تازەترین هەواڵ
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6bQWquzvFnzWboSolHAjReXDxiQeTo-l2ygeftgRcIC13Cjh2klvBoE5mz2Wgf2IGlnBtUgh8XznEJqgfKOQdbMa1P08xntmuvLnpeT1eS4WHVrvUqI3GZKSJP-Mc-UWXSURzlZNixyE/s1600/888.jpg
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhcIDu1TlR6t-3ahp2Foij1Lu4SCA81iy_v_exjmiXf9f_8Cn6IHZTR-m-CsELqqX8u7lFNxZDWrWGJ9MDC0MZ8aKwZJzZ3ddyfCYWU4dmJ4y_Sx-H63QUB8oM5NzreM2n7p6zQHMWmuk8/s1600/sarawar1.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEiyHvS8VMtE8vQbpl_999jDE114GbEXDnl2mW3QSomPWkcNoZFsMFKL2ybBU5rqmu81uGyh33pPcRcLdgwW4k5fiF-qGPkOu80jl_xuqv-5tjUQeBtHlVh00ngn_NJKFa3QrMs38Trrzoo/s1600/shahidan.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhw5fzoDaXYNAf-tQkCc6ZIYAT-08e1zQFL3Sc16foCSEEJGLaxrWgSX1gJXxs9EZxwzJebIkdll0c2AiH-KgtXaXud71OHK4eNYHL8hl4Js-dkD5zavPrtGIB-kfBR9EBNUfThipC1PEM/s1600/peshmarga.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6GScoWWodKoH1DcCloNtTUVzvdOV_Wb2H1tv5paW0LU3DpXGoPv7IyoajdVyneKVb0_vNJu96Dr6PbdWjem18nzOkGfGEGDQX3mf_b_XKAjXWf4WuaIlLLu6NatAf0JJHsNK5UyHMsQA/s1600/karikater.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhAeN7CRbm4krLN7ZyAZTqTk3IS_GG1H9fXZXIuJ5eJy5yjt3fN_0e8Qt2nibXKvz_9y13lgCDSL1j6aTo8fB4jFAmvJTg-nhIm-y1Juql31FsycdmwjLHJb6sbYMVxDB7dQTa_KCmxDK8/s1600/nawdaran.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEiH2UM211g7CkZBZxwW0vp8SzM59x9RGVDcX4QCFxFLotN9nBx96ok7-JksgLSJvFhHuhIB2acjPKzAB_fVWI0OGydkzthgZE7Aw7_bk9NJwEWGSlhIpy1BWE3B41rN9vyRpFdAOdlWkow/s1600/kodi+rang.png
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6bQWquzvFnzWboSolHAjReXDxiQeTo-l2ygeftgRcIC13Cjh2klvBoE5mz2Wgf2IGlnBtUgh8XznEJqgfKOQdbMa1P08xntmuvLnpeT1eS4WHVrvUqI3GZKSJP-Mc-UWXSURzlZNixyE/s1600/888.jpg

4‏/1‏/2014

شەهیدبوون، بەرزترین بڕوانامەی كوردایەتییە

هەڤاڵی هێژا مام جەلال، فەرموویەتی: (بۆمان هەیە بەسەربەرزییەوە بچینە سەر گۆڕی شەهیدەكانمان‌و بڵێین، خوێنی گەشتان بەفیڕۆ نەدرا.. فەرموون با گیانی پاكتان لەبەهەشت بڕوانێت كە، چ دەستكەوت‌و چ كوردستانێك بەخوێنی گەشی ئێوە هاتۆتەدی).
شەهید: ئەو بڕوانامە پلە هەرە بەرزەی كە تەنیا خەباتگێڕان‌و نێشتمانپەروەران‌و گیان لەسەر دەستەكانی قوربانیدەر بۆ كوردو كوردستان بەدەستی دەهێنن، بڕوانامەی كوردایەتی.
بەدرێژایی مێژوویەكی پڕ سەروەری‌و بەرخودانی نەتەوەی كورد گوڵزار گوڵزارو پۆل پۆل رۆڵەكانی ئەم میللەتە ستەمدیدەو زوڵم لێكراوە دەگەنە كاروانی شەهیدان‌و دوا بڕوانامەی سەربەرزی بۆ خۆیان‌و خانەوادەو تەواوی میللەت بەدەست دەهێنن، لەوەتەی زوڵم هەیە بەرامبەر بەكورد، دوژمنان بەهەر ناوێكەوە بێت تیغیان لەسەر گەردنی بێ گەردی كورد داناوەو بەرەنگاری‌و خۆپارێزی‌و ململانێ‌و كێشمەكێشی مانەوە لەژیاندا لەلایەن كوردانەوە هەبووەو لەمیشەوە كاروانی شەهیدان دەستی پێكردووە، رەنگە زیادەڕۆیی نەتەوەپەرستی نەبێت گەر بوترێت شەهیدانی میللەتی كورد بەرزترین‌و دەگمەنترینن، ئاخر بەتەنیا هەر شەهیدی كوردە لەسەر خاكێكی ترو لەپێناوی دەستدرێژی بۆ سەر نەتەوەیەكی تر نەكوژراوە.. خەباتگێڕان‌و پاڵەوانانی نەتەوەی كورد لەسەر بەرگری لەمانەوەی ناسنامەو نەژادی میللەتێك شەهید بوون، شەهیدبوونیان لەپێناوی ئازادی‌و ئاشتی‌و پێكەوەژیاندا بووە. بەدرێژایی مێژوویەكی پڕ ستەم، ئەوە دوژمنان‌و داگیركەران بوون بەرۆكیان بەكورد گرتوەو  تاڵانیان كردوون‌و كوشت‌و بڕیان كردوون‌و شەهیدیان كردوون.
شەهید لەئەدەبیاتی كوردیدا بۆتە هێمای نەبەردی‌و تێكۆشانی دڵسۆزانەو قوربانیدانی پێشمەرگە، پێشمەرگەش دوا پلەی قوربانیدانی نیشتمانپەروەرانە، هەربۆیە كاتێك پێشمەرگەیەك شەهید دەبێت برینمان قووڵترو بەئازارتر دەبێت، ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆو ئەم خاكەی بەرگی سپیەتی ئاشتی‌و ئارامی پۆشیوە، شەهیدانمان بەسەدان هەزار گوڵی سووریان تیا نەخشاندووەو رۆح بەخشینی خۆیان‌و جوانییەكانی ژیانیان بۆ نەتەوەی كورد ئامادە كردووە. داوایان لێكردم نووسینێك بەبۆنەی رۆژی شەهیدەوە بنووسم، بەدیار ئەو وێنەو بیرەوەرییانەی كاتی پێشمەرگایەتییەوە كە ئاوێتەی هەست‌و رۆحم بوون دوێنێ شەو ئێشكم گرت‌و گەڕام بەدوای زاراوە پیرۆزەكاندا.. چوومە قووڵایی ناخە پڕ ئازارەكانەوە.. سەردانی هەنسكی ئەو كۆرپەیەم كرد كە بەبێ نازی باوكایەتی گەورە بوو، سەری كاسی ئەم تەمەنەم  خستەوە سەر دڵی ئەو دایكەی هەرگیز ماڵئاوایی لەكوڕەكەی نەدەكرد تا بەڵكو بۆی بێتەوە، روانیمە چاوی پڕ ئەشك‌و چاوەڕوانی ئەو كیژەی بەتەمابوو پێش شەهید بوون بگوازرێتەوە، بەئەندێشەمدا سەركەوتم بۆ بڵندی چیاكان، بۆ سەر مانگ بۆ لای خۆرو ئەستێرەكان، ئەمانە هیچیان ئەو چاوگە نەبوون كە رستەكانم بەجۆرێك بۆ برازێننەوە كە شایستەی جوانی شەهیدێك بن، نەیانتوانی هەموو وشەو هەستەكانم هێند بڵندكەن بگەن بەبڵندی باڵای بەرزی شەهیدانم.
مامی گەورەمان، رێبەری كوردایەتی زانستی، هەمیشە دووپاتی كردۆتەوە كە (شەهیدان لەهەمووان شكۆدارترن، ئێمەو ئەم بارودۆخەش بەرهەمی خوێنی ئاڵی ئەو خەباتگێرانەین كە رۆحی خۆیان بەخشییە ئەم خاك‌و ئاوەی هەمووان لەسەری دەژین، هەتا خزمەتیان بكەین هێشتا قەرزداری ئەوانین).
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تا هەنووكەش سەلماندی لەڕیزی پێشەوەی قوربانیدان‌و كوردایەتی‌و خەباتكردندا بووە.. هەربۆیە بەراورد بەتەمەنی سیاسی‌و چالاكی لەنێو بزاڤی رزگاری نەتەوەی كورددا ژمارەی شەهیدەكانی لەهەمووان زۆرترن‌و چەندین سەركردەی مەزنی لەسەنگەرەكانی بەرگریدا شەهید بوون، بەمەش بۆتە بێ هاوتا لەنێوان هەموواندا، چونكە هەمیشە سەركردەكانی لەڕیزی پێشەوەدا شانبەشانی پێشمەرگەكان جەنگاون‌و بەتەنیا فەرماندەیەكی دوور بەدوور نەبوون‌و هاوسەنگەری تەواوی پێشمەرگە بوون‌و (كەم بژی‌و كەڵ بژی)یان داهێنا.
لەم یادە پیرۆزو لەم رۆژە سەرفرازییە مەزنەدا لەدیرۆكی خەباتی سەختی گەلەكەمان سەری رێزو نەوازشمان دادەنەوێنین بۆ شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەتایبەتی‌و سەرجەم شەهیدانی كوردو كوردستان بەگشتی، شەهیدانی سەنگەر، شەهیدانی ژێر ئازارو ئەشكەنجەی زیندانەكانی دوژمنانی كورد، شەهیدانی ئەنفال‌و گۆڕی بەكۆمەڵ‌و كیمیابارانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
* ئەم وتارە لەكۆڕی رێزلێنان لە(رۆژی شەهیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) لەشاری لایدن لەهۆڵەندا خوێندرایەوە.
هیوا سەرهەنگ-هۆڵەندا