
چۆن شەقامێك: پشێوی یان ئارام
نەوشیروان مستەفا لەدوا پەیامیدا دەڵێت:
(دڵنیایمان داوەتە پارتی بەجدی بەشداری حكومەت بینو شەقام هێمنو ئارام
بێت). لێرەدا بەئاشكرا ئەوە دەردەكەوێت كە ئیتر شتێك نامێنێت بەناوی
ئۆپۆزسیۆن بوون، شتێك نامێنێت بەناوی پاكێچەكانی ئۆپۆزسیۆن، لێرەدا ئیتر
شەقام ئارام دەبێت. بەڵام ئایا بەڕاست شەقام ئارام دەبێت، بێگومان لێرەدا
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وانیشاندەدات شەقام بەدەست بزوتنەوەی گۆڕانو
دوولایەنەكەی تری ئۆپۆزسیۆنەوەیە، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەو نائارامیو
پشێویەبوو كە زۆنی سەوز بەخۆیەوە دەبینی، 17 ی شوباتو رووداوەكانی رۆژانی
دواتر. هەموو ئەمانە لەئێستادا ئەوە دەردەخات بۆ ئەوەبوو گۆڕان ئەم
پشێوییانەی دروست دەكرد وەك گۆشارێك بۆ ئەوەی بخوێندرێتەوە تاكو لە ئەمڕۆدا
بێتە ناو دەسەڵاتەوە. واتە هەموو ناڕەزایەتییەكان وەك ئامرازێك مامەڵەی
لەگەڵ دەكراو لەماهیەتی خۆی وەك پرسێكو داواكارییەك دووردەخرایەوە بەسیاسی
دەكرا. من پێم وایە لاوانو خوێندكارانو فەرمانبەرانو كرێكارانو
مامۆستایانو ژنان ..تاد، هەمیشە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی داواكاریو خواستەكانی
خۆیان دەدەن، ئەم داواكاریو خواستانەش رەنگە زۆرێكجار لەلایەن كۆمەڵەو
سەندیكاو رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ئاڕاستە بكرێتو ببێتە خۆپیشاندان،
ئیتر گۆڕان چۆن دەڵێت شەقام هێمنو ئارام دەبێ؟! ئەگەر لە چوار ساڵی
رابردوو بەسیاسی كرابێت لەلایەن ئۆپۆزسیۆن، لەئێستادا چینو توێژەكانی
كۆمەڵگا هۆشیارترنو دەتوانن داكۆكی لەداواكانیان بكەنو ناهێڵن بەسیاسی
بكرێت بۆ ئامانجو ئەجێندای لایەنەكان. هەروەها سەبارەت بەوەی دەڵێت
دڵنیایی جدیمان داوەتە پارتی بەشداری لەحكومەت دەكەین، ئەم وتەیە ماهیەتی
ئەوە دەردەخات كە چەمكەكانی (دادپەروەریو حكومەتی هاووڵاتیو شەفافیەتو
گەندەڵی) كۆمەڵە زاراوەیەك بوون، بەڵام ئامانجو مەغزای سیاسی لەخۆگرتبوو،
چونكە ئەم وتەیە مانای وایە ئەگەر لەحكومەتدا نەبین ئەوا ناڕەزایەتییەكانی
هاووڵاتیان دەكەین بە پشێویو شەقام نائارام دەبێت، ئەمە مامەڵەیەكی
پراگماتیانەیە ئەم بزوتنەوەیە پەیڕەوی دەكات بۆئەوەی بگاتە دەسەڵات! بەڵام
ئایا گۆڕان دەتوانێت پاكێجە پەكخراوەكانی لەحكومەتو لەسایەی سەرۆكێكی ماوە
بۆ درێژكراو جێ بەجێبكات؟!!
كۆتایی ئۆپۆزسیۆن:
ئاماژەكانی دوای هەڵبژاردن ئەوە
دەردەخەن ئەم كابینەیە كابینەی نەبوونی ئۆپۆزسیۆنە، بەمانای وەك باسی
دەكرێت ئەم كابینەیە خاوەنی حكومەتی بنكەفراوان دەبێت، دیارە حكومەتی بنكە
فراوان بۆ ئەوەیە ئەم حزبانە كە دەنگی زۆریان هێناوە دەچنە حكومەتەوە
لەرێگای ئەو حكومەتەوە ئیشوكارەكان رادەپەرێت، ئیتر كەمترین كێشە رووبەرووی
حكومەت دەبێتەوە، ئەمە لۆژیكێكی هەڵەیە، چونكە داخوازییەكانو
ناڕەزایەتییەكانی كۆمەڵگا بوونی دەبێت، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیش كاری
لەسەر دەكەن، رەنگە حزبو لایەنی تریش دروستببێت. واتە حكومەتی بنكە فراوان
بەمانای هەڵوەرینی ئەو ئۆپۆزسیۆنەی چوار ساڵە بانگەشەی بۆ دەكەنو تەنانەت
لەو پێناوەشدا خوێن رژا، سەرەنجام هەموو ئەمانە بوو بەقوربانی شیرینی كێكی
دەسەڵات! ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لەچوار ساڵی رابردوودا شانازی بەوەوە بكەن
توانیویانە پرسێكی نوێ بهێننە نێو سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستان، بەڵام
دەبێت ئەوەش بزانن گەمەی سیاسی ئۆپۆزسیۆن بەمەرگی خۆیان كۆتاییهات، گەمەی
ئۆپۆزسیۆن دەركەوت گەمەیەكی ناشیرین بوو، چونكە لەلایەك نەیانتوانی
بیگۆڕنو دەسەڵات بگرنە دەست، لەلایەكی تریش دەست بەرداری پاكێجە
سیاسیەكانی خۆیان بوون، ئیتر شتێك نەما بەناوی ئۆپۆزسیۆن، كۆمەڵگاو
هاووڵاتیانو رێكخراوەكان لەوە هۆشیارترن بەم ئیزدیواجیەتە هەڵبخەلەتێن
بەوەی قاچێك لەناو حكومەت بێتو قاچێك لەناو ئۆپۆزسیۆن، چونكە ئەمە جێگای
قبوڵكردن نابێت!!
ئەحمەد فاتیح محەمەد