
چوونی سەنگاوی بۆ دادگا ئیدی دەبێت بەسەرەتای پوچەڵکردنەوەی فاڵی
هەموو ئەو جادوگەر و فاڵگرەوانەی ڕۆژانە لەسەر لەپی دەستی خۆیان و
مشتەریەکانیان نوقڵانەی کوشتنی ئازادی و سڕینەوەی جیاوازیە جوانەکانی ئەم
مەملەکەتە سەوزەیان لێدەدا و ئەم کردە ئامانجدارە ئەنتی یەکێتیەشیان ڕۆژانە
وەکوو بەشێک لەحەقیقەت لەسەر مینبەرە جیاجیاکانی میدیا بەکۆمەڵگایەکی
گەوجێندراوی بندەستیان دەفرۆشتەوە، کۆمەڵگایەک، کەبەداخەوە هوشیاری
ئەوەندەی نیە هەڵوێستی ئەوان لەفاکت و هەڵوێستی ئەوان لەحەقیقەت جودا
بکاتەوە.
چوونی سەنگاوی وەکوو سیمبوڵێکی پیشمەرگایەتی یەکێتی لەگەرمیان و
گەرمەسێر بۆ بەردەم دادگا، مۆڕاڵی بەرزی ئەو هێزە سیاسیەمان بۆ پشتڕاست
دەکاتەوە، کەلەسەرەتاکانی دامەزراندنیەوە، بەقوربانیدانی مەزن دروستی
کردووە و لەمێژووی زێڕینی خۆیدا بۆ لەحزەیەک دەستبەرداری نەبووە. مۆڕاڵێک،
کەپەیوەندی بەشوناسی ئازادیخوازانە و پەیوەندی بەشوناسی یەکسانیخوازانە و
عەدالەتخوازانەی ئەم هێزەوە هەیە لەهەمبەر پاراستی حەرەمی ئازادی و حەرەمی
داد و دادوەری و چوونیەکی کۆمەڵایەتی و پرسی هاوڵاتیبوونەوە.
لەڕاستیدا پابەندبوونی سەنگاوی بەدادگا و وەستانی ئەو لەبەردەم
دادوەردا وەکوو هاوڵاتیەکی ئاسایی ئەم هەرێمە، جۆرێکی دیکەی پێشمەرگایەتی
یەکێتیەکانە، لەپێناو سەروەکردنی یاسا و لەپێناو پاراستنی ناوبانگی زێڕینی
ئەو هێزە مێژوویەدا، کەسەنگاوی هاوڕیکانی بەگیانبازیەکی شۆڕشگێڕانەی
مەزنەوە بەرجەستەیان کردووە. هەروەک چۆن خەجاڵەتبوونی هەموو ئەو
حەکایەتخوانە تەقلیدیانەی ناو بەشێک لەمیدیای کوردیشە، کەلەم پرسەدا، نەک
نەیانتوانی چاوەڕوانی بڕیار و ڕاسپاردەکانی دادگا بکەن، بەڵکو خۆیان بەدەر
لەمۆڕاڵی بڵندی میدیاکارانەوە، پێش ڕووداوەکان کەوتن و گریمانەی دروستکردنی
سیناریۆ و پەردەپۆشکردنی کەیسی شەهید کاوەیان دەکرد و بەپەلەبوون بۆئەوەی
لەکونفەیەکونێکدا دیلیتی هەموو ئەو جیاوازیە جوانانە بکەن، کەیەکێتی
بەقوربانیدانێکی مەزن لەم دەڤەرە سەوزەدا بنیاتی ناون.
لێرەوە ئیدی دەبێت هەموان دوا قسە بۆ دادگا و بۆ ویژدانی زیندووی
دادوەرانی ئەم کەیسە بەجێبهێڵین و کەس جورئەتی ئەوە نەکات لەدیدی لایەنگری و
ئەنتی بوونەوە، چیتر جوملەی عاتفی و هەرزان بەها، بەنرخی یاقوت، بەخەڵکی
ئەم وڵاتە ستەمدیدەیە بفرۆشیتەوە.
چونکە لێرەوە بەشی یەکەمی چیرۆکەکە بەقازانجی ناوبانگی یەکێتی کۆتایی
هات و سەنگاوی کوڕی ڕۆژگارە سەختەکانی گەرمیانی نیشتیمان ئیدی نەیهێشت
تۆمەتبارکردنی یەکێتی، چیتر درێژە بکێشێت و لەبەردەم دادگا وەستاو بۆ
سەلماندنی بێ تاوانی خۆی و بۆ ڕێزگرتن لەیاسا ئامادەگی خۆی کرد بەسەردەمێکی
دیکەی نوێ لەژیانی پێشمەرگایەتی.
لەڕاستیدا ئیتر نۆبەتی دادگایە و سەنگاوی ئازایەتی نواند و
بەدەستی خۆی تۆپەکەی خستە گۆڕەپانە حەقیقیەکەوە و گۆڵێکی زێڕینی بۆ حزبەکەی
تۆمارکرد. گۆڕەپانێک کەجێگای یاریزانە حزبی و میدیایی و سیاسیەکانی
تێدانابێتەوە و جگە لەیاسا هەر جوڵەیەکی ئەوانی تر ئیتر دەبێت بەفاوڵ.
فاوڵێک کەهیوادارین سیاسیەکان و میدیاکارانی ئەم وڵاتە جورئەتی کردنی
نەکەن.
سلێمان عهبدوڵڵا یونس