ئەوپەڕی بەختەوەرییە ژیان لەگەڵ جوانیو
نیشتیمانپەروەریدا بەسەربەرێت، بەڵام ئەستەمە بە تێپەڕبوونی كاتو نەمانی
بەها پیرۆزەكان لەم جەنجەڵستانەی ئێستادا جێگات ببێتەوە كە دونیایەك
لەوەهمو درۆو نا دادپەروەی رۆژانە یەخەت پێ دەگرێیت.
لە مێژووی هەر نەتەوەیەك كە بە سەردمی
شۆڕشدا گوزەر دەكات كۆمەڵێك مرۆڤ هەن كە دەبن بە هێمای پیرۆزو گیانی خۆیان
لە پێناوی بەختەوەری یان هیچ نەبێت كەم كردنەوەی ئازاری میللەتەكەیان بەخت
دەكەنو هەمیشە جێگای رێزو شانازیین بۆ ئەو نەتەوەیە بە درێژایی مێژوو.
هاوڕێیان .. بۆ ماوەی 28 ساڵە (24/1)
ی، هەموو ساڵیك بۆ من مایەی خەمو مەینەتییەو شریتی عومری رابردووم بە
مەینەتو وەكو فلیمێكی سینەمایی لەو رۆژەدا زاكیرەو هۆشم داگیر دەكاتو
بۆ هەتا هەتایە دیمەنی سەرو سیمای (مامە ڕیشە)م، بیر ناچیتەوە كە لە دوو
تۆی پەردەی سەر تەختە شۆری مزگەوتی گوندی (خاڵوبازیانیەوە) ماڵئاوایی
لێكردمو پێش ئەوەی خامەكەی بەسەردا بدەن وەك ئەوەی پێم بڵێی: تۆ ئەو
كەسەی كە دوا نێگای من دەبینیو، ماڵئاوا بچكول گیانو نەبا رۆژێك من لە
یاد كەی.
ساڵانە كە یادی شەهیدبوونی مامەریشەو
هاوڕێیكانی دەكرێتەوە، ژیاننامەوچالاكیو خەباتی ئەم كەڵە پیاوانە باسی
لێوە دەكرێتو لە ئێستادا زۆربەی خەڵكی كوردستان بە ژیانو چالاكییەكانی
مامە ریشەو هاوڕێیكانی ئاشنا بوون، بۆیە من لە لای خۆمەوە بڕیارمدا جیاواز
لە هەموو كەس لە سەروبەندو ماوەی ئەو (32) كاتژمێرەی كە مامە ریشەو
هاوڕییكانی تیدا شەهیدكران، چیم بینیووەو چیم بیستووە، باسی بكەم.
شوێن: گوندی خاڵوبازیانی، 30 كم لە باكوری خۆرهەڵاتی كەركوك.
رۆژ: 1985/1/24، رۆژی پێنج شەممە.
راستی رووداوەكە: زۆر باشم بیرە، ئەو
كات ماڵمان لە گەڕەكی شۆرجەی شاری كەركوك بوو، بەڵام ئێمە لە بنەڕەتا خەڵكی
گوندی (خاڵوبازیانی)نو هەموو كەسوكارو خزمو ناسیاوم لە سنوری ئەو
ناوچەیە دەژیانو هەمیشە ناوچەیەكی رزگار كراوبوو لە ژێر حوكمڕانی شۆڕشدا
بوو گوندێكی 300 ماڵە بوو خەڵكەكەی دڵسوزو خاوەن هەڵویستو پێشمەرگە
پەرست بوونو جێگای حەوناوەی مامەریشەو هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە، بۆ
ماوەی چەند ساڵێك بوو لەو گوندە جێگیر ببووین، بۆیە هەمیشە لە رووداوەكانی
هێزی پێشمەرگە زۆر بە باشی ئاگادار بووین (بە تایبەتی چالاكییەكانی كەرتی
چواری جەباری).
ئەو كاتانە لەسەروبەندی كۆتایی هاتنی
مفاوەزاتی ساڵی 1984 بوو، رژێمی بەعسو هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە حاڵەتی
نە شەڕ نە ئاشتی دا بوون.
پێشمەرگەیەك: مامە ریشە، بەتەنها مەڕۆ .. با پۆلێك پێشمەرگەت لەگەڵدا بێت ..
مامە ریشە: نا باوكەكەم موحسینو سەردارم بەسە، ئێمە بۆ ئەوە دەچین رێكەوتن بكەینو زۆرترین خەڵك بهێنینە ناو شۆڕشەوە.
دەوروبەری كاتژمێر (9:30) ی سەر لە
بەیانی مامە ریشەو محسنو سەردار بە ئۆتۆمبیلكی (شلەخەجی – كە لەو
سەردمەوای پێدەوترا) و تائێستاش ئەو سەیارەیە دەبینم واهەست دەكەم
تاوانبارەو بەشێك بووە لەو تراژیدیایە، لە گوندی خاڵوبازیانیەوە بۆ
جاشئاوا (جاشئاوا: مۆڵگەوجێگایی بكۆژانی مامە ریشە) بەرێكەوتنو بەو
هیوایەی بتوانن دەستەیەكی خۆفروش لەگەڵ شۆرش ئاشت بكەنەوە، ئاراستەی
رێگاكەیان (گوندی خاڵوبازیانی - گوندی كەوەڵە، گوندی جافان، قازان بڵاخ،
ناوچەی مەعدەنەكان، حەسەن ئاوا "جێگای كارەساتەكە ") كە (3)كم مابوو بۆ
ئەوەی بگەن بە جێگای مەبەست واتا جێگای كۆبونەوەی نهێنی، بەڵام لە خاڵی
بەیەكگەیشتن هەر یەك لە تاوانباران "؟" و "؟" ئامادە بوون بۆ پێدانی
دڵنیایی بە مامەریشەو هاوڕێكانیو لەسەر یەكێك لە لوتكەكانی ئەو ناوچەیە
رادەوستنو بەپێی نەخشەیەكی پلان بۆ دارێژراو لەلایەن رژیمی بەعسەوە ئەو
تیرۆركردنە ئەنجامدرا دەستیان كرد بە تەقە كردنو فیشەكی غەدرو خەیانەت
داباری بەسەر هەر یەك لە "مامە ریشەو موحسینو سەردار" دا، چرای هیوای
شارێك كوژاییەوەو بۆ چەند ساتێك هاواری چۆلەكەو باڵدارو ئاژەڵە
كێویەكانی ناوچەكە عەرشی پەروەردگاری هەژاند پاش چەند چركەیەكو لە
دەوروبەری كاتژمێر (10) سەر لەبەیانی رۆژی 1985/1/24، هەموو شتێك كۆتایی
پێ هاتو مامەریشەو موحسینو سەردار شەهید كران.
شەهید موحسین: كە شۆفێری دەكرد لە ئۆتومبێلەكە كەوتبووە خوارەوەو فیشەكیكی زۆری بی كەی سی بەر سەرو سنگی كەوتبوو.
شەهید سەردار: كە لە نێوان هەر یەك لە مامە ریشەو موحسین دا دانیشتبوو كەمتر فیشەكی بەركەتبوو.
شەهید مامەریشە: دواتر كە لە رێگای
جاشەكانەوە باسی لێكراوەو ناو خەڵكی كەركوكو ناوچەكە باو بوو، ئەوەندە
ئازایانە لە ئۆتۆمبیلەكە دادەبەزێتو نزیكەی (40م) لە سەیارەكە دوور
دەكەوێتەوەو تەقە دەكاتو بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت ئەم ریشەیەو بە نامەردیو
لە كەمینی غەدردا تەقەی لێدەكرێت، بەشێوەیەك جاشەكان لێ دەترسن كە لەمبەرو
ئەوبەری ئەو شوێنەدا چەند چەكێكی بیكەیسیو كلاشنیكۆف دادەبارێت بەسەریدا
نەبا رزگاری بێتو كەلاكەكانیان بەرچنگی ریشە بكەوێ.
ئەنجامدەرانی ئەم كارە قێزەونە كە بریتی
بوون لە هەر یەك لە (؟، ؟، ؟، ؟، ؟، ؟، و 3 جاشی تر كە ناوەكانیان
نەزانراوە، ئەندامێكی ئیستخباراتی عەسكەری).
* هەروەها قسە لەسەر ئەوە دەكرێت كە
كابرایەك بە ناوی (؟) ئاگاداری ئەم نەخشەیە بووەو لە ئێستادا یەكێكە لە
ئەندامانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
هەر زوو فس فس پاڵەوانەكان جێگاكە بە
جێدەهێڵنو رێدەكەون بەرەو جاشائاواو ماڵو منداڵەكانیان كۆدەكەنەوەو
بەرەو شاری بەغدا بەرێدەكەون بۆ ئەوەی پاداشتی خەیانەتو ناپاكیوەربگرن.
چۆن هەواڵی كوشتنی مامە ریشەو هاوڕیكانی بڵاوبووەوە؟
یەكەم: ئەو ناوچەیەی كە كارەساتەكەی تیا
ئەنجامدرا، ناوچەیەكی شاخاوییو گردو تەپەیەكی زۆری لێیەو خەڵكەكە بە
پیشەی شكاندنی بەردو دروستكردنی باروت بەناوبانگەو، بۆیە كە گوییان لە
تەقە كردن دەبێت زۆر نابێتە مایەی سەرنجو تێبینی ئەوان، هەروەها ئەو
ناوچەیە جێگای ئاسكو كەڵەكێویەو هەمیشە راو كردنو تەقەكردن دیاردەیەكی
ئاسایی بووە، بۆیە لە سەرەتادا هیچ هەواڵێك لەو شوێنەوە بڵاو نەبووەوە.
دووەم: ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە، دوای
ئەنجامدانی ئەم كردەوەیە، پیاوانی بەعس زۆر بەتوندی دەچنە سەر ماڵی شەهید
موحسین لە گەڕەكی شۆرجەی كەركوكو زۆر ئازاریان دەدەن، ئەمەوا دەكات كە بۆ
شەوی 24 لەسەر 25/1، ماڵی شەهید موحسین كەركوك بەجێیبهێڵنو روو دەكەنە
گوندی خاڵوبازیانیو بەبێ ئەوەی بزانن چی روویداوەو بە تەنها بۆ
خۆدەربازكردن لە پیاوانی بەعسو ئەو ئێوارەیە لە ماڵی ئێمە مانەوەو شەو
هەواڵی تەواوی رووداوەكە گەیشت؟
چەند رێبواریك كەلە ناوچەی رووداوەكەوە
روو دەكەنە گوندی خاڵوبازیانی لە دەوروبەری كاتژمێر (1)یەك پاش نیوەڕۆ رۆژی
1985/1/24 دا، بە هەواڵی شەهیدبوونی مامەریشەو هەڤاڵەكانی دەزانن،
بەڵام لەبەر گەورەیی كارەساتەكەو خۆشەویستیان بۆ ئەو شەهیدانە هیچ شتیك
نادركێنن، تا كاتژمێر (4) ئیوارە، ئیتر مقۆ مقۆی شەهیدبوونی مامە ریشەو
هاوڕێكانی بڵاوبووەو خەمو پەژارە باڵی كێشا بەسەر ئاواییداو باوەڕ بكەن
بڕوا ناكەم لە ماڵی كەسدا ئاگركرابێتەوە.
چۆنێتی هێنانەوەی تەرمی شەهیدەكان؟
پاش دڵنیا بوون لە هەواڵەكە دەستەیەك لە
خەڵكی ئاواییو چەند پێشمەرگەیەكی كەرتی چواری جەباری بۆ سەردانی كردنی
تەرمەكان شەوی 24 لەسەر 25/1، بەریكەوتن بۆ ناوچەی (قازان بڵاخ) ئەو
كەسانەش بریتی بوون لە (شەهید شەماڵ ئۆمێك، وەستا برایم شۆفڵ، سەید ئەحمەد
خاڵۆبازیانی، بەختیار بچكۆل، ئەحمەد گۆگجە، ئەكرەم جەوڵ بۆری، عەبە
چاوشینو چەند پێشمەرگەیەی تری كەرتی 4 كە بەداخەوە ناوكانیان نازانم)،
بەڵام ناتوانن بچنە سەر تەرمەكان، چونكە زۆر نزیكە لە ناوچەی سەربازیی
رژێمەوەو گۆمانی ئەوە دەكرێت كە كەمینی سەربازی دانرابێتو بەدەستی خاڵی
گەڕانەوە، ئەو شەوە تەرمی پیرۆزی ریشەو هاوڕێكانی لە ژێر پەردەی ئاسمانی
ساماڵو جریوەی ئەستێرەو لاوانەوەی خورشیدیو ئایو ئایو خاوكەری
كەركوكدا میوان بوون.
رۆژی 1985/1/25، دەوروبەری كاتژمێر
(10) بەیانی كە رێكەوتی رۆژی هەینی دەكرد، هەر یەك لە (كاك كەریم فارس، كاك
سەید حەسەن، كاك سەید محەمەد "بەرشاڵاوی ئەنفال كەوتووە"، كاك سەید ئەحمەد
خاڵوبازیانی "كە دواتر لە ساڵیادی شەهید بوونی مامەریشدا لە 1986/1/26،
شەهید بوو) لەو بارۆدۆخە نا ئارامەدا كە نەدەزانرا ئێستا یان سەعاتێكی تر
رژێم هێرش دەهێنێتە سەر ئاوایی یان نا! ئەو كەڵە پیاوانە ژیانیان لەو پەڕی
مەترسیدا بوو، بەڵام بیروباوەڕی پیرۆزی پێشمەرگانەو خۆشەویستیان بۆ
مامەریشە، سڵیان لە هیچ شتێك نەكردەوەو چوون تەرمەكانیان هێنایەوە.
كاتژمێر دەوروبەری (12:30) بوو تەرمەكان گەیشتە ناو گوندەكە:
هەی وەی شێرە، ریشە شیرە
ئای هاوار ماڵمان كاول بوو
لا حولو لا قوە الا با الله
إنا للهو إنا إالیە راجعون
هاوارو هەنسكی ژنو منداڵو پیرو پێشمەرگە تێكەڵ ببوو هەرچەندە پیاوان تازە نوێژیان دابەستبوو، بەڵام وەك ئەوەی لە مەراسیمی حەجدا وەستابنو هەموو بە الله اكبر پیشوازیان لە تەرمەكان كرد.
هەی وەی شێرە، ریشە شیرە
ئای هاوار ماڵمان كاول بوو
لا حولو لا قوە الا با الله
إنا للهو إنا إالیە راجعون
هاوارو هەنسكی ژنو منداڵو پیرو پێشمەرگە تێكەڵ ببوو هەرچەندە پیاوان تازە نوێژیان دابەستبوو، بەڵام وەك ئەوەی لە مەراسیمی حەجدا وەستابنو هەموو بە الله اكبر پیشوازیان لە تەرمەكان كرد.
ئەگەر بەم تەمەنەی ئێستامەوەو بەشێوەی
فلاش باك بگەڕێمەوە بۆ ئەوە رۆژە سیناریۆو تێكستیو كەشوهەوای گەورەترینو
خەمناكترین فیلم دەهۆنمەوە لەو واقیعە تاڵەدا.
دواتر تەرمەكان هێنرایە سەر تەختە شۆرو
هەر یەك لە (خەلیفە عبدالله "كە باپیرەم بوو"، كاك محەمەد سابر، كاك
محەمەد عەزگ، كاك مەلا ئەدهەم) دەستیان كرد بەشتنی تەرمەكان، بۆ ئەوەی بیرم
نەچێت زۆربەی هەر زۆری خەڵكەكەو پێشمەرگەكان پۆل پۆل دەهاتنو بە ماچ
كردنو هاواركردن خودا حافیزیان لە شەهیدەكان دەكرد، بۆ دواجار دەڵێم بەشێك
لە خامی تەرمی شەهید مامەریشە بەدەستی باپیرەمەو بوو منیش چاوەكانم بۆ
بینینی تەرمی پیرۆزی دزەی دەكردو بۆ دواجار دواهەمین نیگای مامەریشە من
بینیم.
تەرمی پیرۆزی مامە ریشەو سەردار برایەوە بۆ گوندی تاڵەبانو شەهید موحسین بۆ گوندی زەنگنە.
ریشە گیان، دەی بە قوربانی چاپكیو
پاكیت بم، سەردانێك بكەرەوە، دیسان وەكو جاران پێم بڵێی دەبێت بە
پێشمەرگە، بۆ ئەوەی هەروەكو جاران پێت بڵێم بەڵێ، بەڵام ئەمجارەیان ناهێڵم
بڕۆی، دەچینەوە كەركوكو سەردانێكی سنور دەكەینو شادی بەسەر خەڵكە بەش
مەینەتەكەیدا دابەش دەكەینو بەو دەستو پەنجانەت ئەو سنورانە هەڵگرەو
پایتەخت بگوازەرەوە بۆ باوە گوڕگوڕو هەروەكو جاران ببەرەوە بە (رجل
الحدیدی) نەبا بنو سوفیانو بنو لەهب بیر لە هاتنەوە بكەنەوە، هەڵدەكشین
بەرەو سەریو دەچین كوێستانو لە دوا خاڵی سنوری كەركوكدا دەچینە
ئاغجەلەرو سەردانێكی مەزاری حەمە غفور دەكەین، دەزانم تۆ نەتبینیووە، ئەی
هەمیشە نەدەگووت ئەو سەردەستەی شەهیدانە، لەو خەوە خۆشەی دەكەینو بەخەڵكی
كوردستانی ئاشنا دەكەینەوە.
ئەمجارەیان سێ قوڵی هەڵدەكشێنو دەچینە
پیرەمەگرونو تەماشایەكی سلێمانیو دەوروبەری دەكەین (ئازیزم زویر مەبە
ئەوەی لە مێرگە پان دەیبینی كۆشكو تەلار نیە بۆ هەژاران دروست كرابێت،
ئەوانە هی بەشێك لە هاوڕێكانی تۆیەو شەوانە تێدا ئەحەوێنەوە، بانگەوازێك
بۆ سلێمانی بكەو بزانە كاكە ئارام نایەت لیلماندا، نەچیتە هەڵەبجە ئەوندە
توڕەنو دواتر دەبیتەوە بەسەردەستەی یەكەم مەفرەزەی شۆرشو ئەمجارەیان شۆرش
دژی نادادپەروەری، ریشە گیان بیرم چوو، هاوڕییكانت زۆر سەرقاڵن، بەشێكیان
خەریكی نەوتو دۆلارن، هەندێكیان كوشتەی پەتای دەردی تەكتولن، هەندێكیان
هەمیشە سەرخۆشن، هەیانە تۆ نایناسیتو خەریكیوەبەرهێنانە، ئەوەی وەك تۆ
وایە یان شەهید بووەو یان خەریكی جنێودانە.
نەكەی بچیتە بادینانو هەولێر، دەنا بە چوونی تۆ پێدەچێت ئەوەی پێی دەوترێ ستراتیجی هەڵبوەشێ، چونكە دەزانم لەوێ دەچیتە وەزارەتی شەهیدانو ئەوەی پێی بڵیین تۆمار دەیسوتێنیتو پلەی خانەنشینی لیوا هەڵدەگریتو لە تۆماری شەهیداندا، لە پڕ كاكە حەمە غفور قسەكانم پێ دەبڕیو، دەڵێ: تۆ زۆر قسە دەكەیو ئێمە كوا كاتی ئەوەمان هەیە، ئەگەر دێت وەرە با بچین بۆ قەندیلو سەردانی كاكە ئازاد بكەینو دڵنیام ئێستا ئەو بووە بە گەریلاو هەموومان هەڵدەكشین بەرەو باكورو كویستانی ئازیز لە باڵەكایەتیەوە رێپێشاندەرمان دەبیت بۆ ئامەدو ماردین.