سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی ڕاپۆرتەكانی
نێودەوڵەتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی
ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا دەداتەوە.
لەكۆتاییدا، د. دیندار زێباری، وتی: لیژنەی ناوبراو بەشێوەیەكی وردترو بەرفراونتر وەڵامی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا لەداهاتوودا دەداتەوە.
دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی
ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافی
مرۆڤ لە جیهان بەشێوەیەكی گشتی بڵاویكردەوەو وەكو هەموو جار لە بەشێكیدا
باسە لە رەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق كردووەو ئاماژەیەك بە رەوشی مافی مرۆڤ لە
هەرێمی كوردستان دەكات، د.دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی
ڕاپۆرتەكانی نێودەوڵەتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی ئاماژەو
تێبینیەكانی ئەم ڕاپۆرتە دەداتەوە.
د. دیندار زێباری، بۆ چاودێرنیوز وتی:
دیارە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا لە بەشێكیدا
بەشێوەیەكی گشتی باس لە رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان كردووەو
بەتایبەتی رەوشی رۆژنامەنووسانو رەوشی بەندیخانەو گیراوەكانو كەمەنەتەوەو
ئایینەكان.
سەبارەت بە تێبینیەكانی ڕاپۆرتی
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەربارەی رەوشی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی
كوردستان، وتی: لە ساڵی 2007 ـەوە یاسایی ژمارە 35 ی تایبەت بە كاری
رۆژنامەنووسیو رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان دەرچووەو ئێستا لە
هەرێم كار پێ دەكرێتو ئەگەر ڕاپۆرتی لیژنەی داكۆككردن لە مافی
رۆژنامەنوسان لە هەرێم بۆ هەر دوو ساڵی 2012 و 2013 بكەینە پێوەر،
پێشێلكاری لەدژی رۆژنامەنووسان لە ساڵی 2013 بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2012
كەمی كردووە نەوەكو زیاد كردبێت، چونكە لە ساڵی 2012 دا، ژمارەی ئەو
پێشێلكاریانەی تۆماركراون 63 پێشێكاری بووە، بەڵام لە ساڵی 2013، تەنها 47
پێشێلكاربووە، هەروەها بۆ هەمان مەبەستیش وەزارەتی ناوخۆ بە هاوبەشی لەگەڵا
سەندیكای رۆژنامەنوسان لیژنەیەكی تایبەت پێكهێناوەو، كاری ئەم لیژنەیە
بەدواداچوونی ئەو پێشێلكاریانەیە كە لەدژی رۆژنامەنووسان ئەنجامدەدرێت.
وتیشی: بەپێی داتاكانی وەزارەتی
رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا لە هەرێم نزیكە 800 دەزگای
میدیایی هەیەو كار دەكاتو بەپێی زانیارییەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی
كوردستان ئەم سەندیكایە نزیكە حەوت هەزار ئەندامی هەیە، هەڵبەتە هەبوونی
ئەم ژمارە زۆرە لە میدیاو رۆژنامەنووسان بەڵگەیەكی روونە بۆ سەلماندنی
هەبوونی فەزایەكی ئازادە لە هەرێمی كوردستان بۆ كاری راگەیاندنو را
دەربڕین، بەڵام زۆر جاریش هەبووە كە رۆژنامەنووس لە كاری میهەنی خۆی
دەرچووەو بووە بە مەترسی لەسەر ئاسایشی هەرێم.
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی ڕاپۆرتەكانی
نێودەوڵەتی، وتی: زۆر جار رۆژنامەنووس خۆی لەكاتی ئەنجامدانی پێشێلكاری
دەرهەقی سكاڵای تۆمار نەكردووەو، دوای بەدواداچوونی دەزگاكانی
پەیوەندیداری حكومەتی هەرێم پێشێلكارییەكان دەركەوتووەو حاڵەتیش هەبووە
هاووڵاتیان سكاڵایان لەدژی رۆژنامەنووسان تۆماركردووە، چونكە خۆی سەرپێچی
مافی هاووڵاتیانی كردووە.
راشیگەیاند: بەپێی داتاكانی
بەرێوبەرایەتی ئاسایشی گشتی هیچ رۆژنامەنووسێك بەبێ فەرمانی دادگا لەلایەن
هێزەكانی ئەمنیەوە دەزگیر نەكراوە.
هەر بۆ بەدواداچوون لەسەر پرسی
خۆپیشاندان لە هەرێم سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی ڕاپۆرتەكانی نێودەوڵەتی،
دەڵێن: لە هەرێم یاسایی ژمارە (11) ی كە لە ساڵی 2010 لەلایەن پەرلەمانی
كوردستانەوە دەرچووە تایبەتە بە خۆپیشاندانو سەرەرای ئەم یاسایە وەزارەتی
ناوخۆ هەڵستاوە بە دەركردنی چەندین رێنمایی تایبەت بە خۆپیشاندانو چونیەتی
هەڵسووكەوتی دەزگاكانی ئەمنیو پۆلیس لەگەڵ خۆپیشاندەرانو هەردوو رێنمایی
(6 و 7) تایبەتە بەرێگریكردن لە بەكارهێنانی هێز لەدژی خۆپیشاندەرانو
پێشێلكردنی مافی خۆپیشاندەران لەلایەن هەر لایەنێك لەسەر هەر ئاستێك بێت
ئەوا بەپێی یاسایی ناوبراو ئەم لایەنە سزا دەدرێت.
سەبارەت بە ئەشكەنجەدان لە
بەندیخانەكانی هەرێمی كوردستان، د. دیندار، وتی: لەهەرێمی كوردستان كار
بەیاسایی ژمارە (111) ی ساڵی 1969 دەوڵەتی عێراقی دەكرێت كە ئەشكەنجەدانی
بەندكراوان قەدەغە دەكاتو بەتاوان دەناسێتو ئەگەر حاڵەتێكیش لە
بەندیخانەیەكی هەرێم رووی دابێت تەنها هەڵسووكەوتی كەسی بووەو سەرپێچكار
سزادراوە، هەروەها جگە لەمە هەر كەسێك لە هەرێم ئەگەر گیرا بێت یانیش
بگیرێت لە ماوەی (24) سەعاتدا دادوەر بڕیاری ئازادكردنی یانیش درێژكردنەوەی
ماوەی گیراوی دەداتو هەندێك جاریش لەبەر هەبوونی مەترسی لەسەر ژیانی
گیراو دادوەر بۆ بەرژەوەندی ئەم راگیراوە بڕیاری ئازادكردنی نادات، لەگەڵ
ئەمەشدا وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشتر زانیاری پێویست
لەسەر ئەم بابەتە بەلایەنە نێودەوڵەتیەكانو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا
داوەو بەڵگەی پێویست لەسەر سزادراوانی ئەم بوارە پێیان داوە، بۆیە پێویست
بوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕاپۆرتەكەیدا ئەگەر حاڵەتێكی وا رووی داوە
ئاماژەی پێی كردبا نەك بەشێوەیەكی گشتی باس بكات.
روونیشیكرەوە: نێردەی
نەتەوەیەكگرتووەكان لە عیراق (یونامی) لەدوایین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە
مافی مرۆڤ لەعیراق، رادەگەینێت: "سەردانی (53) بەندیخانە لەهەرێمی
كوردستان كردووەو چاوی بە نزیكەی (400) بەندكراوی پیاو و ئافرەتو منداڵ
كەتووەو ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە دەرگاكانی بەندیخانەكانی هەرێم بۆ لایەنە
نێودەوڵەتییەكان واڵایەو ئاگاداری رەوشی بەندكراوانن".
سەبارەت بە دواكەوتنی دادگای گیراوەكان
لەهەرێم، وتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ نەهێلانی ئەم كێشەیە ژمارەی
دادوەرانو داواكاری گشتی زیادیكردووەو لە مانگی ئازاری ساڵی 2013
ئەنجومەنی دادوەری 40 داواكاری گشتی لە هەرێم لەگەڵ ژمارەیەكی تری دادوەر
دامەزراندووە بەمەبەستی خێرا راپەراندنی پەراوی راگیرو گیراوەكان لەهەرێمی
كوردستان.
دەربارەی پێكهاتەی دەزگاكانی ئەمنی لە
هەرێمی كوردستان، زێباری، راگەیاند: بەپێی یاسایەكی تایبەت كە لەلایەن
پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە، هەموو پێكهاتەكانی ئەمنی لەهەرێم لە ژێر
سێبەری ئاژانسی پاراستنی هەرێمی كوردستان كار دەكەنو هیچ دەزگایەكی ئەمنی
لەدەروەی سنووری ئەم ئاژانسەدا لە هەرێم نییەو كار ناكات.
سەبارەت بە رەوشی كەمەنەتەوەو
ئاییەنەكان لە هەرێمی كوردستانو ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم، وتی:
لە هەرێمی كوردستان گیانی پێكەوە ژیانو ئازادی پێكهاتەكان لە هەموو
بوارەوە هەیەو هیچ فشارێك یان هەرەشەیەك لە كەمەنەتەوەو ئایینەكان نییە بە
پێچەوان هەرێمی كوردستان بووتە پەناگەیەكی ئارام بۆ هەموو كەمەنەتەوە
ئایینەكان لە عیراق لەلایەكو پەناگەیەكی ئارام بۆ هاووڵاتیانی تری عەرەب
لە باشوورو ناوەراستی عیراق لەلایەكی ترەوە كە بەهۆی توندوتیژیو تیرۆرو
تێكچوونی باری ئەمنی بە هەزاران هاووڵاتی عەرەب بۆ پاراستنی گیانی خۆیان
روویان لە هەرسێ پارێزگای هەرێمی كوردستان كردووەو لە هەرێمی كوردستان
كەمەنەتەوەو ئایینەكان جگە لە بەشداریكردنیان لە پرۆسەی سیاسیو
بەرێوەبردنی وڵاتو كاری سیاسی رۆژانە لە بواری تر بۆ نموونە لە بواری
پەروەردە بەپێی داتاكانی وەزارەتی پەروەردە، تەنها لە شاری هەولێر 44
قوتابخانە بنەرەتیو ئامادەیی بەزمانی عەرەبیو توركمانیو سریانی هەیەو 56
قوتابخانەی دیكە لە ناوچەكانی حەمدانیەو بەرتلەو تلكیفو قەرەقۆشو ئەلقۆش
بە زمانی سریان هەیەو لە پارێزگای دهۆكیش دەستەیەكی تایبەت لە
بەرێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆك هەیە كە سەرپەرشتی خوێندنی ئایینی ئێزدی
لە ناوچەكانی دهۆكو موسڵ دەكات، هەروەها لە هەرێمی كوردستان هیچ تاكێكی
كەمەنەتەوە ناچار نەكراون كە بە زمانی كوردی بخوێنێت یان لە رووی سیاسیەوە
هیچ كەسێك بۆ مەبەستێكی سیاسی لەسەر بنەمایی كەمەنەتەوە دەستگیر نەكراو
هاووڵاتیانی كەمەنەتەوەو ئایینەكانی تر بەهەمان شێوەی هاووڵاتیانی كورد
پەیڕەوی هەموو مافێكی خۆی دەكەنو لەبەرامبەر یاساش هەموو كوردستانیەكان
یەكسان بەبێ جیاوازی.
لەكۆتاییدا، د. دیندار زێباری، وتی: لیژنەی ناوبراو بەشێوەیەكی وردترو بەرفراونتر وەڵامی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا لەداهاتوودا دەداتەوە.