گۆشه‌یه‌ك له بیره‌وه‌رییه‌كانی
گه‌لاوێژ خان
بەشی دووەم و کۆتایی
رۆژێكیش
سه‌باحی زاوامان كه هاوسه‌ری هه‌یڤێی كچم بوو و زۆر كوڕی باش بوو، به
ته‌نگمانه‌وه بوو، زۆر ئاگای له باوكی هێرۆ بوو، رۆژێك هات وتی: جه‌و
خۆشه وه‌ره له‌گه‌ڵ هه‌یڤێ و مناڵان بتانبه‌م بۆ شاری (كاردیڤ) زۆر
خۆشه‌و یه‌ك دوو هاوڕێمان له‌وێیه، ئێمه‌ش هه‌ستاین و سه‌باح بردینی
رێگاوبانه‌كه زۆر خۆش و ئاوه‌دان بوو، گه‌یشتینه كاردیڤ دوای پشوودان و
نانخواردن كه بوبووین به میوانی، بردیانینه شوێنێكی شاخاوی هه‌ر كتومت
ئه‌تگوت كوردستانه، منیش زۆرم پێخۆش بوو، چاوم بڕیه شاخه‌كان ئیتر به
چاوی فرمێسكاوییه‌وه ئه‌م چه‌ند دێڕه‌م خسته سه‌ر كاغه‌ز.
رۆژێك بردیانمه سه‌یران
رۆژێك بردیانمه سه‌یران
له بۆ پشودان و گه‌ڕان
بۆ سه‌یری دیمه‌نی جوان
رێگاوبانی ئاوه‌دان
گه‌یشتمه گردو شاخێ
چاوم بڕیه بنارێ
له‌پڕ دڵم داخورپا
وه‌ك گوێم بووبێ له بۆمبا
چاوم كوێرایی داهات
كه‌وتمه یادكردنی وڵات
یادی دێهاتی وێران
دایك و كۆرپه‌ی سه‌رگه‌ردان
دۆڵ و بێستانی سوتاو
نه‌مامی به گاز خنكاو
هه‌مووی هاته پێش چاوم
وه‌كو كه‌سێكی داماو
چاوانم پڕبوو له ئاو
له بۆ كوردی لێقه‌وماو
كه گه‌ڕامه‌وه ماڵ
دڵم پڕبوو له زوخاڵ
گه‌لاوێژ – له‌نده‌ن
له
كاتێكی تریشدا دڵم كه هه‌ر پڕبوو هه‌ر چاو به فرمێسك بووم به‌تایبه‌تی
كه سه‌یری ته‌له‌فزیۆنم ئه‌كرد، وڵاتان و شاران فڕك و هوڕو دڵخۆشم ئه‌بینی
و باسی چاكسازی و پێشكه‌وتن و خۆئاماده‌كردن بۆ به‌رپاكردنی زه‌ماوه‌ندو
باسی ئۆڵۆمپێك كه له‌كوێ ئه‌كرێت و چه‌ند ئاماده‌یی ئه‌و وڵاته‌ی كه
له‌وێ ئه‌كرێت، ئیتر منیش به چاوی پڕ فرمێسكه‌وه ئه‌م دێڕانه‌م نووسی
له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌م دانیشتبووم له‌به‌ر ده‌رگای مه‌كته‌ب چاوه‌ڕێی
كوڕه‌كانم ئه‌كرد بێنه ده‌رێ تاوه‌كو بیانبه‌مه‌وه ماڵه‌وه:
خه‌ڵكه چه‌ند به ئاواتم
خه‌ڵكه چه‌ند به ئاواتم
ئاڵا هه‌ڵكا وڵاتم
هه‌روه‌ك هه‌موو میللـه‌تان
منیش بڵێم ئه‌مه‌تام
چه‌ند ساڵه به‌شخوراوم
وایانزانی فه‌تاوم
ئه‌گه‌رچی دوژمنانمان
زۆریان كرد‌و كۆشایان
كه‌وا بڵێین كوردستان
به‌شێكه له ئه‌وان
كوردیش هه‌روا هاتووه
له‌سه‌ری دانیشتووه
یاخود به قسه‌ی هه‌ندێكیان
كورد عه‌شره‌تێكه له‌وان
به‌ڵام رۆڵه‌ی دلاوه‌ر
پێشمه‌رگه‌ی له‌پشت سه‌نگه‌ر
به گیانی بێ هه‌م تایان
كوردستانیان كرده قه‌ڵایان
بێ كه‌س و بێ پشتیوان
هه‌ر به هیممه‌تی خۆیان
وه‌ك شێر راپه‌ڕین لێیان
په‌نجه‌یان كرده چاویان
گوتیان هه‌ی قوڕ به‌سه‌رتان
تاوه‌كو تیامانا بێ گیان
ئه‌پارێزین خاكمان
به‌خت ئه‌كه‌ین سه‌رو گیان
یا كوردستان
یا نه‌مان
گه‌لاوێژ – له‌نده‌ن
به‌ینێكی
زۆر بوو گه‌یشتبووینه له‌نده‌ن و له وڵات دووركه‌وتبووینه‌وه، وڵاتیش
له حاڵێكی زۆر خراپ‌دا بوو، به‌ده‌ست داموده‌زگای سه‌دامه‌وه‌و شۆڕشگێڕان
له شاخ بوون و له‌ژێر بۆردومان و تۆپ و فڕۆكه جه‌نگییه‌كان، مام جه‌لال و
هێرۆی كچم هه‌ر له شاخ بوون، ئێمه‌ش لێره هه‌میشه داخ له دڵ و چاو به
فرمێسك بووین بۆیان و بۆ هه‌واڵێكیان، به‌ین به‌ین و چه‌ند ساڵ جارێك
ئه‌گه‌ر بیانتوانیایا به رێگای ئێرانه‌وه بێن بۆ لامان، یان باوكی هێرۆو
من و باڤڵ و قوبادمان له‌گه‌ڵ هاوڕێی كوڕم كه زۆر خۆشه‌ویست بوو لای مام
جه‌لال ئه‌برد، جارێكیان هێرۆی كچم هات بۆ له‌نده‌ن بۆ لامان نه‌خۆش بوو،
له شاخ ئۆتۆمبێله‌كه‌یان وه‌رگه‌ڕابوو خوا ره‌حمی پێكردبوو ئه‌گه‌رچی شانی
شكابوو، قۆڵی و ده‌ستیشی زۆر بریندار بوبوون و هه‌ر له‌وێ مابووه‌وه
تاوه‌كو برینه‌كانیش ساڕ‌ێژ بوبوون نه‌كرابوو بێت بۆ لامان، به‌ڵام شان و
قۆڵی زۆر ئازاریان ئه‌داو پێویستی به عه‌مه‌لیات بوو.. ئیتر ناچار هات بۆ
له‌نده‌ن، زۆرمان پێ خۆش‌بوو به بینینی بوژاینه‌وه، هێرۆ زۆر به‌كاره‌و
به‌غیره‌ته، به‌و حاڵ و شانه‌شه‌وه كه‌وته ژووری رێكخستن و پینه‌و
په‌ڕۆ، حاڵیشمان زۆر خراپ بوو بێ پاره‌و ده‌رامه‌ت بووین، بۆیه زۆرجار
هه‌ڵۆی كوڕم بۆیه‌و پینه‌و په‌ڕۆی ماڵه‌كه‌ی ئه‌كرد، هه‌روه‌ها هێرۆش كه
هات هه‌ر خه‌ریك بوو تاوه‌كو دره‌نگی شه‌و هه‌ر ئیش و پینه‌ی ماڵه‌كه‌ی
ئه‌كرد.
ژوورێكمان هه‌بوو زۆر په‌ڕپوت بوو، هێرۆ خه‌ریكی بوو
ته‌قه‌ی ئه‌هات و به قسه‌ی كه‌سی نه‌ئه‌كرد كه ئه‌و بێتاقه‌ته‌و شان و
قۆڵی خراپن، به‌ڵام گوێی نه‌ئه‌دایه كه‌س، ئه‌و ژووره په‌ڕپوته رێگای
حه‌مامی خواری به‌سه‌ره‌وه بوو، شه‌وێك هه‌ستام به ئیشێك و بۆ هێنانی
ئه‌و بۆ یه‌كێك له مناڵه‌كان به ژووره‌كه‌دا تێپه‌ڕیم، سه‌رم سوڕما كه
ئه‌و شه‌وه ئه‌وه‌نده ئه‌و ژووره‌ی جوان كردبوو و رێكخستبوو، منیش به
چاوی خه‌واڵووه‌وه ئه‌م دوو و سێ دێڕه‌م بۆ خسته سه‌ر كاغه‌ز.
هه‌نه هه‌ی گیانی شیرین
به كاره‌و هونه‌ر ره‌نگین
ئاسكه‌كه‌ی سه‌ر لوتكه‌ی شاخ
خه‌مخۆری دڵی به‌داخ
خوشكی هه‌موو پێشمه‌رگه
هاوڕێ و دڵسۆزی (كوكه)
یاخوا هه‌روا به گوڕ بێ
له چاوه‌زار به‌دوور بێ
*هه‌نه: هێرۆیه
كوكه: مام جه‌لاله، یه‌كێك له مناڵه‌كان به مناڵی وای بانگ ئه‌كردو پێی ئه‌وت (كوكه).
دیاره
ئه‌یویست بڵێ كاكه نه‌یئه‌زانی و هه‌ر بانگی ئه‌كرد كوكه، هه‌نه‌ش
هێرۆیه باوكی هه‌ر وای بانگ ئه‌كردو خاڵه هه‌مزه‌م ناوی نا هێرۆو زۆری
خۆشئه‌ویت، ئه‌وكاته‌ی هێرۆ له‌دایكبوو خاڵه هه‌مزه‌م شاراوه بوو
له‌ده‌ست حكومه‌ته به‌دناوه‌كانی عیراق، به‌زۆری له سیته‌ك بوو، خه‌ریكی
ئیش و كاری نهێنی پارتی بوو، خه‌ریكی به‌یاننامه‌و ئیشوكاری حزبی بوو به
یارمه‌تی خوالێخۆشبوو (شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حمودی نه‌مر) كه له سیته‌ك زۆر
ئاگاداری ئه‌بوو.
بۆیه خاڵه‌م وه‌سیه‌تی كردبوو كه ئه‌مری
خوای كرد له سیته‌ك بینێژن، ئاخری ئاواته‌كه‌ی هاته‌دی و ئێستا له سیته‌ك
نێژراوه، باوه‌ڕ ناكه‌م كه‌سێك هه‌بێ به‌قه‌د خاڵه هه‌مزه‌م ماندوو بێ و
ژێرزه‌مینی دیبێ و هه‌موو ته‌مه‌نی گه‌نجی بێبه‌ش و له‌ژێر زه‌مینا
بردبێته سه‌رو خه‌باتی كردبێ، دواییش به‌شخوراو و نه‌دار بووبێت و ئێستا
ئه‌بینین شه‌قام و جاده‌و پرد‌و باخ به‌ناوی كه‌سانێكه‌وه ناونراون كه
ره‌نگه هه‌ندێكیان هه‌ر دووژمنایه‌تی خه‌باتكه‌رانی ئه‌كردو هه‌مزه
عه‌بدوڵڵاش هه‌ر ناوی نیه.
ئه‌م دوو و سێ دێڕه‌شم بۆ هه‌ندرێنی
نه‌وه‌م نووسیوه (كوڕی هه‌ڵۆی كوڕم) كه له سوید بوون و ئێمه له
له‌نده‌ن بووین، دیاره سه‌ری یه‌كترمان ئه‌داو هه‌ندرێن تازه
له‌دایكبوبوو، هه‌ڵۆ هێشتا خوێندكار بوو، هه‌موو لایه‌كمان زۆر بێ پاره‌و
ده‌رامه‌ت بووین، مام جه‌لال و هێرۆو شۆڕشگێڕان هه‌موو له شاخ بوون و
له‌ژێر بۆردومان و تۆپ و فڕۆكه‌ی سه‌دام بوون.
بۆیه رۆژی جه‌ژنی
له‌دایكبوونی هه‌ندێن گیان من له له‌نده‌ن بووم، نه‌متوانی بچم
له‌به‌رئه‌وه‌ی كوڕه‌كانیش له مه‌كته‌ب بوون و بێ من ئیداره‌یان
نه‌ئه‌كرد، ئه‌گه‌رچی دایكم و باوكی هێرۆو یه‌ك دوو له كچه‌كانم له‌لایان
بوون، به‌ڵام بۆم نه‌كرا بچم، وابزانم له‌به‌ر بێ پاره‌یی بوو، بۆیه
له‌گه‌ڵ كارتێكی رۆژی له‌دایكبوونی و پیرۆزبایی، ئه‌م دوو و سێ دێڕه‌م بۆ
هه‌ندرێن نووسی له‌سه‌ر كارتی جه‌ژنه پیرۆزه‌كه‌ی:
یاخوا به‌قوربانت بم
حه‌مه حه‌نه‌نۆ
كوله‌كه‌ی دڵم
كوڕی كاكه هه‌ڵۆ
یاخوا هه‌ر خۆشبی
هیچ كات نه‌ڵێی ئاخ
له‌گه‌ڵ هه‌ڵۆی شیرین
وزوزوی گوڵه‌باخ
زۆر خه‌جاڵه‌تم حه‌بیبی
چاوگه‌ش
هیچم بۆ نه‌ناردی
رووی نه‌بوونی ره‌ش
حه‌مه
حه‌نه‌نو: هه‌ندرێنه به مناڵی وامان بانگ ئه‌كرد، چونكه له راستیدا
ناوی محه‌مه‌د هه‌ندرێنه، زوو زووش زه‌ینه‌بی بوكمه، هه‌م بوكمه و هه‌م
خوشكه‌زامه، كچی دكتۆر سه‌دیق ئه‌تروشی ره‌حمه‌تییه، زه‌ینه‌بیشم زۆر
خۆشئه‌وێت زۆر دڵسۆزمه.
ئه‌و ساڵانه‌ی له له‌نده‌ن ژیابووین و
تاێستاش چاكه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی بیرناچێته‌وه‌و چه‌ند داخوازی چاكه‌و باشی و
سه‌ركه‌وتنی كوردستان ئه‌كه‌م، ئه‌وه‌نده‌ش دڵم به له‌نده‌ن و
وڵاته‌كه‌یانه‌وه خۆشه، چونكه نزیكه‌ی چل ساڵه له‌و وڵاته‌ین، مناڵمان
له‌وێ گه‌وره بوون و چوون بۆ مه‌كته‌ب و به‌دڵنیایی و بێ ترس، ئه‌و هه‌موو
ماوه‌یه‌ی له له‌نده‌ن تائێستا له یه‌ك خانووداین، كه چۆن كایمان و چۆن
ده‌ستمان كه‌وت، چونكه مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی پێشكه‌وتنخواز
هه‌روه‌ك له كتێبی به‌شێك له بیره‌وه‌رییه‌كانی مام جه‌لالی خۆشه‌ویست
نووسراوه له‌لاپه‌ڕه 207 دا كه نایشارێته‌وه‌و ئه‌ڵێت: «زۆربه‌ی لاوانی
كوردستان سه‌رسام بوون به ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌به‌رئه‌وه‌ی به
كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی و رۆشنبیری و فكری و ئه‌ده‌بی كوردی ناسراوه، له
لاوێتیدا له كۆلێژی حقوق وه‌كو رۆشنبیرێكی كورد ده‌ركه‌وت، كه زمانی
ئینگیزی ئه‌زانی له‌پاڵ كوردی و عه‌ره‌بیدا، هه‌روه‌ها شاعیر‌و چیرۆكنووس و
رۆماننووسی كوردیشه، له‌نێوان ساڵانی 1929 – 1949 یه‌كه‌م گۆڤاری رۆشنبیری
ده‌ركرد به‌ناوی (گه‌لاوێژ)ـه‌وه. ئه‌م گۆڤاره یه‌ك ده‌یه‌ی ته‌واو
خزمه‌تی رۆشنبیری ئه‌ده‌بی كوردی كرد، چاكه‌ی گه‌وره‌شی كرد له
گه‌شه‌كردنی زمان و شێوازی نووسین و پاككردنه‌وه‌ی زمانی كوردی له پیتی
بێگانه‌و زمانی كوردی هاوچه‌رخیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ده‌ستی پێكرد».