
لە نوسینێكدا سەبارەت بە شەهیدكردنی
رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی، هەڤاڵ مەلا بەختیار وێڕای بەتوندی ئیدانەكردنی
ئەو كردەوە قێزەونە، دەڵێت: تیرۆركردنی (كاوە) لەسەر قەڵەمو ئازادییە،
ئەمەش زەنگێكی ترسناكە.
دەقی نوسینەكەی هەڤاڵ مەلا بەختیار:
"كاوە"ش شەهیدكرا
ئەمشەو، دوای چاوپێكەوتنم لەكەناڵی
"روناهی" لەبڕۆكسڵ، هەواڵی جەرگبڕی شەهیدكردنی "كاوە گەرمیانی"یان پێ
گەیاندم. دەست بەجێ بروسكەیەكی ڕەش ڕەش، ڕەشتر لە میشكو دوكەڵی لولەی
تاوانبارەكان، مێشكی داگرتم. من كاوەی جوانەمەرگ لەنزیكەوە ناناسم، بەڵام
هەست دەكەم نزیكترین هاورێی ویژدانم، شەهید كراوە. لای من قێزەوەنترین جۆری
تاوان، تاوانی شەهیدكردنی نوسەرو ڕێبوارانی چەپكە قەڵەمە. هەتا
لێكۆڵینەوەش بكوژی شەهید ئاشكرا نەكات، تۆمەت بەخشینەوەم پێ خراپە، بەڵام
بەدڵنیاییەوە دەڵێم: بەرپرسانی ئاسایشی گەرمیان، دوای چركە ساتی ئەم
تاوانە، كەوتونەتە بەردەم بەرپرسیارییەتی یاساییو ئەخلاقی، تەنانەت هی
ناوچەكەش. تاقە یەك ڕێگاش لەبەر دەمییانە، ئەویش دۆزینەوە تاوانبارەكانە.
پێشم وایە: كاوە تیرۆرستی عەرەب شەهیدیان نەكردوە. لەسەر كێشەیەكی شەخسیو
عەشایەریش تیرۆر نەكراوە، كەوابێت: تیرۆ كردنەكەی لەسەر قەڵەمو ئازادییە.
ئەمەش زەنگێكی ترسناكە.. لەسایەی دەسەڵاتی یەكێتی-دا.
مەلا بەختیار
ئەمستەردام
2013/12/6