تازەترین هەواڵ
http://1.bp.blogspot.com/-tm6A1lUiFlA/UgZH80KcCYI/AAAAAAAAUOU/GCVNQvbUiAU/s1600/888.jpg
http://3.bp.blogspot.com/-hDYPrnsreLk/VQE643MVZdI/AAAAAAAAbsY/Teok57BxaKo/s1600/sarawar1.pnghttp://1.bp.blogspot.com/-BJZM5WSPCjY/VQE65bmkEMI/AAAAAAAAbsk/8jjf-pfEUzk/s1600/shahidan.pnghttp://2.bp.blogspot.com/-UE255vVBl-k/VQE64LF4oQI/AAAAAAAAbsQ/FO_GfHJkt0w/s1600/peshmarga.pnghttp://3.bp.blogspot.com/-1idXsU2UJMM/VQE63EDcX_I/AAAAAAAAbsI/v4kN56aC15I/s1600/karikater.pnghttp://2.bp.blogspot.com/-X7RrV86fPU0/VQE63M2gYLI/AAAAAAAAbsM/IRYATkRNyp0/s1600/nawdaran.pnghttp://2.bp.blogspot.com/-bfTrV0DY1bc/VQE63Ct_buI/AAAAAAAAbss/5zz63Jn3irk/s1600/kodi%2Brang.png
http://1.bp.blogspot.com/-tm6A1lUiFlA/UgZH80KcCYI/AAAAAAAAUOU/GCVNQvbUiAU/s1600/888.jpg

16‏/1‏/2014

ڕۆژنامەگەریی‌و مافی بەدەستهێنانی زانیاری

سەرەتای ساڵی (2013)و ئەوكاتەی پارتی سۆشیال دیموكرات( SPD) لەئەڵمانیا ئۆپۆزسیۆن بوو پرسی دانانی یاسایەكی تایبەت بەمافی بەدەستهێنانی زانیاری لەلایەن  ڕۆژنامەنوسانەوە لەسەرجەم دامودەزگاو فەرمانگەكانی حكومەتدا وروژاند‌و پێیان وابوو كە دامودەزگاكانی حكومەت سەبارەت بە پێدانی زانیاری بەڕووی ڕۆژنامەنوساندا  پێویستە زیاتر كراوە بێت‌و هیچ ئاستەنگێكیان بۆ دروست نەكرێت.
سۆشیال دیموكراتەكان لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردنی (22/9/2013) لەڕێگای هاوپەیمانێتیەوە لەگەڵ هەردووپارتی (CDU/CSU) چوونە دەسەڵاتەوەو حكومەتیان پێكهێنا، دوای بەشداریكردنیان لەحكومەتی نوێدا ئیدی ئەو بابەتە باسی لێوە نەكراو دەرگای ئەم باسەیان داخست!! تەنانەت لە گرێبەستی هاوپەیمانێتیان لەگەڵ هەردوو حزبی ناوبراودا  ئاماژە بەو پرسەش نەكرا ! لێرەوە لێكدانەوەی مرۆڤ بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات كەهەڵویستی پێش چوونە دەسەڵات زیاتر  پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە هەبووە نەك بەمافی بەدەستهێنانی زانیاری لەلایەن ڕۆژنامەنوسانەوە!!
(Tabea Rößner) لەفراكسیۆنی پارتی سەوز لەپارلەمانی ئەڵمانیا سەبارەت بەیاسایەكی لەو جۆرە بێ ئومێدی خۆی نیشانداو ئاماژەی بە كەمی ڕێژەی دەنگەكان كرد!! پێدەچێت هەڵویستی  دیموكراتخوازەكان لە دوای بەشدایكردنیان لە كابینەی نوێی حكومەتدا  كاریگەریی  لەسەركەمی ڕێژەی دەنگەكان بەجێهێشتبێت!
بەشێوەیەكی فراوان سەرەتای دەستپێكی ئەو پرسە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2010) كاتێك ڕۆژنامەنووسێكی ڕۆژنامەی بیلد( Bild Zeitung) لەبەرلین داوایەكی پێشكەش بە فەرمانگەی هەوالگریی دەوڵەتی فیدراڵ(BND) كرد كە تایبەت بوو بەوەرگرتنی هەندێ زانیاری دەربارەی (نازیەكان)، بەڵام ئەو فەرمانگەیە وەڵامیان نەدایەوەو بەوهۆیەوە ڕۆژنامەنوسەكە لەدادگا سكاڵای لەسەریان تۆماركرد!! دواتر دادگا ئەو  دۆسییەی ڕووبەروی حكومەتی فیدراڵ كردەوەو هەروەها ئاماژەیان بە مادەی(5) لە یاسا بنەڕەتیەكان( دەستور) كرد كە مانایەكی گەورە لەخۆدەگرێت، بەڵام  لەهەمان كاتدا ئەم ماددە دەستورییە هێشتا بۆ وەڵامدانەوەی تەواوی داواكاریی  ڕۆژنامەنوسان  بەس نیە!!
بەگشتی ماددەی (5) لە دەستوری ئەڵمانیا كەلە (3) سێ بڕگە پێكهاتووە باس لە ( ئازادی بیرورا‌و ڕاگەیاندن‌و ڕۆژنامەگەریی‌و هونەر‌و زانست) دەكات .
پارێزەر (Christoph Partsch) لەڕاپۆرتێكدا لە ڕۆژنامەی ( Bild) دادگای دەستوریی لە پێویستی بوونی یاسایەكی تایبەت بەو پرسە ئاگاداركردەوەو بەڕای ئەم پارێزەرە نەبوونی یاسایەكی  تایبەت بەو بوارە ئازادی ڕۆژنامەگەریی لەئەڵمانیا دەخاتە ژێر پرسیارەوە!! لەلایەن ڕۆژنامەنوس(Helmut Lorscheid) لەڕێی نوسراوێكەوە بەژمارەی (47936) یاداشتێكی پێشكەش بە پارلەمان كردو تیایدا ئاماژە بەپێویستی بوونی یاسایەك سەبارەت بەو پرسە دەكات.         
Manfred Redelfs شارەزا لەبواری مافی ڕۆژنامەگەریی ئاماژەی بەبوونی یاسایەك لەو بوارەدا  لەساڵی (2006)وە كردو وتی بەگشتی داواكاری‌و پرسیاری رۆژنامەنوسان وەڵام دەدرێنەوە، بەڵام لەبەرامبەردا بڕەپارەی زۆر وەردەگیرێت( مەبەست لە ئیستحقاقی ئەو فەرمانگەیە كەسەرقاڵی ئامادەكردنی زانیاریەكانە)  و  بەدەستهێنانی زانیارییەكان ماوەیەكی زۆر دەخایەنێت تا وەڵام دەدرێنەوە، هەروەها داوای   گۆڕانكاریی‌و چاكسازی زیاتری لەو یاسایەدا كرد. سەرباری بوونی  ئازادی فراوان‌و جێگیركردنی لە دەستوری دەوڵەتی فیدراڵدا، هێشتا خواست‌و داواكاریەكانی ڕۆژنامەگەریی تێرناكەن‌و هە‌وڵی زیاتر بۆ فراوانكردنی دەدرێت !! ڕۆژنامەنوسان دەیانەوێت بزانن لەناو تەلاری فەرمانگەحكومیەكان‌و ئەودیوی شوشەی پەنجەرەكانەوە چی دەگوزەرێت!!
 ڕۆژنامەگەریی وهەرێمی كوردستان
لە هەرێمی كوردستان زۆرترین ڕۆژنامەنوس هەیە، بەڵام كەمترین زانیاری دروست سەبارەت بە حكومەتەكەیان دەدرێتە هاووڵاتیان!! دروست بەمانای بەدەستهێنانی نوسراوو بەڵگە‌و دۆكۆمینتەكان،  هەندێ جار  ئەوە فراكسیۆنی حزبەكانن زانیاری لەسەر حكومەت بڵاودەكەنەوەو  هەریەكەیان چاودەخاتە سەر كەموكورتیاكانی پۆستی ئەو وەزارەتەی  حزبەكەی دیكە بەڕێوەی دەبات! وەك ئەوەی هێشتا لەبانگەشەی پرۆسەی هەڵبژاردندا بن! هەڵەو كەموكورتیەكان بۆ ماوەیەك هەرا دەنێنەوە‌و بەقۆناغی چارەسەریی ناگەن!! من لێرەدا ڕێگریی‌و ڕەتكردنەوەی چاودێریكردنی كارەكانی حكومەت لەلایەن پارلەمانتارانەوە ڕەتناكەمەوە، بەڵام پرۆسەی چاودێریكردنی حكومەت پێویستە كارە نەشیاو نایاساییەكان بەچارەسەر بگەیەنێت. لێرەو لەهەرێمی كوردستان زانیارییەكان هەندێ جار بەڕێكەوت‌و لەڕێگای دزەكردنەوە دەگەنە لای هاوولاتیان !! نەك لەڕێگای داواكردن‌و وەڵامدانەوەوە !!
هەندێ  لەبەرپرسە حكومیەكان ئامادەنین زانیاری بگەیەننە  ڕۆژنامەنوس‌و میدیاكاران!! دەستەواژەی (ئامادەنەبوو لێدوان بدات!!) دەستەواژەی چەند بارەی ناو میدیاكانە!! دامەزراوە فەرمیەكان  موڵكی هاووڵاتیانەو چۆن دەكرێت پرسیاری ڕەوای هاووڵاتیان بەپێی میزاجی بەرپرسێكی حكومی وەڵام بدرێتەوە.
لەم هەرێمەدا بەدەیان‌و سەدان گرێبەست بوونیان هەیە، بەڵام كەمترین زانیاریان لەبارەوە دەزانرێت!! تەنانەت هەندێك لەو گرێبەستانە لە بازنەی تاكەحزبێكدا دەسوڕێتەوە‌و هاووڵاتی ئەم هەرێمە   زانیاریی تەواوی لەسەر ئەو گرێبەستانە نیە!
 ئەگەر شەفافیەت خواستی گەورەی  پارلەمان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت، پێویستە بەیاسایەك  لە سەرجەم دامودەزگاو فەرمانگە حكومیەكاندا مافی بەدەستهێنانی زانیاری بۆ ڕۆژنامەنوسان فەراهەم بكرێت‌و ئەم هەنگاوەش پتەوكردنی هێڵی نێوان هاووڵاتی‌و حكومەتەو دەبێتە كاراكردنی ڕۆلی چاودێریی‌و ئەكتیڤ كردنی زیاتری پارلەمان، مافی بەدەستهێنانی زانیاری لە پراكتیزەكردن‌و جێبەجێكردنیەوە لەسەر ئەرزی واقیع بەرجەستەی دیموكراتیەت‌و شەفافیەت لەم هەرێمەدا دەكات،  كێ دەزانێت ؟! ڕەنگە یاسایەكی تایبەت بەو پرسە بوونی هەبێت بەڵام تەنها نوسراوێك بێت‌و هیچی دیكە!!
هیچ كات چاوەڕوانی ئەوە نیم  وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەخۆوەو شەفافانە زانیاری تەواوو دروست بداتە هاووڵاتیان ! بەڵام  دەكرێت ئەم وەزارەتەو هەموو وەزارەت‌و دامودەزگا حكومیەكان بەكردەوەو لەڕێگای یاساوە ناچار بكرێن زانیاری تەواو بدەنە ڕۆژنامەنوسان‌و میدیاكاران. هەر لێرەوە چەمكی  شەفافیەت‌و دۆسیەی بودجەو پرسی نەوت  لەلایەن هاووڵاتیەوە تێگەیشتنی تەواویان دەبێت‌و پرسیارەكان بێ وەڵام نابن، كۆمەڵگا مافی خۆیەتی لەچەندین بابەتی گرنگی وەك حوكمڕانی‌و گوزەران‌و دۆخی ئابووری هەرێمەكەی ئاگاداربكرێتەوە.
سایتی وەزارەت‌و فەرمانگە حكومیەكان
بەگشتی بڵاوكردنەوەی زانیاری لەسەر تۆری ئینتەرنێت‌و سایتی وەزارەت‌و فەرمانگە حكومیەكان كارێكی باشە، كاتێك بەرپرسێكی حكومی باس لە بوونی زانیاری لەسەر ماڵپەڕو سایتی وەزارەتەكەی دەكات !! ئەو زانیارییانە گرێی پرسیاری هاووڵاتیان ناكاتەوەو نابنە وەڵامی چەندین  پرسیاری ڕەوای هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە!!  ئەمە لەكەمكردنەوەی بونی زانیاری سەر ماڵپەرەكان نیە، بەڵام مانای بوونی وەڵامی هەموو پرسیارەكانیش نیە لەو سایت‌و ماڵپەڕەدا!
هاووڵاتی ئەم هەرێمە مافی خۆیەتی بپرسێت ئایا پارلەمانی كوردستان بەكردەوە بۆ مەسەلە گرنگەكانی كۆمەڵگای مەدەنی وەك: ئازادی بیرورا، مافی بەدەستهێنانی زانیاری‌و شەفافیەت لە هەموو بوارەكانی تایبەت بە حوكمرانی و گوزەرانی خەڵكی كوردستان وچەندین بابەتی دیكە چ هەنگاوێكی ناوە ؟!
جێگای خۆیەتی بڵێین پرسی مافی بەدەستهێنانی زانیاری لەدامودەزگا حكومیەكاندا بەبێ ئەكتیڤ كردنی دەسەڵاتی دادوەریی كارێكی سەركەووتوو نابێت، چونكە دواجار ئەوە دادگایە كێشەكان یەكلایی دەكاتەوە، هەرلەبەرئەو هۆیە  پێویستە  دەسەڵاتی دادوەریی ئەكتیڤ بكرێت، هەتا ببێتە پنتێكی بەهێز بۆ راگیركردن‌و بەردەوام بوونی پرسی مافی بەدەستهێنانی زانیاری ڕۆژنامەنوسان‌و میدیاكاران، لەلایەكی دیكەوە بوونی ئەو یاسایە دەبێتە سڕینەوەی جیاوازیكردن لەنێوان ڕۆژنامەنوسان‌و میدیاكاران‌و هاوسەنگی مافی بەدەستهێنانی زانیاری بۆسەرجەم میدیاكاران پارێزراو دەبێت. بەگشتی هەتا ئەم ساتەش لەهەرێمی كوردستان  جیاوازیكردن لە نێوان میدیاكاران بەڕوونی بەرچاودەكەوێت .
 بەرجەستەكردنی دیموكراتیەت‌و پیادەكردنی چەمكی شەفافیەت لەكۆمەڵگاكەماندا تەنها بەپەتی یاسایەكی لەوجۆرەوەو جێبەجێكردنیەوە بەندەو پرسیارەكانی هاووڵاتیانی ئەم هەرێمەش تەنها لێرەوە وەڵامی خۆیان بەدەستدێنن ، ئەمە مانای وانیە پرسە زۆرهەستیارە ئەمنیەكانیش بكەونە سنووری بازنەی ئەو یاسایەوە !! لانیكەم خۆدەبێت بوارەكانی حوكمرانی‌و گوزەرانی خەڵكی كوردستان بە تەمومژاوی نەمێنێتەوە!!




رێبوار تۆفیق بەنگینە