تازەترین هەواڵ
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6bQWquzvFnzWboSolHAjReXDxiQeTo-l2ygeftgRcIC13Cjh2klvBoE5mz2Wgf2IGlnBtUgh8XznEJqgfKOQdbMa1P08xntmuvLnpeT1eS4WHVrvUqI3GZKSJP-Mc-UWXSURzlZNixyE/s1600/888.jpg
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhcIDu1TlR6t-3ahp2Foij1Lu4SCA81iy_v_exjmiXf9f_8Cn6IHZTR-m-CsELqqX8u7lFNxZDWrWGJ9MDC0MZ8aKwZJzZ3ddyfCYWU4dmJ4y_Sx-H63QUB8oM5NzreM2n7p6zQHMWmuk8/s1600/sarawar1.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEiyHvS8VMtE8vQbpl_999jDE114GbEXDnl2mW3QSomPWkcNoZFsMFKL2ybBU5rqmu81uGyh33pPcRcLdgwW4k5fiF-qGPkOu80jl_xuqv-5tjUQeBtHlVh00ngn_NJKFa3QrMs38Trrzoo/s1600/shahidan.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhw5fzoDaXYNAf-tQkCc6ZIYAT-08e1zQFL3Sc16foCSEEJGLaxrWgSX1gJXxs9EZxwzJebIkdll0c2AiH-KgtXaXud71OHK4eNYHL8hl4Js-dkD5zavPrtGIB-kfBR9EBNUfThipC1PEM/s1600/peshmarga.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6GScoWWodKoH1DcCloNtTUVzvdOV_Wb2H1tv5paW0LU3DpXGoPv7IyoajdVyneKVb0_vNJu96Dr6PbdWjem18nzOkGfGEGDQX3mf_b_XKAjXWf4WuaIlLLu6NatAf0JJHsNK5UyHMsQA/s1600/karikater.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhAeN7CRbm4krLN7ZyAZTqTk3IS_GG1H9fXZXIuJ5eJy5yjt3fN_0e8Qt2nibXKvz_9y13lgCDSL1j6aTo8fB4jFAmvJTg-nhIm-y1Juql31FsycdmwjLHJb6sbYMVxDB7dQTa_KCmxDK8/s1600/nawdaran.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEiH2UM211g7CkZBZxwW0vp8SzM59x9RGVDcX4QCFxFLotN9nBx96ok7-JksgLSJvFhHuhIB2acjPKzAB_fVWI0OGydkzthgZE7Aw7_bk9NJwEWGSlhIpy1BWE3B41rN9vyRpFdAOdlWkow/s1600/kodi+rang.png
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6bQWquzvFnzWboSolHAjReXDxiQeTo-l2ygeftgRcIC13Cjh2klvBoE5mz2Wgf2IGlnBtUgh8XznEJqgfKOQdbMa1P08xntmuvLnpeT1eS4WHVrvUqI3GZKSJP-Mc-UWXSURzlZNixyE/s1600/888.jpg

25‏/11‏/2013

تێڕوانینی زانستی بۆ بومەلەرزە

دیاردەی بوومەلەرزە بەشێوەیەكی گشتی لەسەر ئاستی جیهاندا روودەدات بە جوڵەو لەرزاندنی جیاواز، ئەگەر باسی ناوچەكەی خۆمان بكەین، واتە سلێَمانی‌و دەوروبەری، ئەم ناوچەیە كەوتووەتە نێوان چەند زنجیرە چیایەكەوەو ناوچەی سلێمانی‌و دەوروبەری لە رووی فیزیۆگۆفییەوە دەكەوێتە پشتێنەی ناوچە شاخاوییە بەرزەكانەوە بەپێی پۆلێنكاری Buday and Jassim، ئەم ناوچەیە بە چەندین پێكهاتەی جیۆلۆجی دەورەدراوە، ئەویش زنجیرەی قۆقزی ئەزمەر لەبەشەكانی باكووری خۆرهەڵاتی‌و زنجیرەی قۆقزی پیرەمەگرون لە باكووری خۆراواو زنجیرەی قۆقزی سەگرمە لە باشووری خۆئاواو چەندین پێكهاتەی رووچاڵ‌و قۆقزی بچوك بچوك لە نێوان ئەم پێكهاتە سەرەكیانە هەیە.

لە ڕووی تەكتۆنیەوە، ئەم ناوچەیە دەكەوێتە پشتێنەی لاوەكی باڵامبۆ - تانجەرۆ Balambo-Tanjero Subzone  بەپێی دابەش بوونی تەكتۆنی جیۆساینكلاین كە Buday and Jassim  دەستنیشانیان كردووە. ساڵی 1987.

جێگەی (موقع) شاری سلێمانی دەكەوێتە خاڵی یەكتربڕینی هێڵی درێژی (´25 °45) ی خۆرهەڵات‌و بازنەی پانی (´33 °35) ی باكوورو شوێنی فەلەكی شاری سلێمانی لەسەر سنوری شەقامی (60)م دا، هێڵی درێژی (37 ´22 °45 و 33 ´28 °45) ی خۆرهەڵات‌و بازنەی پانی (01 ´32 °35 و 40 ´35 °35) باكوور بە گوێرەی ئەم سنوورە رووبەری شاری سلێمانی 31,352 كم2 بەپێی دیزاینی نەخشەی بنچینەیی شاری سلێمانی، زۆربەی پێكهاتەكانی توێكڵی زەوی لەم ناوچەیەدا زۆر بە ئاڵۆزی نیشتووەو شكان تیایدا روویداوە لەئەنجامی جموجوڵی ئەلبییەوە، كەلە تەمەنی مایۆسین بۆ پلایۆسین كۆتایی پێهاتووە، ئەویش بەداخستنی دەریای تییشس‌و  پیاكێشانی هەردوو پلێتی عەرەبی – ئێرانی‌و، پێچ خواردنی هەموو نیشتووەكانی نێوانیان‌و دروستبوونی زنجیرە شاخەكانی زاگرۆس كە زۆربەی پێكهاتەی ناوچەی سلێمانی دەكەوێتە ئەم زنجیرانەوە.

سەبارەت بە پێوانی پلەی بومەلەرزەو گورەكەی لەسەر ئاستی جیهاندا بەگشتی لە دوای ساڵەكانی  1900ز بەشێوەیەكی زانستی دەستی پێكردووەو زانراوە.

روودانی بومەلەرزە لە ناوچەی سلێمانی‌و دەوروبەریدا بەشێوەیەكی سەرەكی بەهۆكاری جێگیرنەبوونی هەردوو پلێتی - فارسی‌و عەرەبی لە دوای بەریەكەوتنیان لەسەردەمە جێولۆجیەكانی رابوردوەوە دێت لە زنجیرە چیاكانی زاگرۆس‌و تۆرۆس-دا كە تائێستاش سەقامگیر (استقرار) نەبوون‌و ناو بەناو دیاردەی جوڵەی زومینی روودەدات (بومەلەرزە).

پۆلێن كردنی جۆرەكانی بومەلەرزە لە كوردستانی عیراق-دا
1-    بومەلەرزەی (تەكتۆنی):
لە ئەنجامی جوڵەی چینەكانی ژێرەوەی زەویدا لە نێو تاوێرەكان كە بەشێوەیەكی كتوپڕ شكان روودەدات‌و جوڵەو بومەلەرزە دروست دەكات، ئەویش لە ئەنجامی جوڵەی پلێتەكانی زەمینەوە سەرهەڵدەدات.

2-    بومەلەرزەی بوركانی:
لە ئەنجامی تەقینەوەی بوركانەوە دروست دەبێت دەرپەڕینی  magma  ی لێ دەكەوێتەوە كە زۆر جار هەندێك لە شارەزایان پێیان وایە كە رودانی بومەلەرزە هۆكارەكەی بۆ چالاكیە بوركانیەكان دەگێڕێتەوە.

3-    بومەلەرزەی داروخان:
ئەم جۆرەیان لە ناو بۆشاییەكان‌و چینەكانی ژێر زەوی-دا دروست دەبێت لە پاش دروستبوونی بۆشای لەناو چینەكاندا  karst  یان ئەشكەوت‌و، پاشان پەستان لەسەر ئەم بۆشاییانە دروست دەبێت‌و دواتر داڕوخان روودەدات‌و جوڵەو بومەلەرزە دروست دەبێت‌و، لە ناوچەی كێڵگە نەوتیەكان‌و كانگاكانیشدا لە ئەنجامی دەرهێنانی پترۆڵێكی زۆرو كەمبوونەوەی پەستانی ناوەوە ئەم داروخانە روودەدات‌و جوڵەی زەمینی سوك دروست دەبێت وەك لە كەركوك لە ساڵانی رابردوودا روویداوە.

هەندێ لە هۆكارەكانی بومەلەرزە لە كوردستان-دا
1-    ناوچەكانی بەنداوەكان‌و گۆماوەكان بە هۆكارێك بۆ چالاكی بومەلەرزە دادەنرێت بۆ نمونە وەك لە دوكان‌و دەربەندینخان-دا ئەم جوڵەیە دروست بووەو تۆماركراوە ئەویش لەپاش پەستانێكی زۆر بۆ سەر زەوی ئەو ناوچەیە لەلایەن ئەو بڕە ئاوە كۆبووەوە زۆرەی كەلە پشت بەستی بەنداوەكەدا كۆبووەتەوە ئەمە جگە لە هەموو ئەو موادە نیشتەمەنیانەی كەلە لەلایەن روبارەكانەوە دەگوێزرێنەوە بۆ ناو بەنداوەكە كە سەدان هەزار تەن دەبێت‌و لەگەڵ ئاوی كۆبوەوەدا پەستانێك دەخاتە سەر زەوی ناوچەی بەنداوەكەو ئەو رووبەرەش بەرگەی ئەو پەستانە ناگرێت‌و داچوون‌و جوڵەی زەمینی دروست دەكات.

2-    شوێنی جوگرافی كە پەیوەندی بە (پلێت) و چینەكانی ژێر زەویەوە هەیە وەك لە ناوچەی زنجیرە چیاكانی زاگرۆس‌و تۆرۆس-دا بەردەوام ئەم جوڵانە هەیە بەهۆی ناسەقامگیری چینەكانەوە.

ئەو پێشبینیانەی كە لە پێش رودانی بومەلەرزەوە دەكرێت
•    رودانی لێشاوێك لە بومەلەرزەی بچوك لە ناوچەكەدا پێش رودانی بومەلەرزە گەورەكە.
•    گۆڕانی كوت‌و پڕی ئاستی ئاوی ژێر زەوی.
•    هەڵسوكەوتی نا ئاسایی هەندێك لە خشۆك‌و گیانەوەران بە تایبەت مارو مشك.
•    گۆڕانی كەشوهەوای ناوچەكە.
•    گۆڕانكاری لە ئاستی ئاوی دەریادا.
•    گۆرانی بواری كارەبایی هەوای ناوچەكە.

ئەركی حكومەت لە بەرامبەر بومەلەرزەدا چیە؟
ئەركی حكومەتی هەرێم لەبارەی كارەساتە سروشتیەكانەوە ئەوەیە كە حكومەت پلانی هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە كارەساتێك كە لە ئایندەدا رووبەڕووی دەبێتەوە لەوانە بومەلەرزە ئەمەش بەوە دەبێت كەلە ماستەرپلانی شارو ناوچەی نیشتەجێبونەكاندا پەیڕەوی بكات بەجۆرێك كەلە ئەندازەی دروستكردنی باڵەخانەكان‌و یەكەنیشتەجێبوونەكان بە ووردی جێبەجێی بكات‌و بە بومەلەرزەیەكی پلە (4 بۆ 5) رێختەری زیانێكی زۆری لێ نەكەوێتەوە، بەڵام لە پلانی حكومەتی هەرێم-دا هیچ پلانێك نابینرێت لەو بوارەدا بە دانانی تیمی فریاكەوتن بۆ ئەو كارەساتە سروشتیانە لەوانەش بومەلەرزە كە پێویستە حكومەت كاری تەوای بۆ بكات‌و لە پلانی ئایندەی خۆیدا جێی بۆ بكاتەوە، چونكە هەر روداوێكی لەو جۆرە پێویست وایە حیسابی بۆ بكرێت كەلە كاتی رودانی كارەساتەكەدا توشی شپرزەیی‌و پاشا گەردانی نەبێـت‌و،  بڵاوكردنەوەی زانیاری‌و بەرچاو و رۆشنی لەسەر رووداوی بومەلەرزەو خستنەڕووی هۆشیاری بۆ كاتی روداوە كە پێویستە چی بكەن بە تایبەت لە قوتابخانەو فەرمانگەكاندا كە حكومەت كەمتەرخەمی گەورەی پێوە دیارە لەسەر ئەم بابەتە.

یەعقوب كاكل