
لە كۆنگرەی راگەیاندنی لیژنەی بە جیهان ناساندنی گەلی كورد، جارێكی دیكە پرسی ١٨ كچی ئەنفالكراو لە وڵاتی میسری هێنایەوە بەرباس، ئەندامی لیژنەكەو سەرۆكی رێكخراوی ئەنفالكراوان زەمان عەبدە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، وتی: كاتێك دەمانەوێ كار لەسەر ئەو كەیسە بكەین، پێویستە بەڵگەی سەلمێنەرمان هەبێت، چونكە بێ بەڵگە ناگەینە هیچ ئەنجامێك.
وتیشی: پرسی ئەو 18 كچە بەڕاستی كاتێك دێیتو كاری لەسەر دەكەیت، پێویستە بەڵگەی سەلمێنەرت هەبێت، بەڵام دوای بەدواداچوونمان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە بەڵگەنامەكە بێ بنەمایەو ناتوانرێت كاری یاسایی لەسەر ئەو بەڵگەیە بكرێت.
سەرۆكی رێكخراوی ئەنفالكراوان، رایگەیاند: بەپێی كاری ئەو لیژنەیە بێ، ناگەینە هیچ ئەنجامێك، چونكە ئەگەر وڵاتی میسر خۆی بخاتە ژێر باری ئەوەی كە ئەو ئافرەتانە فرۆشراونو لەشفرۆشیان پێوە كراوە، ئەمە خۆی لەخۆیدا تاوانی نێودەوڵەتیەو میسریش دەكەوێتە خانەی شەریك بوون لە جینۆساید كە سەدام حسێن ئەنجامی داوە.
پێشتر بازرگانێكی كورد لەهەولێر، رایگەیاند: "چارەنووسی چەند كچێكی ئەنفالكراوی بۆ ئاشكرا بووە".
بەڵام زەمان عەبدە، دەڵێت: قسەی ئەو بازرگانە ریكلامێكی بازرگانی بوو، كاتێك لیژنەكەو ریكخراوەكان ویستیان ئەو ئافرەتانە ببین گوایە دۆزراونەتەوە، ئەو بازرگانە خۆی ون كردو دەنگی نەما، بۆیە وەكو رێكخراوەكانی ئەنفالو جینۆساید لێی خۆش نابینو سكاڵای لەسەر تۆمار كەین.