تازەترین هەواڵ
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6bQWquzvFnzWboSolHAjReXDxiQeTo-l2ygeftgRcIC13Cjh2klvBoE5mz2Wgf2IGlnBtUgh8XznEJqgfKOQdbMa1P08xntmuvLnpeT1eS4WHVrvUqI3GZKSJP-Mc-UWXSURzlZNixyE/s1600/888.jpg
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhcIDu1TlR6t-3ahp2Foij1Lu4SCA81iy_v_exjmiXf9f_8Cn6IHZTR-m-CsELqqX8u7lFNxZDWrWGJ9MDC0MZ8aKwZJzZ3ddyfCYWU4dmJ4y_Sx-H63QUB8oM5NzreM2n7p6zQHMWmuk8/s1600/sarawar1.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEiyHvS8VMtE8vQbpl_999jDE114GbEXDnl2mW3QSomPWkcNoZFsMFKL2ybBU5rqmu81uGyh33pPcRcLdgwW4k5fiF-qGPkOu80jl_xuqv-5tjUQeBtHlVh00ngn_NJKFa3QrMs38Trrzoo/s1600/shahidan.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhw5fzoDaXYNAf-tQkCc6ZIYAT-08e1zQFL3Sc16foCSEEJGLaxrWgSX1gJXxs9EZxwzJebIkdll0c2AiH-KgtXaXud71OHK4eNYHL8hl4Js-dkD5zavPrtGIB-kfBR9EBNUfThipC1PEM/s1600/peshmarga.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6GScoWWodKoH1DcCloNtTUVzvdOV_Wb2H1tv5paW0LU3DpXGoPv7IyoajdVyneKVb0_vNJu96Dr6PbdWjem18nzOkGfGEGDQX3mf_b_XKAjXWf4WuaIlLLu6NatAf0JJHsNK5UyHMsQA/s1600/karikater.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhAeN7CRbm4krLN7ZyAZTqTk3IS_GG1H9fXZXIuJ5eJy5yjt3fN_0e8Qt2nibXKvz_9y13lgCDSL1j6aTo8fB4jFAmvJTg-nhIm-y1Juql31FsycdmwjLHJb6sbYMVxDB7dQTa_KCmxDK8/s1600/nawdaran.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEiH2UM211g7CkZBZxwW0vp8SzM59x9RGVDcX4QCFxFLotN9nBx96ok7-JksgLSJvFhHuhIB2acjPKzAB_fVWI0OGydkzthgZE7Aw7_bk9NJwEWGSlhIpy1BWE3B41rN9vyRpFdAOdlWkow/s1600/kodi+rang.png
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6bQWquzvFnzWboSolHAjReXDxiQeTo-l2ygeftgRcIC13Cjh2klvBoE5mz2Wgf2IGlnBtUgh8XznEJqgfKOQdbMa1P08xntmuvLnpeT1eS4WHVrvUqI3GZKSJP-Mc-UWXSURzlZNixyE/s1600/888.jpg

30‏/11‏/2013

یەكێتی لەمیدیاكاندا

وەك هەمیشە باس و خواس و بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی و سەنگی یەكێتی لەناو پڕۆسەی سیاسیی كوردستاندا، ئەم هەفتەیەش بابەتی سەرەكی میدیاكانی كوردستان و پێخۆری سەرەكی میدیا ئەهلییەكانیش بوو.

زیاتر لە 15 هەواڵ و راپۆرت لەسەر یەكێتی لەیەك ژمارەدا
لەوبارەیەوە، رۆژنامەی ئاوێنە لەژمارە 404، رۆژ 26/11/2013-دا چەندین هەواڵ و راپۆرت و وتارو چاوپێكەوتنی لەسەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاوكردۆتەوە، بەجۆرێك لەلاپەڕەی یەكەمەوە،  تادەگاتە گۆشەی پەنجەرە لەدوالاپەڕەیدا، لەزیاتر لە 15 هەواڵ و راپۆرت و وتارو چاوپێكەوتندا باسی یەكێتی  و هەندێك لەسەركردەكانی كراوە، هەر لەو ژمارەیەدا چەندین هەواڵ و بابەت لەسەر یەكێتی بڵاوكراونەتەوە، لەوانە(وەفدێكی یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە)، (كارەساتە ئەگەر یەكێتی دەسەڵاتدار بێت!)، هەروەك لەبارەی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی هەرێم و رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان-ەوە، فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتیی ی.ن.ك لەلێدوانێكدا بۆ رۆژنامەكە، پێیوایە ئەو كۆبوونەوەیە (بەشێكە لەڕێكخستنەوەی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم).

لەلاپەڕە شەشی هەمان ژمارەی رۆژنامەی ئاوێنەدا راپۆرتێك بەناونیشانی (نەوشیروان مستەفا: سەركردەكانی یەكێتی بەپلەی حزبایەتیدا سەركەوتوون، بەڵام لەپارتیدا خێزانێك بڕیار دەدات)، بڵاوكراوەتەوەو تێیدا ئەوەخراوەتەڕوو كە(بەپێی بەڵگەنامەیەكی نهێنی ویكیلیكس،  نەوشیروان مستەفا پاش وازهێنانی لەیەكێتی، هێشتا ئەو حزبەی بەباشتر زانیوە لەپارتی دیموكراتی كوردستان لەروی پەیكەرەی رێكخراوەیی و سیاسەتی كاركردنەوە).

بڵاوكردنەوەی چەندین هەواڵ و راپۆرت و چاوپێكەوتن و بابەتی دیكە لەسەر یەكێتی، لەژمارەی ئەمجارەو ژمارەكانی پێشووتری رۆژنامەی ئاوێنەدا، لەكاتێكدایە لەهەمان ژمارەی ئاوێنەو لەسەرنجێكدا بۆ روونكردنەوەیەكی هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەسەر بابەتێك كەپێشتر لەڕۆژنامەكەدا بڵاوكراوەتەوە، رۆژنامەی ئاوێنە دەڵێت: (ئاوێنە خوازیاری ئەوەش نییە كەخۆی بخاتە نێو كێشەكانی ناوخۆی یەكێتیەوەو ئەمەش كارو پیشەی ئەو نیە)، بەڵام واقعی حاڵی راپۆرتەكان شتێكی دیكە دەڵێن.

غیابی مام جەلال لەبەغدا كەلێنێكی گەورەی خستووەتە پێگەی كوردەوە
هەروەها، جگە لەڕاپۆرتە رۆژانەییەكانی لەسەر بارودۆخی یەكێتی لەكەناڵی رووداوو تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژنامەی رووداویش لەژمارە  286 رۆژی 25/11/2013–دا، لە زیاتر لە 8 راپۆرت و بابەت و چاوپێكەوتندا باسی یەكێتی و سەركردەكانی كراوە، لەنێویشیاندا لەل3-دا راپۆرتێكی بەناونیشانی(پارتی لەبەشی خۆی پۆستی زیاتر دەداتە یەكێتی)، بڵاوكردۆتەوەو تێیدا هەندێك زانیاریی خستۆتەڕوو لەبارەی شێوازی دابەشكردنی پۆستەكان لەكابینەی نوێی حكومەت و خولی نوێی پەرلەماندا، لەهەمان ژمارەدا هەواڵێكی بەناونیشانی (كۆسرەت رەسوڵ: دەبێ خۆمان بسەلمێنینەوە)، بڵاوكردۆتەوە، هەروەها د.رۆژ نوری شاوەیس جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق لەدیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەكە دەڵێت:(غیابی مام جەلال لەبەغدا كەلێنێكی گەورەی خستووەتە پێگەی كورد).

لەلایەكی دیكەوە، رۆژنامەی هاوڵاتی ژمارە 1191 رۆژی 28/11/2013، بەمانشێتی سەرەكی نووسیوویەتی:(پارتی كەوتۆتە نێو بەرداشی گۆڕان و یەكێتی)، ئەمەش راپۆرتێكەو لەل4-دا بڵاوكراوەتەوەو تێیدا ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بەڕۆژنامەكەی راگەیاندووە:(بەپێی رێككەوتننامەی ستراتیژی پێویستە سەرۆكی كابینەی هەشتەم رادەستی یەكێتی بكرێت، نەك بۆ پارتی بێت، بەڵام پێناچێت ئەوە بكرێت هەرچەندە یەكێتی بەشداربوە لەدرێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا).

لەهەمان ژمارەی رۆژنامەكەو لەل2-دا راپۆرتێك بەناونیشانی (هەڵبژاردن جیاوازی نەتەوەیی لەكەركوك تۆخدەكاتەوە)، بڵاوكراوەتەوەو تێیدا سەرباز یاسین ئەندامی مەڵبەندی یەكێتی لەكەركوك دەڵێت:(لەڕاستیدا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هەموو لایەنە سیاسیە كوردیەكان هاوڕان تا بەیەك لیست بەشداری بكەن، بەڵام نەگەیشتوینەتە بڕیاری كۆتایی)، هەرلەو راپۆرتەدا ئاماژە بەپەیامێكی د.نەجمەدین كەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسی و پارێزگاری كەركوك كراوە كە 26 ی ئەم مانگە ئاراستەی حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی كرد بۆ ئەوەی لەكەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بەیەك لیست بەشداری لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوودا بكەن، لەهەمان ژمارەی هاوڵاتی و لەل3-دا راپۆرتێك بەناونیشانی (كورد باوەش بۆ دوز خورماتوو دەكاتەوە)، بڵاوكراوەتەوەو تێیدا هاتووە:(پێشتریش بەپێی پرۆژەیەك جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق داوایكردوە پەرلەمان كاربكات بۆ ئەوەی قەزا دابڕاوەكانی كەركوك جارێكی دیكە بخرێتەوە سەر پارێزگاكە)، هەر لەڕاپۆرتەكەدا هاتووە:(كۆسرەت رەسوڵ جێگری سەرۆكی هەرێم دوای كۆبونەوەی لەگەڵ پارێزگاری كەركوك سەرەتای ئەم هەفتەیە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندوە كە هەرێم پشتگیری گەڕانەوەی خورماتوو دەكات بۆ سەر كەركوك).

هەروەها رۆژنامەی هاوڵاتی لەژمارە 1190 رۆژی 27/11/2013-دا، چەندین راپۆرت و بابەتی لەبارەی یەكێتییەوە بڵاوكردۆتەوە، لەوانە: (یەكێتی جێگۆڕكێكانی حزبەكەی رادەگرێت)، (یەكێتی بۆ وادەكات؟).

یەكێتی كارنامەی بۆ حكومەتی بنكەفراوان و هاوپەیمانی ئامادەكردووە
دیسانەوە، رۆژنامەی هاوڵاتی لەژمارە 1189 رۆژی 26/11/2013-داو لەل1-دا بەگەورەیی نووسیویەتی:(یەكێتی كارنامەی بۆ حكومەتی بنكەفراوان و هاوپەیمانی ئامادەكردووە)، ئەم ناونیشانە جگە لەوەی لەل1 بەوێنەیەكی گەورەوە دانراوە كەتێیدا گەنجێك ئاڵای یەكێتی بەرزكردۆتەوە، لەهەمانكاتدا لەل2-دا وەك راپۆرتێك دانراوەتەوە كە دیسانەوە وێنەی چەند كەسێك كەئاڵای یەكێتیان بەرزكردۆتەوە دانراوە، لەڕاپۆرتەكەدا ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بەڕۆژنامەكەی راگەیاندووە: یەكێتی گرنگی بەكارنامەی حكومەت دەدات كەلایەنەكان بەهاوبەشی ئامادەی بكەن بەشێوەیەك بێت لەخزمەت كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا بێت و پێویستە بەرنامە هاوبەشەكەی حكومەت سەقفی زەمەنی بۆ جێبەجێكردنیان دابنێت)، لەهەمان ژمارەدا جگە لەوەی لەچەند راپۆرت و بابەتێكی دیكەدا باسی یەكێتی كراوە، هەروەها لەل18 و لەگۆشەی روونتر-دا كە رەحمان غەریب سێشەممان دەینووسێت، وتارێكی نووسەر بەناونیشانی (هێرۆخان «حسین»ی كوشت..!)، بڵاوكراوەتەوە.

دیسانەوە رۆژنامەی هاوڵاتی لەژمارە 1188 رۆژی 25/11/2013، لە ل1-دا بەگەورەیی نووسیوویەتی:(یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ: پۆستەكەی بارزانی لەسەر پارتی ئەژمار دەكەین)، ئەمەش ناونیشانی راپۆرتێكە كە لەل3-دا بڵاوبۆتەوەو تێیدا ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بەڕۆژنامەكەی راگەیاندووە:(حكومەت لەسەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان پێكدێت و ئەو سێ سەرۆكایەتیە پێكەوە گرێدراون)، دەشڵێت:(لەكاتێكدا حكومەت لەو سێ دەزگایە پێكدێت و دەبێت لایەنەكان گفتوگۆكردن لەسەر پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بخەنە چوارچێوەی گفتوگۆو دانوستانەكانەوە).

ئەوەی جێگەی سەرنجیشە لەزۆربەی ئەو راپۆرتانەی كەڕۆژانە لەڕۆژنامەی هاوڵاتی لەبارەی یەكێتییەوە بڵاوكراونەتەوە، رای ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی وەرگیراوە.

زۆربەی ئەوانەی تایبەتن بەیەكێتی (سەرچاوەی تایبەت)ن
پەیوەست بەباسوخواسی یەكێتی لەمیدیاكاندا، هەفتەنامەی باس ژمارە 167 رۆژی 26/11/2013، بەمانشێتی سەرەكی نووسیوویەتی گوایە(ئێران داوا دەكا كۆنگرەی یەكێتی دوابخرێ)، ئەمەش راپۆرتێكەو لەل3-دا بەناونیشانی (عەلی لاریجانی نامەیەك بۆ سەركردایەتیی یەكێتی دەنێرێ)، بڵاوكراوەتەوەو ئاماژەی بەهەندێك هەواڵی تایبەت بەكاروباری ناوخۆیی یەكێتی كردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە رای هیچ كەس و دەزگایەكی بەرپرسی یەكێتی تێدا نییەو گوایە(سەرچاوەیەكی تایبەت) ئەو زانیارییانەی بەو هەفتەنامەیە داوە.

هەرلەو هەفتەنامەیەدا هەندێك راپۆرتی دیكەی سەبارەت بەباسوخواسەكانی هەرێمی كوردستان و یەكێتی و سەركردەكانی یەكێتی تێدایەو دیسانەوە ئەوەی كەجێگەی سەرنجە، بۆ ئەو باسوخواسانەی كەتایبەتن بەیەكێتی و سەركردەكانی، هەفتەنامەی باس لەزۆربەیاندا تەنها ئاماژەی بەوەداوە كە گوایە(سەرچاوەیەكی تایبەت)، ئەو هەواڵ و باسوخواسانەی پێداون، كەچی لەهەمان ژمارەی ئەو هەفتەنامەیەدا چەندین باسوخواس لەسەر حزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان بڵاوكراوەتەوەو بۆ ئەوەش هەفتەنامەكە پەیوەندیی بەچەندین بەرپرسی ئەو حزبانەوە كردووەو لێدوانەكانیشی بەناوی بەرپرسەكانەوە داناوە.

پەرلەمان چاودێرو ئۆپۆزسیۆنێكی ئیجابی بێت
لەلایەكی دیكەوە، هەفتەنامەی یەكگرتووش لەژمارە 965 رۆژی 25/11/2013، لەل3-دا راپۆرتێكی بەناونیشانی (هەرێمی كوردستان لەچاوەڕوانی كابینەی هەشتەمدا)، بڵاوكردۆتەوەو تێیدا عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەڕۆژنامەی یەكگرتووی راگەیاندووە: پێمان باشە وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان حكومەتی داهاتوو حكومەتی ئیئتلافی نێوان سەرجەم لایەنەكان بێت وە پەرلەمانیش چاودێرو ئۆپۆزسیۆنێكی ئیجابی بێت لەچاودێریكردنی كارەكانی حكومەت، حكومەتی ئیئتلافی لەبەرژەوەندی خەڵكدایەو لەبەرژەوەندی ئۆپۆزسیۆنیشدایە).

- - - - - -
"خۆمان كەمتر باسی یەكێتی دەكەین، بۆیە میدیاكانی‌تر زیاتر باسی دەكەن"
 كاروان ئەنوەر
لەبارەی ئەوەی بۆچی لەمیدیاكاندا ئەوەندە باسی یەكێتی دەكرێت؟، كاروان ئەنوەر سەرنووسەری ماڵپەڕی PUKmedia بۆ كوردستانی نوێ وتی: بۆ خاڵێكی سەرەكی دەگەڕێنمەوە، ئەویش ئەوەیە وەكو راگەیاندنی یەكێتی كەمتر باسی خۆمان دەكەین، بۆیە زۆرترین باسی یەكێتی لەمیدیاكانی ترەوە دەكرێت، بۆ نمونە لەپێنج كەناڵی سەتەلایتدا، لەدوو رۆژنامەی رۆژانەدا، لە رادیۆیەكی مەركەزی و زیاتر لە 10 رادیۆی لۆكاڵی و زیاتر لە 10 كەناڵی تیڤی لۆكاڵ، دەتوانم بڵێم بەدەیان وێب سایت، كەمترین باسی یەكێتی دەكەین، بۆیە دەرگایەكمان ئاوەڵا كردووە خەڵكانی تر باسی ئێمە دەكەن، هەر كەسێك باسی لایەنێك بكات وەك ئەوە نییە خۆی باسی بكات، بۆیە بەردەوام باس دەكرێین، وتیشی: ئێستا كەناڵ هەیە راستەوڕاست بۆ لێدانی یەكێتی خۆی تەرخان كردووە، كەناڵ هەیە بەناوی سەرچاوەوە هەواڵی یەكێتی بڵاودەكاتەوە، لەكاتێكدا ئێمە ئەگەر بتوانین خۆمان هەرچی ئێش و ژان‌و برینەكانی خۆمانە باس بكەین، كەس ناتوانێت ئەو ترش و خوێیە بكات بەهەواڵەكانی یەكێتییەوە، بۆ نمونە ئەگەر یەكێتی بەماڵێك لەگەڕەكێكدا بچوێنم كە دەرگاكەی داخرابێت‌و كەس نەزانێت لەناوەوە چی دەكەین، هەر كەسێك هەڵدەستێت قسەیەكمان بۆ دروست دەكات، بوختانمان بۆ دەكات و بەئارەزووی خۆی نوقڵانەو خەمڵاندن لێئەدات، بەڵام ئەگەر دەرگاكەمان ئاوەڵابێ و ئێمەش باسی خۆمان بۆ خەڵك بكەین و تێكەڵیان بكەین، كەس ناتوانێت ئەوكاتە نوقڵانەمان بۆ لێبدات، تا بڵێت (پێدەچێت، سەرچاوەیەك وای وت) ئەمە خاڵی لاوازی ئێمەیە لە میدیاكاندا، ئەگەر بەو هەموو كەناڵەی هەمانە كەم تا زۆر بەشێوازێك زۆر ئەكادیمیانەو سیستماتیكانە، بەشێوازی حزبی باس لە هەڵبژاردنەكانی خۆمان، باڵەكان و كێشەكانی ناو یەكێتی بكەین، ئەوكاتە كەس ناتوانێت باسمان بكات.. خۆشمان رێگەمان بۆ خۆشكردوون دەنا بۆچی باسی حزبەكانی تر بەو شێوازە ناكرێت.

سەرنووسەری ماڵپەڕی PUKmedia لەدرێژەی لێدوانەكەیدا راشیگەیاند: خاڵێكی تر ئەوەیە، ئێمە حزبێكین هەر لەشاخەوە باوەڕمان بە نان و ئازادی هەبووە، هەموو كەسێك بۆی هەیە باسی یەكێتی بكات، یەكێتی سزای كەس نادات، ئەمەش ئەو خاڵەیە كە بووینەتە مادەیەكی چەور بۆ پەیداكردنی مەوزوع و مانشێت و وێنەو ڤیدۆ، ئەگینا هەر حزبێكی تر بەو چڕوپڕیە باسی لێ بكەی تەنانەت باسی مۆدێرنەی خۆی و دیموكراتیزەكردنی خۆشی بكات، پەرچە كرداری دەبێت، ئێستاش ئەو میدیایانەی بەخۆیان دەڵێن ئەهلی، لە 2005ـەوە چەورترین و قەرەباڵغترین بابەتیان یەكێتیە، ئەگەر یەكێتی رازی نەبێت بابەتی لەسەر بڵاوبكەنەوە، دەبێت بەشێكیان دای بخەن.

PUKmedia لە كوردستانی نوێ وەرگیراوە