تازەترین هەواڵ
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6bQWquzvFnzWboSolHAjReXDxiQeTo-l2ygeftgRcIC13Cjh2klvBoE5mz2Wgf2IGlnBtUgh8XznEJqgfKOQdbMa1P08xntmuvLnpeT1eS4WHVrvUqI3GZKSJP-Mc-UWXSURzlZNixyE/s1600/888.jpg
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhcIDu1TlR6t-3ahp2Foij1Lu4SCA81iy_v_exjmiXf9f_8Cn6IHZTR-m-CsELqqX8u7lFNxZDWrWGJ9MDC0MZ8aKwZJzZ3ddyfCYWU4dmJ4y_Sx-H63QUB8oM5NzreM2n7p6zQHMWmuk8/s1600/sarawar1.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEiyHvS8VMtE8vQbpl_999jDE114GbEXDnl2mW3QSomPWkcNoZFsMFKL2ybBU5rqmu81uGyh33pPcRcLdgwW4k5fiF-qGPkOu80jl_xuqv-5tjUQeBtHlVh00ngn_NJKFa3QrMs38Trrzoo/s1600/shahidan.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhw5fzoDaXYNAf-tQkCc6ZIYAT-08e1zQFL3Sc16foCSEEJGLaxrWgSX1gJXxs9EZxwzJebIkdll0c2AiH-KgtXaXud71OHK4eNYHL8hl4Js-dkD5zavPrtGIB-kfBR9EBNUfThipC1PEM/s1600/peshmarga.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6GScoWWodKoH1DcCloNtTUVzvdOV_Wb2H1tv5paW0LU3DpXGoPv7IyoajdVyneKVb0_vNJu96Dr6PbdWjem18nzOkGfGEGDQX3mf_b_XKAjXWf4WuaIlLLu6NatAf0JJHsNK5UyHMsQA/s1600/karikater.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhAeN7CRbm4krLN7ZyAZTqTk3IS_GG1H9fXZXIuJ5eJy5yjt3fN_0e8Qt2nibXKvz_9y13lgCDSL1j6aTo8fB4jFAmvJTg-nhIm-y1Juql31FsycdmwjLHJb6sbYMVxDB7dQTa_KCmxDK8/s1600/nawdaran.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEiH2UM211g7CkZBZxwW0vp8SzM59x9RGVDcX4QCFxFLotN9nBx96ok7-JksgLSJvFhHuhIB2acjPKzAB_fVWI0OGydkzthgZE7Aw7_bk9NJwEWGSlhIpy1BWE3B41rN9vyRpFdAOdlWkow/s1600/kodi+rang.png
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6bQWquzvFnzWboSolHAjReXDxiQeTo-l2ygeftgRcIC13Cjh2klvBoE5mz2Wgf2IGlnBtUgh8XznEJqgfKOQdbMa1P08xntmuvLnpeT1eS4WHVrvUqI3GZKSJP-Mc-UWXSURzlZNixyE/s1600/888.jpg

30‏/9‏/2013

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد: زۆرینەو كەمینە هەر چەپكەگوڵەكەی مام جەلال-ن

ماوەی رابردوو زیاتر لەهەموو كاتێكی تر، جیاوازتر لە هەموو قۆناغەكانی تر، گفتوگۆ و قسەیەكی زۆر لەسەر دۆخی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كرا، وا دیارە ئەم رەوتە بەردەوامیش دەبێت. لە رێزگرتنم بۆ ئەو بابەتانە، جیاوازی ناكەم لە نێوان ئەوانەی رەخنەمان لێدەگرن، یان تەنانەت تەشهیر ئەكەن، بە خراپە باسمان دەكەن یان قسەی خێر. ئەوانەی ڕەخنەكانیان بۆ خێری یەكێتییە سوپاسیان ئەكەم و ئەوانەشی تەشهیر ئەكەن ماڵیان ئاوابێت.
مام جەلال فێری كردوین، رەخنەكان و ووشەكان بە رەخنەو ووشە وەڵام بدەینەوە. یەكێتی لەسەر ئەم مەبدەئە دامەزرا، هەر لەسەر ئەم رێبازەش بەردەوام ئەبێت‌و ئەمەیان ناگۆڕین. بە پێچەوانەوە ئازادی رەخنەگرتن لەو شوێنەی یەكێتی و هەڤاڵانی یەكێتی دەسەڵاتیان هەیە، لەناو یەكێتی و لە پێناویدا فراوانتر ئەكەین. یەكێتییەكان بەمە سەبەرزن، ئەوان كۆیلەی كەس نین. ئەوان ئازادی لەناو حزبەكەیان بە كردار ئەبینن، نەك تەنها دروشمی ناو كۆبونەوەكان، یان دەقی ناو پەیڕەوی ناوخۆ بێت.

شاراوە نییە كە جیاوازی بیروڕا هەیە لە ناو یەكێتییەكەمان، لەناو ئەم جیاوازیانەیشماندا ئەبێ لەسەر ئەوە كۆك بین كە نابێت هەموان وەك یەك بیربكەینەوە. تەماشاكردنی لاپەڕەكانی كوردستانی نوێ، ئەو دۆسییەی بۆ كۆنگرە كراوەتەوە، دەلیلی ئەو حەقیقەتەن، یەكێتییەكەمان چەپكە گوڵێكە لەو ئەندامانەی خەمی ئایندەی یەكێتییەكەیانە.
جیاوازی لە بیروڕادا گەواهی زیندوێتی یەكێتییە. من لەگەڵ بوونی ئەو جیاوازییەدام، بەڵام لەگەڵ ئەوەنیم جیاوازییەكانمان بكەینە پاساو بۆ سەنگەر گرتن لەیەكتری‌و بەخشینەوەی قین‌و سڕینەوەی یەكتری. یان شێواندنی راوبۆچونەكانی یەكتر.

من راوبۆچونی خۆم ئەڵێم و راوبۆچونی بەرامبەرەكەشم ناشێوێنم. ئەمە مەرجێكی گرنگە تا ئەوەی پێی ئەڵێن رێزی بیرورای بەرامبەر و  مەبدەئی رەخنەگرتن بچەسپێت، كەس بیرو ڕای كەس چەواشە نەكات، جگە لەوەی ئەمە وەك پرەنسیبێكی حزبی و سیاسی پەسەند ئەكەم، خواش وای دروستكردوم جیاوازیم لە بیركردنەوە لەگەڵ هەڤاڵ‌و برادەرەكانم نەیگەیاندوم بەو قۆناغەی راست و چەپ بە سەرمێژووی ئەو پەیوەندیەدا بهێنم،  یان نەمكردۆتە بیانوویەك  بۆ شێواندنی راوبۆچونەكانیان. تا ئێستاش بە ڕێزەوە باس لە مێژوی خۆم و هەڤاڵە دێرینەكانم، ئەوانەی ریزەكانی یەكێتیشیان جێهیشت‌و گۆڕانیان دامەزراند، دەكەم، ناتوانم راست‌و چەپ بەسەر ئەو مێژووە هاوبەشەدا بهێنم، ئەمە چ جای ئەوانەی تاكو ئێستا و لەداهاتووشدا، بەیەكەوە كار ئەكەین.
رێزگرتن لەبیروڕای بەرامبەر لە ئاكار و  ئەركەكانی ئەندامانی یەكێتییەكەمانە. وای ئەبینم كەمینەو زۆرینە ئەو چەپكە گوڵەن كە (مام جەلال) لە زۆر بۆنەدا ئەیوت و داوایدەكرد كە هەموومان سیاسەتی چەپكە گوڵەكە بپارێزین.

وەك هەڤاڵ و ئەندامێكی یەكێتی كە چمكێكی بەپرسیارێتیم لەسەر شانە، راوبۆچونی خۆم لە چوارچێوەی كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیدا باسكردوە، چونكە ئەوێ شوێنی ڕاستەقینەی وتنی بۆچوون و پێشنیازی هەڤاڵانەیە، ئەوەی ئەم بۆچونانەی منی لە دەرەوەی ناوەندی حزبی شێواندوە ئەوا ماڵی ئاوا بێت.

بەڵێ لەگەڵ ڕای زۆرینەی ئەو ئەندام‌و كادیرانەی ناو مەڵبەند‌و مەكتەبەكان و سەركردایەتیم. رێزم لەداواكەیان گرتووە لەسەر دەستنیشانكردنی كاتی كۆنگرە، لەگەڵ ئەوەش نیم كە كۆنگرە نەكرێت، یان سەقفێك نەبێت بۆ بەستنی، هەوڵم بۆ دواخستنەكەشی نەداوە. نەموتوە ئەم سەركرایەتییە ئیتر سەركردایەتی هەتاهەتایی یەكێتییە، سەرباری ئەوەی كێشەی زۆری بۆ دروست كردوم دژی پشك‌و پشككاری بووم و هەرگیز پێشی ڕازی نابم. بەهەموو هەڤاڵانم وتوە: با كۆنگرە شەرعیەت بدات بەوەی كێ شایەنی پۆستە نەك تەكەتول و لیست‌و لیستكاری. با كۆنگرە بڕیار بدات وەك یەكێتی كام سیاسەتە هەڵدەبژێرین و بەرەو كوێ دەڕۆین؟ بادەرگای بەردەم كادیرە نوێ و بەتواناكان بۆ گەیشتن بە سەركردایەتی لە كۆنگرە بێ‌ لیست‌و پشك پشكێنە واڵا بكەین. ئەمەی من ئەیڵێم زۆر سادەیە و هەموو كەس تێیدەگات، لەناو ئۆرگانەكاندا وەك خۆی دەگات وهەقە بۆ ڕای گشتیش وەك خۆی بگات.

ئەمەوێت باسی ئەو داوایەش بكەم كە لەملاو ئەولا ئەكرێت سەبارەت بە گۆڕانكاری هەندێك كەس و پۆست، من پێم وایە گۆڕانكاری لە دامودەزگا حزبیەكان هۆكارێكی چاكسازی‌و نوێبونەوەیە بە تایبەت بۆ حزبێكی وەك یەكێتی كە بە قۆناغێكی هەستیاردا تێئەپەڕێت، بەڵام پێویستە گۆڕانكاری لە پۆستەكاندا لەسەر بنەماو پێوەر‌و هەڵسەنگاندنی دامەزراوەیی‌و بە سیستماتیك بێت، ئەم گۆڕانكارییانە پێویستە لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی فراوانی نوێبون‌و چاكسازی‌و بۆ گەشەپێدانی زیاتری توانای دەزگاكانمان بێت، ئەم پرۆسەیە گەر لەچوارچێوەیەكی فراوانی نوێبونەو هەڵسەنگاندنی بابەتیانە ئەنجام نەدرێت بەرەو میزاجیەتی شەخسی‌و تۆڵەسەندنەوە هەنگاو ئەنێت. با پێكەوە – بەمەبەستی نوێبونەوەو چاكسازی - گۆڕانكاری فراوان‌و هەمەلایەنەی سیستماتیكی لە سەرجەم پۆستە حزبیەكانی یەكێتی ئەنجام بدەین.

ئێمە لەبەردەم ئەركێكی قورسداین، ئەركی رێكخستنی ناوماڵی یەكێتی و خۆسازدان بۆ هەڵبژاردنەكان، ئەركی هەمووانە بە ئەندام و سەركردایەتیەوە كاری زۆرو قسەی كەم بكەین. توانای خۆمان لەم ئەركە پیرۆزەدا سەرفبكەین و بەرپرسیارێتی خۆمان لەبەرامبەر هەڤاڵانی یەكێتی و جەماوەرەكەیدا جێبەجێ بكەین، نەك یەكێتییەكان سەرقاڵ بكەین بەوەی كێ بڕیار بەدەستەو كێ‌ مەسئول؟ لە بیرمانە ئەو كاتەی (مام جەلال) بەو كاریزماییەی خۆشییەوە، لەگەڵمان بووە و سەپەرشتی كۆبونەوەكانی ئەكرد، یەكێتی حزبی (بڕیاری بە كۆمەڵ) بوو، ئەمە رێگا راستەكەیەو نابێ كەسمان خۆمان بسەپێنین.
من لە (مام)ـە وە وا فێربوم كە بەرپرسیارێتی ئەركێكی قورسە بە تایبەت لە وێستگە سەختەكاندا. لەگەڵ هەڤاڵانمدا نە سڵم لەو ئەركە كردۆتەوەو نە ئەیكەم. چەند بەربەستەكانی بەردەم یەكێتی چربێتەوە پێویستە ئەرك‌و دڵسۆزیمان بۆ یەكێتی قوڵتر بێتەوە‌و خۆمان بە خاوەنی سەركەوتن‌و پاشەكشەكانی بزانین‌و بەگیانی نوێبونەوە‌و چاكسازییەوە رەخنەی لێبگرین.

ئێستا كە بەرەو ئەركی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان ئەڕۆین‌و بە كۆی دەنگ بڕیاری دواخستنی كۆنگرە دراوە، مانای ئەوە نییە ئێمە دابەشبوین بەسەر دوو كۆمەڵ (ئەوانەی لەگەڵ بەستنی كۆنگرەن)و( ئەوانەی لەگەڵ دواخستنیدان)، ئەمە دابەشكردنێكی هەڵەیە. ئەوانەی داوای بەستنی كۆنگرەیان كردوە بەشێك لە حەقیقەتیان لەلایە، نەك هەمووی، ئەوانەشی داوای دواخستنی كاتی كۆنگرەیان كردووە تەبریری خۆیان هەیە. رێز لە بۆچونەكانی هەردولا دەگرم و دەبێت لەناو مەڵبەند‌و ئۆرگانەكانی یەكێتیش رێزیان لێبگرین، بەڵام نابێت جیاوازیمان بكەینە(قەمیسەكەی عوسمان)، ئیتر سەرقاڵمان بكات و دورمانبخاتەوە لە ئەركەكانی چەند مانگی ئایندە، كە خۆسازدانە هەم بۆ هەڵبژاردن‌و هەم بۆ كۆنگرەكەمان.

شتێك كە لە كۆتایی دا حەز دەكەم قسەی لەسەر بكەم ئەوەیە وەك هەڤاڵێكی پابەند دژی دزە پێكردنی هەندێك لە بابەتی كۆبونەوەكان بووم‌و دەبم، ئەمەش تەبیعەتی كۆبونەوەكان فەرزیان كردوە. داهێنانی من نییە و لەمەرجەكانی دیسپلینی ئەندامی یەكێتین و پەیوەندی بە پێویستی چەسپاندنی ئازادی رۆژنامەوانییەوە نییە، خۆ ئەگەر كەسێكیش دزە بە هەندێ هەواڵ دەكات یان وەك پەیامنێرێك مامەڵە  لەگەڵ كۆبونەوەكاندا دەكات، هیج نەبێت باشتەكان وەك خۆی بگوازێتەوە، ویژدانی مەحەك بێ‌و راستگۆیانە هەواڵەكە بگەیەنێت. كە ئەمەشیان  لە مەرجەكانی دیسپلینی ڕۆژنامەنووسین.
 
له‌ كوردستانی نوێ- وه‌