تازەترین هەواڵ
http://1.bp.blogspot.com/-tm6A1lUiFlA/UgZH80KcCYI/AAAAAAAAUOU/GCVNQvbUiAU/s1600/888.jpg
http://3.bp.blogspot.com/-hDYPrnsreLk/VQE643MVZdI/AAAAAAAAbsY/Teok57BxaKo/s1600/sarawar1.pnghttp://1.bp.blogspot.com/-BJZM5WSPCjY/VQE65bmkEMI/AAAAAAAAbsk/8jjf-pfEUzk/s1600/shahidan.pnghttp://2.bp.blogspot.com/-UE255vVBl-k/VQE64LF4oQI/AAAAAAAAbsQ/FO_GfHJkt0w/s1600/peshmarga.pnghttp://3.bp.blogspot.com/-1idXsU2UJMM/VQE63EDcX_I/AAAAAAAAbsI/v4kN56aC15I/s1600/karikater.pnghttp://2.bp.blogspot.com/-X7RrV86fPU0/VQE63M2gYLI/AAAAAAAAbsM/IRYATkRNyp0/s1600/nawdaran.pnghttp://2.bp.blogspot.com/-bfTrV0DY1bc/VQE63Ct_buI/AAAAAAAAbss/5zz63Jn3irk/s1600/kodi%2Brang.png
http://1.bp.blogspot.com/-tm6A1lUiFlA/UgZH80KcCYI/AAAAAAAAUOU/GCVNQvbUiAU/s1600/888.jpg

15‏/1‏/2014

بیرەوەری‌و...نهێنیەكی شۆڕشی نوێ !

 شەهید دڵشاد و شەهيد دڵێر
سەردەمی شۆڕشی نوێ چ وەك كاركردن لەناو ڕێكخستنەكانی ناوشار یان پێشمەرگایەتی لەشاخ سەردەمێكی ئێجگارسەخت بوو بەتایبەتی دوای شكستی شۆڕشەكەی پێشوو،  دیارە دەستپێكردنەوەی شۆڕش لەوكات‌و بارودۆخەدا‌و لەبەرامبەر ڕژێمێكی سەركوتكەری وەك ڕژێمی بەعسدا كارێكی هەروا ئاسان نەبوو. ئەوسەردەمە بەهۆی شكستی پێشووەوە هەموو كەس توخنی دەستپێكردنەوەی شۆڕش نەدەكەوت، تروسكایی‌و هیوای كۆمەڵێك لەناو نائومێدی گەورەی گەلێكەوە سەریهەڵدا، سەرەتا ئەوانەی  بڕوایان بە هەڵگیرسانەوەی شۆڕش هەبوو زۆرنەبوون !.. ئیدی ئەم سەرەتایە فراوان بوو، ڕیكخستنەكان گەشەیان كرد‌و فراوانتربوون،  هێزی پێشمەرگە فراوانتر‌و زیاتر ڕێكخرا،  مەفرەزە سەرەتاییەكان بەرفراوانتر بوون‌و لێرەوە بۆ ناوچە‌و هەرێمەكان‌و دواتر بۆ مەڵبەندەكان هەنگاویان نا، ئەركی گەورەو قورس لەسەرەتاوە دەستیپێكرد.. سەربەرزانە بەشداریكردن لە دەستپێكی شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا ماڵی ئێمەشی گرتەوە‌، ئەو شۆڕشەی بووە مێژووی نەتەوەیەك‌و تۆمارێكی گەش لەبژاڤی ڕزگاریخوازی گەلەكەماندا ، لەم شۆڕشەدا هزرو چەمكی نوێ بۆ حزبایەتی‌و كوردایەتی هاتە ئاراوە، ئەوان ئەو پریشكە بوون كە ئاگری گەورەی شۆڕشیان لێكەوتەوە!  هەرچی فشاری سیاسی‌و ئابووری‌و سەربازیی رژێم هەبوو نەیانتوانی ڕێ لەگەورەبوونی تروسكایی ئەو شۆڕشە بگرێت!! نەلەشارو نەلەشاخ ڕژێم نەیتوانی ڕێ لەبیرمەندو ڕۆشنبیرو تیكۆشەرانی ئەم گەلە بگرێت ! دوابەدوای پرۆسەی بەدناوی ئەنفال بوونی پێشمەرگە پارتیزانەكان بەڵگەی تەواوی ئەو راستیەن.
 دوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی بەهاری (1991) پەیتا پەیتا هەندێك لەبیرەوەریەكان چاپكران‌و نوسرانەوە ، هەندێكیان لەبیركران‌و هەندێكیش لە بیرەوەری شەهیدەكانمان  لێرەو لەوێ.. لای جەماوەرو لەشارو گوندو دێهاتەكان پارێزران‌و هێشتا زیندون‌و هەمان گەرموگوڕی جارانیان پێوەدیارە.
هەموو ئەو شەهیدە قارەمانانە نموونەی مرۆڤی فیداكارو بەتواناو لێهاتوو بوون ، ئەوان لەپێناو گەل‌و نەتەوەكەیاندا گیانی خۆیان بەختكرد، زۆرن ئەو بیرەوەریانەی لەسەرشەهیدان‌و پیاوە تێكۆشەرەكانی شۆڕشی نوێ باسیان لێوەبكرێت،  بیرەوەری ئەوان بۆتە بیرەوەری شۆڕش‌و تۆماری مێژووی میللەتێك! ئەم بیرەوەریە نامەیەكی  بچوكراوەی بە لەزگە پێچراوی شاخ بۆ ڕێكخستنەكان نیە!.. بیرەوەریەكە  تەنها گواستنەوەی چەك‌و هێنانی بڵاوكراوەكانی شۆڕش لەشاخەوە بۆ شار نیە!! بیرەوەریەكە باسكردن لەهێرشكردنە سەرمۆڵگەی جاش‌و بەعسیەكان یان ئەنجامدانی چالاكی سەربازی دژی ڕژێمەكەی بەعس نیە!! كۆبوونەوە بە دێهاتەكانی كوردستان‌و بڵاوكردنەوەی بیروباوەڕی شۆڕشی نوێ نیە!!.یان  نوكتەی ناو ژیانی ڕۆژانەی پێشمەرگایەتی نیە! دەبێت ئەو بیرەوەریە چی بێت ؟!
 (حەسەن حەمزە) مامۆستا ی گوندی گاپێڵۆن  چی دەگێڕێتەوە؟!
ساڵی 1979 رێكەوتی رۆژێكی هەینی‌و پێش نیوەڕۆ بوو ، ( ئەوسات لە گوندی گاپیڵۆن مامۆستا بووم ، هەر لەوێش بوو شەهید دڵشادم ناسی‌و بووە هاوڕێیەكی هەرە نزیكی من ) لەحەوشەی مەكتەبەكەدا وەستابووم. لەپاش دابڕانی هاتووچۆی شەهید دڵشاد بۆ ناوچەكەو بۆ سەردانی من بەهۆی ئیشوكاری پێشمەرگایەتی خۆیەوە،  سەیرمكرد شەهید دڵشاد لەگەڵ كەسێكی بیانی خۆی كرد بە قوتابخانەكەدا. لەدوای چاكوچۆنی‌و هەواڵپرسین‌و بەخێرهاتنەوەی شەهید دڵشاد ئەو هاوەڵە بیانییەی پێشكەشكردم بەناوێكی خواستراوەوە كە لەوێ بە (باران ) ناوی دەهێنا، دوایی هەرسێكمان لەحەشەوی قوتابخانەكەوە هاتینە ئەو ژوورەی كەمن بۆ نیشتەجێوونی خۆم لەناو قوتابخانەكەدا تەرخانم كردبوو لەوێ‌ لەدوای ئامادەكردنی نان‌وچای بەیانی بۆیان كەمێك سێ‌ قوڵی پێكەوە كەوتینە گفتوگۆ لەسیاسەتەوە بیگرە تا وتەی شیرین، بەدەم چاتێكردنەوە باران ناو بەناو هەندی پرسیای ئاراستەدەكردم، دڵشاد بەوتە شیرینەكانی ئەكەوتە نێوانمانەوە زوو زوو دەیووت مامۆستا( باران لەم ماوەیەی لەگەڵمانە فێری دیژلەمە خواردنەوە بووەو دیژلەمەی زۆر بۆ تێكە) !! دوای نزیكەی دوو كاتژمێریك دڵشاد ووتی مامۆستا لەسەركردایەتیەوە تا گاپێڵۆن ئێمە بەرێگاوە بووین‌و باران زۆر ماندووە ئەگەر بكرێت كەمێك لێرە پشووبەین، منیش خێرا جێگەم بۆ داخستن‌و ئەوان كەوتنە شیرینەخەوەوەو منیش لەحەوشەی قوتابخانەكەوە چاودێریان بووم تا نزیكەی كاتژمێر( 3)ی عەسر لای من مانەوەو دواتر بەرەو رێگەی جەولەی خۆیان كەوتنە رێ‌.. باران ڕۆژنامەنوسێكی نەمسایی بوو لەسەركردایەتیەوە نێردرابوو، لەگەڵ دڵشاد زۆربەی دێهاتەكان گەڕابوو،  ئیتر من ئاگام لەهەواڵی دڵشاد نەما . پاش چەند رۆژێ من سەردانی سلێمانیم كردەوەو  لەبەردەركی سەراوە دیوی دەرەوەی رەشەمۆڵی ئێستا لەسەر شەقامی (مەولەوی) یەوە دەپەڕیمەوە ساییدی بازاڕی عصری‌و لەبەردەم شەربەتخانەكەی جارانی (حاجی عباس )ەوە بەرەو ئەسحابە سپی سەرم داخستبوو ئەڕۆیشتم ، كەسێك بەنەرمی لەپشتەوە ووتی مامۆستا چۆنی؟! كە ئاوڕم دایەوە‌و سەیرمكرد دڵشادە!! بەچاكەت‌و پانتۆَڵەوە وەستاوە ، لەڕاستیدا من حەپەسام‌و زۆریش ترس چووە دڵمەوە لەوەی لەو جەرگەی سەرایە كە مەعلوومە لای هەمووان چۆن هێزە سەركوتكەرەكانی بەعس بەناو شاردا هاتوچۆیان دەكرد، ترس لێم نیشت كە دڵشاد بناسرێتەوەو بكەوێتە تۆڕی ئەو هێزانەوە، بەهێمنیەوە سڵاوم لێكردو ووتم ئەوە چی دەكەی لێرە ؟ لەوەڵامدا ووتی ئەوە (باران)ە لەپێشمەوەیە ئەڕوات، سەیرمكرد بارانیش بە پانتۆڵەوە كامێرایەكی بەدەستەوەیەو رەسمی سەراو ناوبازاڕی دەگرت، ووتم بۆ هێناوتە ؟ ووتی ئەمشەو چالاكیەك دەكەین لەناوشارو بارانیش هەندێ وێنەی چالاكیەكە دەگرێت، ئیتر نەكرا لەوە زیاتر  پێكەوە بدوێین،  من رۆیشتم‌و بەجێم هێشتن‌و چاوەڕێی بیستنی ئەو چالاكیەم دەكرد. هەر ئەورۆژە بۆ شەوێ درەنگانێك لەدەوروبەری سەرچنار بووە گرمە‌و هاژەی گوولە هاوەن‌و دەستڕێژی كڵاشینكۆف، دواتر هەواَلم پێگەیشت كە دڵشادو باران بەهاوەڵی مەفرەزەیەكی پێشمەرگەی یەكیتی كەدواتر زانیم مەفرەزەكەی شەهید (دلێری شێخ رەزا) بووە دابوویان بەسەر مەخفەرەكەی سەرچنارو رەبایەكانی ئەو ناوەو بارانیش كەوتبووە تۆماركردنی..
گەورەترین وەفاو یادی ئەم شەهیدەو هاوەڵانی پێشمەرگەی سۆراخێكی ( كابلان) ی ڕۆژنامەنوسە كە بەناوی ( باران) وە ناسرابوو،  بەداخەوەم‌و خۆزگەش دەخوازم هەوڵی جدی بدرێت بۆ دۆزینەوەی ئەم ڕۆژنامەنوسە‌و ئەم كارەش هەرهێندەی هێنانی هونەرمەندان‌و گۆرانیبێژانی دەرەوەی كوردستان‌و خەلاتكردنیان كارێكی گرانە!!

ڕێبوار تۆفیق بەنگینە