تازەترین هەواڵ
http://1.bp.blogspot.com/-tm6A1lUiFlA/UgZH80KcCYI/AAAAAAAAUOU/GCVNQvbUiAU/s1600/888.jpg
http://3.bp.blogspot.com/-hDYPrnsreLk/VQE643MVZdI/AAAAAAAAbsY/Teok57BxaKo/s1600/sarawar1.pnghttp://1.bp.blogspot.com/-BJZM5WSPCjY/VQE65bmkEMI/AAAAAAAAbsk/8jjf-pfEUzk/s1600/shahidan.pnghttp://2.bp.blogspot.com/-UE255vVBl-k/VQE64LF4oQI/AAAAAAAAbsQ/FO_GfHJkt0w/s1600/peshmarga.pnghttp://3.bp.blogspot.com/-1idXsU2UJMM/VQE63EDcX_I/AAAAAAAAbsI/v4kN56aC15I/s1600/karikater.pnghttp://2.bp.blogspot.com/-X7RrV86fPU0/VQE63M2gYLI/AAAAAAAAbsM/IRYATkRNyp0/s1600/nawdaran.pnghttp://2.bp.blogspot.com/-bfTrV0DY1bc/VQE63Ct_buI/AAAAAAAAbss/5zz63Jn3irk/s1600/kodi%2Brang.png
http://1.bp.blogspot.com/-tm6A1lUiFlA/UgZH80KcCYI/AAAAAAAAUOU/GCVNQvbUiAU/s1600/888.jpg

23‏/4‏/2014

بازۆفت كە هەڤاڵ ئەبوبەكر لەشیعرەكەیدا باسی دەكات كێیە؟

لەنێو ئەو شیعرانەی د.هەڤاڵ ئەبوبكر لەڕۆژنامەی هاوكاری رژێمی بەعسدا لەساڵی 1990 بڵاویكردووەتەوەو لەدیبەتێكدا لەلایەن د.ئاسۆ فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆك و كاندیدی ژمارە 1 ی لیستی 77 ی یەكێتی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكراكران، شیعرێك هەیە بەناوی «پەڕەی مێژوو هەڵدەنەوە»
شیعرەكە لەنووسینی هەڤاڵ ئەبوبكر هەڵەبجەییە، شیعرێكی سیاسییەو دژی ئەمریكا نووسراوەو لەبەشێك لەشیعرەكەدا هەڤاڵ ئەبوبەكر نووسیوویەتی:
بزانن ئەو بایەی كەدێ‌
لەسێدارەی ناپاكی یەوە
هەر بۆنی (بازۆفت)ی لێ‌ دێ‌
ئینجا بۆ چەندان جاری تر
بەڕێگەتانا بچنەوە
چاك بزانن لەم وڵاتا
جێگای خۆتان ناكەنەوە
چیرۆكی بازۆفت، رەنگە خوێنەران ئاشنایەتییان لەگەڵی نەبێت، كە بزانن بازۆفت كێیەو بۆ لەم شیعرەدا هەڤاڵ ئەبوبەكر هەڕەشە لەئەمریكا دەكات و داوادەكات بەڕێگەكانیاندا بچنەوەو چاك بزانن ئەم وڵاتە جێگەیان ناكاتەوە.
فەرزاد بازۆفت، رۆژنامەنووسێكی بەریتانی بەڕەگەز ئێرانی بوو، ئەو پەیامنێری رۆژنامەی لەندەن ئۆبسێرڤەر بوو، كەڕۆژنامەیەكی بەریتانییە، ساڵی 1990 بەگەشتێك دێتە عیراق، لەڕێگەی پەرستارێكی بەریتانی بەناوی دافنێ پەرێش هەوڵدەدات سەردانی بنكەیەكی سوپای عیراق بكات لەباشووری بەغدا كەتێیدا تەقینەوەیەك روویدابوو، بەڵام هێزەكانی سەدام دەستگیری دەكەن و بەتۆمەتی جاسوسی كردن بۆ ئیسرائیل لە15ی ئازاری 1990 لەبەندیخانەی ئەبوغرێب لەسێدارەی دەدەن.
لەسێدارەدانی ئەو پەیامنێرە، جگەلەوەی كاردانەوەیەكی جیهانی توندی بەدوای خۆیداهێناو نەتەوە یەكگرتووەكان، سەدام حسێن-ی بەكوشتنی رۆژنامەنووسان تۆمەتبار كرد، هاوكات بووەهۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی بەریتانیاو عیراق، بەریتانیا سەرجەم پەیوەندییەكانی لەگەڵ عیراق هەڵپەسارد.
دوای رووخانی رژێمی سەدام لەساڵی 2003 رۆژنامەی لەندەن ئۆبزێرڤەر توانی چاوپێكەوتنێك لەگەڵ كازم عەسكەر پلەدارێكی ئیستیخباراتی ئەو كاتەی عیراق ئەنجامبدات كەئاگاداری رووداوەكە بووە، ئەو پلەدارەی هەواڵگری رژێمی سەدام لەچاوپێكەوتنەكەدا ئاشكرایدەكات كە تۆمەتباركردنی ئەو رۆژنامەنووسە بەجاسوسی بۆ ئیسرائیل، تۆمەتێكی ناواقیعی و بەتاڵ بووەو سەدام خۆی فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەركردووە.
هەندێك سەرچاوەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن موسادی ئیسرائیلی، سوودی لەساویلكەیی ئەو رۆژنامەنووسە وەرگرتووەو كارئاسانی بۆ كردووە بۆئەوەی سەردانی ئەو ناوچەیە بكات كە چەكە كۆكوژەكانی سەدامی تێدا حەشار درابوو و پێشتر ئیسرائیل بۆردومانی كردبوو، ئەمە لەبەرئەوەی موساد دەیزانی سەدام ئەو رۆژنامەنووسە دەكوژێت و هەڵایەكی گەورەی لێدەكەوێتەوە.
ئەمەش دەقی شیعرەكەی هەڤاڵ ئەبوبەكر-ە بەناوی «پەڕەی مێژوو هەڵدەنەوە»

پەڕەی مێژوو هەڵدەنەوە

ئەی ئەوانەی شەو تا بەیان
لەشەقامە یاخی یەكانی ئەمریكادا
لەدووی ناپاكی ئەگەڕێن
وەكو گەڵای وشكی خەزان
بێ كەڵك ئەبن و ئەوەرێن
یا لەباڕو مەیخانەكان ..
یا لەنێو قەسابخانەكان
مەی نۆش ئەكەن
خوێن بەش ئەكەن
تا جامی مەی بەتاڵ ئەكەن
چەندان پیلان بۆ گەلانی
بێ خەم نووستوو
بەرپا ئەكەن
دێن و دەچن..
بەهەزاران تەنە گەنم
ئەڕژێنە دەریاكانەوە
تانرخی پارەو دۆلارتان
وەكو خۆتان
زیاتر نەیەتە خوارەوە
بیر لەمێژوو ناكەنەوە
ئەوەی دوێنێ نووسیوتانە
ئەمڕۆ هەمووی ئەسڕنەوە
دارەكانتان بێ رەنگ و بۆن
كەس نازانێ خەڵف و تۆویان
لەكام جێگاوە هاتووە
لاتان وایە ئەم جیهانەش
هەروەك ئێوە دروست بووە
دەگوێ شل كەن.. ئەمریكی یەكان
پەڕەی مێژووی ئەم وڵاتە هەڵدەنەوە
ناگەنە سەدەی نۆزدەهەم
لوولەی تفەنگی شێخ مەحمود
خێرا دێت بەدەمتانەوە
نەك هەر دەربەندی بازیان
هەموو سوچێكی ئەم خاكە
ئەبێتە بەردەقارەمان
گەر هەڵاتن بەرەو لای راست
پەڕەیەكتان هەڵدایەوە
شێرێ خێرا ئەنەڕێنێ
ڕۆحی مردووی نەك هەر ئێوە
هی (ئەدمۆنز)یش ئەتارێنێ
گەر بۆ لای چەپیش چوونەوە
پێش ئەوەی كەسەللا حەدین
سمكوڵی ئەسپەكانی ئەو
زەمینتان بۆ ئەلەرزێنێ
گەر زیاتریش چوون بەولاوە
پەڕەی یەكەم مێژووی مرۆڤتان
هەڵداوە
(نیاندەرتاڵ) لەهەزار مێرد
سنوورمان ئەكەنە نێزەو
رم ئەگرن بەدەستیانەوە
بەرانان ئەكەنە قەڵغان
گۆڕستانی بێ كفن و كێل
ئامێزتان بۆ ئەگرنەوە
ئینجا وەرنەوە سەر دوێنێ
بزانن لاپەڕەی مێژوو
ئالێرەدا بەكام شێوە
خۆی ئەنوێنێ
بزانن ئەو بایەی كەدێ
لەسێدارەی ناپاكی یەوە
هەربۆنی (بازۆفت)ی لێ دێ
ئینجا بۆ چەندان جاری تر
بەڕێگەتانا بچنەوە
چاك بزانن لەم وڵاتا
جێگەی خۆتان ناكەنەوە
كاتی (سایكسس بیكۆ) نەما
گشت سامانی ووڵاتەكەم
بەدیاری بۆ پاشا ببا
پەچە بەسەر خۆدا مەدەن
بەڵێنی (بەلفۆڕ) وون مەكەن
لەسەر بژێوی فەلەستین
لانە بۆ زاپۆنی مەكەن
ئێوەن شەڕخوازو ناپاكان
ئێوەن ئاگر ئەخەنەوە
لەهەموو شوێنێكی جیهان
* * *
ئەی ئەمریكا
وا هەست نەكەی
ئاڵاكەت هێندە بەرز نی یە
وەك هەندێ ناویان لێناوە
مافی مرۆڤ لەیاساتا
وەك دارێكی بێ بەر وایە
تەنها بۆ جوانی دانراوە
خۆگەر هەر بەرزیش ئەفڕیت و
بەچەكی ئەتۆم و لێزەر
دەرگای ژیان ئەكەیتەوە
وا ئەزانیت بەگەمارۆو...
دەرمان بڕین ..
فرۆشراویت ئەكڕیتەوە
باش بزانە
منداڵانی ئەم وڵاتە
سڵ لەچاوی سوورت ناكەنەوە
لێوی ئاڵ و پاراویان
بەخۆراكی تۆ رەش ناكەن
زامدارانی وڵاتەكەم
ئێشیان بەتیماری ئێوە
ساڕێژ ناكەن
هاوڵاتیانی ووڵاتەكەم
بۆ وتە ناڕێكەكانتان
گوێ شل ناكەن
گەر بەمانەش قایل نابیت
هەر حەز لەخوێن رژان ئەكەیت
وەرە مەیدان
جا بزانە زەوی و ئاسمان
دەریاو زەریا
لێت ناكرێتە ئاگر باران
جا بزانە بەدەستی جوتیارانی ووڵاتەكەم
داس لەسەرو ملت نانرێ...؟
جا بزانە بەدەستی كرێكارانی ووڵاتەكەم
پاچ لەناخی ژینت نادرێ...؟
جا بزانە بەدەستی خوێندكارانی ووڵاتەكەم
نوكی پێنووس لەنێو دڵت ناچەقێنرێ ...
جا بزانە بەدەستی منداڵانی ووڵاتەكەم
بێشكەی ژینت ناشكێنرێ
جا بزانە بەدەستی گشت دایكانی ووڵاتەكەم
بەرگی سپیت
لەڕەشاوی خوما نامرێ
جا بزانە.....
ئەم ووڵاتە كوانووی گڕە
مرۆڤەكانی ژیلەمۆن
 كوردستانی نوێ

3629142342014_02.jpg