شەھید خاڵە شیھاب
کوڕی شێخ نوری شێخ ساڵح-ە، ساڵی ١٩٣٢ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، شێخ نوری
باوکی شاعیرێکی گەورەی کوردستانەو لەگەڵ عەبدولڵا گۆران-دا شیعری نوێیان
داھێنا، لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا سەرنووسەری رۆژنامە رەسمییەکەی
حکومەتی شێخ مەحمود بوو.
شیھاب شێخ نوری ساڵی ١٩٣٩ چۆتە قوتابخانەی (فەیسەڵیە) لە سلێمانیو ساڵی
١٩٤٦ لە کۆلیژی فەیسەڵییە لەبەغدا وەرگیراوە.
لە خۆپیشاندانەکەی ساڵی ١٩٥٠دا لە بەغدا بەشداریکردووە و بریندار بووە،
بەھۆی ئەم بریندارییەوە وازی لەخوێندن ھێناوە.
خاڵە شیھاب ھەر لەتەمەنی لاوییەوە پەیوەندیکردووە بە ریزەکانی پارتی
دیموکراتی کوردستان-ەوە و لەسەر ھەڵوێستی سیاسی خۆی چەندین جار زیندانی
کراوەو تووشی ئازاردان و دوورخستنەوە بووە.
خاڵە شیھاب لەناو ریزەکانی پارتی-دا ھەوڵیداوە برە و بە بیروڕای سۆسیالیستی
بدات و لەم پێناوەشدا ماوەیەک لە بەغدا کتێبخانەیەکی دانا بۆ
بڵاوکردنەوەی سەرچاوە زانستییەکانی سۆسیالیست، لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی
رابردوودا رۆڵێکی گەورەی بینی لەدامەزراندنی (کۆمەڵەی رەنجدەرانی
کوردستان)دا.
دوای ھەرەسی شۆڕشی ئەیلول ھاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەک تێکۆشەری تردا بۆ
پەیوەندیکردن بەسەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-ەوە، ویستیان لە
رێگەی ئێران-ەوە خۆیان بگەیەننە دەرەوەی عێراق تا سەبارەت بەبارودۆخی تازەی
کوردستان و ئەرکە رێکخراوەیی و سیاسیەکان بیرورایان لەگەڵدا بگۆڕنەوە،
بەڵام دەسەڵاتدارانی رژێمی شای ئێران ئەم پۆلە تێکۆشەرەیان دەستگیرکردو
رادەستی کاربەدەستانی عێراق کرانەوە.
خاڵە شیھابو ھاوڕێکانی لە زیندانەکانی رژێمی بەعس دا نەریتی نەبەزینو
کۆڵنەدانیان داھێناو دروشمی (کەم بژی و کەڵ بژی) یان بۆ شۆڕشگێڕەکانی دوای
خۆیان جێھێشت.
ئەم سەرکردە گەورەیە رۆژی ١٩٧٦/١١/٢١و لەگەل شەھیدان جەعفەر عەبدولواحیدو
ئەنوەر زۆراب دا لەسێدارەدران.