ئەم تێکۆشەرە ھەر لە منداڵی دا ئاماژەکانی ژیرییو لە ژیانی خوێندکاریش دا زیرەکی پێوە دیاربووەو لە دەیان چالاکیی خوێندکاریی دا بەشداریکردووە، دواتر لە گوندی بوھرز-ی سەر بەپارێزگای دیالە بەمامۆستا دامەزراوەو پاشان لە مەدینە سەورەی بەغدا بۆتە مامۆستای قوتابخانەی سەورە.
لە ساڵی ١٩٦٣ـەوە تێکەلاوی دنیای سیاسەتو خەباتی کوردایەتی بووە، ساڵی ١٩٧١ لە زانکۆی مستەنسریەی بەغدا لە کۆلێژی زانست - بەشی فیزیا وەرگیراوە، بەلام بەھۆی کاری سیاسییەوە نەیتوانیوە خوێندنی زانکۆ تەواو بکات.
ساڵی ١٩٧٠ ھاوکات لەگەڵ دامەزراندنی کۆمەڵەی مارکسی- لینینی (کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان) لە ڕیزی ئەو رێکخراوەدا دەستی بەخەبات کردووەو یەکێک بووە لە کادیرە دیارەکانی کۆمەڵە، ھەر ھەمان ساڵ چۆتە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، دوای دووساڵ خوێندنی زانکۆو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەڕی حکومەتی ئەوسای عێراقو شۆڕشی کورد لە ساڵی ١٩٧٤ دا، کاک جەبار پەیوەندیکرد بە ھێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول-ـەوەو تا نسکۆی ١٩٧٥ بەردەوام بووە، دواتر گەڕاوەتەوە ناوشارو درێژەی بەکاری نھێنی حزبیو تێکۆشان داوە.
ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ یەکەمین دەستە لە زیندانیانی کۆمەڵە، شەھیدان: خاڵە شیھاب شێخ نوری، جەعفەر عەبدولواحید، ئەنوەر زۆرابو ھەڤالانی دیکەیدا لەلایەن رژێمی بەعس-ـەوە دەستگیرکرا.
کاک جەبار لە زیندان دا وەک تەواوی ھاوڕێکانی زۆر ئازارو ئەشکەنجەی دڕندانەی رووبەرووکرایەوە، بەلام لەوێش سەربەرزانە راوەستاو دواجار بەکەسێکی خاوەن بڕواو خۆڕاگر ناوبانگی پەیداکرد، دوژمن بەزیو ئەو کۆڵی نەدا.
ماوەی سالانی ١٩٧٥- ١٩٧٩ لە زیندانەکانی ئەمنی خاسەو فەزیلیەو ئەبوغرێب چەندین جۆر ئەشکەنجەو ئازار دراوە، نموونەی خۆڕاگریی بووە.
دوای ئازاد بوونیشی، لەڕۆژی ١٩٨٠/٧/١٤ پەیوەندی بەھێزی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانەوە کردووەو بۆتە پێشمەرگە، ھەرزوو بەبڕیاری سەرکردایەتی کرایە رێبەری سیاسی ھەرێمی چواری ئەوسا کە یەکێک بوو لەھەرێمە گرنگو ئازاکانی ھێزی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ.
ساڵی ١٩٨٢ بەھەڵبژاردن کرایە لێپرسراوی رێکخراوی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان لە دۆڵی باڵەکایەتی، دوای کۆنفرانسی دووەمی کۆمەڵەش کرایە لێپرسراوی رێکخراوی دووی کۆمەڵە، لە سێیەمین کۆنفرانسی کۆمەڵە لە ساڵی ١٩٨٤ بەئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڵبژێردرا، ساڵی ١٩٨٥ کرایە لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی سلێمانیو چەندین پلەو پایەی دیکەیشی پێ سپێردراوەو دڵسۆزانەی ئەرکەکانی راپەڕاندووە.
ھەر لە سەرەتاداو لەگەڵ دەرکەوتنی وەک کادیرێکی رێکخستن، کادیرو فەرماندەیەکی لێھاتووی سەربازیش بووە، بەشداری سەدان چالاکی کردووە، ھەروەھا سەرپەرشتیو فەرماندەیی دەیان داستانو رووبەڕووبوونەوەی کردووەو زۆرجار ئازایەتی کاک جەبار بۆتە ھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ورەی پێشمەرگەو خەڵک.
ساڵی ١٩٨٨ بۆتە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مەکتەبی تەنفیزی بەرەی کوردستانی، ساڵی ١٩٩٠ لەولاتی سوریا بەھەمان ناونیشان خەباتیکردووە، ساڵی ١٩٩١و لەسەروەختی راپەڕین دا لەگەڵ بەڕێز مام جەلال گەڕاوەتەوە کوردستان، لە دووەم راپەڕینی سلێمانی رۆڵێکی بنچینەیی گێڕاوە.
ساڵی ١٩٩١ رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە دامەزراندنی کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، لە یەکەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ بە ئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردراوەو دواتر بۆتە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھەمان ساڵ کراوەتە لێپرسراوی مەکتەبی عەسکەریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھاوکات ناوەندی رووناکبیرییو کۆمەلایەتی گەرمەسێری دامەزراندووە.
لە دووەم کابینەی حکومەتی ھەرێم دا کرایە وەزیری پێشمەرگە.
ساڵی ١٩٩٣ کرایە جێگری فەرماندەیی گشتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە ساڵی ١٩٩٥یش دا کراوەتە وەزیری ناوخۆی ھەرێم، ھەمان ساڵ بۆتە وەزیری پەروەردەو پاشان پۆستی وەزیری شارەوانی بەوەکالەت پێسپێردراوە.
ساڵی ١٩٩٩ یانەی وەرزشی پێشمەرگەی دامەزراندووەو ھەر خۆیشی بۆتە سەرۆکی یانەکە.
دواپلەیشی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.
بەداخەوە، ئەو سەرکردە دلێرو فەرماندە ئازایەی رۆژانی سەختی خەباتی کوردایەتیو ئەو پیاوە بەھێزو ھیممەتە کە وەک قەلایەک بوو، نەخۆشییەکی کوشندەی لەناکاو یەخەی پێگرتو ئەگەرچیش سەرکردایەتی ی.ن.ک و تەواوی کەسوکارو دۆستو دڵسۆزان ھەوڵی زۆریان دا تا چارەسەرێکی بۆبدۆزنەوە، بەڵام ترسناکی نەخۆشییەکەی وایکرد ماوەیەکی زۆر بەو ئازارەوە بتلێتەوەو پاشنیوەڕۆی رۆژی ٢٠٠٧/٨/٩ بەوھۆیەوە گیانی سپاردو گەیشتە کاروانی سەروەران.