بۆ رێزلێنان لەخەباتی نیو
سەدە زیاتری هەڤاڵ مام جەلال، لەپێناوی دیموكراسیو رۆڵی كاریگەری
لەكوردستان، عیراقو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، (25)هەمین كۆنگرەی سۆسیال
ئینتەرناسیونال، كە لەوڵاتی كۆڵۆمبیا بەڕێوەدەچێت، بڕیاریدا، سەرۆك مام
جەلال، ببێتە سەرۆكی فەخری رێكخراوەكە.
(25)هەمین كۆنگرەی سۆسیال
ئینتەرناسیونال، كە لەشاری كارتاگینای كۆڵۆمبیا، كارو چالاكییەكانی
بەڕێوەدەچێت، رۆژی (2/3/2017) بە بەشداری وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی
كوردستانو بەوتارەكانی سەرۆك كۆماری كۆڵۆمبیا، سەرۆك و سكرتێری گشتی
سۆسیال ئینتەرناسیونال و سەرۆكی پارتی لیبرالی كۆڵۆمبیا، دەستی
بەكارەكانی كرد.
لەچوارچێوەی بەرنامەكانی
یەكەم رۆژی كۆنگرەكەشدا، هەڵبژاردن بۆ سەرۆك و سكرتێری گشتی سۆسیال
ئینتەرناسیونال كراو جۆرج پاپائەندریۆ، بەبێ ركاربەرو بەزۆرینەی دەنگ، بە
سەرۆكی رێكخراوەكە هەڵبژێردرایەوە.
هەروەك بۆ هەڵبژاردنی
سكرتێری گشتی رێكخراوەكەش، لەبەر ئامادەنەبوونی ركابەری دووەم، لویس
ئەیالا، بەزۆرینەی دەنگ، بەسكرتێری گشتی سۆسیتال ئینتەرناسیونال
هەڵبژێردرایەوە.
هەر لەدرێژەی بەرنامەكانی
یەكەم رۆژیداو بەئامادەبوونی وەفدی سەرجەم پارتە سیۆسیال دیموكراتەكانی
جیهان و سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و وەزیرو كاربەدەستانی باڵای زۆربەی
وڵاتانی جیهان، بەتێكڕای دەنگ، كۆنگرە، بۆ رێزلێنان لەخەباتی نیو سەدە
زیاتری لەپێناو دیموكراسیو رۆڵی كاریگەری لەكوردستان، عیراقو رۆژهەڵاتی
ناوەڕاستدا، سەرۆك (مام جەلال)ی كردە سەرۆكی فەخری رێكخراوی سۆسیال ئینتەر
ناسیونالو لەبەرامبەریشدا، وەفدە بەشداربووەكانو ئەندامانی كۆنگرە،
لەڕێگەی وەفدی یەكێتییەوە، پیرۆزباییەكانیان ئاڕاستەی سەرۆك مام جەلال كرد.