تازەترین هەواڵ
http://1.bp.blogspot.com/-tm6A1lUiFlA/UgZH80KcCYI/AAAAAAAAUOU/GCVNQvbUiAU/s1600/888.jpg
http://3.bp.blogspot.com/-hDYPrnsreLk/VQE643MVZdI/AAAAAAAAbsY/Teok57BxaKo/s1600/sarawar1.pnghttp://1.bp.blogspot.com/-BJZM5WSPCjY/VQE65bmkEMI/AAAAAAAAbsk/8jjf-pfEUzk/s1600/shahidan.pnghttp://2.bp.blogspot.com/-UE255vVBl-k/VQE64LF4oQI/AAAAAAAAbsQ/FO_GfHJkt0w/s1600/peshmarga.pnghttp://3.bp.blogspot.com/-1idXsU2UJMM/VQE63EDcX_I/AAAAAAAAbsI/v4kN56aC15I/s1600/karikater.pnghttp://2.bp.blogspot.com/-X7RrV86fPU0/VQE63M2gYLI/AAAAAAAAbsM/IRYATkRNyp0/s1600/nawdaran.pnghttp://2.bp.blogspot.com/-bfTrV0DY1bc/VQE63Ct_buI/AAAAAAAAbss/5zz63Jn3irk/s1600/kodi%2Brang.png
http://1.bp.blogspot.com/-tm6A1lUiFlA/UgZH80KcCYI/AAAAAAAAUOU/GCVNQvbUiAU/s1600/888.jpg

4‏/9‏/2014

مام جەلال چی بە ئەمریكییەكان وت؟

سەرپەرشتیاری‌ میحوەری‌ جەلەولا و سەعدیەی‌ هێزی‌ پێشمەرگە، لە كۆڕێكی‌ جەماوەریدا كە ئەمڕۆ لە شاری‌ كەلار بەستی‌، باس لە بارودۆخی‌ ناوچەكە و كوردستان و عیراق كرد، بەتایبەت لە دوای‌ هاتنی‌ داعش، هاوكات باسی‌ لە دۆخی‌ عیراق پێش پرۆسەی‌ ئازادی‌ و دوای‌ پرۆسەكە كرد، پەیامێكی‌ مام جەلال_ی‌ بۆ ئەمریكییەكانیش لە پێش روخانی‌ سەدام، ئاشكرا كرد.

ئەمڕۆ مەلا بەختیار لێپرسراوی‌ دەستەی‌ كارگێڕی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان كە سەرپەرشتی‌ میحوەری‌ جەلەولا و سەعدیەی‌ هێزی‌ پێشمەرگە دەكات لە كۆڕێكدا لە گەرمیان بەناونیشانی‌ "هەلومەرجی‌ كودستان و عیراق لە دوای‌ تێكشكاندنی‌ داعش" چەند زانیارییەكی‌ خستەڕوو.

مام جەلال چی بە ئەمریكییەكان وت

لە سەرەتای‌ كۆڕەكەدا، مەلا بەختیار باسی‌ لە كۆنگرەی‌ ئۆپۆزسیۆن كرد كە پێش روخانی‌ سەدام حسێن لە شاری‌ لەندەن بەسترا، وتی‌ :" مام جەلال، داوایكرد حكومەتێكی‌ كاتی‌ لە مەنفا دروست بكرێت، بۆ ئەوەی‌ دوای‌ روخانی‌ سەدام ئەو حكومەتە دەسەڵاتی‌ پێبدرێت، هەرئەوكات مام جەلال وتبووی‌ سەدام دەڕووخێت و دڵنیاتان دەكەمەوە، بەڵام ئەمریكا رازی‌ نەبوو ئەو حكومەتە پێكبهێنرێت، بۆیە سەرۆك تاڵەبانی‌ دوو باڵیۆزی ئەمریكای‌ بانگ كرد و لە ژوورەكەی‌ خۆیدا قسەی‌ لەگەڵدا كردن، كە یەكێكیان زەلمای‌ خەلیل زاد بوو، پاشان بوو بە باڵیۆزی‌ ئەمریكا لە عیراق".

لەوكاتەدا مام جەلال بە هەردوو باڵیۆزەكەی‌ وتبوو، ئەم پەیامەم بگەیەنن بە سەرۆكی‌ ئەمریكا و پێی بڵێن :" من دڵنیام رژێمی‌ بەعس دەڕووخێت، بەڵام لەوەش دڵنیام گەر ئەوحكومەتە كاتییە دروست نەكەن، ئەوا تا 10 ساڵ دوای‌ روخانی‌ بەعس ئێوە ناتوانن كۆنترۆڵی‌ عیراق بكەن".

مەلا بەختیار لە كۆڕەكەدا، وتیشی :" دواتر كە رژێمی‌ بەعس رووخا، پۆل برێمەر وەكو حاكمی‌ مەدەنی‌ دانرا، پاشان بەهۆی‌ شكستی‌ سیاسیەتی‌ ئەمریكاوە، ئەنجومەنی‌ حوكم دامەزرا".


مالیكی چی‌ بە سوننەكان وت

لێپرسراوی‌ دەستەی‌ كارگێڕی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، وتی‌ :" سێ ساڵ لەمەوبەر من و فازل میرانی‌، سەردانی‌ نوری‌ مالیكی_مان كرد، ئەوكات هێشتا تارق هاشمی‌ هەڵنەهاتبوو، لە بەغدا تانك و زریپۆش ناو جادەكانی‌ گرتبوو، مالیكی ترسی‌ لێنیشتبوو لەوەی‌ كودەتای‌ بەسەردا بكەن، بۆیە پێیوتین ئەوان دەیانەوێت كودەتا بكەن".

مەلا بەختیار، وەكخۆی‌ دەیگێڕێتەوە، كە بە مالیكی_یان وتووە :" ئەم سوپایەی دروستتكردووە پڕە لە ئەفسەری‌ بەعسی‌ و ئەمانەش مەترسی دروست دەكەن، لە وەڵامدا وتی ئێمە كێشەی‌ مان و نەمانمان لە گەڵ بەعسییەكاندا هەیە، كاتێك بەخۆیان دەزانن لوولەی‌ زریپۆشەكان دەبەمە ژووری‌ ماڵەكانیان و ملیان دەپەڕێنم".

داعش و پرۆژەی‌ سوننەكان

مەلا بەختیار لە كۆڕەكەدا باسی‌ لەسەرهەڵدانی‌ داعش كرد، وتی‌ :" زۆرێك پێیانوایە داعش پرۆژەی‌ سوننەكانە، بەڵام لە راستیدا وانییە، بەڵكو داعش سوود وەرگرە لەو پرۆژەیە".

ئەوەشی‌ خستەڕوو، كە سوننەكان زەرەرمەندی‌ یەكەم لەسەر دەستی‌ داعش، وتیشی :" سوننەكان دوو قەڵای‌ گەورەیان هەبوو، موسڵ و ئەنبار، هەردووكیانیان لەدەست دەرچوو".

ئەو بەرپرسەی‌ یەكێتی‌، لە درێژەی‌ باسەكەیدا، وتیشی :" داعش دەسەڵاتی‌ سوننەی‌ لە عیراق تێكشكاند، هاوكات هێزی‌ شیعەكانیشی رووخاند".


تەنیا لیواكەی‌ سوپای عیراق

لێپرسراوی‌ دەستەی‌ كارگێڕی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی‌، ئاماژەی‌ بەوەدا، كە دوای‌ ئەوەی‌ لە 9ی‌ حوزەیران چەكدارانی‌ سەر بە رێكخراوی‌ بەناو دەوڵەتی‌ ئیسلامی (داعش) توانیان شاری‌ موسڵ بگرن، سوپای عیراق بەیەكجاری‌ رووخا، وتیشی :"دوای‌ چەند رۆژێك وەفدێكی‌ حكومەتی عیراقی سەردانیان كردین، پرسیمان ئێستا سوپای عیراق چەند فیرقە و چەند لیوای‌ ماوە بۆ ئەوەی‌ ئێمە بتوانین هاوكارییان بكەین، ئەوانیش لە وەڵامدا وتیان باسی‌ فیرقە و لیوا مەكەن، ئەوەی‌ ماوە تەنیا یەك لیوایە لە بەغدا و هەر ماوەیەك جارێ‌ دەیانگوازنەوە بۆ شوێنێك كە مەترسی‌ لەسەر دروست دەبێت".

مەلا بەختیار، وتیشی :" سونەكان نەیانتوانی‌ لەبەردەم داعشدا خۆیان بگرن، شیعەش بەو هەموو هێزەوە رووخا، تەنیا هێزی‌ پێشمەرگە بوو كە جگە لەو سێ پارێزگایەی بەدەستییەوە بوو، هاوكات توانی‌ تەواوی‌ ناوچە كوردستانییەكان كۆنترۆڵ بكات، هەرچەندە دواتر بە چەند هۆكارێك لە چەند ناوچەیەك كشانەوە".


چەند وڵات پشتگیری لە كورد ئەكات

مەلا بەختیار لە درێژەی‌ قسەكانیدا، باسی‌ لە دەستكەوتەكان كرد، وتی‌ :" ئەوەی‌ بۆ كورد كراوە بۆ هیچكام لەو وڵات و ناوچانە نەكراوە كە تووشی‌ قەیرانی‌ جەنگ بوون".

باسی‌ لەوەشكرد، كە وەزیری دەرەوەی‌ فەڕنسا وتوویەتی‌، پێشمەرگە لە پێناو ئازادیدا دژ بە داعش دەجەنگێت، ئێمەش وڵاتێكی‌ ئازادین، كەواتە پێشمەرگە بۆ ئازادی‌ جیهانی‌ دەجەنگێت، هەروەها میركڵ سەرۆك وەزیرانی‌ ئەڵمانیا، وتوویەتی‌، بە هۆی‌ پێشمەرگەوە ئێمە چووینە ناو هاوكێشە جیهانییەكانەوە، كە ئەمەش بۆ خۆی‌ پشتگیرییەكی‌ گەورەیە".

لەبارەی‌ هاوكارییە سەربازییەكانەوە، مەلا بەختیار وتی‌ :" تائێستا 50 وڵات هاوكاری‌ پێشمەرگە و هەرێمی‌ كوردستانیان كردووە".

جگە لە وڵاتە زلهێزەكانی‌ وڵاتانی‌ ئۆروپا، مەلا بەختیار باسی‌ لەوەكرد كە وڵاتی‌ ئەلبانیا ئامادەیی خۆی‌ دەربڕیوە بۆ ناردنی‌ 22 ملیۆن پارچە چەك و تەقەمەنی‌، وتیشی :" بەپێی ئەو راپۆرتانەی‌ بەدەستمان گەیشتوون، تا ئێستا لە سنووری‌ خانەقین تا دوزخورماتوو یەك ملیۆن فیشەك بەكار نەهێنراوە، كەوابێت 22 ملیۆن پارچە تەقەمەنی‌ كە جۆرەها گولـلە لە خۆ دەگرێت، بۆ ئێمە زۆر زۆرە و ئەمە هاوكاری‌ تەنها یەك وڵاتە".


ئەبو بەكر بەغدادی‌ دیار نەماوە
 
لە كۆڕەكەدا مەلابەختیار رایگەیاند كە ماوەی‌ سێ‌ هەفتەیە ئەبوبەكر بەغدادی‌ خەلیفەی‌ داعش دیارنەماوە و هیچ دەنگێكی‌ نییە، وتی‌: "جاران ئەبوبەكر بەغدادی‌ بە ئاشكرا وتاری‌ دەدا، بەڵام ئێستا لە كولەكەی‌ تەڕدا وتار دەدات".

وتیشی‌: " بەپێی‌ زانیارییەكانمان لە ئێستادا لەناو جەلەولا و سەعدیە تەنها 150 چەكداری‌ داعش ماون".

سەرپەرشتیاری‌ میحوەری‌ جەلەولا و سەعدیە، بۆ ئامادەبووانی‌ كۆڕەكە جەختی‌ لەوە كردەوە كە "وەكو ناوچە لە جەلەولا و سەعدیە داعش تێكشكاوە و چاوەڕوانی‌ ئەوەن هێرشیان بكەینەسەر و شوێنەكانیان لێ‌ كۆنترۆڵ‌ بكەینەوە".

جەختیشی‌ لەوەكردەوە كە "لە ئێستادا مەترسی‌ لەسەر ناوچەكە و كوردستان نەماوە، چونكە داعش بەرەو كۆتایی دەڕوات".

ئەو بەرپرسەی‌ هێزی‌ پێشمەرگە روونیشیكردەوە كە لە ئێستادا ناكۆكی‌ كەوتووە ناو ئەندامی‌ عەشیرەتی‌ كروی‌ لە جەلەولا كە لەسەرەتادا پشتیوانی‌ داعشیان دەكرد و لەدوێنێوە تا ئەمڕۆ 11 گەنجیان كوژراون، وتیشی‌: "ماوەی‌ دوو هەفتەیە خەڵك دەنێرن بۆ لامان بۆ ئەوەی‌ لێیان خۆش بین لە ئەگەری‌ كۆنترۆڵكردنەوەی‌ جەلەولا و سەعدیە".

سۆران كەریم