
حكومەتی عیراق لەبەردەم دووڕیانێكدا
هەرچەندە دوێنێ قسەوباسی میدیاكان لەسەر ئەوە بوو، كە توركیا بە گووشاری حكومەتی عیراقو هەڵوێستێكی راگەیەندراوی ئەمریكا، مەسەلەی ناردنی نەوتو گازی كوردستان لە رێی بورییە نەوتەكانی هەرێم، رووبەرووی كۆسپێكی قورس بووەتەوەو ئەویش ئەوەیە كەبەبێ رەزامەندی عیراق هەناردەكردنەكە مەیسەر نابێ. بەڵام ئەمڕۆ بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز لە سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمو وەفدەكەیدا بۆ توركیا، چەندین رێكەوتنی هاوكاری لە بواری ووزە لە نێوان توركیاو هەرێم ئیمزاكراون. دیار نیە داخۆ ئەو رێكەوتنانەی ئیمزاكراون چینو چی نینو بە تەواوی كۆتو بەندی سەر هەناردە كردنی نەوتی هەرێم لە رێی بۆرییەكانەوە لاچوون یان نا؟ بەڵام لێرەدا دوو خاڵی گرنگ هەن كە ئەبێ ئاماژەیان پێ بدرێ:
یەكەم: پێویست ئەكا هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانو لەگەڵیشیاندا رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، بەرگری لە سیاسەتی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بكەنو هاوهەڵوێستیێكی كوردستانیانە رابگەیەننو ئەو بابەتە بە هیچ جۆرێك نەخەنە ژێر باری ناكۆكیو ململانێ سیاسییەكانو تێبینییە راستو ناڕاستەكانیان. چونكە دواجار ئەو كەیسە، كەیسێكی نەتەوەییەو قورسایی هەرێمی كوردستان زۆرتر ئەكاو كارتێكی كاراش ئەبێ بەدەست كوردەوە بۆ ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێكی ناوچەییدا.
دووەم: بۆ عیراقیش وا قازانجە، كە حكومەتەكەی مامەڵەیەكی ئیجابیانە لەگەڵ كەیسەكەدا بكاتو وەك كارتێكی گووشار بۆسەر هەرێم بەكاری نەهێنێ، بەڵكو بە پێچەوانەوە بەشێوەیەكی نەرم مامەڵە لەگەڵ واقعی نوێی بواری ووزەدابكا لە هەرێمی كوردستانداو سیاسەتی خۆی بە ئاقاری دۆزینەوەی چارەسەرێكی هاوبەش بنیات بنێو كەیسەكە نەگەیەنێتە بن بەستو داخران، بەڵكو بە پێچەوانەوەسیاسەتەكەی بە ئاقاری كردنەوەی هەبوونی هەر گرێیەك بنیات بنێ، چونكە ئەگەر بەغدا گەمە سیاسییەكەی لەو بوارەدا، بە تونێلی گوشارسازكردنو گوشاردانان بۆ سەر هەرێم ببا، بارودۆخی ناوچەكەو ئەگەرەكانی بە جۆرێكن كە ئەو كەیسە چەندە كارتی گوشار ئەبێ بەدەست حكومەتی ئێستای عیراقەوە، ئەوەندەش كارتی گووشار ئەبێ بە دەست حكومەتی هەرێمو بگرە بە دەست هێزە ئقلیمییەكانیشەوە. وەك چۆن روونیشە گەمە سیاسییەكان لە گەمەكانی كەیسی نەوتدا كورت نابنەوە. لێرەشەوە ئەوە ئەزانرێو روون ئەبێتەوە داخۆ حكومەتی بەغدا سیاسەتێكی حەكیمانە بە قازانجی ئێستاو ئایندەی عیراق پەیڕەو ئەكا، یاخۆ سیاسەتێكی هەڵەو كورت بینانەی ئەوتۆ ئەگرێتە بەر، كە بۆ عیراقێكی شڵەژاوو ئاڵۆزی ناو جوگرافیایێكی ئاگراوی ئایندە نادیاردا گوشار سازو كێشەسازتر ئەبێ.
ئازاد جندیانی