
"كە وترا مام جەلال پێویستە هەموو شتێك بوەستێت"
د. بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەكۆبونەوەی لەگەڵ كادیرانی مەڵبەندی رێكخستنی هەولێر، رایگەیاند: لەهیچ بارودۆخێكدا هیچ كەسمان روومان نایەت باسی جێگرەوەی سەرۆك مام جەلال بكەین، چونكە كە دەڵێین سەرۆك مام جەلال ئیتر پێویستە هەموو شتێك لەوێدا بوەستێت.
لای خۆشیەوە عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانو جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەڵێت: غیابی سەرۆك تاڵەبانی نەك تەنیا كاریگەری بۆ سەر یەكێتی هەبووە، بگرە كاری كاك مەسعود-یشی قورس كردووە.
عیماد ئەحمەد، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی رووداو، وتی: پێش بڵاوبوونەوەی وێنەكانیش وتوومانە كەس شوێنی سەرۆك مام جەلال ناگرێتەوە، رەنگە یەكێك دەستنیشان بكەین بۆ ئەوەی بە فیعلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێتو بتوانێ كاروباری یەكێتی لە غیابی سەرۆك مام جەلال-دا راپەڕێنێت.
وتیشی: "ئاسان نییە شوێنی سەرۆك تاڵەبانی پڕبكەینەوە ئەگەر بە دەستەجەمعی نەبێ، چونكە سەرۆك مام جەلال كەسێكی ئاسایی نەبوو".
هەر لەوبارەیەوە دوای ساڵێك لەغیابی مام جەلال، فەریدون عەبدولقادر سیاسەتمەدارو ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، باس لەكاریگەریی نەبوونی مام جەلال دەكات لەسەر وڵاتانی عیراقو وڵاتانی ناوچەكەو تێكچوونی هاوسەنگی هێزیش لەكوردستاندا دەخاتەڕوو.
دەڵێت: "لەدوای مام جەلال-ەوە زەحمەتە پۆستی سەرۆك كۆمار بدرێتەوە بەكورد".
"مام جەلال كاری بۆ ئازاد كردنی ئۆجەلان دەكرد"
محەمەد ئەمین پێنجوێنی سیاسەتمەدارو نوسەر لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی كوردسات، دەڵێت: هەڤاڵ مام جەلال ساڵی پار 2012، بانگی كردم بۆ بەغدا، وتی: "بە نیازم هەیئەتێك درووستبكەم لە گەورە سیاسەتمەدارو ناودارانی جیهان بۆ كاركردن لەسەر چارەسەركردنی كێشەی كوردو ئازادكردنی بەڕێز ئۆجەلان".
وتیشی: هەڤاڵ مام جەلال پێی راگەیاندم هەموو كارەكانی هەیئەتەكە تەواو بووە 1/1 دێمەوە بۆ سلێمانیو بە تەواوی رایدەگەیەنین، بەڵام بەداخەوە نەخۆشی رێگەی بەو كارە پیرۆزە نەتەوەییە نەدا بەو هیوایەی بە زووترین كات بگەڕێتەوە بۆ كاركردن لەسەر ئەو بابەتەو تەواوی كارە بە نرخەكانی.
تا پەنجا ساڵی تر كەسێكی وەك مام جەلال دروست نابێتەوە
لەبارەی ئەو رۆڵەی كە سەرۆك مام جەلال لە عیراقدا بینیویەتی چاودێرانی سیاسی رایدەگەیەنن: تا 50 ساڵی داهاتوو گۆڕەپانی سیاسی عیراق سەركردەیەكی وەك سەرۆك مام جەلال بەخۆوە نابینێتەوە.
لەو بارەیەوە ئازاد تۆفیق نوسەرو چاودێری سیاسی لەلێدوانێكیدا بۆ دەنگی گەلی كوردستان، وتی: لەئێستادا سەركردەكان زیاتر كاری حزبی دەكەنو هاووڵاتیانی عیراقیش وەك یەك سەیر ناكەن، جگە لە جەنابی سەرۆك مام جەلال تائێستا هیچ سەركردەیەكی سیاسی عیراقی نەیتوانیوە وەك یەك سەیری سەرجەم پێكهاتەكانی عیراق بكات.
ئازاد تۆفیق هۆشداریشیدا لە پەرتبوونی یەكڕیزی كوردو، رایگەیاند: غیابی جەنابی سەرۆك مام جەلال كاریگەری هەبووە لەسەر ئەم پەرتەوازییەو ئەگەر چارەسەر نەكرێت رەوشێكی سلبی لێدەكەوێتەوە.
"كەس نیە بە عەقڵیەتی مام جەلال بیربكاتەوەو كاربكات"
هاوكات بورهان محەمەد فەرەج پەرلەمانتاری هاوپەیمانی كوردستانی لە پەرلەمانی عیراق بە هەفتەنامەی ئاوێنەی، راگەیاند: غیابی سەرۆك مام جەلال لە ماوەی ساڵی رابردوودا كاریگەری زۆری لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عیراقو كوردستانو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش هەبووە، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە سەرۆك مام جەلال لەناو كێشمەكێشەكانی عیراقدا رۆڵی گەورەو گرنگی دەبینی، بەردەوام هەوڵی كۆكردنەوەی لایەنە عیراقیەكانو لێك نزیك كردنەوەی بۆچوونەكانیانی دەدا، بەردەوام پڕۆژەو دەستپێشخەری هەبووە، گوێ لە قسەی دەگیراو لای هەموو لایەك قبوڵ بوو.
بورهان محەمەد، دەڵێت: نەك بە تەنها كورد، بەڵكو لایەنە عیراقیەكانو تەنانەت وڵاتانی هەرێمیش زەرەرمەند بوون لە غیابی سەرۆك تاڵەبانیو پێی دەزاننو باسی كاریگەریەكانی دەكەن.
راشیگەیاند: سەرۆك مام جەلال كاریگەری لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسیو پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو بەغدا، پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانی عیراقیش هەبووە، بەهۆی ئەوەی ستراتیژیانە بیری لە كێشەكانی عیراقو پەیوەندی كوردی - عەرەبی كردووەتەوە.
بورهان محەمەد پەرلەمانتاری هاوپەیمانی كوردستانی، وتی: كەسێكی تر لە كوردستاندا نیە بتوانێت بەو عەقڵیەتەی سەرۆك مام جەلال بیربكاتەوەو مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات.
"غیابی مام جەلالو پەرت بوونی دەنگی كورد"
لەو چوارچێوەیەشدا سەعدون زەمەد نوسەری سیاسیو رۆژنامەنووس لە وتووێژیكدا لەگەڵ دەنگی روسیا ئاماژەی بە رۆڵی ئیجابی سەرۆك مام جەلال كرد لە هاوكێشە سیاسیەكانی عیراقو بە كەسایەتی هەرە بەهێز لە گۆڕەپانی سیاسی وەسفكردو، رایگەیاند: سەرۆك مام جەلال توانیویەتی رۆڵێكی كاریگەرو میانگیر ببینێتو لەهەمان كاتدا توانیویەتی هاوسەنگی نێوان پێكهاتەكان رابگرێتو رۆڵێكی سەرەكیو بنەڕەتی لە پرۆسەی سیاسی عیراقدا بگێڕێت.
ئەو نوسەرە راشیگەیاندووە: لە غیابی سەرۆك مام جەلال كێشەو گرفتی گەورە هاتووەتە پێش لەبەرئەوەی تاكە كەس بووە كە توانیویەتی پرۆسەی سیاسی جڵەو بكاتو كەسایەتیەك بووە لەلایەن سەرجەم پێكهاتەكانەوە پەسەند بووەو پەیوەندی باشی لەگەڵ لایەنەكانی تر هەبوو.
وتوشیەتی: "ئەوەندەی سەرۆك مام جەلال كاریگەری هەبووە ئەوەندە پێگەی سەرۆك كۆماری كاریگەر نەبووە".
"دوركەوتنەوەی مام جەلال كێشەكانی ئاڵۆزتر كردووە"
هاوكات هادی عامری ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدرو وەزیری گواستنەوەی عیراق، لەدانیشتنێكدا لەگەڵ سەعدون فەیلی بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانیەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدا ستایش رۆڵی سەرۆك مام جەلال-ی كردو هیوای زوو چاكبونەوەی بۆ خواست.
لەودانیشتنەدا هادی عامری تیشكی خستە سەر رۆڵی سەرۆك مام جەلال لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی سیاسی لە عیراقداو ستایشی ئەو رۆڵە گرنگەی كردو هیوای زوو چاكبوونەوەشی بۆ خواست.
لای خۆشیەوە عەلی موسەوی راوێژكاری سەرۆك وەزیری عیراق لە لێدوانێكدا بۆ هەفتەنامەی ئاوێنە، دەڵێت: لەماوەی ساڵی رابردوودا غیابی سەرۆك جەلال تاڵەبانیو دووركەوتنەوەی لەسەر گۆرەپانی سیاسی، ململانێو كێشەكانی ناو عیراق زیاتر پەرەی سەندووە.
وتیشی: غیابی سەرۆك تاڵەبانی كاریگەری لەسەر پێكەوە هەڵنەكردنی پێكهاتەو كوتلە جیاوازەكانی عیراق هەبووە.
موسەوی، راشیگەیاند: تێكچوونی باری تەندروستی سەرۆك تاڵەبانی، تێكچوونی باری سیاسی عیراقی لێكەوتەوەو بەردەوام كێشەكانی نێوان لایەنەكانیش قوڵتر دەبێت.
"مانەوەی مام جەلال لە پۆستەكەیدا یاساییە"
لەبارەی یاسایی بوونو دەستوریی مانەوەی سەرۆك مام جەلال لە پۆستی سەركۆماردا، تاریق حەرب شارەزای بەناوبانگی بواری یاسا، رایگەیاند: دەستور كاتێك بڕیار لەسەر دیاریكردنو گۆڕینی سەرك كۆمار دەدات كە پۆستەكەی بەتاڵ بێتو ئەوەشی كە ئێستا لە عیراق دەیبینین چۆڵی پۆستەكە نییە، بەڵكو غایب بوونێكە بە هۆكارێكی شەرعیو لەبەرئەوەش تیمی پزیشكی هیچ راپۆرتێكی بەرزنەكردووەتەوە كە تێیدا ئاماژەبەوە درابێت كە سەرۆك تاڵەبانی ناتوانێت ئەركەكانی جێبەجێ بكات، بۆیە مانەوەی سەرۆك تاڵەبانی لە پۆستی سەرك كۆماریدا كارێكی تەواو یاساییو دەستورییە.
حەرب، وتیشی: لەوەتەی تاڵەبانی دوركەوتووەتەوە دەسەڵاتەكانی دراوە بە جێگرەكانیو ئەوانیش كاروبارەكان رایی دەكەن.
جێی ئاماژەیە، رۆژی 17 ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2013، ساڵێك بەسەر تێكچونی باری تەندروستی سەرۆك مام جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرۆك كۆماری عیراق تێپەردەبێت، دوای دوو رۆژیش مانەوەی لەنەخۆشخانەی (مدینە توب) ی بەغدا، رەوانەی نەخۆشخانەی (شاریتە) كرا لە وڵاتی ئەڵمانیا.
ئێستاش باری تەندروستی سەرۆك مام جەلال بەرەو باشی رۆیشتوەو هەموان ئومێدی گەورەیان هەیە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا بێتەوە وڵاتو هەموو كێشەو گرفتەكان دەروازەیەكی چارەسەر بەڕویاندا بكرێتەوە لەسەر ئاستی كوردستانو عيراقو ناوچەكە.
PUKmedia ئامادەكردنی: كارزان جرجیس