تازەترین هەواڵ

10‏/2‏/2012

عومەر دەبابەى سەرکردە


تێکۆشەری ناسراوی کوردو سەرکردەی لەمێژینەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد، عومەری سۆفی مستەفا کە لە ‌ناو ھەڤاڵەکانی دا بە ‌کاکە دەبابە ‌و کاکی کاکان ناسرا ‌بوو، ساڵی ١٩٢٤ لە شاری کۆیە لەدایکبووە، ھەر لەوێش خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواوکردووە، دواتر چووەتە کەرکوک ‌و لەوێ بووەتە ئەندامی حزبی ھیواو پاشان ئەندامی کۆمەڵەی (ژ.ک) کە ناوەندەکەی لە شاری (سابڵاخ) بووە.
کاکە دەبابە رۆڵەیەکی جوامێرو ئازاو دڵسۆزو ڕووناکبیر بووەو خەمخۆرێکی کەموێنەی دۆست و ھەڤاڵەکانی بووە، بۆیە نازناوی کاکی کاکان-یان بەسەردا بڕیوە، لە ژیانی کوردایەتی دا دلێرو ئازاو لەخۆبردوو بووەو ھەمیشە لە ریزی پێشەوەی خەبات و رۆڵەی کارە گرنگ و نھێنیەکانی بوو، ساڵی ١٩٤٣-١٩٤٤ چۆتە کولێژ‌ی ئەندازیاری لە بەغداو ھەر لەوێش بووەَتە ئەندامی حزبی (رزگاری).
لەدامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردی عێراق دا بۆتە ئەندامێکی چالاک‌و کۆڵنەدەری پارتی و لە ‌ھەموو چالاکی و کۆبونەوەو ئاھەنگەکانی نەورۆزو خۆپیشاندانەکانی شاری (بەغدا) دا شۆڕِە سواری مەیدانەکان بووەو بەئازایەتی و خۆڕاگریی ناوی دەرکردووە.
لە خۆپیشاندانەکانی (وەسبەی کانوونی دووەمی ١٩٤٨) دا کە ئەوسا لە قۆناغی سێھەمی کولیەی حقوقی بەغدا بووە، قارەمانی خۆپشاندەرەکان بوو، لەڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندەران دا وەک دەبابە دڕی بەپۆلیس‌و جاسوسەکانی میری دەداو خۆپیشاندانەکانی بۆ پێشەوە دەبرد.
جارێکیش فم س،،؛د بریندار کراوە.
لە خۆپیشاندانی کانوونی دووەمی ١٩٤٩ دا گیراو درا بەمەحکەمەی عورفی و ساڵێک حوکمدراو ماوەکەی لەزیندانی (کوت) بردە سەر، پاش تەواوکردنی ماوەی زیندانیەکەی دەچێتەوە کولیەی حقوق‌و لەساڵی ١٩٥١-١٩٥٢ تەواویدەکات و دەبێتە پارێزەر.
لە کۆنگرەی سێیەمینی پارتی دا کە لە کانوونی دووەمی ١٩٥٣ لەکەرکووک بەنھێنی بەسترا، بەئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ھەڵبژێردراوە، کاکی کاکان لە ھەموو شاڵاوە رەشبگیرییەکانی رژێم دا بەر لافاو و شاڵاوی گرتن‌و راونان‌و نەفیکردن کەوتووە.
لەدوای شۆڕشی چواردەی تەمموزی ١٩٥٨ لە کەرکوک لێپرسراوی رێکخستنەکانی پارتی و ھەڵسوڕێنەری رێکخراوە دیموکراتەکانی کرێکاران‌و لاوان‌و خوێندکاران‌و ژنان بووە. زۆر بەپەرۆشەوە ھەوڵی خزمەتکردنی ئەو خێزانە بارزانیانەی داوە کە ئاوارەو دەربەدەربوون، یان لە زیندانەکان دا دەچەوسێنرانەوە بەمەش بووە خۆشەویستی خودانی بارزان شێخ ئەحمەدی بارزانی کە ‌لە ‌دوای رزگاربوونی لەزیندان لە کەرکوک لەماڵی کاکە دەبابە میوان بووە.
لە سەرەتای ساڵی ‌١٩٦١ گیراوەو بەڵام توانیویەتی لەزیندان خۆی دەربازبکات و دەستبداتە خەباتی نھێنی و ئینجا خەباتی چەکداری کە ‌لە ‌شۆرشی ئەیلوول-دا دەورێکی گرنگی ھەبووەو بووەتە لێپرسراوی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە ‌ناوچەی پارێزگای ھەولێر. ئیتر ھەتا کۆتایی شۆڕشی ئەیلوول کاکە دەبابە قارەمانێکی نەبەزی شۆڕشەکەو پاڵەوانی زوربەی داستانەکان بووە.
لە ساڵی ١٩٦٩دا بووەتە خاوەنی رۆژنامەی (النور)و سەردانی ھەندێ وڵاتیشی کردووە وەک ئەڵمانیای دیموکرات و میسرو سودان‌و...ھتد. لەدوای ھەرەسھێنانی شۆڕشی ئەیلوول چووەتە ئێران‌و لەوێ زۆر زوو گەڕاوەتەوە عێراق.
لە ھەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان دا خۆی گەیاندۆتە شاخەکان‌و پێشتریش دەورێکی گرنگی ھەبوو لە دروستکردنی بزووتنەوەی سۆشیالیستی کوردستان دا.
ماوەیەک بۆتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک و لەشاخ ژیاوە، بەڵام بەھۆی نەخۆشی دڵەوە رێگەی پێدراوە کە بچێتە ئەوروپا بۆ درێژە پێدانی خەباتی سیاسی لەوێ، لەدوای راپەرین وەک ئەندامێکی لیژنەی باڵای بەرەی کوردستانی و سەرۆکی مەحکەمەی باڵای شۆڕش خزمەتیکردووە،‌ ھەروەھا لە گەشەپێدانی راپەرین و ی.ن.ک و بەرەی کوردستانی دا دەورێکی دیاری ھەبووە.
لە خۆسازدانیش دا بۆ کۆنگرەی یەکەمی ی.ن.ک باڵادەست بوو، بەڵام لەناو ھۆڵی کۆنگرە رۆژی ٢٩ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٢ سەکتەی دڵی تووش ھات ‌و کۆچی دوایی کرد.