تازەترین هەواڵ
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6bQWquzvFnzWboSolHAjReXDxiQeTo-l2ygeftgRcIC13Cjh2klvBoE5mz2Wgf2IGlnBtUgh8XznEJqgfKOQdbMa1P08xntmuvLnpeT1eS4WHVrvUqI3GZKSJP-Mc-UWXSURzlZNixyE/s1600/888.jpg
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhcIDu1TlR6t-3ahp2Foij1Lu4SCA81iy_v_exjmiXf9f_8Cn6IHZTR-m-CsELqqX8u7lFNxZDWrWGJ9MDC0MZ8aKwZJzZ3ddyfCYWU4dmJ4y_Sx-H63QUB8oM5NzreM2n7p6zQHMWmuk8/s1600/sarawar1.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEiyHvS8VMtE8vQbpl_999jDE114GbEXDnl2mW3QSomPWkcNoZFsMFKL2ybBU5rqmu81uGyh33pPcRcLdgwW4k5fiF-qGPkOu80jl_xuqv-5tjUQeBtHlVh00ngn_NJKFa3QrMs38Trrzoo/s1600/shahidan.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhw5fzoDaXYNAf-tQkCc6ZIYAT-08e1zQFL3Sc16foCSEEJGLaxrWgSX1gJXxs9EZxwzJebIkdll0c2AiH-KgtXaXud71OHK4eNYHL8hl4Js-dkD5zavPrtGIB-kfBR9EBNUfThipC1PEM/s1600/peshmarga.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6GScoWWodKoH1DcCloNtTUVzvdOV_Wb2H1tv5paW0LU3DpXGoPv7IyoajdVyneKVb0_vNJu96Dr6PbdWjem18nzOkGfGEGDQX3mf_b_XKAjXWf4WuaIlLLu6NatAf0JJHsNK5UyHMsQA/s1600/karikater.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhAeN7CRbm4krLN7ZyAZTqTk3IS_GG1H9fXZXIuJ5eJy5yjt3fN_0e8Qt2nibXKvz_9y13lgCDSL1j6aTo8fB4jFAmvJTg-nhIm-y1Juql31FsycdmwjLHJb6sbYMVxDB7dQTa_KCmxDK8/s1600/nawdaran.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEiH2UM211g7CkZBZxwW0vp8SzM59x9RGVDcX4QCFxFLotN9nBx96ok7-JksgLSJvFhHuhIB2acjPKzAB_fVWI0OGydkzthgZE7Aw7_bk9NJwEWGSlhIpy1BWE3B41rN9vyRpFdAOdlWkow/s1600/kodi+rang.png
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6bQWquzvFnzWboSolHAjReXDxiQeTo-l2ygeftgRcIC13Cjh2klvBoE5mz2Wgf2IGlnBtUgh8XznEJqgfKOQdbMa1P08xntmuvLnpeT1eS4WHVrvUqI3GZKSJP-Mc-UWXSURzlZNixyE/s1600/888.jpg

21‏/7‏/2014

پیاوێك بۆ هەموو وەرزەكان ‌


پیاوێك بۆ هەموو وەرزەكان، بەشێكە لەوێستگە گرنگەكانی خەبات و تێكۆشانی هەڤاڵ مام جەلال لەقۆناغە جیاجیاكانی خەباتی رزگاریخوازیی گەلەكەماندا.
پێشتر كوردستانی نوێ لەچوارچێوەی پاشكۆیەكەدا ئەم بابەتەی بڵاوكردەوە،  بەبۆنەی گەڕانەوەی هەڤاڵ مام جەلال-ـەوە بۆ کوردستان بەتەندروستییەکی باشەوە، جارێكی تر ئەم بابەتە دەكاتەوە دیاری بۆ خوێنەرانی.


بەشی یەكەم
پیاوێك بۆ هەموو وەرزەكان و كەسێك كە هەڵبەز و دابەزەكانی‌ ژیانی‌ سیاسی‌ خۆی‌ لەشاخەكانی‌ كوردستانەوە تا كۆشكی‌ سەرۆكایەتی‌ تێپەڕكردووەو تەنانەت ئێستاش كە لەنەخۆشخانەیەكی‌ ئەڵمانیا قۆناغەكانی‌ چارەسەری‌ نەخۆشی‌ تێپەڕ دەكات، قورساییەكی‌ لەسیاسەتی‌ ناوخۆی‌ هەرێم و عیراق و سیاسەتی‌ نێودەوڵەتیدا بۆ دۆست و دوژمنانی‌ زیاتر لەهەر كاتێكی‌ دیكە دەركەوتووە. ئەویش كەسێك نییە جگە لەمام جەلال پێشمەرگەی‌ دوێنێ‌ و سەرۆكی‌ ئەمڕۆی‌ وڵات.

د.مەحمود عوسمان: سەرۆك مام جەلال ژیانی بۆ میللەتەكەی تەرخانكردووە
د.مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری‌ بەئەزموونی‌ كورد لەبارەی‌ قۆناغەكانی‌ ژیانی‌ سیاسی‌ تاڵەبانی‌ دەڵێت: سەرۆك مام جەلال هەمیشە رۆڵی هەبووە لەشۆڕشی كوردو هەموو ژیانی لەپێناو میللەتەكەی خۆی تەرخانكردووەو سەرقاڵی كاری سیاسی بووە لەهەموو رووییەكەوە، بەردەوام بووە لەسەر خزمەتی میللەتەكەی خۆی بەو شێوەیەی كە پێی راست بووە. وتیشی: پێكەوە پێشمەرگە بووین لەشاخ و زۆر بەهیممەت بووە، كاتێكیش لەناو شار كاریكردووە، بۆ نموونە كاتێك كە سەرۆك كۆمار بووەو سەرۆكی حزب بووە لەهەموو كاتەكاندا ئاگاداری رۆڵەكانی بووین و رۆڵی خۆی بینیوە.

مام جەلال كێیە؟
مام جەلال كوڕی شێخ حیسامەدین كوڕی شێخ نوری كوڕی شێخ غەفور. هاوینی ساڵی 1933 لەگوندی كەلكانی قەدپاڵی چیای كۆسرەت لەدایكبووە، كە دەڕوانێتە دەریاچەی دوكان. چەند ساڵێكی‌ تەمەنی منداڵی لەو گوندە بەسەربردووەو دواتر باوكی بووە بەڕێبەری تەكیەی تاڵەبانی لەكۆیە. هەرلەوێ چۆتە قوتابخانەی سەرەتایی و بەسەركەوتوویی خوێندنی تەواوكردووە. هەر لەتەمەنی منداڵییەوە نیشانەكانی سەركردایەتی بەجۆرێك لێدەركەوتووە، كە پێش هاوڕێكانی دەكەوت بۆ كۆڕی پرسەو ئەو بۆنانەی كە لەو سەردەمەدا بەڕێوەدەچوون. لەوانەیە لەو كاتانەدا كەس نەیزانیبێت كە ئەو منداڵە پڕ جووڵەیەی‌ قوتابخانەی‌ سەرەتایی‌ لەكۆیە دواتر دەبێتە سەركردەیەكی‌ ئەفسانەیی‌ و لەرزە دەخاتە گیانی‌ سەدام حسێن گەورەترین دیكتاتۆری‌ ناوچەكە بەجۆرێك كە رازی‌ بووە لێبوردن بۆ هەموو كەس دەربكات جگە لەتاڵەبانی‌،  ئەمەشی‌ بەدەمی‌ خۆی‌‌ و بە بەیانی‌ رەسمیی راگەیاندووە.

پێشەنگی هەموو منداڵە هاوڕێكانی بوو
بەیانیان لەكاتی ریزبوونی قوتابیاندا، مامۆستاكان پێش هەمووان ئەویان هەڵدەبژارد بۆ خوێندنەوەی شیعری نیشتمانی و نەتەوەیی. لەوانەیە هیچ یەك لەو منداڵانەی‌ هاوڕێی‌ نەیانزانیبێت، كە تاڵەبانی‌ رۆژێك دەبێتە سەركردەی‌ وڵاتەكەیان، بەڵام هەموویان دەیانزانی‌ كە ئەو پێشەنگیانە.
هەر لەپۆلەكانی‌ سەرەتای خوێندنەوە، بیرۆكەی نەتەوایەتی مام جەلال چەكەرەی كردو كاتێك گەیشتە پۆلی چوارەمی سەرەتایی، یەكێك بوو لەپێشەنگەكانی خوێندكاران، كە بەپەرۆشەوە بەشداریی لەچالاكییەكانی قوتابخانە دەكرد.

مام جەلال لەنەورۆزی‌ 1945
ئەگەرچی جەژنی نەورۆز لەلایەن حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراقەوە قەدەغەبوو، بەڵام لەگەڵ‌ ئەوەشدا گەلی كوردستان لە 21ی ئاداری هەموو ساڵێك بەئاهەنگ یادیان دەكردەوە.
ساڵی 1945 ئاهەنگێكی میللی لەكۆیە بۆ نەورۆز ساز كرا، كە سەرۆك تاڵەبانی بەشداریی تێدا كردو وتەی حەماسی خوێندەوەو ئەوەش بووە مایەی سەرسوڕمانی مامۆستاو بەشداربووان كە چۆن جەلال تاڵەبانی‌ 13ساڵان ئەوەی‌ لێدەوەشێتەوە.

دامەزراندنی كۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە
لەساڵی 1946دا لەگەڵ‌ چەند هاوڕێیەكی خوێندكارو بەئامۆژگاری یەكێك لەمامۆستاكانی، كۆمەڵەیەكی فێركاری نهێنی دامەزراند بەناوی (كۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە (K.P.X) و مام جەلال بەسكرتێری هەڵبژێردرا. ئامانجێكی كۆمەڵەكە هاندانی خوێندكاران بوو بۆ خوێندنەوەی دەرەكی.

چوونە نێو كاری سیاسی
لەهەمان ساڵدا دوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كورد لە 16 ئاب، كەوتە ژێر كاریگەری بەرنامەكانی پارتی و لەچوارچێوەی رێكخستنەكانیدا كەوتە چالاكی خوێندكارانەوە. دوای چوونە ناو كاری سیاسی، رۆژنامەی (رزگار) كە پارتی دیموكراتی كورد بەنهێنی دەری دەكرد، وتاری مام جەلالی‌ بەنازناوی (ئاگر) بڵاودەكردەوە. سەرەنجام ساڵی 1947 بوو بەئەندام لەپارتی دیموكراتی كوردو بەشێوەیەكی‌ چالاكانە ئەرك و فەرمانە حزبییەكانی جێبەجێ‌ دەكرد.

مام جەلال یەكێكە لەسەركردە هەرە دیارەكانی وڵاتان
تۆفیق كەریم ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسیی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان لەبارەی‌ ژیانی‌ سیاسی‌ مام جەلالەوە دەڵێت: گرنگی رۆڵی مام جەلال لەوەدایە، كە خۆی لەسەر پێی خۆی وەستا بێ هیچ هۆیەكی تر، هەروەك بەتەنها هاتۆتە مەیدانەكەو لەڕێی خەبات و تێكۆشانی خۆیەوە توانی ببێت بەیەكێك لەسەركردە هەرە دیارەكانی وڵاتان.
نوێنەرایەتیكردنی خوێندكارانی كۆیە
ساڵی 1948 خوێندنی سەرەتایی تەواوكردو لەناوەندیی كۆیە بوو بەخوێندكار، ئەو ساڵە بەساڵی (ڕاپەڕین) ناسرابوو، كە گەلی عیراق توانی پەیماننامەی (پۆرتسمۆس) هەڵبوەشێنێتەوەو حكومەتی ساڵح جەبر بڕوخێنێت و حكومەتی محەمەد سەدر دابمەزرێنێت.
لەو كەشوهەوا ئازادییەدا، كە لەسایەی ئەم (راپەڕینە)دا هاتەكایەوە، هەڵبژاردنێكی گشتی خوێندكاران ئەنجامدرا بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی كۆنگرەی گشتی. لەوەشدا جەلال تاڵەبانی بەنوێنەری خوێندكارانی كۆیە هەڵبژێردراو بەشداری لەیەكەمین كۆنگرەی خوێندكارانی عیراقیدا كرد، كە لەنیسانی 1948 لەگۆڕەپانی (السباغ)ی شاری بەغدا رێكخرا.

جەواهیری ئازیزترین دۆستی سەرۆك تاڵەبانی
لەو كۆنگرەیەدا بۆ یەكەمینجار گوێی لەشاعیری مەزن (محەمەد مەهدی جواهیری) بوو، كە شیعرە بەناوبانگەكەی (رۆژی شەهید)ی خوێندەوە، كە بۆ جەعفەری برای و بۆ شەهیدانی وەسبە (راپەڕین) وتبووی. ئەو ساتانە لەژیانی تاڵەبانیدا مێژوویی بوون و وایكرد ببێتە یەكێك لەلایەنگرانی‌ شیعری جەواهیری‌ كە دواتر بوو بەئازیزترین دۆستی و ئەو دۆستایەتیەش تا دواساتەكانی ژیانی شاعیر بەردەوام بوو. ئەمەش رەنگدانەوەی‌ لەسەر جووڵاندنی‌ هەستەكانی‌ جەواهیری‌ بەرامبەر نەتەوەی ستەمدیدەی‌ كوردیش هەبوو.

جەواهیری لەشیعرێكیدا دەڵێت:
أتعلمُ أمْ أنت لا تعلمُ      
      بأنَّ جراح الضحايا فمُ

سەركەوتن بەپلە حزبییەكاندا
ساڵی (1949)و لەسایەی حوكمی عورفی و تۆقاندن، كە كوردستان و عیراقی گرتەوە، تاڵەبانی لەحزبدا سەركەوت و بووە ئەندامی لیژنەی ناوچەی كۆیە. لەشوباتی 1951داو لەكۆنگرەی دووەمی پارتی دیموكراتی كورد، بەئەندامی لیژنەی ناوەندی هەڵبژێردرا، بەڵام لەبەر پاراستنی ریزەكانی پارتی پلەكەی خۆی بەهەڤاڵێكی خۆی بەخشی، كە دوای دەرچوونی لەزیندان بەشداریی لەكۆنگرەدا كردبوو. لەساڵی 1951دا لەگەڵ‌ چەند هەڤاڵێكیدا گیراو بۆ شاری موسڵ دوورخرایەوە، لەوێش لەخەباتی سیاسیدا بەردەوام بوو، دواتر چووە كەركوك بۆ تەواوكردنی خوێندن و سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی رێكخستنەكانی حزب و بووە بەرپرسی رێكخستنەكانی كەركوك، لەهەمان ساڵیشدا بەشێوەیەكی نهێنی ئەركی چاپ و بڵاوكردنەوەی بڵاوكراوەكانی گرتەئەستۆ.
ساڵی 1952 چووە كۆلێژی یاسا لەبەغدا، كە ئەو دەمە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كورد لەوێ‌ پەرتەوازە بوو بوون، بەڵام مام جەلال توانیی رێكخستنەكانی حزب تۆكمە بكاتەوە.
لەكانوونی دووەمی 1953دا بەشداریی كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردو بەئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراو لە مانگی شوباتدا سەرپەرشتی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی قوتابیانی كوردستانی كردو لەو كۆنگرەیەدا بەسكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان هەڵبژێردراو لەهەمان ساڵیشدا یەكێك بوو لەدامەزرێنەرانی (یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان)، هەر لەو كاتانەدا نوێنەری پارتی بوو لای زۆربەی حزبە نهێنی و ئاشكراكانی عیراق. لەساڵی 1954یشدا بەئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا. ساڵی 1955 سەفەری دەرەوەی عیراقی كردو لەفێستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیهانی لەوارشۆ بەشداریكردو لەوێوە سەردانی یەكێتی سۆڤێتی ئەوساو چینی كرد. ساڵی 1956 لەبەر چاوان ون بوو، كەوتە خەباتی ژێرزەمینی و ناچار بوو لەپۆلی چوارەمی یاسادا خوێندن بەجێبهێڵێت. ساڵی 1975 سەفەری سوریاو مۆسكۆی كردو لەفێستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی مۆسكۆ بەشداریكرد. چوونی بۆ سوریا بەفرسەتزانی بۆ پەیوەندیكردن بەكوردەكانی ئەوێوەو پەیوەندییەكی سیاسی دروستكرد. لەهەمان ساڵیشدا گەڕایەوە عیراق و بەشداریی لەكارەكانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی یەكگرتوو كردو بوو بە بەرپرسی رۆژنامەی (خەباتی كوردستان)، كە لەسلێمانی بەنهێنی دەریان دەكرد.

 سەرۆك تاڵەبانی كاریگەری‌ لەسەر رووداوەكانی‌ عیراقیش هەبووە
د.بەختیار جەبار شاوەیس پێیوایە تاڵەبانی‌ كەسایەتییەكی‌ سیاسییە، كە نەك هەر كاریگەری‌ لەسەر رووداوەكانی‌ كوردستان هەیە، بەڵكو كاریگەری‌ لەسەر رووداوەكانی‌ عیراقیش هەبووە.
بەختیار جەبار شاوەیس دەڵێت: بەخوێندنەوەی مێژووی سەرۆك تاڵەبانی بەلایەنی كەمەوە لەنێو سەدەی رابردوو لەعیراق و كوردستان و ناوچەكەدا دەبینین كەسایەتییەكی وەك تاڵەبانی كاریگەری راستەوخۆی لەسەر تەواوی كۆمەڵگەی عیراقی و بەتایبەتی لەسەر جووڵانەوەی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستان هەبووە. وتیشی: وەك خۆتان دەزانن هەر لەسەرەتای لاوێتییەوە كە خەباتی لەساڵانی پەنجاكانەوە دەستپێكردووە، جۆرێك لەتایبەتمەندی لەناو كەسایەتی ئەم سەركردەیەدا هەبووە، كە رۆڵی گەشەسەندن و پەرەپێدانی هەبووە لەجووڵانەوەی رزگاریخوازی خەڵك لەو ناوچانەدا بەئامانجی دیموكراسی و بڵاوكردنەوەی ئازادی لەكوردستان و عیراقدا.

سەرۆكێكی رۆژنامەنووس
لەیەكەمین رۆژی سەركەوتنی شۆڕشی 14ی گەلاوێژی ساڵی 1958، بەهاوكاری هەڤاڵانی حزب لەنێو شاردا سەرپەرشتی رێكخستنی خۆپیشاندانی جەماوەریی سلێمانی كرد. پاشان چووە بەغداو بەشداری لەكاروباری مەكتەبی سیاسی و دەركردنی گۆڤاری (رزگار)دا كرد، هەروەها ئەركی ئەو خەباتەی لەئەستۆگرت كە لەنێو ریزەكانی حزبدا فراوان دەبوو. ساڵی 1959 جارێكیتر، بەئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردراو لەهەمانكاتدا ئەفسەری یەدەگی كەتیبەی چوارەمی تانك بوو، هەروەها بەشداری لەدەركردنی رۆژنامەی (خەبات)دا دەكرد، كە بەزمانی عەرەبی دەردەچوو، بەناوی (پیرۆت)ەوە وتاری تێدا بڵاودەكردەوە. ساڵی 1960 بەرپرسی لقی سلێمانی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوو. ساڵی 1961 بووە سەرنووسەری رۆژنامەی (كوردستان)و دوای داخستنی رۆژنامەی خەبات دووچاری راوەدوونان بوو لەبەغدا، بەڵام لەشەوی نەورۆزی هەمان ساڵدا وتارێكی دژی دیكتاتۆرییەت خوێندەوەو بەرگری لەبارزانی خوالێخوشبوو كرد، كە ئەو سەردەمە عەبدولكەریم قاسم كۆمەڵێك تاوانی دابووە پاڵی‌، لەئەنجامی ئەوەشدا فەرمانی گرتنی دەرچوو و بەنهێنی گەڕایەوە سلێمانی و خۆی شاردەوەو لەشەشی ئەیلولدا بەشداری رێكخستنی مانگرتنی گشتی كرد.

لێپرسراوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان
لەئەیلولی 1961دا كاتێك شۆڕش هەڵگیرسا، بەرپرسی ناوچەی سلێمانی بوو، یەكەمین بنكەی شۆڕشی لەچەمی رەزان كردەوەو سەرپەرشتی كردو فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی لیوای سلێمانی كرد تا وایلێهات بووە هێزێكی گەورە، دوای‌ ئەوەش كرا بەلێپرسراوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
تاڵەبانی‌ لەنەورۆزی 1962دا، سەركردایەتی ئەو هێرشە بەرفراوانەی كرد بۆ سەر ناوچەی شارباژێڕ، كە تێیدا لەماوەی چەند رۆژێكدا دەست بەسەر هەموو بنكەكانی پۆلیسی ناحیەی بناوەسوتەو چوارتادا گیرا. تاڵەبانی‌ هێزەكانی بەرەو قەزای پێنجوێن بردو تەواوی ناوچەكەی ئازادكرد. بەمجۆرەش هەردوو ناوچەی شارباژێڕو پێنجوێن بوونە دوو ناوەندی شۆڕش و سەركردایەتی. لە 1962-1963 زۆربەی ناوچەكانی قەرەداغ و قەڵاسێوكەو گەرمیان و سەنگاو ئازادكران، ئەوكاتەش هەر مام جەلال فەرماندەی هێزی رزگاری بوو، لەهەمانكاتیشدا سەرپەرشتی دامەزراندنی ناوەندەكانی بەمۆو هەڵەبجەو تەوێڵەو بیارەشی دەكرد.

نوێنەرایەتیكردنی شۆڕشی كوردستان
ساڵی 1963و دوای كودەتا رەشەكەی شوبات، مام جەلال بەسەرۆكی وەفدی كوردی دەستنیشانكرا بۆ گفتوگۆو چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی رەوای كورد، هەروەها سەردانی كۆماری میسرو جەزائیری كردو چاوی بەجەمال عەبدولناسڕو ئەحمەد بن بیلا كەوت و لەهەمانساڵیشدا سەردانی ئەوروپای كردو نوێنەرایەتی شۆڕشی كوردستانی كردو سەركەوتوو بوو لەناساندنی كێشەی كوردو ئاشكراكردنی بارودۆخی كوردستان و كۆكردنەوەی یارمەتی و هاوكاری بۆ شۆڕش لەوڵاتی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، روسیا، چیكۆسلۆڤاكیاو نەمسا.

دیپلۆماتێكی لێزان
تاڵەبانی‌ لەمەشدا سەلماندی‌ نەك تەنیا رێكخەرو جەنگاوەرێكی‌ ئازایە، بەڵكو دیپلۆماتێكی‌ لێزانیشە كە دەتوانێت كێشەی‌ كورد بگەیەنێتە دنیای‌ دەرەوە.
توانیویەتی‌ كۆمەڵێك بونیادی‌ سەركردایەتی‌ لەشەخسی‌ خۆیدا كۆبكاتەوە
فرە رەنگی‌ لێهاتووییەكانی‌ سەرۆك تاڵەبانی‌ لەدیدگای‌ د.ئاكۆ شوانی‌ مامۆستای‌ مێژووناس لەزانكۆی‌ سلێمانییەوە بەجۆرێكە، كە توانیویەتی‌ كۆمەڵێك بونیادی‌ سەركردایەتی‌ لەشەخسی‌ خۆیدا كۆبكاتەوە.
د.ئاكۆ شوانی‌ لەوبارەیەوە دەڵێت: بێگومان كەسێتی هەڤاڵ مام جەلال تاڵەبانی وەكو كەسایەتییەكی سیاسی لەڕۆژگارێكی سەرەتاوە، كەسێك كە لەڕێكخراوێكی پیشەییەوە دەستپێدەكات، كەسێك كە بەپلە سیاسییەكانی رێكخراوێك و حزبێكدا سەردەكەوێت، كەسێك كە لەسەرەتای شۆڕشی ئەیلولدا ئامر هێزی رزگارییە، دەتوانم بڵێم تاڵەبانی وەكو خۆی توانیویەتی كۆمەڵێك بونیادی سەركردە لەخۆیدا كۆبكاتەوە. هەروەك دەتوانیت بڵێیت تاڵەبانی لەژیانی سیاسی خۆیدا بەهەموو پلەكاندا رۆیشتووە، چ لەخەباتی سیاسی، لەخەباتی پیشەیی، لەبواری سەربازی، لەبواری نێودەوڵەتی، لەسكرتێرێتی حزب، لەسكرتێرێتی رێكخراو، لەڕۆژنامەنووسی، هەرچەندە نەیتوانیوە لەڕۆژگارێكدا وەكو پارێزەرێك كاربكات، بەڵام دەتوانم بڵێم لەخەباتی سیاسیشیدا ئەم مرۆڤە لەژیانی خۆیشیدا زۆربەی كاتەكان ئەوەی لەبیرنەچووە، كە ئەو كەسێكی مافپەروەرە، كەسێكە دەرچووی كۆلێژی یاسایە، كەسێكە لەڕۆژگارێكدا وەكو سەركردەیەكی سیاسی وێڕای كارە سیاسی و حزبییەكانی و سەرقاڵی بەكاری سیاسی نهێنییشەوە، ئەوەی لەبیرنەچووە كە ئەو دەبێت پەیڕەوی ئەوە بكات، كە لەژیانی خۆیدا كەسێكی مافپەروەرەو دەرچووی كۆلێژی مافەو دەبێت ئەوەش لەكارەكانیدا لەبەرچاو بگرێت.
د. ئاكۆ شوانی‌ جەخت لەوەشدەكاتەوە، كە هەرگیز ناكرێت بەبێ‌ تاڵەبانی‌ باسی‌ مێژووی‌ 60 ساڵی‌ رابردووی‌ عیراق و كوردستان بكرێت، لەوبارەیەشەوە وتی: ئەم مرۆڤە لەكۆتایی ساڵانی چلەكانەوە، لەو رۆژگارەوە كە بۆخۆی رێكخراوێكی خوێندكاریی لەشارۆچكەی كۆیە دروستدەكات و دواتر دەبێت بەیەكێك لەو كەسە دیارانەی نێو پارتی دیموكراتی كوردستان و لەتەمەنێكی زۆر كەمدا دەبێت بەیەكێك لەبچووكترین ئەندامەكانی لیژنەی مەركەزیی پارتی دیموكراتی كوردو دواتر پارتی دیموكراتی كوردستان – عیراق و دوایش دەبێت بەیەكێك لەكەسایەتییە دیارەكانی مەكتەبی سیاسیی و لەجیابوونەوەی مەكتەبی سیاسیشدا، باڵی مەكتەبی سیاسی بووەو یەكێكیش بووە لەو كەسایەتییە دیارانەی كەڕۆڵێكی گەورە دەبێنێت. لەبەرئەوە پێموایە لە 60 ساڵی رابردوودا ناكرێت بێ هەڤاڵ مام جەلال باس لەبزووتنەوەی سیاسی كوردی بكرێت لەباشووری كوردستاندا، ناكرێت باس لەپڕۆسەی سیاسی بكرێت لەعیراقدا، باسی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و سیستەمی بەعس و دەتوانم بڵێم لەسەردەمی عەبدولكەریم قاسمەوە بكرێت، دوور لە تاڵەبانی.
یەكگرتنەوەی هەردوو باڵی پارتی
مام جەلال لەساڵی 1964دا  گەڕایەوە كوردستان و ئەركی خۆی لەفەرماندەییكردنی هێزی رزگاری گرتەوەئەستۆ. ساڵی 1967 بەشداری لەكۆڕی (ئیشتراكییەكانی عەرەب)دا كرد لەجەزائیرو لێكۆڵینەوەیەكی دەربارەی كێشەی كوردو شەرعیەتی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردو دۆستایەتی نێوان كوردو عەرەب پێشكەشكرد. ساڵی 1970 رۆڵی كاریگەری بینی لەیەكگرتنەوەی هەردوو باڵی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێشتر ببونە دوو باڵ و ناكۆكییەكی تاڵ و خوێناوی لەنێوانیاندا هەبوو. ساڵی 1972 سەفەری دەرەوەی عیراقی كردو ماوەیەك لەلوبنان و میسرو سوریا مایەوەو دوای نسكۆی‌ شۆڕشی كورد، كە لەڕێككەوتننامەی نێوان سەدام و شای ئێران لەئاداری 1975 لەجەزائیر كرا، تاڵەبانی هەر لەو ناوچانەدا مایەوە.