سیاسه‌ت وه‌ك خولیایه‌كی گشتی!
30/6/2013
ئه‌وه‌ی به‌تێڕامانه‌وه له‌دیمه‌نی سیاسیی هه‌رێمی
كوردستان‌و كێشمه‌كێشه‌كانی نێوان پارته‌كانمان بڕوانێت، به‌و راستییه
ده‌گات كه سیاسه‌تكردن كورت بۆته‌وه بۆ ئه‌و ململانێ‌و ناكۆكییانه‌ی كه
له‌نێوان هێزه سیاسییه‌كاندا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، یان ئه‌وانه‌ی كه له‌سه‌ر
كۆمه‌ڵێك بابه‌ت‌و دۆزی سیاسیی په‌تی به‌رپا ده‌بن.
كۆنسێپتی
سیاسه‌ت، له‌هۆشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تیماندا، زیاتر له‌و وێنه زه‌ینییه‌دا
(الصورة الذهنیة) نیشته‌جێبووه كه چالاكییه‌كی وابه‌سته‌یه به‌سروشتی
كار‌و پیشه‌ی پارته سیاسییه‌كانه‌وه، یان گرێدراوه به‌ده‌وڵه‌ت‌و نوخبه‌ی
Elite حوكمڕان‌و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه، یان به‌وانه‌وه كه به‌شێوه‌ی
دیموكراسی‌و په‌رله‌مانی‌و ئاشتییانه بێت، یان شێوازی یاخیبوون‌و
توندوتیژی‌و چه‌كدارانه، به‌رهه‌ڵستیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌كه‌ن.
ئه‌م
كایه‌یه، له‌مۆرك‌و ده‌لاله‌ته گشتییه‌كانیدا، كراوه‌ته كایه‌یه‌ك كه
بكه‌ری سیاسی تیایدا ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ن كه راسته‌وخۆ سه‌ر به‌پارته
سیاسییه‌كانن‌و له‌ڕێگه‌ی پارته‌كانیشیانه‌وه بوونه‌ته بكه‌ری ناو
ده‌وڵه‌ت‌و دامه‌زراوه‌كانی. واته سیاسه‌ت گۆڕدراوه بۆ وه‌زیفه‌ی
ده‌سته‌بژێرێكی دیاریكراو، یان ئه‌وانه‌ی كه له‌بازنه‌ی دامه‌زراوه‌كانی
ده‌وڵه‌تدان، له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چوارچێوه‌یه، وێنه گشتییه‌كه وه‌ها
كه‌وتۆته‌وه كه سیاسه‌ت په‌یوه‌ندیی به‌و هاووڵاتیانه‌وه نییه كه
وه‌زیفه‌ی مه‌ده‌نی، یان كارگێڕی، یان خاوه‌نی پیشه‌ی تری جیاجیان. ئه‌م
وێنه گشتییه كه له‌سه‌ر گریمانه‌یه‌كی نه‌پشكنراو و خۆشباوه‌ڕو
له‌هه‌مانكاتدا ساویلكه خۆی راگرتووه، هه‌موو كه‌سێك، له‌ده‌ره‌وه‌ی
چوارچێوه‌ی راسته‌وخۆی سیاسه‌تكردن، ده‌كاته كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆ، ده‌یگۆڕێت
بۆ مرۆڤێكی بێ ئینتیما بۆ سیاسه‌ت، بۆ بوونه‌وه‌رێكی بێلایه‌ن، نابه‌شدار،
تێوه‌نه‌گلاو به‌م كایه‌یه‌ی چالاكیی مرۆڤ. به‌م مانایه‌ش ده‌بینین كه
سیاسه‌ت، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه خۆی وه‌ها بێت!، كراوه‌ته گۆڕه‌پانێكی ته‌واو
به‌رته‌سك له‌چالاكی‌و بزاوتی مرۆڤ، ئه‌مه له‌كاتێكدا زانستی
ئه‌نترۆپۆلۆژیای سیاسی Political anthropology پێمان ده‌ڵێت كه مرۆڤ
له‌پێناوی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی له‌ژینگه‌و كات‌و شوێنی جیاوازدا،
یان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ری، یان بۆ
رێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌و كارگێڕییانه‌ی خۆی، یان دابه‌شكردنی كار‌و
ئه‌رك‌و مافه‌كانی، یان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و ململانێی نێوان تاك‌و
گرووپه‌كان‌و سیستماتیزه‌كردنی فه‌رمان‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی، به‌درێژایی
مێژوو، پێویستیی به‌مۆدێلێكی رێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌بووه كه بریتی
بووه له‌سیاسه‌ت، به‌بێ سیاسه‌تیش مه‌حاڵ بووه بتوانرێت ئه‌و شێوازه
رێكخستنه به‌دی بهێنرێت.
ئێمه ئه‌مڕۆ ده‌بێ ته‌واو دژی ئه‌و
تێزه بین كه سیاسه‌ت له‌خولیای گشتی دوورده‌خاته‌وه. ئه‌وه‌ی پێیوابێت
سیاسه‌ت ته‌نها ده‌بێ كاری گرووپێك یان چه‌ند پارتێك، یان نوخبه‌یه‌كی
حوكمڕان، یان ته‌نها كاری ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت بێت، ئه‌وا
ده‌یه‌وێت له‌بیرمان به‌رێته‌وه كه كۆی ئه‌م دیاردانه سه‌رچاوه‌یان
له‌پێویستیی كۆمه‌ڵگه‌ییه‌وه وه‌رگرتووه نه‌ك خواستی به‌شێكی دیاریكراو
له‌مرۆڤ. خۆ بینینه‌وه‌ی مرۆڤ له‌كایه‌ی سیاسه‌تدا، هه‌میشه یه‌كێكه
له‌پێشمه‌رجه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی دوورخستنه‌وه‌ی سیاسه‌ت له‌به‌رژه‌وه‌ندیی
گرووپێكی دیاریكراودا، یان پاوانكردنی Monopoly له‌پێناوی ده‌سته‌یه‌كی
ده‌سه‌ڵاتداردا، یان گرووپه‌كانی به‌رهه‌ڵستكاری سیاسی.
بێگومان
ئه‌وده‌مه‌ی كه هه‌موومان دوور ده‌گرین له‌سیاسه‌تكردن، خۆمانی
لێده‌پارێزین، به‌شدارنابین له‌ململانێ‌و به‌ریه‌ككه‌وتن‌و گه‌مه‌كانی
ناوی، ئه‌وا یه‌كجار سه‌خته دیموكراسییش به‌دی بێت، زۆر ئه‌سته‌مه
بكه‌رانی ناو ئه‌م كایه‌یه‌ش، به‌وانه‌ی له‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسییدان‌و
به‌وانه‌شه‌وه كه ئۆپۆزسیۆنن‌و كار بۆ گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن،
له‌هیچ جۆره لێپرسینه‌وه‌و چاودێری‌و ناڕه‌زاییه‌كی كۆمه‌ڵگه بترسن،
بگره به‌شداری نه‌كردنمان له‌سیاسه‌ت دۆخێكی ترسناك له‌بێباكیی سیاسیی
ده‌هێنێته كایه‌وه كه سه‌ر له‌سته‌مكاری‌و گه‌نده‌ڵییه‌وه
ده‌رده‌هێنێت، هه‌موو دیكتاتۆره‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تیش له‌سه‌ر دوو
بنه‌مای كۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌شه‌یان كردووه‌و به‌هێز بوون، یه‌كه‌میان
بێده‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تیی كه بریتییه له‌سیاسه‌تی خۆپاراستن له‌به‌رامبه‌ر
ده‌وڵه‌ت‌و نوخبه‌ی حوكمڕان‌و هاوكات ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ش كه
به‌توندوتیژی‌و شێوه‌ی چه‌كداری رووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه، دووه‌میان
كڕكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی كه مه‌به‌ستمان له‌قبوڵكردن‌و ملكه‌چكردنی
كۆمه‌ڵگه‌یه بۆ هه‌موو ره‌فتارو بڕیارێكی سیاسییه‌كان‌و ده‌وڵه‌ت.
ئه‌مڕۆ
هه‌نگاوی یه‌كه‌می به‌میللیكردنی خولیای سیاسه‌تكردن ئه‌وه‌یه كه
به‌ڕوحێكی مه‌ده‌نییانه سیاسه‌ت بكرێت‌و حزبایه‌تیی به‌رته‌سك
به‌جێبهێڵرێت، واته سیاسه‌تكردنمان ته‌نها بریتی نه‌بێت له‌دابه‌شكردنی
كۆمه‌ڵگه به‌سه‌ر پارته سیاسییه‌كاندا، به‌ڵكو ته‌عبیربێت له‌داكۆكیكردن
له‌كۆمه‌ڵێك به‌هاو پڕه‌نسیپ، یان پیرۆزی‌و سیمبول، یان ماف‌و ئازادی كه
گه‌وره‌ترو ئایدیاڵتربن له‌وه‌ی كه له‌فه‌رهه‌نگ‌و سیستمی به‌رژه‌وه‌ندیی
پارته سیاسییه‌كاندا هه‌یه. سیاسه‌تكردن له‌دنیای ئێمه‌دا، هه‌رگیز
له‌دایك نابێت به‌بێ به‌هێزكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، به‌بێ تێپه‌ڕاندنی
به‌رژه‌وه‌ندیی گرووپه سیاسییه‌كان.
.................................................................
ئه‌م پیشه‌یه له كوردستاندا !
به‌پێی ئه‌و
زانیارییانه بێت كه به‌هۆی سروشتی پیشه‌كه‌مان و په‌یوه‌ندییه‌كانی
خۆمانه‌وه، له‌باره‌ی ئه‌زموونی كاری ته‌له‌فزیۆنیی كه‌ناڵه
بینراوه‌كانمانه‌وه، ده‌ستمان ده‌كه‌ون، زۆربه‌ی ئاماده‌كارانی پرۆگرامه
ته‌له‌فزیۆنییه‌كانمان له‌هه‌رێمی كوردستاندا خاوه‌نی رۆشنبیرییه‌كی
تیۆریی- زانستیی نین سه‌باره‌ت به‌و پیشه گرنگ و له‌هه‌مان كاتدا
هه‌ستیاره‌ی كه گرتوویانه‌ته ئه‌ستۆیان. ئه‌وان كارمه‌ندانێكن كه ده‌شێت
كاره‌كه‌ی خۆیان خۆشبوێت و له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ندێ رۆشنبیریی گشتی، یان
زه‌وقی پیشه‌یی، یان به‌هۆی هه‌ندێ پاڵنه‌ری تایبه‌تی و بابه‌تی
خۆیانه‌وه هه‌ڵبستن به له‌ئه‌ستۆگرتنی پیشه‌ی ئاماده‌كاری پرۆگرامی
ته‌له‌فزیۆنی و هه‌ندێ بیرۆكه‌و وێناكردنی هونه‌ری و بابه‌تی جۆراوجۆریان
بێت به خه‌یاڵدا و خه‌ونی ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه له‌سكرێپت یان ده‌قێكی
دیاریكراودا دایانبڕێژن و بیانگۆڕن بۆ به‌رهه‌مێكی ته‌له‌فزیۆنی و
له‌چوارچێوه‌ی ژانرێك له‌ژانراره‌كانی جیهانی میدیای بینراودا، به‌ڵام
ئه‌وان مه‌رج نییه له‌باگراوه‌ندێكی تیۆرییه‌وه له‌م پیشه‌یه‌ی خۆیان
گه‌یشتبن و هه‌نگاوه‌كانیان له‌پراكتیكدا ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌خشه‌یه‌كی
زانستییانه‌ی پیشه‌كه بێت، پیشه‌یه‌ك بێگومان له‌بنه‌ڕه‌تدا
نه‌پیشه‌یه‌كی ئاسان و ساكاره، نه هه‌موو كه‌سێكیش ده‌توانێت تیایدا
داهێنان بكات و كاری چۆنایه‌تیی به‌رهه‌م بهێنێت.
پاشان
ئێمه نابێ بیرمان بچێت كه زۆربه‌ی شاره‌زایانی بواری كاری ته‌له‌فزیۆنی
پێیانوایه ئاماده‌كردنی به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی ئه‌و بنه‌مایه‌یه كه
باقیی ره‌گه‌زه‌كانی تری كاری ته‌له‌فزیۆنیی له‌سه‌ر راده‌وه‌ستێت، وه‌ك : (
پێشكه‌شكردن Presentation، وێنه‌گرتن، دیكۆر، ده‌رهێنان، مۆنتاژ و
شێوازی كاركردنی)، بگره هه‌موو ئه‌م ره‌گه‌زانه بریتین له گۆڕینی
ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ر كاغه‌ز نووسراوه بۆ واقعێكی بینراو.
لێره‌دا ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین به سوود وه‌رگرتن له سه‌رچاوه
زانستییه‌كان چاوێك بگێڕین به‌و مه‌رج و توانا پێویستانه‌دا كه پێویسته
له‌هه‌ر یه‌كێكدا هه‌بێت كه ئاره‌زووی هه‌بێت له‌م پیشه‌یه‌دا كاربكات كه
پیشه‌ی»ئاماده‌كاری به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی»یه. ده‌شبێ سه‌ره‌تا ئه‌وه
بزانین كه لای زۆرێك له‌شاره‌زایان و ئه‌وانه‌ش كه ئه‌زموونیان له‌م
بواره‌دا هه‌یه، ئه‌م جۆره پیشه‌یه تێكه‌ڵه‌یه‌كه له به‌هره‌و زانست و
پراكتیك.
هه‌ڵبه‌ته ئاماده‌كار ده‌توانێت له‌رێگه‌ی
مامه‌ڵه‌كردنه‌وه له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌و واقیعه‌ی ده‌وروبه‌ری كه تێیدا
ده‌ژی و هه‌ستكردنی به‌و كێشانه‌ی كه دۆزی ئه‌ون و جێی گرنگی پێدانین،
ئاماژه به‌و بیرۆكانه بكات كه له‌گه‌ڵ كۆنتێكستی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌دا
ده‌گونجێن كه ئاماده ده‌كرێت. هاوكات به‌دواداچوونی به‌رده‌وامیش بۆ
ئامراز‌و كه‌ناڵه جیاجیاكانی راگه‌یاندن و له‌گه‌ڵیدا خوێندنه‌وه‌ی كتێبه
جیاوازه‌كان و ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی كه سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه‌و
زانكۆكان ئه‌نجامیان ده‌ده‌ن كۆمه‌ڵه مه‌رجێكی گرنگن بۆ خوڵقاندنی بیرۆكه
تازه‌كان، چونكه بیرۆكه خۆی، به‌بۆچوونی زۆربه‌ی ئه‌و پسپۆرانه‌ی له‌م
بواره‌دا شاره‌زان، بریتییه له‌سه‌رمایه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی كه ئاماده‌كاری
به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنییه.
ئاماده‌كاری به‌رنامه كێیه؟
پێناسه زۆره بۆ ناسینی ئه‌و كه‌سه‌ی پێی ده‌وترێ ئاماده‌كار Script
Writer، له‌م بواره‌دا ئێمه‌دا ته‌نها پێناسه‌یه‌كی سه‌ره‌كی و باو
ده‌هێنینه‌وه. ئاماده‌كار بریتییه له‌و كه‌سه‌ی كه هه‌ڵده‌ستێت به
ئاماده‌كردنی كاری ته‌له‌فزیۆنی، وشه‌ی ئاماده‌كار-یش به‌و چاره‌سه‌ره
هونه‌رییه ده‌وترێت كه بۆ ده‌قێك له‌ده‌قه‌كان ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی بواری
ئه‌وه‌ی تیا بێت كه به رێگه‌یه‌كی شیاو پێشكه‌ش بكرێت، ئه‌مه‌ش
به‌شێوه‌یه‌ك كه له‌گه‌ڵ سروشتی كاری ته‌له‌فزیۆنیدا، وه‌ك ئامرازێكی
میدیایی، بگونجێت.
دیاره جۆرێكی دیاریكراوی به‌رنامه‌ش
هه‌یه كه ته‌واو پشت ده‌به‌ستێت به‌و سیناریۆیه‌ی كه ئاماده‌كار یان
نووسه‌ر پێشكه‌شی ده‌كات، به‌ڵام به‌رنامه‌ی تریش هه‌ن كه ئاماده‌كار
تیایاندا هه‌ڵده‌ستێت به دیاریكردنی بابه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه
به‌شداری ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندیكردن پێیانه‌وه‌و رازیكردنیان به‌وه‌ی كه
به‌شدار بن و رێكه‌وتنیش له‌گه‌ڵیاندا له‌سه‌ر هه‌موو هه‌نگاوه‌كان و
رێوشوێنه‌كان و بگره داڕشتنی ئه‌و پرسیارانه‌ی كه پێشكه‌شكاری به‌رنامه
له‌گفتوگۆو دیمانه‌یدا له‌گه‌ڵ میوانه‌كاندا به‌كاریان ده‌هێنێت تا
ده‌گاته نووسینی هه‌ندێ خاڵی گرنگیش كه رێگه له‌به‌رده‌م پێشكه‌شكاری
به‌رنامه‌دا رووناك ده‌كه‌نه‌وه.
له هه‌موو حاڵه‌تێكدا،
شاره‌زایانی بواری ماسمیدیا پێمانده‌ڵێن كه، نوسه‌ر/ ئاماده‌كار، ده‌بێ
پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به نووسینه‌كه‌ی بكات بیر له‌وه بكاته‌وه كه چۆن
ئه‌وه‌ی ده‌ینوسێت له‌سه‌ر شاشه‌دا بیخاته‌ڕوو. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر
ئاماده‌كاری به‌رنامه پێویسته كه كۆڵه‌گه‌كانی داڕشتنی په‌یامی
ته‌له‌فزیۆنی و چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی هه‌ر ره‌گه‌زێك له‌ره‌گه‌زه‌كانی
به‌باشی هه‌رسكردبێت، چونكه ئه‌و ره‌گه‌زانه وشه‌و زاراوه‌ی تایبه‌ت
به زمانی ته‌له‌فزیۆنن كه له‌رێگه‌یانه‌وه بیرۆكه‌و زانیاری و
هه‌سته‌كانی و هه‌موو شتێك كه په‌یوه‌ندیی به بینه‌ره‌وه هه‌بێت،
داده‌ڕێژێت و گوزارشتیان لێ ده‌كات. وێنه‌و پێكهاته‌و گۆشه‌كانی وێنه‌گرتنی
و شێوه‌و قه‌باره‌ی و رووناكییه‌كان و جلوبه‌رگ و ماكیاژكردن و جوڵه‌كان و
ئاماژه كه‌سییه‌كان هه‌ر هه‌موویان كۆمه‌ڵه ره‌گه‌زێكن كه پێویسته
له‌سه‌ر ئاماده‌كار له‌ده‌قه‌كه‌ی و له‌شێوه‌ی زانیاری‌دا روونیان
بكاته‌وه، جا ئیتر ده‌قه‌كه ده‌قێكی درامی بێت یان نادرامی، ئه‌مه
سه‌رباری به‌كارهێنانی ره‌گه‌زه‌كانی وه‌ك ده‌نگ و پێكهێنه‌ره‌كانی و
ده‌ربڕینی له‌ده‌قدا.
هه‌موو ئه‌م ره‌گه‌زه بینراو و
ده‌نگییانه، له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتن له‌كه‌ره‌سته بنچینه‌ییه‌كانی ته‌كنیكی
ته‌له‌فزیۆن و ئامێره‌كانی به‌رهه‌مهێنان، وه‌ك كامێرا‌كان، ژووری
چاودێریكردن، كۆنترۆڵ و شوێنی به‌رهه‌مهێنان و ئه‌و رووبه‌رو سنووره‌ی كه
ده‌یسه‌پێنێ و هه‌روه‌ها چۆنیه‌تیی جێبه‌جێكردنی به‌رهه‌مهێنان و پرسیاری
ئه‌وه‌ش كه ئاخۆ به‌رنامه‌كه تۆمار ده‌كرێت یان راسته‌وخۆ په‌خش
ده‌كرێت، هه‌موو ئه‌م كۆڵه‌گانه، به‌گشتی، هونه‌ری ئاماده‌كردنی
ته‌له‌فزیۆنی پێكده‌هێنن.
خه‌سڵه‌ته‌كانی ئاماده‌كاری ته‌له‌فزیۆنی
زۆربه‌ی
ئه‌و سه‌رچاوه زانستییانه‌ی كه له‌بواری میدیادا له‌سه‌ر ئه‌م پیشه
گرنگه‌ی كاری ته‌له‌فزیۆنی ده‌دوێن، وایان پێ باشتره كه ئاماده‌كاری
به‌رنامه كه‌سێكی به‌هره‌دار بێت، به‌و مانایه‌ی كه خۆی ئاماده‌باشیی
شه‌خسی و ئاره‌زووی له‌نوسین و ئاماده‌كردن هه‌بێت، پاشان له‌سه‌ریه‌تی
كه ئه‌م به‌هره‌یه بباته پێشه‌وه‌و به هه‌وڵ و پراكتیك په‌ره‌ی
پێبدات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئاماده‌كاری-یش به سه‌ركه‌وتووی
به‌ڕێوه‌بچێت ئه‌وا پێویستیی به په‌ره‌پێدانێكی به‌رده‌وام هه‌یه،
ئه‌مه‌ش به لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیی قوڵ و به‌شداریكردن له‌خوله‌كانی
راهێنانی تایبه‌ت به‌دی دێت.. ئه‌و خه‌سڵه‌ت و لێوه‌شاوه‌ییه گشتییانه‌ش
كه ده‌بێ له كه‌سی ئاماده‌كاری به‌رنامه‌دا هه‌بێت، ئه‌مانه‌ی
خواره‌وه‌یه:
1-زۆربه‌ی زانكۆكان مه‌رجی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه
ده‌رچووی زانكۆ بێت و زمانی تر بزانیت جگه له‌زمانی دایك، به‌تایبه‌تیش
زمانی ئینگلیزی.
2-توانای گوزارشتكردن له‌بیرۆكه‌كان، ئه‌م توانایه‌ش له‌وه‌دا له‌كه‌سی ئاماده‌كاردا به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت كه بتوانێت بنووسێت.
3-توانای به‌ده‌ستهێنانی زانین و تێگه‌یشتن له‌وانیتر و به‌ده‌ستهێنانی زانیارییش له‌بواری خوێندن و گوێ‌گرتن‌دا.
4-ئاستێكی مه‌عریفیی باشی هه‌بێت له‌و بابه‌تانه‌دا كه له باره‌یانه‌وه ده‌نووسێت.
5-هه‌ڵكردنی ته‌واو له‌گه‌ڵ واقیع و هه‌ستكردنی توند به كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌ی.
6- توانای خه‌یاڵفراوانی و ئه‌فراندن.
7-پابه‌ندبوون به پێوه‌ره ئاكارییه‌كانه‌وه وه‌ك راستگۆیی و بابه‌تیبوون.
8-شاره‌زایی له‌بواری ئه‌و یاسایانه‌ی كه بۆ راگه‌یاندن دانراون.
9-تێگه‌یشتن له‌ته‌له‌فزیۆن وه‌ك ئامرازێكی راگه‌یاندن و تایبه‌تمه‌ندی و كۆڵه‌گه‌كانی.
10-شاره‌زایی
له‌رۆشنبیریی گشتیدا، مه‌به‌ست لێی كۆی ئه‌و زانین و بایه‌خدانه
جۆراوجۆرانه‌یه كه سیاسه‌ت و مێژوو و ئابوری و كۆمه‌ڵگه ده‌گرێته‌وه،
ئه‌م رۆشنبیرییه فه‌رهه‌نگییه‌ش به به‌شێكی دانه‌بڕاو له‌په‌یبردنی
نوسه‌ر داده‌نرێت و نیشانه‌گرتنێكی گرنگی ئه‌و بیرۆكه‌و زانیارییانه‌شه
كه زۆر یارمه‌تیی ده‌ده‌ن بۆ به ئه‌نجامگه‌یاندنی كاره‌كه‌ی.
12-
خۆپڕچه‌ككردن به‌و رۆشنبیرییه‌ی كه په‌یوه‌سته به كاری
ته‌له‌فزیۆنییه‌وه، ئه‌مه به‌و مانایه‌ی نووسه‌ر خۆی به زانینه
بنه‌ڕه‌تییانه‌كان ( المعارف السیاسیة) و ئه‌و زانست و هونه‌رانه چه‌كدار
بكات كه په‌یوه‌ندیدارن به كاری ته‌له‌فزیۆنییه‌وه‌و گرێدراون پێوه‌ی،
ئه‌مه جگه له‌و زانست و هونه‌رانه‌ی كه په‌یوه‌ستن به پسپۆرییه‌كی
ورده‌وه‌و نوسه‌ر كاركردنی تێدا هه‌ڵبژاردبێت.
13-نه‌رمونیان
بێت و توانای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی حاڵه‌ته كتوپڕه‌كانی هه‌بێت، ئه‌مه‌ش
له‌ده‌ستپێكه‌وه بۆ كۆتایی سروشتی به‌رهه‌مهێنانی كاری ته‌له‌فزیۆنی
ده‌یسه‌پێنێت كه له زۆر رووه‌وه ده‌كه‌وێته ژێر دۆخه كتوپڕه‌كان و
هه‌لومه‌رجه گۆڕاوه‌كانه‌وه، بۆ نموونه ده‌شێت یه‌كێك له میوانه‌كان
له‌ساته‌وه‌ختێكی رووگیركه‌ردا ئاماده‌ی به‌رنامه‌كه نه‌بێت، ده‌شێت
ره‌زامه‌ندیی لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست نه‌یه‌ت بۆ وێنه‌گرتنی
به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراو، یان چه‌ند گرته‌یه‌ك له‌شوێنێكی دیاریكراودا،
یان ره‌نگه به‌بۆنه‌ی هۆكارێكی هونه‌رییه‌وه، كه له‌ده‌ره‌وه‌ی ویست و
خواستدا بێت، نه‌توانرێت له‌شوێنێك له‌شوێنه‌كان وێنه بگیرێت، ئه‌م
حاڵه‌ته كتوپڕانه‌ش داوای ئه‌وه له نووسه‌ر/ئاماده‌كار ده‌كه‌ن كه
نه‌رمونیانی تێدا بێت یان ئه‌و توانایه‌ی هه‌بێت كه وای لێ بكات بتوانێت
رووبه‌ڕووی ئه‌م جۆره حاڵه‌ته كتوكپڕانه ببێته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان:
1- معد
البرامج التلفزیونیه، موسوعه إعلامیه متخصصه فی فنون الصحافه و
الإعلام و الإتصال، الجمعه, 18 سبتمبر, 2009، راجع موقع:
http://mediacom.arabblogs.com/archive/2009/9/942793.html
2- سعد
صالح، إعداد وتنفیذالبرامج التلفزیونیه، موقع: الحوار المتمدن- العدد:
2850 - 2009 / 12 / 6، المحور: الادب والفن ، راجع الموقع :
http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=194047
3- المعد التلفزیونی جندی مجهول وأهم من المقدم أحیانا، راجع موقع :
http://www.siironline.org/alabwab/solta4(17)/08.htm
.................................................................
31/3/2013
سیاسه‌تكار به‌كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی دیاریكراو له‌مرۆڤی ئاسایی
جیا ده‌كرێته‌وه. كه‌سی سیاسی Political person به‌و كه‌سه ده‌وترێت كه
سیاسه‌ت-ی كردۆته پیشه‌و ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی چالاكییه
كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی. ئه‌گه‌ر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه ره‌چاو نه‌كه‌ین،
هه‌موو مرۆڤێك، به‌مانای فراوانی وشه، كه‌سێكی سیاسییه‌و رۆژانه
له‌هه‌ندێ هه‌ڵوێست و هه‌ڵسوكه‌وتدا خه‌ریكی سیاسه‌تكردنه.
به‌ده‌سته‌واژه‌یه‌كی
تر، كه‌م كه‌س هه‌یه، به‌بۆنه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و پێویستییه‌كی
دیاریكراوه‌وه بێت، یان بیرۆكه‌و بیروباوه‌ڕێكه‌وه، یان خه‌ون و
هیوایه‌كه‌وه، یان مه‌رام و ئامانجێكه‌وه، ناچار نه‌بووبێت هه‌ندێجار
به‌شێك له‌و رێوشوێن و میكانیزمانه، یان ئه‌و سه‌وداو مامه‌ڵه‌كردنانه،
یان ئه‌و دان و وه‌رگرتنانه (أخژ و عگا‌و)، یان ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له‌و فرت
و فیڵانه په‌یڕه‌و نه‌كات كه كه‌سی سیاسی به‌ناوی سیستمه‌وه، یان
پیرۆزی و به‌هاوه، یان ئایدۆلۆژیایه‌كه‌وه، یان به‌ناوی
به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌له‌وه، یان پارتێكی سیاسییه‌وه، یان چین و
توێژێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، به‌كاریان ده‌هێنێت. واته هه‌رچه‌نده
سیاسه‌تكار خه‌سڵه‌تی تایبه‌تیی خۆی هه‌یه، به‌ڵام مرۆڤی ئاسایی-ش، به
ئاگاوه بێت یان نا، له‌دواییدا، وه‌ك ئه‌رستۆ ده‌ڵێ، بوونه‌وه‌رێكی
سیاسییه.
لێره‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی بواری سیاسی،
له‌هه‌ر بوارێكی تری چالاكیی كۆمه‌ڵایه‌تی، زیاتر په‌یوه‌ست بێت به‌ژیان و
چاره‌نووسی كۆمه‌ڵگه‌كانه‌وه، ئه‌و هه‌سته سیاسییه‌یه كه هاووڵاتیانی
ئاسایی له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌ت و سیستم و ده‌سه‌ڵات هه‌یانه. ئه‌م هه‌سته
بریتییه له‌كۆمه‌ڵێك پێوه‌ری تایبه‌تی، یان دیدی به‌راوردكاری، یان
ئه‌زموونی كه‌سی، یان ته‌نانه‌ت خه‌یاڵ و مه‌زه‌نده‌و هه‌ندێجار یۆتۆپیا
كه له‌كۆتاییدا فه‌نتازیایه‌ك بۆ چۆنیه‌تی سیاسه‌تكردن لای هاووڵاتی دروست
ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، سیاسه‌ت و سیاسه‌تمه‌داران
هه‌ڵده‌سه‌نگێنن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بێگومان یه‌كێك له‌و
خه‌سڵه‌تانه‌ی كه سیاسه‌تكار له‌مرۆڤی ئاسایی جیاده‌كاته‌وه‌و پێگه‌یه‌كی
كۆمه‌ڵایه‌تیی پێده‌به‌خشێت، خه‌سڵه‌تی بیركردنه‌وه‌یه له‌پاشه‌ڕۆژی گشت.
ئه‌م خه‌سڵه‌ته، به‌سروشتی غه‌ریزه‌و ئه‌نگێزه‌كان Tendencies، بایه‌خێكی
به‌رده‌وامی لای مرۆڤی ئاسایی نییه. په‌رۆشبوون بۆ گشت زۆرجار ده‌بێته
ژێر پێی خه‌م و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تی و تاكییه‌كانی خوده‌وه. واته
هیچ مرۆڤێكی ئاسایی ناتوانێت به‌رده‌وام خه‌می گشتی هه‌بێت، خۆی برسی بێت و
له‌خه‌می برسێتیی ئه‌وانیدا بێت چ جای بیركردنه‌وه له‌پاشه‌ڕۆژی
هه‌مووان! ئه‌مه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ «هۆبز»ی فه‌یله‌سوفدا نه‌ڵێین
له‌بنه‌ڕه‌تدا «مرۆڤ گورگه بۆ برای مرۆڤی خۆی».
یه‌كێك
له‌پێناسه‌كانی سیاسه‌تكار، به‌دیاریكراوی، ئه‌وه‌یه كه، كه‌سێكه،
پێویسته هه‌ڵگری خه‌سڵه‌تی بیركردنه‌وه بێت له‌پاشه‌ڕۆژی گشت نه‌ك ته‌نها
به‌رژه‌وه‌ندی و پاشه‌ڕۆژی تایبه‌تیی خۆی. ئه‌و كه‌سێكه له‌سه‌ریه‌تی
مه‌مله‌كه‌تی تایبه‌تیی خۆی تێپه‌ڕێنێت و بایه‌خێكی سنووردار به‌حه‌زو
به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خۆی بدات. سیاسه‌تكار بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت
بیر له‌پاشه‌ڕۆژی گشت بكاته‌وه، مه‌حكومه له‌زه‌مه‌ندا بیر له‌ئێستا
بكاته‌وه، چونكه ئێستا، به‌هه‌ڵكشان و داكشانه‌كانییه‌وه، به‌شكست و
سه‌ركه‌وتنه‌كانییه‌وه، زاده‌ی ئه‌و رووداوانه‌یه كه له‌دوێنێدا
روویانداوه، هه‌رچی پاشه‌ڕۆژ-یشه، ئه‌وا به‌رهه‌می هیچی دی نییه جگه
له‌ئێستا.
ره‌گه‌زێكی ته‌واوكه‌ری خه‌سڵه‌تی بیركردنه‌وه
له‌پاشه‌ڕۆژی گشت له‌لای سیاسه‌تكار ئه‌وه‌یه كه پێشبینی Expectation
بكات و هێزی پێشبینیكردنێكی سێ سه‌ره‌ی هه‌بێت. له‌لایه‌ك پێشبینی بۆ
داهاتووی چالاكییه‌كانی ئێستای خۆی هه‌بێ، له‌لایه‌كی تره‌وه پێشبینی بۆ
ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی كه په‌یوه‌ندییان به‌فاكته‌ری ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی
خۆیه‌وه هه‌یه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه پێشبینی بۆ ئه‌و په‌رچه‌كردارانه‌ی
كه ده‌شێت له‌ئێستاو پاشه‌ڕۆژداو له‌به‌رامبه‌ر پڕۆژه‌و به‌رنامه‌كانیدا،
رووبده‌ن.
پێشبینیكردن، سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی وزه‌به‌خشینه
به‌خودی هه‌ر بیركردنه‌وه‌یه‌كیش له‌پاشه‌ڕۆژی گشت، چونكه به‌بێ
پێشبینییه‌كان ناتوانرێ درێژه به‌مڕۆ بدرێت به‌ره‌و سبه‌ی، ئه‌سته‌مه
پلان و به‌رنامه‌كانیش جێبه‌جێ بكرێن. ونیستون چرچڵ (1874 – 1965ز( كه
یه‌كێك بوو له‌ڕابه‌ره سیاسییه ناوداره‌كانی مێژووی ئینگلیز‌و جیهانی نوێ،
له‌وته‌زایه‌كی خۆیدا ده‌ڵێ: «سیاسه‌تكاری چاك ئه‌و كه‌سه‌یه كه خاوه‌ن
توانای پێشبینیكردنه، هه‌روه‌ها توانای پاساودانی ئه‌وه‌ش كه بۆچی
پێشبینییه‌كه‌ی به‌دینه‌هاتووه». ئه‌م وته‌زایه له‌بۆچوونی كه‌سێكی
ساده‌وه نایه‌ت، به‌ڵكو زاده‌ی ئه‌زموونه‌كانی سیاسه‌تمه‌دارێكی گه‌وره‌ی
مێژووه. كاتێك ئه‌م ره‌گه‌زه گرنگه بۆ ئه‌ركی سیاسه‌تكار دیاری ده‌كرێت
ده‌زانرێ كه چاره‌نووسی زۆر ئامانج و ستراتیژ‌و بگره هه‌ندێجار
چاره‌نووسی میلله‌تان و كێشه‌و دۆزه گه‌وره‌كانیشیانی له‌سه‌ر
راده‌وه‌ستێت. ئه‌مڕۆ سیاسییه‌كانی ئێمه‌ش له‌هه‌رێمی كوردستاندا ناتوانن
شایسته‌ی ئه‌م پیشه‌یه بن و به‌سیاسه‌تكار ناوببرێن ئه‌گه‌ر زیاتر
به‌به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خۆیانه‌وه خه‌ریك بن، ئه‌گه‌ر
له‌بیری پاشه‌ڕۆژی گشت‌دا نه‌بن و له‌ڕێگه‌ی چالاكی و پڕۆژه‌وه پێشبینییان
بۆ ئاینده وڵات و نه‌ته‌وه نه‌بێت.
.................................................................له‌كوردسات و گه‌لی كوردستانه‌وه، پیشه‌سازیی دروستكردنی نه‌ته‌وه!
10/2/2013
له‌بۆنه‌ی تریشدا وتومانه دروستكردنی نه‌ته‌وه Nation،
به‌رهه‌می ئیراده‌ی ئه‌و مرۆڤانه‌یه كه چوارچێوه‌یه‌كی جیۆ-سیاسیی
دیاریكراو ده‌كه‌نه نیشتمانی هاوبه‌شی خۆیان و ماناگه‌لێكی سیاسی و
كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووریی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا داده‌بڕن كه هه‌موویان
قبوڵیان بێت و به‌ویستی خۆشیان له‌پاراستن و گه‌شه‌پێدانیدا، به‌شداربن.
سه‌ره‌تاش
ده‌بێ بزانین كه نه‌ته‌وه، ته‌نها نه‌ژاد Race دروستی ناكات. گریمانه‌ی
چه‌مكی نه‌ژاد، وه‌ك چه‌مكێكی بایۆلۆژی و وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ گرووپێك
له‌مرۆڤ كه پێكهاته‌یه‌كی بایۆلۆژیی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێت و
له‌ڕه‌گه‌زی تری مرۆڤیان جیابكاته‌وه، گریمانه‌یه‌كی بابه‌تی نییه.
هه‌ندێ بۆچوونی زانستی پێمان ده‌ڵێن كه ئه‌م چه‌مكه توانای ته‌فسیركردنی
ئه‌و بنه‌مایانه‌ی نییه كه گرووپێكی مرۆیی، له‌جوگرافییایه‌كی
دیاریكراودا، له‌ده‌وری كۆمه‌ڵێك به‌های كه‌لتووری و سیاسی كۆده‌كاته‌وه، چ
جای ئه‌وه‌ی مه‌رجی سه‌ره‌كیی پێكهێنانی نه‌ته‌وه بێت!.
ساڵی(1952ز)
له‌یونسكۆ UNESCO كۆمه‌ڵێك له‌زانایانی بواری سۆسیۆلۆژیا له‌كتێبێكی
خۆیاندا به‌ناونیشانی به‌یاننامه‌یه‌ك له‌باره‌ی نه‌ژاد-ه‌وه«The
Statement on Race»، ره‌خنه‌ی ئه‌وه له‌چه‌مكی نه‌ژاد ده‌گرن كه دێت و
جیاوازییه‌كانمان، له‌تایبه‌تمه‌ندییه كه‌لتوورییه‌كاندا، وه‌ك ئاین و
نه‌ته‌وه‌و زمان و ره‌فتار، وه‌ها بۆ وێنا ده‌كات كه جیاوازگه‌لێكی زگماكی
بن و قابیل به‌په‌ره‌سه‌ندن و گۆڕان نه‌بن. ئه‌م ره‌خنه‌یه له‌چه‌مكی
نه‌ژاد پاڵپشتیی زانستیی زۆری هه‌یه. بیرۆكه‌ی نه‌ژاد(العرق)، به‌پێی
هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی زانستی، به‌تایبه‌تیش لای زۆرێك له‌زانایانی
ئه‌نسروپۆلۆژیا، بیرۆكه‌یه‌كی ناڕاسته‌و سه‌رله‌به‌ریش ره‌تده‌كرێته‌وه.
ئۆرینتالیست و بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسیی ئارنست رینان-یش(1823-1892ز)
له‌تێكسته به‌ناوبانگه‌كه‌ی خۆیدا(نه‌ته‌وه چییه؟) هه‌مان ره‌خنه‌ی
هه‌یه. ئه‌و به‌ڕوونی ده‌ڵێت:«نه‌ژادی په‌تی بوونی نییه، سه‌قامگیركردنی
سیاسه‌تیش به‌شیكردنه‌وه‌ی ئه‌تنۆگرافییانه به‌مانای دامه‌زراندنێتی
له‌سه‌ر ره‌نگ و شه‌به‌نگێك كه نه‌ماوه‌و سڕاوه‌ته‌وه» به‌م مانایه‌ش،
نه‌ژاد ناتوانێت نه‌ته‌وه له‌خۆیدا كورت بكاته‌وه‌و نه‌ته‌وه‌ش بریتی
نییه له‌نه‌ژادێكی دیاریكراو.
له‌لایه‌كی تره‌وه، نه‌ته‌وه،
ئیتنیك-یش Ethnic به‌ته‌نها دروستی ناكات. ئیتنیك تاقه فاكته‌ر نییه بۆ
بیناكردنی نه‌ته‌وه به‌مانای مۆدێردنی وشه. جیاوازیی نێوان نه‌ژادو
ئیتنیك-یش جیاوازییه‌كی گه‌وره نییه، یه‌كه‌میان ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه
كه‌لتوورییانه‌ی باسمانكردن وه‌ك تایبه‌تمه‌ندگه‌لێكی به‌میرات جێماو
ده‌بینێت، دووه‌میشیان وه‌ك تایبه‌تمه‌ندگه‌لێكی به‌ده‌ستهاتوو(مكتسب)،
یه‌كه‌میان له‌ئه‌زموونی زۆر كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی‌دا سه‌ری
له‌ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌وه Racism ده‌رهێناوه، دووه‌میشیان یان له‌جیاكاریی
ره‌گه‌زیی Apartheid یاخود شۆڤێنیزم، بۆیه نه نه‌ژادو نه ئیتنیك،
هیچیان، ناتوانن نه‌ته‌وه بینا بكه‌ن كه چوارچێوه‌یه‌كی
سیاسی-كۆمه‌ڵگه‌یی كراوه‌ترو فراوانتره.
نه‌ته‌وه، وه‌ك رینان
ده‌ڵێ:«ته‌نانه‌ت زمان و ئاین و جوگرافیاش نایخوڵقێنێ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی
دروستی ده‌كات روحییه‌تی مرۆڤه‌كانه، ئاره‌زوویانه بۆ پێكه‌وه‌ژیان»،
ئێمه لێره‌وه‌یه ده‌ڕوانینه دوو رووداوی جیاواز له‌م هه‌فته‌یه‌ی
رابردووی هه‌رێمی كوردستان كه هه‌ردووكیان رۆڵی میدیا له‌خوڵقاندنیاندا
رۆڵێكی نوێیه‌و ناڕاسته‌وخۆ ده‌ڕژێته خانه‌ی بیناكردنی نه‌ته‌وه‌وه
له‌سه‌ر بنه‌مای مافی مرۆڤ و جوڵاندنی ویژانی مرۆیی و غه‌ریزه‌ی سۆز‌و
هاوده‌ردی لای مرۆڤی ئێمه.
یه‌كه‌میان مه‌به‌ستمان له‌ڕووداوی
هه‌ڵمه‌تی نیشتمانیی كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه‌یه بۆ ئه‌و هاووڵاتییه كوردانه‌ی
رۆژئاوای كوردستان كه ئاواره‌ی ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانن، دووه‌میان
تووڕه‌یی مرۆییانه‌ی ئێمه له‌به‌رامبه‌ر قوربانی و سووتاوه‌كانی
باڵه‌خانه‌ی«فیرده‌وس»ی ناوخۆیی خوێندكاران له‌سلێمانی.
ئێمه
له‌به‌رده‌م ئه‌م دوو رووداوه‌داو به‌هۆی كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كانی كوردسات و
گه‌لی كوردستانه‌وه، كه یه‌كه‌میان سه‌رپه‌رشتیی هه‌ڵمه‌ته
نیشتمانییه‌كه ده‌كات و دووه‌میان ده‌ستپێشخه‌ریی له‌ڕوماڵێكی میدیایی
ویژدان هه‌ژێندا كرد، به‌كرده‌وه ده‌بینه‌وه به‌مرۆڤ پێش ئه‌وه‌ی
كوردبوون به‌م دوو رووداوه‌مان گرێ بداته‌وه، سه‌ره‌نجامی بێداربوونی
مرۆییانه‌شمان له‌به‌رامبه‌ر هه‌ردوو رووداوه‌كه‌دا، به‌ئاگاوه بێت یان بێ
ئاگا، له‌خزمه‌تی بیناكردنی نه‌ته‌وه‌دایه.
كوردسات و گه‌لی
كوردستان، به‌م رۆڵه‌یان، به‌ردێكی راستیان كرده بناغه بۆ پیشه‌سازیی
بیناكردنی نه‌ته‌وه كه به‌ردی بزواندنی ویژدانی مرۆیی و رۆحی
هاوده‌ردییه، چونكه به‌ئاشكرا كۆمه‌كی ئێمه بۆ كوردانی رۆژئاوا، پێش
هه‌ر شتێ، ئه‌و هه‌سته مرۆییه دروستی ده‌كات كه دۆخی تراژیدیی ئێمه،
وه‌ك مرۆڤ له‌كۆڕه‌ودا، تیایدا چاندووین و له‌بینینی حاڵی كوردانی
رۆژئاوادا، وه‌ك برینێك ده‌كولێته‌وه. تووڕه‌ییشمان له‌به‌رامبه‌ر
جه‌سته‌ی سوتاوی خوێندكاره‌كانمان له‌باڵاخانه‌ی فیرده‌وس، زاده‌ی خه‌یاڵی
مرۆییانه‌ی ته‌ماهیكردنی جه‌سته‌ی خۆمانه به‌جه‌سته‌ی قوربانییان، هاوكات
گوزارشته له‌ویستمان بۆ گێڕانه‌وه‌ی به‌ها بۆ مافی مرۆڤ. به‌كورتی، ئێمه
ئه‌گه‌ر رێزمان له‌مرۆڤ گرت ده‌توانین ببین به‌نه‌ته‌وه‌ش.!
.................................................................
نهێنیی تری قه‌یرانه‌كان،
له‌ڕوانگه‌ی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كانه‌وه!
له‌مڕۆدا، هه‌ندێ له‌پڕه‌نسیپ و چه‌مكه‌كانی بواری
زانسته‌كانی په‌یوه‌ندیكردن Communication و میدیا، یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن بۆ
تێگه‌یشتن له‌هه‌ندێ پرس و دیارده، یان كێشه‌و رووداو، یان دۆز‌و بابه‌ت
كه په‌یوه‌ندییان به‌دنیای چالاكیی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگه
مرۆییه‌كانه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان Public Relation
وه‌ك چه‌مكێكی دیاریكراو، وه‌ربگرین، ئه‌وا نموونه‌یه‌كی زیندوومان
ده‌ستده‌كه‌وێت.
سه‌ره‌تا ده‌بێ بڵێین ئه‌و بۆچوونانه‌ی كه
په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان وه‌ك پڕۆسه‌یه‌كی ئیداریی په‌تی ته‌ماشا ده‌كه‌ن
به‌هه‌ڵه‌دا ده‌چن، ئه‌وان بیریان ده‌چێت كه ئه‌م چالاكییه، له‌زۆر ئاست و
وه‌زیفه‌دا، ته‌واو گرێدراوه به‌بواری كۆمه‌نیكه‌یشن و راگه‌یاندنه‌وه.
په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان به‌بێ شاره‌زایی له‌ئاسته‌كانی كۆمه‌نیكه‌یشن،
به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ توانا مرۆیی و ته‌كنیكی و هونه‌رییه‌كانی دنیای
ماسمیدیا، ئه‌سته‌مه بتوانێت كارابێت و هه‌بێت. ئه‌مڕۆ به‌شێكی دیاری
ئه‌ده‌بیات له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كانه‌وه له‌چوارچێوه‌ی تێز‌و
به‌رهه‌مه میدیاییه‌كاندایه. له‌زۆربه‌ی كۆلیژه‌كانی زانسته مرۆیی و
كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، یان كۆلیژه‌كانی ئاداب، یان راگه‌یاندن، ده‌بینین
په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان، وه‌ك به‌شێكی زیندوو، یان وانه‌یه‌كی گرنگ،
له‌زانكۆكانی جیهاندا ده‌خوێنرێت.
ئێمه كه ده‌ڵێین تیۆره‌كانی
كۆمه‌نیكه‌یشن و میدیا ده‌توانن زۆر دیارده‌ی دنیای مرۆڤمان بۆ
لێكبده‌نه‌وه، له‌و روانگه‌وه‌یه كه دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان،
سیاسییه‌كان، كه‌لتوورییه‌كان، ئابووریی و په‌روه‌رده‌ییه‌كان، به‌گشتی،
كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و مۆدێله جیاوازه‌ی زانینه‌وه كه له‌م
سه‌رده‌مه‌دا ماسمیدیاكان، هاوشان به‌شۆڕشی زانیاریی، به‌رهه‌میان ده‌هێنن.
لێره‌وه، سه‌رنج ده‌ده‌ین كه په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كانیش، وه‌ك بوارێكی
كۆمه‌نیكه‌یشن، ته‌نها وه‌ك ئه‌ركێكی كارگێڕیی نامێنێته‌وه، به‌ڵكو هاوكات
چالاكییه‌كی میدیایی، ریكلامی، پڕوپاگه‌نده‌ییشه، بۆیه هیچ ده‌وڵه‌ت و
ده‌زگایه‌كیش، یان رێكخراو و دامه‌زراوه‌یه‌ك نییه‌و نابینیته‌وه كه كاری
پێی نه‌بێت، واته ناچار به‌شاره‌زایی پیشه‌یی و رۆشنبیریی تیۆری و
چالاكیی زانستییانه‌ی بواره‌كانی میدیا‌و كۆمه‌نیكه‌یشن نه‌بێت كه
هه‌موویان ژێرخانن بۆ هه‌ر چالاكییه‌كی سه‌ركه‌وتووانه‌ی په‌یوه‌ندییه
گشتییه‌كان.
له‌لایه‌كی تره‌وه، په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان خۆی،
چالاكییه‌كی مۆدێرنیشه‌و له‌گه‌ڵ ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی جیهانی نوێ و
هاوچه‌رخدا، هه‌وڵی بیناكردن و پاراستن و گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان
ده‌دات، ئه‌مه‌ش له‌خزمه‌تی هه‌ر ده‌وڵه‌ت و ده‌زگاو رێكخراوێك كه بخوازێت
له‌په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزو ئه‌نتره‌كتیڤییانه‌دا بمێنێته‌وه له‌گه‌ڵ
جه‌ماوه‌ری خۆیدا. له‌بنه‌ڕه‌تیشدا، په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان رۆڵی
گه‌وره‌ی هه‌یه له‌دیموكراتیزه‌كردنی ده‌وڵه‌تان و رێكخراوه‌كان و
ده‌زگاكانیش، گه‌شه‌كردن و به‌رژه‌وه‌ندی و پێشكه‌وتنی هه‌ریه‌كێكیشیان
گرێده‌داته‌وه به‌په‌یوه‌ندییه‌وه له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا هه‌روه‌ك
له‌سامپڵی پێرسۆن-ی بواری په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كاندا هه‌یه.
بۆ
نموونه، فه‌رهه‌نگی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن و كۆمه‌نیكه‌یشن كه
له‌لایه‌ن لونجمان-ه‌وه Longman ده‌رده‌چێت، وه‌ها پێناسه‌ی په‌یوه‌ندییه
گشتییه‌كانی كردووه كه، ئه‌ركێكی كارگێڕییه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی
ئاراسته‌كانی جه‌ماوه‌ر، ئه‌م ئه‌ركه ئه‌و سیاسه‌ت و چالاكییانه‌ی ده‌زگاو
رێكخراوه‌كان په‌یڕه‌و ده‌كات كه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی
جه‌ماوه‌ردا یه‌كده‌گرنه‌وه. هه‌رچی د.ریكلس هارلۆ Rex Harlowیه، ئه‌وا
وه‌ك یه‌كێك له‌زاناكانی بواری سۆسیۆلۆژیا پێیوایه كه په‌یوه‌ندییه
گشتییه‌كان یارمه‌تیی دامه‌زراندنی هێڵه‌كانی په‌یوه‌ندی و ئاڵوگۆڕی
هاوكاری ده‌دات له‌نێوان دامه‌زراوه‌كان و جه‌ماوه‌ره‌كانیان و پاراستنی
ئه‌م په‌یوه‌ندی و ئاڵوگۆڕه‌ش.
به‌و مانایانه‌ی سه‌ره‌وه، ئێمه
پێمانوایه هه‌م له‌سه‌ر ئاستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌م عیراق و هه‌م
هه‌رێمی كوردستانیش، یه‌كێك له‌ده‌لاقه هه‌ره گه‌وره‌كانی په‌یوه‌ندیی
نێوان هه‌ریه‌كه له‌ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، حزب و خه‌ڵك،
كۆمپانیاكان و جه‌ماوه‌ر، دامه‌زراوه‌كان و هاووڵاتیان، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ
بایه‌خ نه‌دانی زانستییانه به‌په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان و تێنه‌گه‌یشتن
له‌و رۆڵه‌ی كه ده‌یگێڕێت. له‌وڵاتانی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا، زۆرجار
گرژییه‌كانی نێوان ئه‌و دوالیزمانه‌ی سه‌ره‌وه، هیچ لێكیان ناداته‌وه
نائاماده‌گیی ئه‌و رایه‌ڵه میحوه‌رییه نه‌بێت كه ده‌بێ په‌یوه‌ندییه
گشتییه‌كان له‌و نێوانه‌دا دروستیبكات.
له‌واقیعیشدا كاتێك كه
ده‌وڵه‌ت كه‌ناڵه‌كانی ناسینی دۆخی كۆمه‌ڵگه‌ی لاواز بێت، كاتێك پارته
سیاسییه‌كان و ده‌زگا ئیداری و دامه‌زراوه بازرگانی و ئابوورییه‌كان
نه‌یانزانی چی له‌ناو جیهانی جه‌ماوه‌ردا ده‌گوزه‌رێت و داواكاری و
كێشه‌كانیان، ئاره‌زوو و ئیراده‌یان، ناڕه‌زایی و نیگه‌رانییه‌كانیان چین،
ئه‌وا هه‌رگیز ناشزانن چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، لێره‌وه‌یه كه
زۆرجار به‌ریه‌ككه‌وتن و ناكۆكییه‌كان، گرژی و دووبه‌ره‌كییه‌كان، دابڕان و
كاڵبوونه‌وه‌ی ئینتیماكان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و ده‌بنه تۆوی ته‌قینه‌وه‌ی
قه‌یرانه‌كان و پاشه‌كشه‌كان و داڕمانه‌كان!
.................................................................ئومێدبه‌خشینه‌وه له‌وڵاتی نائومێدیدا!
27/1/2013
ماوه‌یه‌كه، له‌هه‌ندێ ناوه‌ندی میدیای عیراقدا سه‌رنجی
ئه‌وه دراوه كه، لێره‌و له‌وێ، زوو زوو، ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری
گه‌شه‌كردنی ئابووریی وڵات و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و پێشكه‌وتنی، ئه‌و موژه‌و
ئومێدانه بۆ رای گشتیی خه‌ڵكی وڵات بڵاوده‌كرێنه‌وه كه ده‌شێت
به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت، چ له‌حكومه‌ت بن یان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی
عیراق، له‌بنه‌ڕه‌تدا، پێش هه‌ر شتێك، بۆ ئه‌وه‌یان بێت كه ئومێد بۆ
نائومێدییه‌كانی هاووڵاتیان بگێڕنه‌وه‌و، به‌ئاگاوه بێت یان نائاگا،
بیانه‌وێ لایه‌نی مه‌عنه‌ویی خه‌ڵكی وڵاتی پێ هه‌ڵبستێننه‌وه‌و
بیانبه‌ستنه‌وه به‌كۆمه‌ڵێك خه‌ون و چاوه‌ڕوانییه‌وه بۆ ئه‌نجامدانی
گۆڕانكاری و چاكسازیی له‌وڵاتدا.
ئه‌مڕۆ ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی كه
ده‌رباره‌ی گه‌شه‌كردنی عیراق له‌مساڵدا(2013ز) باسده‌كرێن،
به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك فوویان تێكراوه‌و قه‌به‌كراون كه به‌فعلی بیرمان بچێت
هه‌واڵه‌كان و موژده‌كان له‌باره‌ی وڵاتێكه‌وه‌بن به‌ناوی عیراق!. چۆن واش
ناكه‌وێته‌وه ئه‌گه‌ر، بۆ نموونه، لیژنه‌ی ئابووری له‌ئه‌نجومه‌نی
نوێنه‌رانی عیراق، له‌ناو جه‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ی كه ئێستا
عیراقیان تێدایه، باس له‌به‌رپابوونی شۆڕشی پیشه‌سازی و كشتوكاڵی و
بازرگانی بكات له‌وڵاتدا؟ چۆن مزگێنی به‌خشینه‌وه‌یه‌كی جێی سه‌رنج نابێت
ئه‌گه‌ر هه‌موو هاووڵاتییه‌كی عیراق، وه‌ك-بۆ نموونه-عه‌بدولعه‌باس
شه‌یاعی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئابووری و وه‌به‌رهێنانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران،
ته‌واوی گره‌وه‌كان بۆ ئه‌م وه‌رچه‌رخانه دراماتیكییه چاوه‌ڕوانكراوه
له‌وڵات و گه‌شه‌كردنی ته‌نهاو ته‌نها گرێبداته‌وه به‌وه‌ی كه ئه‌مساڵ،
بودجه، جیاواز له‌ساڵانی رابردوو، بایه‌خێكی زیاتری به‌بوارو سێكته‌ری
وه‌به‌رهێنان داوه؟ چۆنیش به‌مژده‌كانی هه‌ڵسانه‌وه‌ی ئابوورییانه‌ی عیراق
و پێشكه‌وتنه‌كانی خۆشبین نابین ئه‌گه‌ر وه‌ك وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق
خه‌ون و ئومێده‌كانی ته‌واوی عیراقییه‌كان ببه‌سترێنه‌وه به‌وه‌ی
وه‌زاره‌ته‌كه‌یان له‌مساڵدا موعجیزه‌ی پلانێكی ستراتیژیی پێنج ساڵه‌یان بۆ
به‌دیهێنانی ئه‌و چاوه‌ڕوانییانه داناوه‌و دانیشتووانیش ناڕاسته‌وخۆ
وه‌ها حاڵی بكرێن كه ئه‌م كاره له‌ڕابردوودا ته‌نها په‌كی له‌سه‌ر دانانی
پلانێكی چه‌ند ساڵیی وه‌ها كه‌وتبوو؟!.
بێگومان عیراقییه‌كان
له‌ناو ئه‌و هه‌موو مه‌ینه‌تی و كاره‌سات و تراژیدیا رۆژانه‌ییانه‌ی كه
تیایاندا ده‌ژی، به‌دیاریكراویش له‌پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری
عیراقدا، پێویستیی زۆریان به‌وه هه‌یه كه ئومێدیان بۆ بگێڕدرێته‌وه‌و
ئاسۆیه‌ك به‌دی بكه‌ن بۆ ده‌ربازبوون له‌م مێژووه تاریكه‌ی كه رۆژانه
به‌خوێنی رۆڵه‌كانیان سوور ده‌كرێت جا چ به‌بۆنه‌ی ته‌قینه‌وه‌و هێرشه
تیرۆریستییه به‌رده‌وامه‌كانی گرووپه چه‌كدارو تۆقێنه‌ره‌كانه‌وه بێت،
یان به‌ریه‌ككه‌وتنی تائیفه‌گه‌رییانه‌و مه‌زهه‌بییانه‌ی نێوان هه‌ندێ
له‌پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانیان، یان به‌بۆنه‌ی دیارده ترسناكه‌كانی وه‌ك
تیرۆركردن، رفاندن، دزی و تاڵانی و رێگرتن و دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی
وه‌كو هه‌ژاری و بێكاری و ..هتد.
ئومێد گێڕانه‌وه بۆ
عیراقییه‌كان ده‌سكه‌وت و خه‌ونێكی كه‌م نییه، ئه‌مڕۆ هاووڵاتیانی ئه‌م
وڵاته له‌هه‌ر كاتێك زیاتر پێویستییان پێیه‌تی، به‌ڵام به به‌خشینه‌وه‌ی
دروشم و لێدوان و وتاردان، یان مژده‌و به‌ڵێن، یان چاوه‌ڕوانی و پلانی سه‌ر
كاغه‌ز، یان وه‌هم و گره‌وی ناواقیعییانه نا.. ئومێد هه‌رگیز
له‌بۆشاییه‌وه دروست ناكرێت، به‌رده‌وامبوونیش له‌سه‌ری به‌بێ هیچ
كرانه‌وه‌یه‌كی(إنفراج) ریشه‌یی له‌بارودۆخ و هه‌لومه‌رجه
قه‌یراناوییه‌كاندا، ده‌بێته مایه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی زیاتری رووبه‌ری
نائومێدی.
ئه‌مڕۆ زۆرێك له‌وه‌زاره‌ت و به‌رپرسانی عیراق،
به‌ته‌واوی دابڕاون له‌واقیعی ناهه‌مواری عیراقییه‌كان و تێكه‌ڵ
به‌مه‌ینه‌تییه‌كانیان نابن، هاوكات خه‌مڵاندنێكی واقیعی و
راسته‌قینانه‌یان بۆ ژێرخانی وڵات و بارودۆخی سیاسی و ئه‌منی و كارگێڕی و
توانا مرۆیی و ته‌كنیكییه‌كانی وڵات نییه ده‌نا موژده‌ی گه‌وره
به‌عیراقییه‌كان ناده‌ن و قسه له‌شۆڕشی ئابووری و پێشكه‌وتنیش ناكه‌ن.
وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق كه باس له‌وه ده‌كات له‌مساڵدا ده‌توانێت
رێژه‌ی هه‌ژاریی له‌عیراقدا بكات به 10% له‌خۆی نه‌پرسیوه بۆچی ئه‌م
پڕۆژه‌یه‌ی تارۆژگاری ئه‌مڕۆ دواخستبوو؟ ئه‌و هۆكارو رێگرییانه چی بوون
كه له‌ڕابردوودا نه‌یانهێشتبوو ئه‌نجامی بدات؟ ئه‌مه له‌كاتێكدا
زۆربه‌مان ده‌زانین رێژه‌ی هه‌ژاری له‌پارێزگاكانی باشوور گه‌یشتۆته 58% و
له‌ته‌واوی عیراقیشدا 38% كه به‌پێی دانپیانانی خودی سه‌رۆكی لیژنه‌ی
حكومه‌ت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژاری، رێژه‌كه ده‌كاته نزیكه‌ی 6000000
شه‌ش ملیۆن هاووڵاتی كه له‌ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌ن.
عیراقییه‌كان
به‌فعلی ئومێدیان ده‌وێت، به‌ڵام ئاشكرایه به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی
بنه‌ڕه‌تییانه‌ی ناكۆكییه سیاسی و تائیفییه‌كان و سه‌قامگیریی ئه‌منی و
كۆتاییهاتنی دیارده‌كانی گه‌نده‌ڵی ئیداری و دارایی كه وڵات
به‌ده‌ستیانه‌وه وێران بووه، نائومێدی هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت.
.................................................................
به‌هێزبوون به‌كورد!
له‌دنیای ده‌ره‌وه،
به‌ناوی ململانێی تائیفیی نێوان هه‌ردوو پێكهاته مه‌زهه‌بییه‌كه‌ی
عیراقه‌وه، چ ئه‌و هێزانه‌ی خۆیان به‌نوێنه‌ری سیاسیی پێكهاته‌ی سوننه
له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و چ هێزه سیاسییه شیعه‌گه‌راكان، دیپلۆماسییه‌تێكی
مه‌زهه‌بییانه‌یان بۆ پشتگیریی سیاسی و كۆمه‌كی میدیایی و ته‌نانه‌ت
یارمه‌تی لۆجیستی، خستۆته‌گه‌ڕ. له‌م پڕۆسه‌یه‌دا، (هێزه سوننه‌كان)
پێیه‌كیان له‌ریازو ده‌وحه‌و ئه‌بوزه‌بی و عه‌ممانه، پێیه‌كه‌ی تریان
له‌ئه‌نقه‌ره-ی ده‌ورانی فه‌رمانڕه‌وایی AKPیه كه به‌سروشتی حاڵ خۆی
وه‌ك میراتگرێكی سیمبولییانه‌ی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی وێنا ده‌كات.
هه‌رچی(هێزه شیعییه‌كان)ه، ئه‌وا پێیانوایه قه‌ڵای قایمیان كۆماری
ئیسلامی ئێرانه‌و هاوبه‌شه ئایدۆلۆژییه‌كانیشیان چه‌ند ره‌وتێكی سیاسیی
ناوچه‌كه‌یه له‌لوبنان و سوریا‌و به‌حرێن. له‌م گه‌مه‌یه‌دا، هه‌ردوولا
خۆیان وه‌ك نوێنه‌ری قۆڵی عیراق-ی ئه‌و ململانێ تائیفه‌گه‌رییه ده‌نوێنن
كه چه‌ند ساڵێكه له‌نێوان سوننه‌و شیعه-ی جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا
په‌ره‌ی سه‌ندووه، ململانێیه‌ك كه هه‌میشه، بۆ چه‌ند هێزێكی عیراقی،
ده‌رفه‌تێكی گونجاوه بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانیی ده‌ره‌كی.به‌هێزبوون به‌كورد!
20/1/2013 به‌خشینی ره‌هه‌ندی تائیفه‌گه‌رییانه به‌ململانێ سیاسییه‌كانی نێوان
حكومه‌تی عیراق و هاوبه‌شه عه‌ره‌بییه‌كانی، یان له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌نی
ده‌وڵه‌تی یاسا‌و عیراقییه، گه‌مه‌یه‌كی سیاسیی (به‌رهه‌مدار)ی! ئه‌م دوو
لایه‌نه‌یه‌و هه‌ردوولا له‌م قۆناغه‌ی پڕۆسه‌ی سیاسیی عیراقدا، له‌هه‌ر
كاتێك زیاتر، به‌كاریده‌هێنن. به‌رهه‌مداره به‌و مانایه‌ی توانای داپۆشینی
ئامانجی سیاسیی ململانێكانی نێوانیان و هاوكات جوڵاندنی به‌شێكی به‌رچاوی
هه‌ردوو پێكهاته‌ی سوننه‌و شیعه‌ی وڵاتیان بۆ ده‌سكه‌وتی سیاسیی خۆیان،
هه‌یه. ئه‌م گه‌مه‌یه، له‌وه‌دا به‌رهه‌مداره كه تیایدا هه‌م پشتیوانیی
ده‌ره‌كی به‌ده‌ستده‌هێنێت و هه‌م ناوخۆیی!.
له‌ناوه‌وه‌ی وڵاتیش، سیستمی لێكدانه‌وه‌ی سیاسی و گوتاری میدیایی و جۆشدانی(تعبئه) جه‌ماوه‌ریی هه‌ردوولا، پشت به‌ستراتیژی كولاندنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریی زامه‌كانی فیتنه‌ی مه‌زهه‌بی و جوڵاندنی خه‌یاڵدانی سیاسیی ئه‌م یاده‌وه‌رییه ده‌به‌ستێت. لێره‌وه زۆرجار ده‌بینین له‌عیراقدا ده‌توانرێت به‌ئاسانی ختوكه‌ی هۆشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌ردوو پێكهاته‌ی سوننه‌و شیعه‌ی عیراق بدرێت و له‌هه‌مان كاتدا سۆز‌و نه‌زعه‌ی مه‌زهه‌بییان، بۆ ده‌مارگیری و لایه‌نگیریكردنی پڕۆژه سیاسییه‌كان، به‌ده‌ستبهێنرێت.
به‌مانایه‌كی روونتر، ئه‌مڕۆ به‌ئاشكرا دوو پڕه‌نسیپ ئه‌م گه‌مه سیاسییه هه‌ڵده‌سوڕێنێت، یه‌كه‌میان: خۆبه‌هێزكردن به‌ده‌ره‌وه(الإستقوا‌و بالخارج)، دووه‌میان: خۆبه‌هێزكردن به‌ناوه‌وه(الإستقوا‌و بالداخل). ئه‌م دوو پڕه‌نسیپه، ئه‌گه‌رچی له‌پراكتیكی سیاسی‌دا، دوو دیارده‌ی نۆرماڵن، به‌ڵام كاتێك له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی تائیفه‌گه‌رییانه بین نه‌ك نیشتمانی و، مه‌رامی وه‌به‌رهێنانیشیان مه‌رامێكی سیاسی-حزبی بێت، ئه‌وا هه‌رزوو وه‌رده‌چه‌رخێ بۆ به‌ڵایه‌كی سیاسیی گه‌وره‌و بگره پڕۆژه‌ی جه‌نگێكی ئه‌هلیی رانه‌گه‌یه‌نراو له‌وڵاتدا.
ئێستا واقیعی عیراق، واقیعێكه به‌مینی فیتنه‌یه‌كی تائیفه‌گه‌ریی قووڵ چێنراوه، كاتی ته‌قینه‌وه‌شی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ری ته‌نها له‌سه‌ر روخاندنی رژێمی ئه‌سه‌دو شكستی ته‌واوه‌تیی هه‌موو ئه‌و ده‌نگه عیراقییه ناوخۆییانه وه‌ستاوه كه بانگه‌شه بۆ جڵه‌وكردنی ململانێ و ته‌نگژه‌كان ده‌كه‌ن.
له‌ناو ئه‌م واقیعه ترسناكه‌دا، هه‌وڵێك هه‌یه بۆ تێوه‌گلاندنی پێكهاته‌ی كورد. مه‌تبه‌خی ئه‌م هه‌وڵه هه‌م له‌ناوخۆی عیراقه‌و هه‌م له‌ده‌ره‌وه‌ش!. سروشتی ململانێكه‌ی نێوان حكومه‌تی عیراق و لیستی عیراقییه وه‌ها ده‌خوازێت كه، سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربار(إچافی) بۆ پڕه‌نسیپی خۆبه‌هێزكردن به‌ناوخۆ بدۆزرێته‌وه، بۆ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ش، هه‌ردوولا به‌رده‌وام گره‌ویان له‌سه‌ر لایه‌نی كوردییه، واته هه‌م هێزه(سوننی)یه‌كان و هه‌م(شیعی)یه‌كانیش نیازیان هه‌یه له‌ڕێی لایه‌نی سێیه‌می وڵاته‌وه خۆیان به‌هێز بكه‌ن كه ئه‌ویش كورده‌كانه.
ئه‌ركی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان و نوێنه‌رانی كورد له‌ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و حكومه‌ت و داموده‌زگانی تری ده‌وڵه‌تی عیراقی ئه‌وه‌یه كه، له‌م گه‌مه سیاسییه تێبگه‌ن و له‌پێناوی ئیراده‌ی سیاسیی ئه‌وانیتردا تێوه نه‌گلێن. نابێ بێ ستراتیژێكی دیاریكراو ببنه پاڵپشتی مه‌عنه‌ویی نه بۆ سوننه‌كانی عیراق و نه شیعه‌كانیش، به‌ڵكو ته‌نها ئه‌ركیانه پشتیوانی له‌به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن. واته پێویسته رێكه‌وتنێكی پێشوه‌خت له‌نێوان فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له‌به‌غداو سه‌ركرده‌كانی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هیچ پشتیوانییه‌ك بۆ لایه‌نه‌كانی ململانێكه نه‌نوێنن ئه‌گه‌ر بێت‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی سیاسیی دیاریكراوی بۆ لایه‌نی كوردستانی تیا نه‌بێت. لۆژیكی سیاسه‌تیش ئه‌وه‌یه كه، ئه‌ویتر تۆ بۆ گه‌مه‌ی سیاسیی خۆی به‌كارت نه‌هێنێت، به‌ڵكو تۆ ئه‌ویدی بۆ ئامانجی سیاسیی خۆت وه‌به‌ربهێنێت، یان لانیكه‌م، به‌پڕه‌نسیپی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی ئێستا‌و پاشه‌ڕۆژ سه‌ودای له‌گه‌ڵدا بكه‌یت!.
.................................................................
تاڵه‌بانی، خوێندنه‌وه به‌چه‌مكی تر!
6/1/2013
له‌گه‌ڵ تێكچوونی باری ته‌ندروستیی مام جه‌لال-دا، به‌لێشاو
له‌ماسمیدیاكان‌و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه میللییه‌كان‌و
ناوه‌نده سیاسی‌و رووناكبیرییه‌كانی كوردستان‌و عیراقه‌وه، له‌سه‌ر
كه‌سایه‌تیی تاڵه‌بانی ده‌نووسرێت‌و ده‌وترێت. كار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی جگه
له‌سیاسه‌تمه‌داره‌كانی جیهان‌و سه‌رۆكی وڵاتان، سه‌دان ناوی دیار
له‌نووسه‌رو میدیاكارانی خۆرئاوا، عه‌ره‌ب، تورك، فارس‌و نه‌ته‌وه‌ی تریش،
له‌سه‌ری رابوه‌ستن.
بێگومان ئه‌نساتی مه‌ركه‌زیی مه‌كته‌بی
راگه‌یاندنی یه‌كێتیی، خزمه‌تگوزارییه‌كی باشی خستینه به‌رده‌ست، كاتێك
له‌دوو دۆسییه‌دا، به‌عه‌ره‌بی‌و كوردیش، روماڵی به‌شێكی زۆری ئه‌و
په‌یام‌و وتارانه‌ی كردبوو كه له‌سه‌رتاسه‌ری جیهانه‌وه سه‌باره‌ت
به‌تاڵه‌بانی تۆماركراون. ئه‌م رووداوه، به‌م فراوانی‌و ده‌نگدانه‌وه‌یه،
پێمانده‌ڵێت پڕۆسه‌ی تێگه‌یشتن له‌ڕووداوی تاڵه‌بانی خوێندنه‌وه‌ی زیاتری
ده‌وێت. ئه‌م هاوسۆزییه جیهانی‌و ناوخۆییه ته‌نها به‌هه‌ندێ چه‌مكی
سایكۆلۆژیی ته‌قلیدیی!، یان سیاسی، یان سۆسیۆلۆژیی دیاریكراو
ناخوێنرێته‌وه. ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی كه چاومان به‌و نووسین‌و وتارانه‌دا
خشاندبێت‌و خوێندبێتمانه‌وه، گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه چه‌مكی
مۆركگه‌رایی (الإنطباعیة)، كۆمه‌كێكی گه‌وره‌مان ده‌كات بۆ تێگه‌یشتن له‌م
رووداوه. ئه‌م چه‌مكه پێمانده‌ڵێت زۆربه‌ی بۆچوونه‌كان له‌سه‌ر تاڵه‌بانی
په‌یوه‌ندییان به‌خه‌سڵه‌تی مۆركگه‌راییه‌وه هه‌یه لای مرۆڤ، واته ئه‌و
كاریگه‌رییه دیاریكراوانه‌ی كه به‌رهه‌می بكه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی،
له‌هه‌ندێ مێژووی دیاریكراودا، یان هه‌ندێ بڕگه‌ی مێژوویی‌دا، له‌سه‌ر
هۆشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌جێیان ده‌هێڵێت، پاشان ده‌بێته پێوه‌ر بۆ
تێگه‌یشتن هه‌م له‌بكه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌و هه‌م له‌به‌رهه‌مه‌كه‌یشی.
ئینتیباعییه‌ت
له‌ڕه‌خنه‌و خوێندنه‌وه‌دا، نه‌ك بۆ كایه‌ی سیاسه‌ت‌و بكه‌ره‌كانی
دیارده‌یه‌كی چاوه‌ڕوانكراوه، بگره ته‌نانه‌ت له‌بواری هونه‌رو
ئه‌ده‌بیشدا هه‌یه‌و ده‌شێت ببێته میتافۆرێك بۆ سیاسه‌تیش. بۆ نموونه
ئه‌دیبـی فه‌ره‌نسی ئه‌نادۆل فرانس (1844-1924ز) كه به‌پێشه‌نگی
مۆركگه‌رایی داده‌نرێت له‌بواری ئه‌ده‌بدا، پێیوایه به‌های هه‌ر كارێكی
ئه‌ده‌بی خۆی له‌جۆری ئه‌و ئینتیباعه‌دا ده‌بینێته‌وه كه له‌سه‌ر
سایكۆلۆژیای خوێنه‌ر به‌جێی ده‌هێڵێت، ئه‌و ئینتیباعه‌ش تاقه به‌ڵگه‌یه
بۆ بوونی زیندووانه‌ی كاری ئه‌ده‌بی. له‌بواری سیاسی‌دا، كه‌سی سیاسییش،
ده‌شێت به‌هه‌مان وێنه‌ی ئه‌دیبێك، یان نیگاركێشێك، بكه‌وێته‌به‌ر
ره‌حمه‌تی ئه‌و ئینتیباعه‌ی كه كار‌و به‌رهه‌مه سیاسییه‌كانی لای
هاووڵاتیان دروستی ده‌كه‌ن، باشترین به‌ڵگه‌ش ئه‌و ئینتیباعاته هه‌مه
لایه‌نانه‌یه كه تاڵه‌بانی، له‌مێژوو و قۆناغی جیاوازدا، یان
له‌هه‌ڵوێست‌و رووداوی جۆراوجۆردا، یان له‌دۆزو مه‌سه‌له‌ی جیاجیادا، لای
خه‌ڵكی جیاواز له‌ڕووی ناسنامه‌ی سیاسی، ئایدۆلۆژی، ئاینی‌و تائیفییه‌وه،
یان لای كه‌سانی رووناكبیرو سیاسه‌تمه‌داری جیاجیادا به‌جێی هێشتوون كه
هه‌ریه‌كه‌یان سه‌ر به‌وڵات‌و نه‌ته‌وه‌و سه‌رزه‌مینی سیاسیی جیاوازن‌و
ئه‌مڕۆ دێن‌و گوزارشتیان لێده‌كه‌ن.
خوێندنه‌وه‌ی
مۆركگه‌رانه(القرا‌ءة الإنطباعیة) وابه‌سته‌ی لایه‌نی چۆنایه‌تیی رووداو‌و
هه‌ڵوێست‌و به‌رهه‌می بكه‌ر (الفاعل)و ئه‌و كاریگه‌رییانه‌یه كه له‌سه‌ر
به‌ركارو كارلێككراو به‌جێیان ده‌هێڵێت‌و وێنه‌ی زهنیی دیاریكراویان
له‌سه‌ر خۆی بۆ ده‌خوڵقێنێت. له‌په‌یوه‌ندیدا به‌تاڵه‌بانییه‌وه،
ئه‌مجۆره‌ی خوێندنه‌وه، زاده‌ی فاعلییه‌تی تاڵه‌بانییه وه‌ك بكه‌رێكی
سیاسی‌و له‌هه‌مانكاتدا كۆمه‌ڵایه‌تی كه توانای تێپه‌ڕاندنی سنووره
لۆكاڵییه‌كانی هه‌یه، بگره خه‌سڵه‌تی ئه‌وه‌ی تیایه وه‌ك كاراكته‌رێكی
جیهانی ده‌ربكه‌وێت‌و له‌ڕێگه‌ی ئه‌زموونی سیاسیی- تایبه‌تیی خۆیه‌وه،
كاریگه‌ریی دروستبكات.
«جۆ بایدن»-ی جێگری سه‌رۆكی زلهێزێكی وه‌ك
ئه‌مریكا كه به‌تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: ئێمه پێویستمان پێته، نیشتمانه‌كه‌ت
پێویستیی پێته، تۆ پیاوێكی دانایت. یان وه‌ختێ گه‌وره نووسه‌رو سیاسی
«حه‌سه‌ن عه‌له‌وی» ده‌نووسێت: نه له‌سه‌ر ئاستی كورد‌و نه‌عیراق‌و
نه‌جیهانی عه‌ره‌بیش دووباره نابێته‌وه. یان كاتێك گه‌وره
دیپلۆماتكارێكی وه‌ك پیته‌ر گالبرێس ده‌نووسێت: خه‌سڵه‌تگه‌لێكی تیایه كه
قورسه شوێنی پڕبكرێته‌وه.. ئه‌م مۆركانه راسته‌وخۆ وابه‌سته‌ی
به‌رهه‌می كه‌سی بكه‌رن، واته نه‌ستراكتۆری كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كاریزما
دروستیكردوون‌و نه‌ستراكتۆری ئۆدیبییانه‌ی سایكۆلۆژیای جه‌ماوه‌ر، له‌مه‌دا
نه‌ك خۆمان، به‌ڵكو ئه‌و نووسه‌ره عه‌ره‌ب‌و فارس‌و تورك‌و بێگانانه،
كه نه سه‌ر به‌بونیاتی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێمه‌ن‌و نه گرێی ئۆدیبییانه‌شیان
له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانیدا هه‌یه، باسی خه‌سڵه‌تگه‌لێكی مرۆیی تری تاڵه‌بانیمان
بۆ ده‌كه‌ن كه ته‌نها وابه‌سته‌ی فه‌راده‌ت‌و ئه‌زموونی تایبه‌تیی
خۆیه‌تی، ئه‌م راستییه‌ش، زۆر به‌ساده‌یی، ده‌ریده‌خات كه هه‌ڵه‌یه
كاراكته‌رێتیی بكه‌ر (فاعلیة الفاعل)، له‌دروستكردنی رووداودا، فه‌رامۆش
بكه‌ی.
.................................................................
3/1/2013
پێش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌ركه‌وته‌كانی توندوتیژیی ره‌مزیی
بوه‌ستین كه زۆرجار بێ هه‌ستپێكردن میدیاكانمان ده‌رهه‌ق به‌هاووڵاتیانیان
ئه‌نجامیده‌ده‌ن، پێویسته، به‌پوختی، چه‌مكی توندوتیژیی ره‌مزی روون
بكه‌ینه‌وه.
یه‌كێك له‌دیارترین ئه‌و سۆسیۆلۆگه گه‌ورانه‌ی
جیهان كه ئه‌م چه‌مكه‌ی تیۆریزه كردووه‌و به‌چه‌مكێكی داهێنراوی ئه‌و
له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، كۆمه‌ڵناسی فه‌ره‌نسی پێیر بۆردیۆ-ه (1930-2002ز).
بۆردیۆ ده‌ڵێت: توندوتیژیی ره‌مزی بریتییه له‌توندوتیژییه‌كی نافیزیكی.
ئه‌م توندوتیژییه، له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌ڕێگه‌ی ئامرازه‌كانی په‌روه‌رده‌كردن و
ته‌لقینكردنی زانین و ئایدۆلۆژیاوه رووده‌دات. ئه‌م توندوتیژییه فۆرمێكی
هه‌ستپێكراوی نییه، توندوتیژییه‌كه بینراو و به‌رجه‌سته نییه بۆ خودی
قوربانییه‌كانی. له‌ئاستێكی تردا، بۆردیۆ ده‌ڵێ: توندوتیژیی ره‌مزیی
به‌ڕه‌زامه‌ندی و قبوڵكردنی بكه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان خۆیان پیاده
ده‌كرێت!.
بكه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زۆرجار دان به‌وه‌دا
نانێن كه ئه‌مجۆره‌ی توندوتیژی بریتی بێت له‌توندوتیژی، چونكه ئه‌م
توندوتیژییه ره‌مزییه‌یان وه‌ك شتی ئاسایی پێوه لكاوه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی
ئامرازه‌كانی په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی Socialization و
فۆرمه جیاوازه‌كانی كۆمه‌نیكه‌یشنه‌وه له‌ناو كۆمه‌ڵدا. جگه له‌وه،
بۆردیۆ ئه‌وه‌شمان بیرده‌خاته‌وه كه ئه‌مجۆره توندوتیژییه ئامانجه‌كانی
خۆی كاراتر ده‌پێكێ له‌و توندوتیژییه مادی و پۆلیسییه‌ی كه بینراو و
به‌رجه‌سته‌یه.
له‌ڕوانگه‌ی ئه‌م چه‌مكه‌ی بۆردیۆوه بۆ
توندوتیژی و له‌په‌یوه‌ندیدا به‌ڕۆڵی میدیاوه له‌پیاده‌كردنی ئه‌م فۆرمه‌ی
توندوتیژیدا، ئه‌و راستییه‌مان هه‌یه كه ئه‌مڕۆ میدیا، له‌یه‌ككاتدا،
هه‌م سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پڕۆسه‌ی پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تییه، چونكه
بۆته كانگای سه‌ره‌كیی زانیاری و زانینمان و ئاراسته‌كاری هۆشیاریی
كۆمه‌ڵایه‌تیمان، هه‌م بۆته هێزێكی پاشه‌كشه‌پێكه‌ری ته‌واوی
سه‌رچاوه‌كانی تری زانینی مرۆڤیش كه له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌زگا میدیاییه
فره‌نێوه‌نده‌كان Multimedia و ماسمیدیادا، هه‌بن.
ئه‌م دۆخه‌ی
میدیا، له‌ساده‌ترین ده‌ره‌نجامدا، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت كه، ئه‌گه‌ر
میدیاكان، به‌مانای فه‌رهه‌نگییانه‌ی وشه، نێره‌ری زانیاری و فاكته‌كان
بن بۆمان، ئه‌وا له‌هه‌مانكاتدا دوو وه‌زیفه‌ی دیكه به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن كه
ته‌واو نزیكیان ده‌كاته‌وه له‌ڕۆڵی ئایدۆلۆژیا كۆنه‌كان و دامه‌زراوه
ترادیشناڵه‌كانی په‌روه‌رده‌و فێركردن و ته‌لقینی سیاسی و كه‌لتووری.
وه‌زیفه‌ی یه‌كه‌میان: ده‌ستكاریكردنی زانیاری و فاكته‌كان و
فلته‌ركردنیانه به‌پێی ئامانجه ئابووری و بازرگانی و
ریكلامییه‌كان(ئه‌گه‌ر له‌حاڵێكدا كۆمپانیا بازرگانی و قازانج خوازه‌كان
خاوه‌نداری و پاره‌داریان بكه‌ن)، وه‌زیفه‌ی دووه‌میان: به‌ڕێوه‌بردنی
هه‌مان پڕۆسه‌یه، به‌ڵام به‌ئاراسته‌كردن و سانسۆرێكی زیاتره‌وه، ئه‌مه‌ش
به‌پێی مه‌رامه سیاسی و كه‌لتووری و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان(ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت و
حكومه‌ته‌كان، یان پارت و رێكخراوه سیاسییه‌كان، به‌ڕێوه‌یان به‌رن و
كۆنترۆڵیان بكه‌ن).
به‌مانایه‌كی روونتر، میدیا وه‌كچۆن ده‌بێته
سه‌رچاوه‌ی زانینمان، ئاوهاش توانا‌و فرت و فێڵ و میكانیزمی جۆراوجۆری خۆی
هه‌یه بۆ ساخته‌كردنی ئه‌م زانینه‌ی ئێمه‌و شێواندنی. لێره‌دا رێكه‌وت
نییه كارل ماركس(1818-1883ز) چه‌مكی ئایدۆلۆژیا، به‌دیاریكراوی،
به‌ساخته‌كردنی هۆشیاریی ناوببات، بۆردیۆ-یش میدیاكان به‌هه‌ڵسوڕێنه‌ری
نه‌رمه ئایدۆلۆژیا Soft
Ideology له‌قه‌ڵه‌مبدات، گه‌وره‌ترین توندوتیژیی ره‌مزییش به‌رامبه‌ر
به‌مرۆڤ له‌وه‌دایه كه یاری به‌عه‌قڵی بكرێت. ئه‌م یاری پێكردنه‌و
نۆرماڵیزه‌كردنی، له‌دواییدا ده‌بێته هۆی رازیكردنی نائاگایانه‌ی
كۆمه‌ڵگه به‌هه‌موو فۆرمه جیاوازه‌كانی توندوتیژی.
روونتر
بدوێین، كاتێك میدیاكان، له‌هه‌ر گرژییه‌كی سیاسیی‌دا، لایه‌نه ناكۆكه‌كان
وه‌ك دوژمنی یه‌كتر وێنا بكه‌ن، ئه‌وا خواست له‌سه‌ر زه‌بروزه‌نگ و كوشتن و
بڕین زیاد ده‌كات. كاتێك بڵاوبوونه‌وه‌ی بێكاری له‌وڵاتدا بخرێته ئه‌ستۆی
په‌نابه‌ران و بێگانه‌كان وه‌ك هه‌ندێجار له‌هه‌ندێ میدیای خۆرئاوادا
رووده‌دات، ئه‌وا ئه‌نگێزه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی Racismو توندتیژیی ره‌مزی و
فیزیكی به‌رامبه‌ر به‌بێگانه‌و په‌نابه‌ره‌كان په‌ره‌ده‌ستێنێت. كاتێك
ناوزڕاندن و لادانه ئیتیكییه‌كانی تری میدیا بێ هیچ رێگرییه‌ك
بڵاوببنه‌وه، ئه‌وا رق و شه‌ڕاگێزی و توندوتیژیی ره‌مزیی زیاتر به‌رپا
ده‌بێت. كاتێك به‌شێك له‌زانیارییه‌كان و هه‌ندێك له‌دیوه جیاجیاكانی
راستی له‌خه‌ڵكی بشاردرێنه‌وه، ئه‌وا ده‌كرێنه ئامانج و خاوه‌نی
هۆشیارییه‌كی ساخته‌كراو.
به‌بڕوای ئێمه، میدیای كوردی، به‌بێ
ئه‌وه‌ی زۆربه‌مان به‌خۆمان بزانین، بۆته ماشێنی به‌رهه‌مهێنانی چه‌ندین
ده‌ركه‌وتی جیاوازی توندوتیژیی ره‌مزی. ئه‌مڕۆ به‌شی زۆری ئه‌م میدیایه
جگه له‌داپۆشینی به‌شێك له‌زانیارییه‌كان یان شێواندنیان، جگه
له‌مشه‌خۆریی له‌سه‌ر ململانێ حزبییه‌كان، یان دابه‌شبوونه ئایدۆلۆژی و
سیاسییه‌كان، یان نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كان، توانای هه‌یه زۆرێكمان
له‌گه‌ڵ ئه‌و توندوتیژییه ره‌مزییانه‌ی خۆیشیدا رابهێنێت كه زۆر
ئه‌سته‌مه هاووڵاتیانی ئاسایی هه‌ستیان پێبكه‌ن.!