مەلا بەختیار لە كۆنفرانسی ئاشتی تورك - كورد وتاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی پێشكەش كردو، رایگەیاند: توركیا كە رێگەی نە ئەدا كورد ئۆتۆنۆمیش وەربگرێت ئێستا شەریكی ئابورییەو ساڵانە بایی سیانزە ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە، بۆیە ئەگەر دەسەڵاتو ئاشتیو نەوت بێتە دەستی كورد ئاوا بەكاری دەهێنین.
وتیشی: بە دانپیانانی ناوەندە نێودەوڵەتیەكان ئەو دیموكراسیو ئازادیەی لە كوردستان هەیە لە هیچ وڵاتێكی ناوچەكە بونی نییە.
راشیگەیاند: مەترسی وڵاتانی دەوروبەری كوردستان ئەوەیە كە دەوڵەتی ناسیۆنالیستی ئایینی بە زۆری زۆرداری دەسەپێنن، مەترسیدارتریش ئەوەیە كە ئاوا دەیسەپێننو دینو نەتەوەو دەسەڵات تێكەڵ دەكەن ئەوەش وێنەی گشت دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستە.
مەلا بەختیار، روونیشیكردەوە: نەتەوەیەكگرتووەكانو ئەوروپا سەد ساڵ ئێمەیان پەراوێز خستووە ئیتر كاتی ئەوەیە كۆمەڵی نێودەوڵەتی پشتیوانی مافی كورد بكاتو كار بۆ ئازاد كردنی جەنابی ئۆجەلانو دانپیانان بە دەسەڵاتی خۆ بەرێوەبردنی رۆژئاوا بدات.
وتیشی: ئەوەی لە توركیا دەستی پێكردووە نەگاتە ئاشتی تەواو، گۆڕینی دەستورو، ئازاد كردنی ئۆجەلان، ئەوا بەشێكی بەرپرسیارێتی دەكەوێتە سەر ئەستۆی وڵاتە گەورەكان، ئیدارەی رۆژئاواش ئەگەر دانی پیا نەنرێتو بەشار ئەسەد قوتار بكەنو خۆی بسەپێنێتەوە ئەوا تراژیدیەكە دەكەوێتە ئەستۆی سیاسەتی نێودەوڵەتی، بۆیە هیوادارین دەوڵەتە گەورەكان بەرپرسیارێتی دیموكراسیو مێژوویی هەڵبگرنو ئاشتی لە باكور بگاتە ئازاد كردنی ئۆجەلانو مافە دیموكراتیەكانو لە رۆژئاواش نەگەڕێینەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم.
PUKmedia