شه‌هید مه‌لا عه‌لی كێیه
ساڵی 1953 منداڵێکی دووانه به‌ناوی :"ئه‌حمه‌د و حسێن" له خێزانێکی جوتیارو هه‌ژاری گوندی به‌ربه‌ردی ناحیه‌ی ماوه‌تی سه‌ر به‌قه‌زای شارباژێڕ له دنیایه‌کی بچوکی نا ئاساییه‌وه، هاته ناو دنیایه‌کی فراوانتر، ناوی ته‌واوی "حسێن مه‌ولود ئه‌حمه‌د خدر حسێن"ه ناسراو به "مه‌لا عه‌لی".
ساڵی 1958 له‌ده‌ست چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی و ده‌ره‌به‌گی چونه‌ته گوندی کۆکه‌ی ناحیه‌ی سورداشی ئه‌وكات.
ساڵی 1959-1960 له خوێندنگه‌ی سه‌ره‌تایی "چه‌رمه‌گا" ناونوسکراوه، ساڵی 1962-1963 دوای سوتانی گونده‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه پۆله‌کانی سه‌ره‌تایی له سه‌رچنارو ماوه‌ت و چه‌رمه‌گا ته‌واوکردوه.
ساڵی 1966-1967 چوه‌ته خوێندنگه‌ی ناوه‌ندی "الوطن" له سلێمانی و هه‌ر له‌و ساڵه‌دا چوه‌ته ریزه‌کانی یه‌کێتی قوتابیانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان.
ساڵی 1972-1972 چوه‌ته خوێندنگه‌ی ئاماده‌یی سلێمانی، به‌شی ئه‌ده‌بی، هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا به‌هۆی زنجیره‌ی رۆشنبیرییه‌وه له‌ڕیزی کۆمه‌ڵه‌دا رێکخراوه‌و گه‌شه‌کردنی خێرای پێوه دیاربوه.
ساڵی 1974 چوه‌ته ناوچه‌ی سورداش و هه‌ر له‌وێ کراوه به لێپرسراوی رێکخراوی "تۆڵه"، له‌پاییزی هه‌مان ساڵدا چوه‌ته‌وه سلێمانی و پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی ته‌واوکردوه.
ساڵی 1975-1976 چوه‌ته زانکۆی سلێمانی، کۆلێژی ئاداب به‌شی کوردی و تا قۆناغی دوه‌می خوێندوه، ئیتر که فه‌رمانی گرتنی له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسی روخاوه‌وه بۆ ده‌رده‌چێ به‌رده‌ستیان ناکه‌وێت و رۆژی 11-5-1977 خۆی گه‌یاندوه‌ته ریزه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان.
رۆژی 30-1-1979 له کاتێکدا بۆ کارێکی شۆڕشگێڕانه له‌گه‌ڵ هاوڕێی (د.مارف) عوسمان عه‌بدولڕه‌حمان عه‌سکه‌ری ده‌چێت بۆ گونده‌کانی ناوچه‌ی سورداش له گوندی "کرژه" دووژم پێیان ده‌زانێت و به‌هێرشێکی به‌هێزه‌وه گه‌مارۆ ده‌درێن، پاش به‌رگرییه‌کی توند بریندار ده‌کرێ و به‌برینداری له‌گه‌ڵ هاوڕێی ناوبراودا ده‌ستگیر ده‌کرێن.
له‌دوای گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌دان و ئازاردانێکی زۆر له زیندان و ده‌زگا دڕنده‌و سیخوڕه‌کانی رژێمی"سه‌دام"دا شێرانه دان به‌خۆیدا ده‌گرێت و مه‌ردانه سه‌ریان بۆ دانانه‌وێنێت، له رۆژی 6-6-1979 له‌و قه‌سابخانه‌یه‌ی ناوی دادگای "هیئه‌ی خاصه‌ی که‌رکوک"یان لێنابوو به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رپێی دادگای ده‌کرێت و بڕیاری له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رده‌چێت.
له‌دوای ده‌رچونی فه‌رمانی له‌سێداره‌دانیه‌وه تا رۆژی جێبه‌جێکردنی خنکاندنه‌که‌ی که ته‌نیا مانگ و نیوێکی خایاندوه شه‌وی "22-23-7-1979" له قه‌سابخانه‌که‌ی موسڵ له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێی تری که ناویان "ئه‌ڵوه‌ند عومه‌ر حسێن"و "عه‌لی عالی حسێن"ه له سێداره ده‌درێن و وه‌کو چه‌ندین تێکۆشه‌ری دیکه‌ی کورد ته‌رمه‌کانیان نه‌که‌وتوه‌ته ده‌ست که‌س و کاریان و له‌وێ نێژراون له "وادی عطال".
زیندانى موصڵ – به‌شی سێداره
3 – 6 – 1979
بــــرا دوور و خـــزم دوور و كه‌ســـم دوور
به نابه‌ڵـــــه‌د ته‌مـــه‌ن ئه‌مبا بـــــه‌ره‌و ژوور
به‌ڵام ڕوونــــه ، بــــه‌ره‌و ســــێداره چوونه
خه‌نه‌ى خوێنم لـه پێ ئه‌گرێ ئــــاڵاى سوور
به‌ره‌و ژوورى ، بـــه‌ره‌و ژوورى ســـێداره
ماندووى كــــردووم و شوێنه‌كه‌م شـــێداره
كــــه نیشــــــانه‌ى په‌شــــێوى پێوه شــێوه‌م
ئه‌وه بــــرینى ئه‌شـــــكه‌نجه‌یه و جـــێ داره
نه‌ڵێن ئه‌مرێ و له ترسی مه‌رگ په‌شـــــێوه
پێشمه‌رگــه بم ، هه‌ر ئه‌كــــه‌ومه پێـش ئێوه
به مه‌رگى پێش مـــــه‌رگى ئێـــوه ئاسووده‌م
ڕووشــــــم زه‌رده‌ى پێكـــه‌نینى هــــه‌ر پێوه
گــــــه‌رچی به‌ره‌و دوامـــــاڵی ژین به‌ڕێوه‌م
یه‌كه‌م ماڵــــی نه مردنـــم دیــــــاره لێـــوه‌م
به‌شــــــم چونكـــــه ، مردنى نــــاو جێ نیـه
شادم كه تا دوا هــــــه‌ناســــه‌ش به پــێـوه‌م
مه‌رگى ئاوا ناگـــــــۆرمه‌وه به ســــه‌د ژیـن
ژینێك سه‌رم بۆ دوژمن بێ به پـــــــه‌رژیـن
ســـــــه‌ربه‌رزییه كــــــه پێــــــلاَوم ئه‌بینــــن
به‌ســــه‌ر ســــه‌رى دوژمنــــه‌وه له به‌رزین
پێ له ســــــه‌ریان دائه‌نێـــــــم و ئــــه‌ڕوانم
بــــــه‌ره‌و شــــارى جێ هه‌وارى كــــاروانم
ئه‌گه‌م پێیان ، چونكـــــه دیــــــاره جێ پێیان
ئێره‌یـــــــــــه‌و لێی لا نــــــاده‌م تا ئــــه‌توانم
ئه‌وا ئێســـــتا كه‌وتوومـــه شوێن پێشڕه‌وێك
كه لێره بووه له پێـش مندا چـــــه‌ند شه‌وێك
دیاره منیـــــش هه‌ر ئه‌وه‌نــــدى لێ ئـــــه‌بم
وا بـــه نوێنى ئه‌و ئه‌شـــــكێنم سه‌رخـــه‌وێك
خــــــــۆ بــــه نوێنى به‌جێمـــــاوى دائه‌پۆشم
تا پێی سووك بێ ئێشــــــى لاشه‌ى نه‌خـۆشم
بۆته به‌ڵگـــــه به‌شوێن ئــــه‌ودا ڕۆشــــــتنم
ئاخۆ كێـــی تر پێی دێتـــــه شــــوێنى خۆشم
دیسان ڕێگــه‌ى شوێنێــــكى كه‌م له پێشـــــه
ڕێی گۆڕســــــتان كه دڵنیــــام ئه‌و له‌وێشــه
ئه‌گه‌ر لاشـــــه‌م نه‌شـــــێ ببرێته شـــــوێنى
گیانم له‌سه‌ر گــــوڵی ســــــه‌ر گۆڕی مێشـه
كه دڵنیـــــام ئه‌چێتـــــه جێــــی شـــــــانازى
لـــه‌و رێیـــــه‌دا منیـــش ئه‌كه‌م گیانبـــــازى
كه ئــه‌و خوێنى خـــــه‌ڵاتى ڕێی خه‌باتـــــــه
خــــوێنــى منیــــش ئه‌نه‌خشـــــێنى ڕێبــازى
ئـــــه‌و مه‌رگـــــه‌ى لێم ترســــاوه ئه‌یلاوێـنم
بۆ نـــــاوێرى بێــــت و بگــــــرێ داوێــــنم
با بمناسێ كه پێشـــــمه‌رگــــه‌ى كۆمــه‌ڵــه و
كـــــادرێكــى ده‌ســــت و داوێن خــــاوێــــنم
كه پــــــاش مـــردن هه‌بوو دنیایه‌كـــى نوێ
تا ئه‌و كـــــــــاته با گیانیشــــــم تێر بنــــوێ
چونكـــــه ڕۆژی هه‌ســـــتانه‌وه ده‌رفـــــه‌تى
فرمانێـــكى وه‌ك ئێســـــتام هـــه‌ر بۆ ئه‌لوێ
له‌و دنیایه‌ش هــــــه‌ر پێشــــمه‌رگه و كادرم
كـــه هیــــچ نه‌بـــێ له‌وه‌ى ئێســـــتا چا ترم
لێره خاوه‌ن ئــــــه‌زموونـــى ڕێی خه‌بـــــاتم
له‌وێ له نێــــو كووره‌ى شــــۆرش ئـــاگــرم
ئه‌گــــــه‌ر لێــــره نه‌مــــتوانی بێ بجـــــه‌نگم
له‌وێ به‌ده‌ســــــت هاوڕێیه‌كــــــه‌وه تفه‌نـــگم
ئه‌گــــــه‌ر لێــــــره به‌جێمـــابم له كــــــاروان
لـــــــه‌وێ له پێــــش كاروانه‌وه پێشـــــــه‌نگم

دوژمن خوێنه‌که‌م وا له پێکی دا
به‌ڵێ پێی وایه له‌ناوم ئه‌با
نازانێ به‌ره‌و هه‌تاوم ئه‌با
به‌ره‌و خۆربازووم پێ هه‌ڵ ئه‌ماڵێ
ئه‌بمه ڕوناکی بۆ هه‌موو ماڵێ
چه‌ند ڕۆژێکی تر به‌ره‌و سێداره
ئه‌برێم و ئه‌مرم گیانیش بێداره
بۆیه که دوژمن لێم ببێ به دێ‌و
پاڕانه‌وه‌م لێی نایه‌ته سه‌ر لێو
زامی ئه‌شکه‌نجه وبه‌ند و کۆت و په‌ت
سه‌رم بۆ دوژمن نه‌وی ناکا قه‌ت
مه‌ردانه پێکی مردن ئه‌که‌م نۆش
چش له من سه‌ری هاوڕێیانم خۆش
به‌ڵام که ئه‌مویست نه‌مرم به گه‌نجی
کوردستان ئه‌یوت پێویستمه ڕه‌نجی
زیندانی موسڵ
به‌شی سێداره
15-7-1979
.....................................................................
....................................................................
له‌و جێ ره‌شماڵ و هۆبه و هه‌واره

لوت به بۆن که‌وتوو چاو به شه‌واره
بۆیه تا ئێستاش ناتوانم باسی
ته‌واو بنوسم، ده‌ست کۆڵه‌واره
تاوێک گوێم ئه‌گرد له رادیۆی ئێران
ئێرانی ئێستا ئاڵۆزی وێران
تاوێک به‌سته‌یه‌ک له‌سه‌ر لێوم بوو
به ئاسته‌م ئه‌مووت له‌به‌ر نه‌وێران
ئه‌ترسام که‌سێ گوێی له ده‌نگم بێ
بێت و ئاوێزه‌ی گراوی شه‌نگم بێ
له‌و شوێنه‌ی شه‌وێ شایی سروشت بوو
به‌یانی له‌گه‌ڵ دوژمن جه‌نگم بێ
ده‌سی هاوڕێیه‌ک نه‌گاته ده‌ستم
خۆشم به ته‌نیا نه‌توانم هه‌ستم
به‌و ئه‌رکه‌و په‌کی فرمانم که‌وێ
نه‌گاته ئه‌نجام وه‌ک خۆی مه‌به‌ستم
خه‌یاڵ گه‌لێ جێی ئاوای کرده‌وه
گره‌وی له بزه‌ی ساواش برده‌وه
چی له مردنکه‌م ده‌رفه‌تم نادا
نه‌خشه‌ی خه‌یاڵم ببنه کرده‌وه
8-6-1979
به‌شی سێداره‌ی زیندانی موسڵ
.....................................................................
ئازیز گیان. تۆ بێ و گوڵی رووت
ئاخر سبه‌ینێ به سه‌ری رووت
به پێی په‌تی...
قوڵفه‌ی په‌تی
سێداره ئه‌خریته بینم
ئه‌مرم و، نه‌با نه‌تبینم
نه‌تبینم هه‌ر بڵێم: خواحافیز
تخوا ئازیز
وا دڵ ناسک نه‌بووم هه‌رگیز
دیده‌نیم که ... !!!
زیندانی موسل
به‌شی سێداره
21-7-1979
.....................................................................
گه‌رچی وه‌ک ماسی ده‌ریا له تۆڕا
دیار نیم له هیچ که‌س مه‌گه‌ر له تۆ،ڕا
به‌ڵام ئاسووده‌ی ئه‌وه‌م،باوه‌ڕم
به سه‌د ئه‌شکه‌نجه و،ته‌فره نه‌دۆڕا
.....................................................................
ئه‌مــڕۆ لێره‌م و سـبه‌ی له گۆڕێ
چش بـــا ناویشـم نه‌یه‌ته گۆڕێ
من به‌ڵێنی خۆم هه‌ر ئه‌به‌مه سه‌ر
رێــبــازم له ناو گۆڕیــش نه‌گۆڕێ
.....................................................................
خۆزگه ئه‌مردم،ئه‌وسا له‌و کێوه
چه‌که‌که‌م ئه‌یبرد یه‌کێک له ئێوه
وا ئێستا چه‌ک و فیشه‌کدانه‌که‌م
نازانم له‌کوێ،به‌شانی کێوه
.....................................................................
ئه‌وین و وه‌فا و دڵسۆزی و په‌یمان
له‌گه‌ڵ خۆم ئه‌وا هه‌مووم له گۆڕنان
چاوه‌ڕوانیشم زۆر به‌ڕێکردن
هه‌زاران خۆزگه‌م له‌گه‌ڵ خۆم مردن
لێم وون بوون شیعر و وێنه و یادگار
وه‌ک خۆمیان لێهات به‌ده‌ستی ڕۆژگار
ئه‌وه‌ی له پاشی خۆم به‌جێ ماون
چه‌ند کاسێتێکی تۆمار کراون
"ماملێ و شاروخی و زیره‌ک و دیلان"
ئێسته بیستنیان مه‌نعه له دیلان
وه‌فاداریانم ئێستاش له زیندان،
خۆزگه له پاش خۆم به 'ئه‌حمه‌د' ئه‌دران
زیندانی موسڵ
به‌شی سێداره
10-6-1979
.....................................................................
کوردستانه‌که‌م،کوردستانه‌که‌م

بووکی یه‌ک شه‌وه و ده‌ستگیرانه‌که‌م
ڕووت وه‌ک و که‌زی و پرچی ئاڵۆزه
به چنگی خه‌بات با بۆت شانه‌که‌م
ویردی زمان و قیبله‌گای منی
جوانتر له نیگای کیژی شه‌رمنی
ئه‌وه‌ی جێی داخه لێت بێبه‌ش ئه‌بم
نابینم بڵێن شکا دوژمنی
ناشبینم که کورد وه‌کو میلله‌تان
ئاڵای سه‌ربه‌ستی هه‌ڵکا له جیهان
ناکۆکی نێوان چینان نه‌مێنێ
وک یه‌کی لێ بێ لادێ و شارستان
ده‌نا دڵنیام دوژمنی به‌شه‌ر
ڕۆژێ دێ ماکی له‌بن دێته ده‌ر
خۆشگوزه‌رانی و زانست و جوانی
به‌رگی بوکێنی وڵات بێ تا سه‌ر
ئه‌ی کوردستانی بێ داڵده و په‌نا
نه‌مامی ژینی منیش هه‌ڵکه‌نا
چاو به فرمێسکی ژێرده‌سته‌یی تۆم
هێنده ده‌ربه‌ستی خۆم نایه‌م ده‌نا
ئه‌ی کوردستانی مه‌ڵبه‌ندی کاوه
جێی داخه نه‌مدی ئاڵای شه‌کاوه
به‌ڵام ڕۆژێ دێ هێزی نه‌وه‌ی نوێ
کۆشکی زۆرداری پێ هه‌ڵته‌کاوه!
زیندانی موسڵ
به‌شی سێداره 8 / 6 / 1979
.....................................................................
نادیاری
ئاخۆ ئێستا بەڕێبواری لەكام ڕێی سەخت و باریكی
لەموچەی كوێ یە میوانی، لەكام ئەشكەوتی تاریكی
یاخۆ ئێستا بە ماندویی لەكام هەورازو هەڵدێری
لەسەركام ڕووبار‌و كانی پەنای كام بەردو تاوێری
بەرەو كوێ وێڵ و ئاوارەی لە چ هاوڕێ یەك ئەپرسی
شاد‌و ئاسودە ڕێ ئەگری یا لەچاوی بەد ئەترسی لەكوێ لێیان بەجێ ماوی گوێ نادەیتە بەرزو نەوی
یاڕێگای دورت لە پێشە و لەبەر پێتا ئەكشێ زەوی
لەجۆگەو بەر قوڵاغەی كوێ كڵاش و گۆرەویەكەت تەڕ بوون
لەكوێ لەگەڵ هاوڕێیانت لەپڕدەستەو یەخەی شەڕبوون
لەسەر كام تاتی بەرد خەوتووی لەكام سەنگەردا بێ داری
بەدژوێنی بەلاوازی بە نەخۆشی و برینداری
ماندووی حەساوەی گەرماتە یاتوشی نۆبەتاو لەرزی
بۆڕوانین بەدووربینەوە بەرەو كوێ ئەچیتەبەرزی
لەسەر كام لوتكەی بڵندی لەژێر سێبەری چ دارێك
پێنوسەكەت بەدەستەوە و تۆمار ئەكەی یادگارێك
هەودای خەیاڵا ئەهۆنیەوە یاتوڕە و بێ وزەو پەستی
كەسو كارت ئاوارەن و بۆیان پەرۆش و دەربەستی
گوڵی چڵی كوێ بۆن ئەكەی لەڕەزی كوێ میوە ئەخۆی
بەرەوماڵ ئەگەڕێیتەوە یا بەرەو جێی مەبەست ئەڕۆی
بەستە بۆ هاوڕێیان ئەڵێ ی یاگوێ لە گۆرانی ئەگری
پڕ بەدەمت پێ ئەكەنی یا پڕ بەدەروونت ئەگری
سەرنجی كێ ڕائەكێشی كام دۆستە ئەكەی بەهاوڕێ
كێ سەرنجتی ڕاكێشاوە و لەكێ ئەدەیتەوە ئاوڕێ
كۆبونەوەی كام لیژنەیەو ڕووی پرسیارەكان لەكێ یە
بڕیاردانی بەكۆمەڵە یا گفت‌و گۆو كێ بە كێ یە
لەپرسەی كێدا دانیشتووی لەكام بنكە چا لێ ئەنێی
لەسەر گۆڕی كام شەهیدەی بۆ شێلانی پێ ی لێ ئەنێی
لە كوێ سوتووی پەڕۆ كۆنێك ئەخیتە سەر زامی گەرم
كە ناشێ تۆ بیدركێنی و منیش ناشێ پەی پێ بەرم
لاشەی كام هاوڕێ یە بەكوڵا ئەگوێزیتەوە بۆ گڵا كۆ
یاخۆ چ هاوڕێ یەكی تر بەكۆڵیەوە لاشەكەی تۆ
***
ئێستا منیش بەیادی تۆ ئەژیم ئازاد لە زیندانا
ورەم بەرزەوگڵی گۆڕم لە سەر تەرمی بەزین دانا
شەماڵی سروەی هەناسەت دێ بەسەرم دەكاتەوە
گوڵی خونچەی خەیاڵی تۆ دەوروبەرم دەكاتەوە
بەسەریا شەونمی فێنك بەئاستەم دائەبارێنێ
وەنەوزی خەو لە ئەندامانی خەستەمدا ئەتارێنێ
لەگەڵیا شەونخونیمەو شەوان تادرەنگ خەوم نایە
لەوێوە زەنگی كاروانت بۆتەنیایی شەوم(نای)ە
لە زۆزانەوە دێ بۆیە ئاسۆی ئومێدم ڕۆشنە
دەسا بابێ لەلای تۆوە بزەی شیرین سروەی شنە
لە ئاسمان گەشەی ڕووی گەشت ئەنوێنن مانگ وئەستێرە
بەخۆراكی هەواڵی خۆش دەروونی هەموو كەس تێرە
بەتیشكی خۆر هەڵگەڕاوە چڵی لاولاوی ڕوانینت
لە زەردەی گزنگ بەدی ئەكەم زەردەخەنەی پێ كەنینت
لە هەورە بروسكەدا گوللەی ئاگرداری بەرەی جەنگە
لە من دیارەو ڕەتێنەری سامی ڕەشی شەوە زەنگە
بەڕۆژیش تاكو شەو دادێ‌و جارێكی تر خەڵك ئەنوێ
منیش ئەستێرەكەی یادت دێتەوە ژوانم سەر لە نوێ
لە گەڵ زیندانیانا ئەڵێم بێ دەنگ نەبی ئەی(بڕنەو)ە
ئەو دەستەی بەتۆوە نەبێ بە كەلەپچە ئەیبڕینەوە
.....................................................................

ئەی ئەو كەسەی لە گوێما یادت بۆتە زەنگ
ئەی ئەوكەسەی بیرچونەوەت لام بۆتە نەنگ
ئەی ئەو كەسەی پێوەت دیارە جوانی مایین و بوك و تفەنگ
ئەی ئەو كەسەی خوێنت مۆمەو ڕۆشن ئەكا بۆم شەوە زەنگ
ئەی ئەو كەسەی خۆشەویستیت دەریایە بێ ترسی نەهەنگ
ئەی ئەو كەسەی دڵی نەرمت زێڕ ئاسایی ناهێنێ ژەنگ
ئەی ئەو كەسەی جودایی تۆ لەسەر دڵ نەشتەرەو خەدەنگ
ئەی ئەو كەسەی لە پێناوم لەگەڵ ناسۆر كە وتویە جەنگ
ئەی ئەوەی بۆ نەخشاندنی نامەیەك بۆت
دەست و پێ دەردێنم لە كۆت
گوڵ بە گوڵ ئەڕۆم وەكو هەنگ
بۆ نەخشاندی نامەیەك, جوان و ڕازاوە هەمەڕەنگ
وشەكانی پەڕەی گوڵ بن سڵاویان كرابێـتە پارسەنگ
بزەی لێوی وەك نوقڵ بن دەڕبرینی سۆزێكی بێ دەنگ
هاودەمی شەو نخونی بن هەموو شەوێ هەتا درەنگ
باڵە فڕەی پەپولەبن لەدەوری ڕووت ئەی شۆخ و شەنگ
بەتاسەوە بمژن لەبن شیلەی خونچەی دوو لێوی تەنگ
هۆنراوەیەك بن نەسادەو نە ئاڵۆز‌و نە تۆزێ لەنگ
بەدوور بن لە شێواندنی دەریای هێمنی نازی مەنگ
ئاوێنە بێ بۆ هەست و سۆز
ئاوێنەی ئەوینی پیرۆز
ئەی خوێن شیرینەكەی چەلەنگ
لەگەڵ ئاوا بونی خۆری دوا ڕۆژی ساڵ
لەگەڵ هاتنەوەی تاریكی و بەسەرهەتاوا بونی زاڵ
لەگەڵ داپۆشرانی مانگ دا بەتوێی تارای هەوری گەواڵ
لەگەڵ دوا ڕۆژی دوا مانگی ساڵ ونیوی (دووری ) م لەماڵ
ساڵ و نیوی دوور لە خێزان ڕابوردنی ڕۆژگاری تاڵ
ساڵ و نیوێ بێ بەهرەیم لە بزەی سەر لێوی مناڵ
ساڵ و نیوێ قەتیز مانی لە چاوانم دا ئەشكی ئاڵ
ساڵ و نیوێ پەڕەوازە بوونی براو لانەی بەتاڵ
ساڵ و نیوێ لانەچوونی شێوەی ئەو كەلە دیدەم بەتاڵ
ساڵ و نیوێ ئاوارەیی و گیان وەك هەوری دەم بای شەماڵ
ساڵ و نیوێ وێل بوونی ئەو وەكو ڕاوچی لەشوێن تەماڵ
ساڵ ونیوێ ڕۆژكردنەوەی شەوانی لەمووچەوڕەشماڵ
ساڵ و نیوێ بە جێمانی لەجێژوانەكەی چاو كە ژاڵ
ساڵ و نیوێ لەبەر سەرما و گەرما چوار وەرزە بونی تاڵ
ساڵ و نیوێ قایل بونی تەنانەت بەنانێكی گاڵ
ساڵ و نیوێ خۆشاردنەوەی بە مێزەرو پشتێنی شاڵ
ساڵ و نیوێ دەركرانی لەماڵی خانە خۆێ بە پاڵ
ساڵ و نیوێ دان بە خۆدا گرتنی ئێشكی یاڵەو یاڵ
ساڵ و نیوێ چەمانەوەی پشتی من بۆ زوڵمی زەواڵ
ساڵ و نیوێ لەگەڵ شیش و چوار دیوار بونم بە هەڤاڵ
ساڵ و نیوێ نامە ناردن حەز لە پرسیاری یەك هەواڵ
ساڵ و نیوێ پاڕانەوەم بۆ هەواڵی بەچەشنی سواڵ
ساڵ ونیوێ هەڵدانەوەی گۆڕی یادی زیندەبەچاڵ
ساڵ و نیوێ بیرەوەری دێرینی ئاوێتەی خەیاڵ
كە لەگەڵیانا دێمە سەر بەستەو گۆرانی و گڕوگاڵ
ئەبێتە هۆرەی ئاهەنگی شایی و لۆغانی بەشمشاڵ
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هیوام خێراتر ئەگرێ باڵ
ورەم بەرزە چونكە هاوڕێی پێشمەرگەم دوژمن ئەدا گاڵ
لەگەڵ دوا سەرنجی پڕ لەئەندێشەم بۆخۆری ئاوا
لەگەڵ یەكەم چركەی یەكەم ڕۆژی مانگی ساڵی ساوا
لەگەڵ هەموو سەرەتای ساڵێكی تری تازەش ئاوا
باڵە فڕەی وشەی هەستم خۆئازاد ئەكەن لەداوا
وەك دیمەنی گەشت كەرانی ئەوروپایی لەگوێ ئاوا
كۆڕی بەزمی یادەكانیش دەورو بەرم ئەكەن ئاوا
لەجێی گۆرانی، سروودی پێشمەرگەم لێ ئەكەن داوا
چـــونـكـە چەك ومەچەك جوتن
چەك نۆ بوك و مەچەك زاوا
30/12/1978
ابو غریب
.....................................................................
کۆتا نامه‌ی شه‌هید 45 خوله‌ک به‌ر له هه‌ڵواسینی به په‌تی قه‌ناره‌دا.