‌كان‌و به‌دوای
وه‌ڵامدا ده‌گه‌ڕێم:
-ئه‌گه‌ر له‌ئه‌مریكای لاتینیش حزبێك
بیه‌وێت سه‌دان هه‌زار كه‌س به‌زۆر بباته ساڵیادی دامه‌زراندنیه‌وه،
پێویستی به‌چه‌ند ملیۆن سه‌رباز ده‌بێت تا ئه‌و كاره بكات.
ئه‌ی
سه‌باره‌ت به40 لیتر به‌نزینه‌كه وه‌ك راگه‌یاندنی گۆڕان باسیان لێوه
كردووه، ئه‌گه‌ر بزانن ئه‌و داماوانه‌ی ئوتومبێله‌كانیان به‌گاز ئیش
ده‌كات، ئه‌وانیش هه‌ر به‌نزینیان دراوه‌تێ یان گاز؟
گۆڕان ده‌ڵێ
هه‌ر سه‌یاره‌یه‌ك كه ئاڵای سه‌وزی پێوه بووبێت 40 لیتر به‌نزینی
وه‌رگرتووه، به‌ڵام ئایا ئوتومبێلی چوار پستۆن‌و شه‌ش پستۆن‌و هه‌شت
پستۆنیش هه‌ر 40 لیتریان وه‌رگرتووه، یان جیاوازبووه؟
خۆ
ئه‌گه‌ر هه‌موویان به‌قه‌د یه‌كیان وه‌رگرتبێت، ئه‌وا ده‌بێته
«ناعه‌داله‌تی»و پێشنیار ده‌كه‌م كه‌ناڵه داماوه‌كه‌ی گۆڕان ریپۆرتاژێك
له‌باره‌ی ئه‌و ناعه‌داله‌تییه بڵاوبكاته‌وه‌و «شه‌قام بجووڵێنێت»و
هه‌روا «ئه‌و به‌نزین‌و سووته‌مه‌نییانه‌ی ره‌هه‌ندی نیشتمانی‌یان هه‌یه»
بخاته به‌ر باس.
له‌كۆتاییشدا ده‌ڵێم: الحسود لایسود و ئیتر بۆ پێشه‌وه.
..................................................................
چوار ملیۆن نامه!
29/5/2013
زانای ناودار د.عه‌لی وه‌ردی ده‌ڵێت: « سه‌یره به‌لامه‌وه
كاتێ واعیزه‌كان ده‌ڵێن: شته باشه‌كانی خۆرئاوا وه‌رگرن‌و شته
خراپه‌كانیان ره‌تكه‌نه‌وه. وه‌ك بڵێی مه‌سه‌له‌كه شووتی كڕین بێت‌و
وه‌رگرتن‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌ندبێت به‌ویستی مرۆڤ خۆیه‌وه. شارستانیه‌ت
وه‌ك ده‌زگایه‌كی به‌یه‌كه‌وه گرێدراوه، كاتێ رووت تێده‌كات، لایه‌نه
باش‌و خراپه‌كانی به‌یه‌كه‌وه دێت».
ده باشه ئێمه چۆن هه‌ندێ له‌وانه‌ی مینبه‌ری پیرۆزی مزگه‌وته‌كان بۆ جنێودان‌و ته‌شهیركردن به‌كاردێنن له‌مه بگه‌یه‌نین؟
ئه‌و
خۆرئاوایه‌ی كه تازه‌ترین ئامێری پزیشكی‌و پرۆگرامی كۆمپیوته‌رو
فرۆكه‌مان بۆ ده‌نێرێت، هه‌مان خۆرئاوا یوتیوب‌و ڤیدیۆ كلیپ‌و سكایپیشمان
بۆ ده‌نێرێت؟
مامۆستای ئاینیی، لای خه‌ڵكی كوردستان پله‌و
پایه‌یه‌كی به‌رزی هه‌بووه‌و هه‌میشه به‌چاوی رێزیشه‌وه لێیان
ده‌ڕوانرێت، به‌ڵام ره‌نگه هه‌ندێ كه‌س هه‌بن نه‌توانن ئه‌م ئه‌ركه
پیرۆزه بگرنه ئه‌ستۆ.
له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا، یه‌كێك
له‌وتارخوێنانی شاری هه‌ولێر، به‌شێوه‌یه‌كی ناشیرین‌و ناشایسته هێرشی
كرده سه‌ر گۆرانبیژێكی كورد‌و هه‌زاران هاووڵاتی ئه‌م هه‌رێمه،
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كچه گۆرانی ده‌ڵێت‌و خه‌ڵكیش نامه‌ی پشتگیریی بۆ
ده‌نێرن؟
نازانم بۆچی ماوه‌یه‌كه، چه‌ند مامۆستایه‌كی ئایینی
هه‌ر خه‌ریكی باسكردنی ڤیدیۆكلیپ‌و زنجیره‌ی دۆبلاژكراوو ئه‌وشتانه‌ن؟
تۆبڵێی ئه‌م وڵاته كێشه‌یه‌كی تری تێدا نه‌بێت؟ یان هه‌ر له‌م شتانه
ده‌زانن؟ یان نایانه‌وێ خۆیان له‌قه‌ره‌ی كێشه گه‌وره‌كان بده‌ن؟
هه‌ر
حه‌زیش ده‌كه‌م بزانم، ئه‌و مامۆستایه چۆن زانی 4 ملیۆن نامه بۆ پشتگیری
ئه‌و كچه گۆرانیبێژه نێردراوه‌و هه‌ر نامه‌یه‌كیش 1 دۆلاری تێچووه؟
ئیتر بۆ پێشه‌وه.
..................................................................
وریای پەرواز حسێنەکان بن!
27/5/2013
سەرەڕای ئەو جەماوەرە زۆرەی لەڕێی بەرنامەی ( Arab Idol)ی
کەناڵی (MBC)یەوە بەدەستی ھێناوە، تەنها لەڕێی وێب سایتی یوتیوبەوە، زیاتر
لەسێ ملیۆن‌و سێ سەد ھەزار کەس گوێیان لەدەنگی خاتوو پەرواز حسێن گرتووە.
پەرواز
کچێکی کوردی دەنگخۆشە، کاتێ دەچێتە سەر شانۆ بۆئەوەی گۆرانی بڵێت، ھەروەک
خۆیەتی، بێ تەمسیل‌و خۆ مشەوەشکردن، بەسادەییەکەی خۆیەوە گۆرانی دەڵێت‌و
وەڵامی پرسیارەکانیش دەداتەوە.
ھاوڕێیان، خەڵکانێک ھەن ساڵانێکە
ھاوار دەکەن‌و دەڵێن: سەردەمەکە گۆڕاوەو کەرەستەو مامەڵەو دنیابینییەکی
تازەی پێویستە، بەڵام کەم کەس تێدەگات. ئاخر وەڵڵا راست دەکەن، ئەگەر
سەردەمەکە نەگۆڕابێت، چۆن دەکرێ لەڕێی چەند ئەڵقەیەکی بەرنامەیەکی
«MBC»یەوە، کچە کوردێک وا لەملیۆنان عەرەب بکات گوێ لەگۆرانی کوردی بگرن،
کەچی وەزارەتی رۆشنبیریی ھەرێمی کوردستان لەماوەی بیست ساڵدا ئەمەی پێ
نەکرێت؟
زیاتر لەسێ ملیۆن‌و سێ سەد ھەزار کەس تەنها لەیوتیوب
گوێیان لەپەرواز گرت‌و بەھۆی ئەویشەوە راغب عەلامەو نانسی عەجرەم بەکوردی
قسەیان کرد:
ئەی یەکێتی، ئەی پارتی، ئەی گۆڕان، ئەی ئیسلامییەکان
ئاگاداربن، ئاگاتان لەو پەروازانە بێت کە رۆژێک دێت لەمەیدانی سیاسەتدا
دەردەکەون‌و بەھیچ شێوەیەک فریایان ناکەون.
بەڕای تایبەتی خۆشم،
یەکێتی لەو حزبانەیە کە دەتوانێ بەباشترین شێوە خۆی لەگەڵ سەردەمەکاندا
بگونجێنێت‌و نەوەی تازە لەخۆبگرێت، دنیابینییەکی سەردەمییای پێشکەوتووش
بخاتە بەردەم ئەم نەوەیە.
ئاگاتان لەپەرواز حسێنەکانی مەیدانی
سیاسەت بێت. ئەم وتەیە، هی ھاوڕێی رۆژنامەنووسم توانا ئەحمەدە کە وتی:
ئەگەر حزبەکانی کوردستان- بەحوکمڕان‌و ئۆپۆزسیۆنەوە- فریای خۆیان نەکەون‌و
شێوازی کارکردنی خۆیان نەگۆڕن، پەرواز حسێنێکی سیاسی‌یان لێ پەیدا دەبێت،
کاتێ پەیداش بوو، ئەوسا ناتوانن فریای خۆیان بکەون!
سەردەمەکە گۆڕاوە، بۆیە دەبێ مرۆڤ خۆی لەگەڵ سەردەمی تازەدا بگونجێنێت، نەک چاوەڕوانی پێچەوانەکەی بکات.
دەستخۆش
بۆ خاتوو پەرواز، لەگەڵ ھیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ ھەموو ئەوانەی بەرھەمی
سەردەمێکی نوێن‌و بەدنیابینییەکی تازەوە مامەڵە دەکەن.
ئیتر بۆ پێشەوە..
..................................................................
پارە بەڵای سەرە؟
20/5/2013
برادەرێک نووسیبووی: کاتێ ژنەکە فەقیربوو، بەیانیان زوو لەخەو
ھەڵدەستاو دوو تەنەکە ئاردی ئەکرد بەنان‌و کەسیش پێی نەئەزانی، بەڵام
ئێستا کە دەوڵەمەند بوون، پشت بەدە کتێبی تایبەت بەخواردن دروستکردن‌و شێف
رەمزی‌و کەناڵی فەتافیت ئەبەستێ ئینجا پارچە کێکێک دروست دەکات، کەچی پەنجا
رەسمی ئەو کێکە دەگرێت‌و لەفەیس بووکیش بڵاوی دەکاتەوە، لەژێریشی ئەنووسێ:
بای می!
ھیچ شتێک بەقەد پارە خەڵک ناگۆڕێت. ھەر لەوبارەیەوە
چیرۆکێکی کۆمیدیم لەئینتەرنێت خوێندەوە، کە باسی پاشایەک دەکات کاتێ چاوی
بەجووتیارێکی ھەژار دەکەوێت کە رۆژانە بەچوار فلس کار دەکات.
پاشا لەجووتیارەکە دەپرسێت؟
- ئەو چوار فلسە بەشت ئەکات؟
- بەڵێ, بەشم ئەکات‌و زۆر دڵیشم پێ خۆشە.
- چۆن بەشت ئەکات؟
-
فلسێکی بۆ خۆم‌و ھاوسەرەکەم. فلسێکی بۆ دایک‌و باوکم خەرج دەکەم کە
پیربوون‌و قەرزاریانم. فلسێکیش بۆ دوو منداڵەکەم ئەدەم بەخواردن، فلسێکی
تریش ئەدەم بەخوشکەکەم کە نەخۆشە. زۆر بەخۆشیش ئەژیم‌و ئیشی خۆم بەپلەو
پایەی تۆش ناگۆڕمەوە.
پاشا سەری لەو پیاوە سوڕماو دەستخۆشی لێکرد، بۆیە بڕیاریدا زەوییەکی گەورە بکڕێت‌و بیداتە جووتیارەکە.
دوای ئەوەی جوتیارەکە زەوییەکەی بۆ کڕا، یەکسەر فرۆشتی‌و لەژنەکەی خۆی جیابۆوە، دایک‌و باوک‌و منداڵەکانیشی جێھێشت‌و چووە ئەوروپا!
شەوو رۆژیش لەسەر فەیس بووک پۆستی کچان لایک ئەکا.
لایکیان ئەکاو ئیتر بۆ پێشەوە.
..................................................................
پیاوی ژن كوژ
13/5/2013
رێكخراوه‌كانی ژنان، ته‌نها باسی ئه‌و پیاوه تاوانبارانه
ده‌كه‌ن كه ده‌ستیان ده‌چێته خوێنی ژنه‌كانیان، به‌ڵام هه‌قه باسی ئه‌و
پیاوانه‌ش بكه‌ن كه راسته‌وخۆ ژنه‌كانیان ناكوژن، به‌ڵكو له‌ماوه‌ی
ساڵانی هاوسه‌رگیریدا، ژنه‌كانیان تووشی هه‌زارو یه‌ك ده‌رد ده‌كه‌ن‌و
به‌قیست ده‌یانكوژن.. ئه‌ی ئه‌مه‌ش تاوان نییه؟
پیاو هه‌یه،
هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ ژنێكدا ده‌كات‌و سێ- چوار منداڵی بۆ دێنێته دنیا،
ئه‌و ژنه 20 ساڵی ته‌مه‌نی گه‌نجی‌و جوانی خۆی به‌خزمه‌تكردنی
مێرده‌كه‌ی‌و منداڵه‌كانی به‌سه‌رده‌بات‌و ده‌ست له‌زۆربه‌ی خۆشییه‌كانی
ژیانی خۆی هه‌ڵده‌گرێ، به‌ڵام له‌كۆتاییدا به‌جیابوونه‌وه‌و
سه‌رگه‌ردانكردنی ژنه‌كه پاداشتی ده‌داته‌وه. ئه‌مه ژن كوشتن نه‌بێت
چییه؟
جیابوونه‌وه‌و بێ وه‌فاییش بووه به‌مۆدێل. پیاوه‌كه
دوای پانزه ساڵ هاوسه‌رگیریی، بێئه‌وه‌ی هیچ روویدابێت، له‌پڕ رۆژێك
دێته ناو براده‌ره‌كانی‌و ده‌ڵێ:
- خه‌ریكه له‌هاوسه‌ره‌كه‌م جیاده‌بمه‌وه.
- بۆ جیاده‌بیته‌وه، هیچ بووه؟
- وه‌ڵا ناگونجێین به‌یه‌كه‌وه.
- ئه‌ی پانزه ساڵه بۆ گونجاون، مانگی رابردوو عه‌یبتان نه‌بوو.
- كاكه منیش ئه‌مه‌وێ بۆخۆم بژیم.. به‌سه ئیتر.
به‌مشێوه‌یه
له‌ژنه‌كه‌ی جیاده‌بێته‌وه، جارێكی تر خۆی فۆرمات ده‌كاته‌وه‌و- به‌و
ته‌مه‌نه‌وه- ماوه‌ی دوو ساڵێك ده‌ست ده‌كاته‌وه به‌دڵداریی، پاشان
كچێكی مناڵكار ده‌خوازێت‌و رۆژێ 10 وێنه‌ی خۆی‌و ژنه تازه‌كه‌ی له‌فه‌یس
بووك داده‌نێ. له‌ژێر وێنه‌كانیش ده‌نووسێ: له‌گه‌ڵ ئازیزترین كه‌سم!
بۆ
نا؟ ئازیزێكی دوای پانزه ساڵ به‌ڕێكردووه‌و ئێستا ئازیزێكی تری
دۆزیوه‌ته‌وه. چونكه ئه‌وه‌ی جاران هه‌ر ئازیزبوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی
ئێستا ئازیزترین كه‌سه!
..................................................................
ژنی پیاوکوژ
8/5/2013
تازە خوێندمەوە، کە لێکۆڵینەوەک ئاشکرای کردووە ئەو ژنانەی
لەگەڵ مێردەکانیاندا ھێمن‌و لەسەرخۆن‌و بۆڵە بۆڵ ناکەن، چوار ئەوەندەی ئەو
ژنانە نەخۆش دەکەون کە لەگەڵ مێردەکانیاندا دەنگ بەرز دەکەنەوەو ھەمیشە
پرتەو بۆڵەیانە!
کەواتە عیلمیش دەڵێ لێگەڕێن با ژنان پرتەو بۆڵەی خۆیان بکەن، بەڵام بێ زەحمەت پێمان بڵێن: کەی ژن بێ پرتەو بۆڵە دەبێ؟
سەرنووسەری
پێشووی رۆژنامەی ئەلحەیات جیهاد الخازن دەڵێ: ژن وەکو ئەمریکا وایە، یا
ئەوەتا دەبێ ھەموو کاتێک ھەموو شتێک بەقسەی ئەو بکەیت، یا ئەوەتا تۆ
تیرۆرستیت‌و دەبێ لەناو ببرێیت.
بەشێکی زۆری ژنان لەمەسەلەی شت
کڕیندا، رۆحی مێردە داماوەکانیان دەردێنن‌و بەبەھەشتی بەرینی شاد دەکەن،
بەم شێوەیەش زۆر بەئاسانی تۆڵەی ھەزار شتیان لێ دەکەنەوە:
- کابرا مۆزو پرتەقاڵ دەکڕێ‌و دەچێتە ماڵەوە.
-ژنەکەی: مۆزو پرتەقاڵمان بۆ چییە خۆزگە سێو‌و ترێت کڕیبوایە.
-کابرا سێو‌و ترێ دەکڕێ‌و دەچێتەوە.
- ژنەکەی: وەڵاھی کەس سێو‌و ترێ ناخوات، خۆزگە ھەرمێ‌و ھەنارت کڕیبوایە!
- کابرا ھەرمێ‌و ھەنار دەکڕێ‌و دەڵی: ئێ خوایە بەڵکو بەدڵی بێت.
- ژنەکەی: ئەزانی مناڵەکان ھەرمێ‌و ھەناریان لەبەرچاو کەوتووە.
- کابرا ئەمجارە لەداخا پانزە جۆر میوە دەکڕێ.
- ئەرێ ئەو ھەموو میوەیە چییە کڕیوتە خۆ دوکانی میوەفرۆشتنمان دانەناوە.
- دواجار لەداخا بەدەستی بەتاڵ دەچێتەوە.
- ئەرێ پیاوەکە بۆ میوەت نەکڕیوە، ئەمشەو میوانمان دێ.
باشە،
ژنێک ئەو ھەموو دەردە بداتە مێردەکەی، ئاسایی نییە دوای چەند ساڵێک
پیاوەکە جگە لەنەخۆشی زەخت‌و شەکرەو گورچیلە ١٥ جەڵتەی دڵ لێی بدات؟
ھەندێ
لەژنان مێردەکانیان تووشی سەد دەرد دەکەن‌و دەردەکانیش دەبنە ھۆی مردنی
پیاوەکان، پاشان ھەر ژنەکان خۆیان دەڵێن: شانسمان نەبوو.. مێردەکانمان زوو
مردن!
وەنەبێ ھەندێ لەپیاوەکانیش درێغییان کردبێ لەزوڵم کردن لەژن، بەڵام با ئەمەیان بۆ جاری داھاتوو بێت.
ئیتر بۆ پێشەوە.
..................................................................
بەرەو دائیرە
6/5/2013
چەندجار رووت کردۆتە دائیرەیەک‌و لەبەیانییەوە تانیوەڕۆ ٢٧
ژووریان پێکردووی، بەڵام پێنج دەقە پێش ئەوەی دەوام تەواوبێت پێیانوتوویت:
ببوورە ئەمڕۆ معامەلەکەت تەواونابێت‌و سبەی وەرەوە؟.
ناشێ پێت
ناخۆش بووبێت؟ بۆ پێت ناخۆشە، تۆ کە بستە رێیەک بەپێ نابڕیت‌و بڕواشت
بەپاس‌و شتی وا نییە، با تۆزێک لەناو دائیرەکاندا بەپێ بڕۆیت خۆ کەعبە کەچ
نابێت!
باشە، معامەلەی دائیرە چ قورساییەکی دەمێنێت ئەگەر ٤٥
ئیمزای پێوە نەبێت، ئەی کە ئیشەکەت تەواوبوو، چۆن تامی لێ ئەکەیت ئەگەر یەک
ھەفتە ھاتوچۆیان پێ نەکردبیت؟.
تکایە پەلە مەکەن‌و کێشە دروست مەکەن، مەسەلەکە ھەمووی خەتای ئێوەیەو کێشەکەشتان دەروونییە.
ھاوڵاتی خۆشەویست، بەرلەوەی رووبکەیتە ھەر دائیرەیەک، ئەگەر ئەم چەند ھەنگاوە پێویستە بنێیت، تووشی ھیچ تەنگ‌وچەڵەمەیەک نابیت:
- کاتێ معامەلەیەکت ھەبوو، بەتانییەکی پڵنگی تازە لەگەڵ خۆت بەرە، ئەگەر شەویشت بەسەردا ھات پەکت ناکەوێت.
-
ھەمیشە با دوولەفەی فەلافلت لەگیرفاندابێت، گەر سبەینەکەی پێویستت نەبوو
نیوەڕۆکەی بیخۆ، نیوەڕۆش پێویستت نەبوو، بیدە بەموراجیعێکی تر کە لەتۆ
برسیترە.
- ھەمیشە با ٤٥ رەسمت لەگیرفاندا بێت‌و بێئەوەی داوات
لێ بکەن، چوویتە ھەر ژوورێک ٦ رەسمیان بدەرێ، چونکە ئەگەر بزانن رەسمت پێ
نییە یەکسەر دەتنێرنە لای وێنەگرو داوای رەسمت لێدەکەن، بو نازانی حسابی
راغب عەلامەت بۆ دەکەن‌و موعجیبتن؟
- تکایە وەرەقەی بایەعی ماڵی
خۆتان‌و ماڵی خەزوورت‌و زاواکان‌و ئاوەڵزاواکەشت لەگەڵ خۆت ببە، بەڵێ ھی
ئاوەڵزاواکەشت ببە، با نێوانیشتان خۆش نەبێت، چونکە نازانی کەی لێتی داوا
دەکەن.
- ھەرچی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی‌و عەشایەری‌و نەتەوەیی‌و
ئابووری‌و که‌لتووری ھەیە بەکاری بێنەو بیکە بەواستە، مەڵێ من موسەقەفم‌و
شتی وا ناکەم، نەخێر چونکە ھەر ناچارت دەکەن شتی لەوە سەیرتریش بکەیت، بۆیە
کات بەفیڕۆ مەدەو لەسەرەتاوە -عەیب نەبێ- بیکەی باشە!
- پۆز لێ
مەدەو مەڵێ بەسیتم، جوانترین جل‌وبەرگ لەبەر بکەو ئایفۆنێکی پێنجیشت پێبێ
باشترە، گەر نەتبوو لەبرادەرێکی وەرگرە، با کابرای ئیستعلامات تۆزێ حسابت
بۆ بکات!
- ھەمیشە لەسەرخۆ بکە، چونکە ھەندێ لەفەرمانبەرو
لێپرسراوی بەشەکان‌و بەڕێوەبەرەکان ھیلاکن، فەقیرانە شەو تا بەیانی خەریکی
لایک‌و کۆمێنت بوونەو تێر خەو نەبوون، بۆیە پێویست ناکات جەنابت ئیزعاجیان
بکەیت‌و رۆژەکەشیان لێ تاڵ بکەیت.
ئەگەر ئەم ھەنگاوانەت رەچاوکرد، معامەلەکەشت بەئاسانی تەواودەبێت، بەمشێوەیەش «نیشتمانێکی ئازاد‌و گەلێکی بەختیار دروست دەکەین»
ئیتر بۆ پێشەوە.
..................................................................
بەھەشت مسۆگەر بکە
3/4/2013
زۆرجار لەفەیس بووک دەبینین، دەقی ئایەتێکی پیرۆز یان فەرموودەیەک دانراوەو لەژێری نووسراوە:
- لایکی بکە با گوناحەکانت بسڕێتەوە!
- لایکی بکە تا خێرت بنووسرێت.
- گەر لایکی نەکەیت تاوانباریت!
- ئەوەی موسڵمانە با شێری بکات.
وەڵاھی
من بڕوایەکی زۆر پتەوم بەئایەتی پیرۆز‌و فەرموودەکان ھەیە، بەڵام ئایا
مەعقولە ئەگەر لایکی نەکەم بچمە دۆزەخەوە؟ خۆ ئەگەر بەھەشت بەلایک کردن
دەستەبەر بکرێت، ئەوا ئامادەین رۆژانە چەند سەعاتێکی ژیانمان بۆ ئەوە
تەرخان بکەین.
پرسیارێکیشم ھەیە: ئەو ھەزاران ھەزار موسڵمانەی
بەر لەدەرکەوتنی فەیس بووک‌و لایک‌و کۆمێنت کۆچی دواییان کردووەو
لەژیانیاندا نەیانزانیوە لایک‌و شێر‌و شتی وا چییە، چارەنووسیان چی دەبێت؟
خوای
گەورە زۆر لەوە بەبەزەیی ترە کە مرۆڤ بیری لێدەکاتەوە، بۆیە دەبێ
لایککردنی ئایەت‌و فەرموودەی پیرۆزیش لەدڵەوە بێت، نەک لەفەیس بووک. بەڵام
«شێخەکانی فەیس بووک» ئەوە نازانن چونکە ئەوان تەنها لەڕێی ئینتەرنێتەوە
جیهاک دەکەن، وەک چۆن ھەندێک لایەنی سیاسی تر فێر بوون کە لەڕێی
ئینتەرنێتەوە خەبات دەکەن بۆ رزگارکردنی میللەتەکەیان!
شێخەکانی فەیس بووک روو لەزیادبوونن‌و بەردەوام پەیجی تازش ئەکەنەوەو تێیدا:
-فتوا دەردەکەن.
-ژن بەخەڵک تەڵاق دەدەن.
- حەرام‌و حەڵاڵ دەستنیشان دەکەن.
- ناسنامەی موسڵمان بوون‌و کافربوون دابەش دەکەن‌و خۆشیان ناسنامەکەت بۆ کەپس دەکەن!
بێگومان
ئەم مۆدێلەی شێخایەتی لەفەیس بووک، فڕی بەسەر شێخە پاکەکان‌و لەخوا ترسە
راستەقینەکان نییە کە ساڵانێکە کۆمەڵگەی کوردی دەیانناسێت‌و جێی رێزی
زۆریشن. بەڵکو بەشێکی زۆری ئەم پەیجانەی فەیس بووک بەدەست خەڵکی تەمەن ١٥ و
١٦و ٢٠ ساڵییەوەن‌و ھێشتا بۆ ژیانی رۆژانەی خۆشیان لەڕووی ئاینییەوە،
پێویستیان بەڕێنیشاندانی مامۆستا‌و شارەزایانی بواری ئاینەوە ھەیە.
دەرکردنی
فتوا لەئایندا، چەندین مەرجی خۆی ھەیە، بەڵام بەداخەوە خەڵکی وا لەفەیس
بووک فتوا دەرەکات، کە رەنگە نەزانێ دەستنوێژیش بەدروستی بشوات.
ئیتر بۆ پێشەوە.
..................................................................
رۆشنبیر جیاوازه؟
27/3/2013
له‌ناو میلله‌تی كورددا، سه‌دان كه‌س هه‌ن خۆیان به‌بواری
رۆشنبیری‌دا هه‌ڵواسیوه‌و رۆژانه خه‌ریكی نواندنن تا خه‌ڵك پێیان بڵێ:
ئه‌ها ئه‌ها.. به‌خوا باوكم پیاوێكی موسه‌ققه‌فه!
رۆشنبیره
راسته‌قینه‌كانمان زۆر له‌و خه‌ڵكانه جیاوازن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی خۆیان
كردووه به‌ڕۆشنبیر، هه‌ندێجار له‌ئه‌سڵه‌كه دیارترن‌و رۆژ تا ئێواره
ناسك ناسك قسه بۆ خه‌ڵك ده‌كه‌ن‌و نازی موسه‌ققه‌ف بوونی خۆیانمان
به‌سه‌ردا ده‌كه‌ن.
باشه بۆ ده‌بێ رۆشنبیر به‌ناسكی قسه بكات‌و ته‌قلیدی نیكۆل كیدمان بكاته‌وه؟
كاتی
خۆشی هه‌ندێك له‌و حاڵه‌تانه‌م باسكردووه كه خه‌ڵكانێك هه‌ن ته‌نها بۆ
ئه‌وه‌ی پێیان بڵێن رۆشنبیر كۆمه‌ڵێك شتی سه‌یرو سه‌مه‌ره ده‌كه‌ن،
بۆنموونه:
- نیوه‌ی مووچه‌ی خۆیان له‌كڕینی كتێب خه‌رج ده‌كه‌ن بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك پیت بخوێننه‌وه.
-
چاویان كز نییه به‌ڵام ته‌نها له‌پێناوی ئه‌وه‌ی وه‌ك موسه‌ققه‌ف
ده‌ربكه‌ون چاویلكه‌ی شووشه له‌چاو ده‌كه‌ن، گوایه خوێندنه‌وه چاوی
هیلاك كردوون.
- هه‌مان ئه‌و كه‌سانه كاتێ به‌ڕاستی چاویان
كزده‌بێت، نه‌شته‌رگه‌ری لێزه‌ر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چیتر پێویستیان
به‌چاویلكه نه‌بێت.
- فڕیان به‌سه‌ر هونه‌ری شێوه‌كاری
شانۆوه نییه، به‌ڵام رۆژانه سه‌ردانی پیشانگاكان ده‌كه‌ن‌و یه‌ك- دوو
سه‌عاتێكیش له‌به‌رده‌م هۆڵه‌كانی شانۆ ده‌وه‌ستن.
- كه قسه ده‌كه‌ن، به‌ناوهێنانی به‌ختیار عه‌لی ده‌ست پێده‌كه‌ن‌و به‌ناوهێنانی به‌ختیار عه‌لیش كۆتایی پێدێنن!
-
له‌ماڵه‌وه، به‌دزییه‌وه گوێ له‌گۆرانی عه‌ینه‌دین‌و هه‌یفا وه‌هبی
ده‌گرێت، له‌ده‌ره‌وه‌ش گوێ له‌عه‌لی مه‌ردان‌و فه‌یروز ده‌گرێ «سه‌یری
ئه‌و ته‌عزیبه بكه‌ن»!
- له‌هه‌شتی مارسدا قوڕ ئه‌پێوێ بۆ
حاڵی ژنان‌و داوای مافه‌كانیان ده‌كات، له‌نۆی مارسیش خوشكه‌كه‌ی‌و
زاواكه‌ی ده‌داته به‌ر شه‌ق!
- سه‌دا سه‌د ئیمانی به‌خوای
گه‌وره هه‌یه به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه ده‌ڵێ «من كافرم» . وه‌ك بڵێی نابێ
موسه‌ققه‌ف بڕوای به‌و خوایه هه‌بێت كه هه‌موومانی دروست كردووه!
- به‌یه‌ك بیره ده‌چێته ئه‌و دنیا به‌ڵام زه‌خت له‌خۆی ده‌كات‌و عه‌ره‌قی فه‌ل ده‌خواته‌وه!
-
له‌هه‌ر چایخانه‌یه‌ك، نه‌خۆشخانه‌یه‌ك، له‌دوكانی هه‌ر سه‌وزه فرۆشێك،
له‌هه‌ر عیاده‌یه‌كی لاكۆڵان، ته‌نانه‌ت له‌كاتی گه‌شت‌و سه‌یراندا، یان
له‌دوكانی هه‌ر په‌نچه‌رچییه‌ك بتگرێ، قوڕ ئه‌كات به‌سه‌رتاو ئیللاو
بیللا شیعرێكی تازه‌ی خۆیت بۆ ده‌خوێنێته‌وه... ئینجا باسی «هابرماس»و
«فۆكۆیاما»ت بۆ ده‌كات!
- بیست‌و چوار سه‌عات ده‌ڵی سێ كتێبم
له‌چاپخانه‌یه‌و دوانی تریشم له‌به‌رده‌ستدایه ئیشیان تێدا ده‌كه‌م..
وه‌ك بڵێی وه‌ستاو كرێكاری هه‌بێت‌و خانوو دروست بكات!
ئیتر بۆ پێشه‌وه.
..................................................................
داپیرەی رۆمانسی
19/3/2013
پیاوێک ھەموو رۆژێک بەخۆشەویستەکەی دەڵێت:
حەز دەکەم تاکۆتایی ژیانم، تۆ تاقە گوڵی ناو دەستم بیت، خۆشەویستەکەشی لەخۆشییا وەک گوڵ دەگەشێتەوە.
دوای
ئەوە، ئەچێتە خوازبێنی کچەکەو دەستی ھەشتاونۆ کەس ماچ دەکات‌و سەدو بیست‌و
سێ جار بۆ شت کڕین دەینێرنە بازاڕ‌و حەفتاو پێنج مسقاڵ ئاڵتوونیشی پێدەکڕن.
ئینجا کاکم کچەکە ئەخوازێ‌و ئەچنە ناو کەژاوەی زێڕینەوە- کە بەپارەی کابرا کڕاوە-
پاشان قۆناغی واقە واقی مناڵ‌و کڕینی دایبی‌و شیری کیکۆزی رەقەم یەک‌و دیالاک‌و نیدۆو بیبۆ دەستپێدەکات.
دواتر
لەقۆناغی سێیەمی پلەیستەیشنی ژیانیدا، بۆڵە بۆڵ پەیدا دەبێت‌و ژنەکە
دەبێتە وەستای مێردەکەو ئەگەر پیاوەکە دکتۆرای لەفیزیاشدا ھەبێت، ھیچ
لەمەسەلەکە ناگۆڕێت‌و ھەموو رۆژێک کرێکاریی پێدەکات:
- ئەزانی پیاوەکە بەرمیلی نەوتەکەمان رزیوە؟ - دەبوایە دکتۆرا لەبەرمیلی نەوت بێنێت فیزیا چییە!
- ئەوە دوێنێ نەموت کاشییەکانی گەراجەکە بگۆڕە؟
- بەلوعەی حەمامەکە ژەنگی ھەڵێناوەو تۆش بەخەیاڵتا نایەت!
ئیتر
کابرا کە جاران تەمەنای دەکرد خۆشەویستەکەی ببێتە گوڵی ناو دەستی، ئێستا
پێی دەڵێ: ئازیزەکەم حەز دەکەم لەمەودوا ببیتە مانگ‌و لەژیانمدا
بدرەوشێیتەوە. ژنەکە ئەمجارەش لەخۆشییا دەدرەوشێتەوەو دەڵێ: بەسەرچاو،
بەڵام چی بکەم تا ببمە مانگ؟ کابرا دەڵێ: بڕۆ ٣٨٤ ھەزار کیلۆمەتر لێم دوور
بکەوە چونکە مانگ ئەوەندە لەزەوییەوە دوورە.. ئازیزم!
ئەمانە بەگەنجی وابن، ئەی کە چوونە تەمەنەوە چۆن دەبن؟ فەرموو سەیر کەن.
شەوێک
پیرەژن لەتەنیشت پیرەمێردەکەی پاڵ کەوتبوو، لەپڕ ھەستی کرد پیرەمێرد
بەشێوەیەکی رۆمانسیانە دەستی لەدەستی دا.. پاش کەمێک دەستی بەناو قژیدا
گێڕا.
پیرەژنەکە رۆژانی گەنجێتی خۆیانی بیرکەوتەوە کە مێردەکەی
ئاوا رۆمانسیانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرد.. دوای تۆزێکی تر دەستی لەشانەکانی
خشاند، پیرەژن ھەر زۆر دڵخۆش بوو، بەڵام لەپڕ پیرەمێرد رووی وەرگێڕاو
خەریکی سەیرکردنی تەلەفزیۆن بوو..
پیرەژنەکە لێی پرسی: ئازیزم ئەوە چۆن بوو ئەمشەو ئەم حەرەکاتە رۆمانسیەت کرد؟ ئەی بۆ دواتر وا زوو کشایتەوە؟
پیرەمێردەکە وتی: وەڵڵا کۆنترۆڵی سەتەلایتەکەم ون کردبوو، بەدوایدا ئەگەڕام!
ئەگەر ئێوەش ئەم بەسەرھاتەتان بیستووە، بڵێن:
بۆ پێشەوە ئەی باپییرە
تۆش رۆمانسی بە داپیرە!
..................................................................
بووک‌و فەیس بووک
6/2/2013
ئەتوو وەرە زەلام سبەینێ ھەتا ئێوارێ ھەر لەسەر فەیس بووک بیت؟ ئەتوو وەرە زاوابیت‌و واز لەبووک بێنیت، بۆ کێ؟ بۆ فەیس بووک!
فەیس
بووک لەھەموو وڵاتێکی دنیادا تۆڕێکی کۆمەڵایەتییەو خەڵکی ئەو وڵاتانە
بەپێی کات‌و بارودۆخی ژیانیان بەکاری دێنن، بەڵام لەوڵاتی ئێمە شتێکی ترە..
وەک زۆر شتی تر.
بۆنموونە کارەبا لەوڵاتان بووە بەشتێکی
ئاسایی‌و وەک ھەوای لێھاتووەو کەس مافی ئەوەی نییە لەکەسی قەدەغە بکات،
بەڵام لەوڵاتی ئێمە بووە بەعەجایبی دونیای سەبعەو ئەگەر دوای پچڕانی–
عەیب نەبێ- زوو ھاتەوە، ئەبێ سێ چوار پێچە شایی بۆ بکەین. فەیس بووکیش
وایە، لای ئێمە بووە بەشتێکی تر، بووە بەڤایرۆسێکی قاتیل‌و شەووڕۆژ مەشغوڵی
کردووین.
فەیس بووک تاکە نەخۆشییە کە تووشمان دەبێت‌و ناشمانەوێت چارەسەری بکەین!
وەک
ھاووڵاتی سەردانی دائیرەیەک بکەو کێشەکەت بۆ بەڕێوەبەرەکەی باس کە، زۆر
بەجوانی گوێت لێدەگرێ، لەپڕ دەچێتە سەر کۆمپیوتەرەکەی، تۆ وا دەزانی خەریکی
چارەسەرکردنی کێشەکەتە، کەچی دەبینی کاکم فۆتۆی فرێندەکەی لایک دەکات..
کورە کاکی من لەجیاتی ئەوە کێشەکەی من لایک کە!
دەچیتە
رێستورانتێک‌و دەڵێی حسابه‌کەم چەند ئەکا، ئەویش پەیجی «جوو جوو نوو گیان»
ئەکاتەوەو کۆمێنتێکی بۆ ئەنووسێ، ئینجا سەیرێکی پەیجی وەسڵەکەی تۆ دەکات‌و
لەکۆمێنتێکدا پێت دەڵێ: پانزە ھەزار!
لەھەمووی خۆشتر ئەوەیە، تۆ
لەفەیس بووک دەنووسی: ئەمڕۆ تووشی لەرزو تایەکی خراپ بووم، خەریکە بەھۆی
غازاتیشەوە سکم دەتەقێ، کەچی ١٤٥ لایکت بۆ دێ؟
عەجایب لەو وەزعە... بەس پێم بڵێن جگە لەغازاتی کوردی، غازات لەچ وڵاتێکی تر لایکی بۆ ئەکرێ؟!
..................................................................
ژیان بۆ دواوە
4/2/2013
شێخ محەمەد عەبدە دەڵێ: «کاتێ چووم بۆ خۆرئاوا (ئەوروپا) ئایینی ئیسلامم بینی بەڵام موسڵمانم نەبینی.
کاتێ گەڕامەوە رۆژھەڵاتیش، موسڵمانی زۆرم بینی، بەڵام ئاینی ئیسلامم نەبینی.»
ئەمە
یەکێکە لەوتە ھەرە جوان‌و پڕماناکان، چونکە ئەوەی لەزۆر وڵاتی ئەوروپیدا
ھەیە، بریتییە لەڕۆحی ئایینی ئیسلام: عەدالەت، یەکسانی، رێز گرتن لەمرۆڤ‌و
مافەکانی. ئەوان رێز لەھەموو ئەم شتانە دەگرن، بێئەوەی وەک ئێمە وەتەنیات
بفرۆشن‌و خۆیان سووربکەنەوە. ئەوان ھەر خۆیان سوور‌و سپیشن!
کەچی
لای ئێمە، خەڵکانێکی زۆر ھەن لەبەیانییەوە تاکو ئێوارە باسی مافی
موسڵمانان‌و خێرکردن‌و کردەوەی چاک‌و لەخواترسان دەکەن، باسی سزای دۆزەخ‌و
پاداشتی بەھەشت دەکەن، کەچی لەواقیعدا پێچەوانەی ئەم شتانە دەجووڵێنەوە.
سەرەڕای ئەمانە، وڵاتانی ئەوروپا، لەچاو وڵاتانی وەک ئەفغانستان
بەھەشتێکیان بۆ خۆیان دروست کردووە، بەڵام ئەفغانی، دنیاکەی دۆزەخە، بۆیە
خۆی ئەتەقێنێتەوە تاکو بچێتە بەھەشت.
دەڵێن لەسەر ئەو بنەمایە،
کۆمەڵێک خەڵکی پسپۆڕ لەخۆیان پرسی: بۆچی خەڵکی وەک وڵاتانی ئەفغانستان
ھێندە بەئاسانی خۆیان دەتەقێننەوە؟ دواجار وەڵامەکەیان دەست کەوت کە بەم
شێوەیەبوو:
کەسێکی ئەفغانی، ھیچی دەست ناکەوێت: نەمۆسیقای ھەیە
گوێی لێبگرێت، نە تەلەفزیۆنی ھەیە سەیری بکات، نە ھەمبرگەری دەست دەکەوێت
تا بیخوات، نە شاکیرا دەبینێت تا دڵی خۆش کات، نە ھەیفا وەھبیشی ھەیە تا
چاوی لێ داگرێت.
ھەر ئەو ھاووڵاتییە ئەفغانییە، کاتێ ویستی ژن
بێنێت، کەسێکی تر ژنەکەی بۆ دەست نیشان دەکات، بووکەکەشی بەسەر پشتی کەرەوە
بۆ دێنن، ھەر کە ویستی لێشی جیابێتەوە، خەزووری قازیفە دەنێ بەماڵەکەیەوە.
ئیتر دڵی بەچی خۆش بێت؟
ئەو بەدەست ھەزار دەردەوە دەناڵێنێت، ھەروا باش ئەزانێ کە خۆی تەقاندەوە، لەھەموو ئەمانە رزگای دەبێت، ئیتر چۆن خۆی نەتەقێنیتەوە؟
ھاووڵاتی
خۆشەویست، خوێنەری بەڕێز، تو ویژدانت ئەگەر ئەوەی بەسەر ھاووڵاتییەکی
ئەفغانیدا ھاتووە، بەسەر تۆش بھاتایە چیت دەکرد؟ خۆ ناڵێی بەھێمنی
دادەنیشتم‌و گوێم لەماجیدە رومی دەگرت تا وەزعم باش ئەبوو!
کە ژیانی وڵاتەکەت بەگشتی بەرەو دواوە گەڕایەوە، دڵنیابە تۆ بەتەنیا نا‌توانیت بچیتە پێشەوە.
ئیتر بۆ پێشەوە!
..................................................................
ھەی وەی لەو دکتۆرایە!
28/1/2013
رۆژێکیان مامۆستایەکی زانکۆ خەریکی وانە وتنەوە بوو،
خوێندکارێک فیکەی لێ دا، مامۆستاکە ئاوڕی دایەوەو پرسی: ئەوە کێ بوو؟ کەس
وەڵامی نەدایەوە.
پاش کەمێکی تر، مامۆستا دەستی کردەوە بە وانە
وتنەوە، دیسان کوڕەکە فیکەی لێ دایەوە، مامۆستا ئەمجارەش پرسی: ئەوە کێ
بوو؟ بەھەمانشێوە کەس وەڵامی نەدایەوە. بۆیە مامۆستاکە دانیشت و وتی:
ئەمڕۆ
تا ئێرە خوێندن بەسە، دەمەوێ بەسەرھاتێکی خۆمتان بۆ بگێڕمەوە: شەوێکی
درەنگ بوو، ئوتومبێلەکەم بردە بەنزینخانە تا بەنزینی تێ بکەم، لەڕێگای
ھاتنەوەمدا، کچێکی زۆر جوان دەستی لێ راگرتم و سەرمخست، دوای یەکتر ناسین،
کچەکە ژمارەی تەلەفۆنی خۆی پێدام و وتیشی: براکەم خوێندکاری تۆیە. وتم
کامیانە، وتی: کوڕێکی قسە خۆشە زوو زوو فیکە لێدەدات.
لەو
کاتەدا، خوێندکارەکانی پۆلەکە –بێ ئەوەی ھەست بەخۆیان بکەن- یەکسەر سەیری
ئەو کوڕەیان کرد کە فیکەکەی لێ دابوو. بۆیە مامۆستا وتی: ھەستە بڕۆ دەرەوە
ھەتیو، بەخۆڕایی دکتۆرام بەدەست نەھێناوە!
ئەم بەسەرھاتە
کۆمیدییە، ئاستی خوێندن و ئاستی زۆرێک لەوانەی بەخۆڕایی دکتۆرایان
بەدەستھێناوە خستەوە بیرم. چونکە لای ئێمە، ھەندێ جار ھەست دەکەیت ئەمەش
بووە بەمۆدێل.
ئەمڕۆ ئەو کوردستانەی خۆمان خەریکە بەھۆی زۆریی
خاوەن دکتۆراو ماستەرەکان تەنگە نەفەس دەبێ، چونکە ماڵەکانمان پڕپڕ بووە
لەدکتۆراو ماستەر.
ھێشتا زانکۆم تەواو نەکردبوو، دوای چەند ساڵ
دابڕان لەگەڵ برادەرێک یەکترمان بینییەوە، لێی پرسیم لەکوێ ئەخوێنیت؟ وتم
لەکۆلیژی یاسا، بەپێکەنینەوە وتی:
- بابە تۆ زۆر لەدواوەی، خەڵکی ھەموو بوونە خاوەن ماستەرو دکتۆرا، تۆ تازە خەریکی خوێندنی بەکالۆریۆسیت؟
- ئاخر ئەمە خوێندنە خۆ مسابەقە نییە؟
- ھیچ فەرقی نییە، ئەمەش بۆتە مسابەقە!
راستە
ھەندێ لەو بەڕێزانەی خاوەن ماستەرو دکتۆران و لەکوردستانیش خوێندنەکەیان
تەواو کردووە، خەڵکی زۆر زیرەك و سەرکەوتوون و زۆر سوودیشیان بەزانکۆو
خوێندکاران گەیاندووە، بەڵام بەداخەوە بەشێکی باشیان شتێکی ئەوتۆ نازانن و
تەنانەت رەنگە ھەندێکیان چەند ساڵ جارێک، کتێبێکیش نەخوێننەوە.
ئەو
رۆژە باسیان لەمامۆستایەکی یەکێک لەزانکۆکانی عیراق دەکرد، کە ئەگەر شتێک
لەفەیس بووک بنووسێت و خوێندکارێکی لایکی بۆ نەکات، بشفڕێت نایەڵێ دەربچێت!
ھەی وەی لەو دکتۆرایە!
ئیتر بۆ پێشەوە.
..................................................................
وڵاتی مۆنیکاو لایتی شەحن!
بەگوێرەی ئەوەی بەچاو ئەیبینین، وا دەردەکەوێت ھیچ وڵاتێکی دنیا بەقەد
کوردسان ئوتومبێلی ئەوەی پێی دەوترێت "وەنەوشە" و "مۆنیکا" و تاھۆو رانج
رۆڤەرو نیسان پاترۆڵ و چی و چی تێدا نەبێت, کەچی لەھەمان کاتدا لەشارەکان
ھەزاران لایتی شەحن و لەلادێکانیش سەدان فانۆسمان ھەیە!
ئەرێ ئێمە
کامیانین؟ ئەگەر وڵاتێکی وا دەوڵەمەندو موھیمین و ئەو ھەموو ئوتومبێلە
گرانبەھایەمان بۆ دێت، ئەوە خێرە کارەبا وا نووزەی لێ بڕیوین و ناچارمان
دەکات لایتی شەحن بەکاربێنین ؟ ئەگەر تا ئێستاش ھەر لەئاستی لایتی شەحن و
فانۆسین، ئەو ھەموو پۆز لێدانەمان لەچی؟
توخوا مەعقولە، لەم کوردستانە ستەم دیدەیەی خۆمان دا، بچی لەرێستورانتی
ھۆتێلێکی پێنج ئەستێرە دانیشیت و ھاوکات لەگەڵ خواردنی مەحارو رۆبیان و
شەرابی سوور، گوێ لەمۆسیقایەکی غەربی بگریت، کەچی کاتێ بەشعورێکی فوول
رۆمانسییەوە دەگەیتە ماڵەوە، ناچار بیت بەدیار لایتی شەحنەوە دانیشیت؟
لەماڵەوە بەدرێسێکی ئەسڵەوە دانیشەو سەیری یارییەکی نێوان ریال مەدریدو
بەرشەلۆنە بکە، ریاڵ گیان گۆڵێک دەکات و رۆناڵدۆ لەخۆشییا خەریکە تووشی
جەڵتەی دڵ دەبێت، لەپڕ کارەبا دەبڕێت، تاکو جەنابیشت دەچی شڕە موەلیدە ئیش
پێدەکەیت و دێیتەوە، بەرشە گیان سێ گۆڵی کردووە؟
ئێمە لەسەر کام دینین
برادەران؟ ئەوەندە زانکۆی حکومی و ئەھلی و خوێندنگەی بریتانی و ئەڵمانی و
نازانم چیمان ھەیە، یەکێ نەزانێ دەڵێ رۆشنبیری و عیلم و مەعریفەتیان لێ
دەبارێ، کەچی کاتێ لەشەقامێک دەپەڕیتەوە، زۆر ئاگات لەخۆت نەبێت،
ئوتومبێلێک لێت دەدات و کاتێ چاوت دەکەیتەوە، دوو مەلائیکەت لەسەر سەرت
وەستاون و حەق و حسابت لەگەڵ دەکەن!
ئێمە کێین ؟ وڵاتی ملیۆنێرەکانین یان وڵاتی کۆلێرا؟
برادەرێکم ھەیە تا ئێستاش ماڵ‌و مناڵەکەی لە دەوڵەتێکی ئەوروپی دەژین،
بەنیاز بوو بەسەردان بچێتەوە، بەڵام لەپڕ تووشی (تای ماڵتا) بوو، بەناچاری
سەفەرەکەی ھەڵوەشاندەوە، وتمان بۆ؟ وتی: ئاخر لەوێ لەساڵی (١٩٢٠) ەوە تای
ماڵتا تۆمار نەکراوە، ئێستا من ئەو نەخۆشییەیان بۆ ببەم، رەنگە وێنەکەم
لەرۆژنامەکان بڵاو بکرێتەوە!
لێدە عوزێر... مەشھوویش بوویت.
عوزێر گیان.. ئیتر بۆ پێشەوە !
..................................................................
ھەژاری