لەجوگرافیاو نیشتمانو زەمەنە
جیاوازەكان كەسانێك دەردەكەونو دەبنە سیمبوولو ئەستێرەیەكی درەوشاوەی
ئاسمانی مرۆڤایەتی بەجۆرێك مێژوو شانازی بەم كەسایەتییانەوە دەكات.
ئەم كارێزمایانە بەپێی قۆناغو سەردەمی
خۆیان دێنو ئیتر دووبارە نابنەوە، دوو كەسایەتیو كارێزما كەسەردەمو
ئامانجیان یەكەو لەدوو جوگرافیای جیا دەردەكەونو دەبنە سومبولی ئاشتیو
ئازادیو شۆڕشو مقاومەت لەپێناوی بوونو ڕاوەستان لەبەردەم زوڵمو زۆرداری
دەسەڵاتە زلهێزو داگیركەرەكان (مام جەلالو ماندێلا).
هەرچەند نەتەوەو خاكو زمانیان یەك
نییە، بەڵام ئامانجیان یەك بووە دژی زۆرداریو داگیركاری لەهەرشوێنێك زوڵم
هەبووبێت ئەم دوو كارێزمایە ناویان هەبووە، هەمیشە خەباتیان بۆ ئازادی
گەلانو سەربەخۆیی بووە بەجۆرێك سنوورەكان دەشكێنو خەباتیان بەیەكتر نامۆ
نییەو زۆرجار یەكتریان كردووەتە نموونەی مرۆڤی ئازاو شۆڕشگێڕ.
ئەگەر سەیری مێژووی ئەم كەسایەتییانە
بكەین بارودۆخی لەدایك بوونیان نزیكەو لەخاكێكی داگیركراو و پڕ لەزوڵمو
زۆرداری لەدایكبوون، بەشی زۆری تەمەنیان بەزیندانو شۆڕشو ئاوارەیی
بەسەربردووە، ئەم دوو كارێزمایە لەڕۆژگارێكدا وڵاتو دەسەڵاتدارانی زلهێز
دژیان بوونو پشتیوانیان نەكردوونو بگرە بەتیرۆریست ناویان بردوون، بەڵام
ئەمان هەمیشە لەگەڵ گەلو خەڵكەكەی خۆیان بوون بەردەوامیو كۆڵنەدان وای
كردووە دەرئەنجام جیهانو وڵاتانی زلهێز پشتیوانیان بكەنو بە كارێزماو
فریادڕەس ناویان بنێنو هیواو ئومێدی خۆیانیان لەسەر هەڵبچنن، ئەمە ئیرادەو
ژیری ئەم مرۆڤانەیە بۆخەبات لەپێناو مافو حقوقی گەلەكانیان، تاگەشتە
ئەوەی گەلەكانی خۆیان بەسەربەستیو مافو ئازادییەكانیان بگەیەننو هەوڵ بۆ
ئازادی گەلانی دیكە بدەنو لەگەڵ گەلانی ژێردەستو داگیركراوبن.
دەرئەنجام هەردوو كارێزماكە گەشتنە
دەسەڵاتو بوونە رابەری هەڵبژێردراوی دۆستو دوژمنەكانیان، لە سەردەمی
حوكمڕانی ئەم دوو كەسایەتییە دیارەی مێژوو گەلو نەتەوەكانیان بەئازادیو
دیموكراسیو مافەكانی خۆیان شادبوونو ئەوەی ئامانجی شۆڕشو خەباتیان بوو
لەدروشمەوە كردیانە كردارو بەرجەستەیان كرد، هەربۆیە ئەم كەسانە لەناو
مێژوودا كەمنو دەركەوتنیان خۆری هیوای مرۆڤایەتییە.