تازەترین هەواڵ
http://1.bp.blogspot.com/-tm6A1lUiFlA/UgZH80KcCYI/AAAAAAAAUOU/GCVNQvbUiAU/s1600/888.jpg
http://3.bp.blogspot.com/-hDYPrnsreLk/VQE643MVZdI/AAAAAAAAbsY/Teok57BxaKo/s1600/sarawar1.pnghttp://1.bp.blogspot.com/-BJZM5WSPCjY/VQE65bmkEMI/AAAAAAAAbsk/8jjf-pfEUzk/s1600/shahidan.pnghttp://2.bp.blogspot.com/-UE255vVBl-k/VQE64LF4oQI/AAAAAAAAbsQ/FO_GfHJkt0w/s1600/peshmarga.pnghttp://3.bp.blogspot.com/-1idXsU2UJMM/VQE63EDcX_I/AAAAAAAAbsI/v4kN56aC15I/s1600/karikater.pnghttp://2.bp.blogspot.com/-X7RrV86fPU0/VQE63M2gYLI/AAAAAAAAbsM/IRYATkRNyp0/s1600/nawdaran.pnghttp://2.bp.blogspot.com/-bfTrV0DY1bc/VQE63Ct_buI/AAAAAAAAbss/5zz63Jn3irk/s1600/kodi%2Brang.png
http://1.bp.blogspot.com/-tm6A1lUiFlA/UgZH80KcCYI/AAAAAAAAUOU/GCVNQvbUiAU/s1600/888.jpg

7‏/2‏/2012

ئازاد ھەورامی

شەھیدى سەرکردە ئازاد ھەورامی، ناوی تەواوی ئازاد عەبدولمەجید غەففارە، ساڵی ١٩٥٤ لە خێزانێکی کرێکار لە شاری کەرکوک لەدایکبووە، لەناو ستەمە چینایەتی‌و نەتەوایەتییەکان دا ئاسۆی بیرکردنەوەو جیھانبینی فراوان بووە، بۆیە ھەرلە سەردەمی ھەرزەکاریی دا یەکێک بووە لە خوێندکارە ھەڵکەوتووەکان‌و زوو تێکەڵاوی سیاسەت‌و کوردایەتی بووە.
ساڵی ١٩٧٢ پەیوەندیکردووە بە ‌ریزەکانی (کۆمەڵە)‌وەو لە ئەڵقە رۆشنبیرییەکانی دا خۆی پێگەیاندووە.
ساڵی ١٩٧٤ وەک پێشمەرگە بەشداریکردووە لە بزووتنەوە چەکدارییەکەی خەڵکی کوردستان.
ساڵی ١٩٧٥ پاش زیندانی کردنی شەھید شیھاب‌و ھاوڕێکانی ئەرکی رێکخستنەوەی ریزەکانی (کۆمەڵە)‌ی کەوتۆتە ئەستۆ، ئەم تێکۆشەرە لەگەڵ شەھید ئارام دا رۆڵێکی گرنگی بینی لەسەرکردایەتی کردنی ناوەوەی ئەو رێکخراوەدا.
ساڵی ١٩٧٦ روویکردۆتە شاخ‌و سەرپەرشتی مەفرەزە سەرەتاییەکانی کردووە.
ساڵی ١٩٧٨ لە ‌کارەساتی ھەکاریی دا بەدیلگیراو ساڵی ١٩٧٩ توانی خۆی دەرباز بکات‌و پەیوەندی بکاتەوە بەھاوڕێکانییەوە.
ئەم تێکۆشەرە رۆشنبیرو راستگۆو خۆنەویستە، ھەموو سیفەت‌و خەسڵەتەکانی سەرکردەی شۆڕشگێڕی تیاکۆببووەوە، بۆیە لە ‌کۆنفرانسەکانی کۆمەڵەدا بە ‌ئەندامی ناوەندی‌و لە ‌کۆنفرانسەکانی یەکێتیی دا بەئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردرا، شەھید ئازاد ھەورامی لە ‌زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا وەک پێشمەرگەو لێپرسراوی سیاسی خزمەتیکردووەو ھەمیشە جێگەی رێزی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان‌و ھەڤاڵانی پێشمەرگە بووە.
ئازاد ھەورامی سەرکردە، ئەدەب دۆستێکی شارەزاو مۆسیقارێکی لێھاتووش بوو، لەناو ھونەرمەندان‌و ئەدیبان‌و شاعیران دا جێگەیەکی تایبەتی ھەبوو.
شەھید ئازاد لە ‌ئەنفالەکان دا سەرپەرشتیکردنی شەڕگەی دۆڵی باڵەییان-ی پێسپێردراو ئەرکەکانی بەسەرکەوتوویی ئەنجامدا.
لە ‌گەرمەی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەدا لە ‌کۆتایی مانگی ئابی ساڵی ١٩٨٨دا لەبناری قەندیل بە ‌بۆردومانی رژێمی داگیرکەر بریندارکراو بەو برینەش شەوی ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٨٨ گەیشتە کاروانی نەمران.

سەبارەت بە چۆنێتی شەھیدبوونی ئازاد ھەورامی خاتوو شنۆ شاسواری-ی ھاوسەرو ھاو سەنگەری دەڵێت:

دواھەناسەی بە قەندیل سپارد

ئێوارەی ١٩٨٨/٨/٣٠، بڕیاردرا ئازادو ھێزەکەی بکشێنەوە بۆ شێخ ئایشێ، لەو کاتەدا گوێمان لە ‌دەنگی کۆپتەر بوو، ئازاد بە ‌پێشمەرگەکانی وت: «ھەر کەسێ کۆپتەرێک بخاتە خوارەوە کچێکی ھەورامی بۆ دەخوازم»، پێشمەرگەکانی خستبووە پێکەنین، لە شاخەکەدا تەنیا پەناگەیەکی لێ بوو، جیھازە ڕاکاڵەکەی لێ دانرابوو، دوو کۆپتەرمان لەسەر ئاسمانی کونەکۆتر بینی،‌ بە خێرایی تێدەپەڕین، جارێکی تر گەڕانەوەو لەو کاتەدا لەگەڵ ئازاد پێکەوە وەستابووین.
٢٠-٣٠ سم لەنێوانماندا بوو، کۆپتەرەکان بە ڕاجیمە ئەو شوێنەی ئێمەیان داگرتەوە، ئازاد لەناو تەپوتۆزدا ون بوو، پڕ بە گەرووم ھاورام کرد... ئازاد... ئازاد... گوێم لە دەنگێ بوو، بە کزییەوە وتی: «ئازاد تەواو» ھاوارم کرد ئازاد پێکرا.
کاک عومەرو کاک کۆسرەت‌و دوکتۆر ھێمن‌و دوکتۆر جەلال‌و پێشمەرگەکان گەیشتنە لای، پێڵاوە ئەدیداسەکانی دڕابوو، پەنجەکانی پێکرابوون، دەستی چەپی وردو خاش بووبوو، وتی: «کاک عومەر ئیتر لەمەودوا ناتوانم گیتار بژەنم.»
من خۆشم بریندار بووم، خوێن لە پشتی گوێم دەھات، بەڵام لەبەر ئازاد قسەم نەدەکرد، لەو کاتەدا ئازاد ڕووی کردە کاک عومەرو کاک کۆسرەت وتی: «لە ‌پێشمەرگایەتی دا کوڕی خەڵک زۆر شەھید کراون، با ئیتر نۆرەی ئێمەش بێت.»
دواتر بە سواری وڵاخێک بەرەو قەندیل بە ‌ڕێیانکردین، لە ‌کاتی سەرکەوتن دا، لە ‌ڕێگا گابەردێک ھاتە بەردەممان، یەکێک لە ‌پێشمەرگەکان وتی: «ھاوڕێ شنۆ با لەو ڕێگایەوە بڕۆین.» منیش وتم: «نا من لەگەڵ ئازاد دەڕۆم، بە جێی ناھێڵم.» لەوکاتەدا بزەیەک کەوتە سەر لێوە وشکھەڵاتووەکانی ئازاد.
دنیا بەرەو تاریکی ملینا، سەرما تینی بۆ ھێناین، جامانەکەی ملم کردەوەو لە ‌سەری ئازادم پێچا، ھەرچەندە زۆر سەرمام بوو، لە ڕێگا چەند جارێک ناوی شەوبۆ و شیرین-ی ھێنا.
دەستە دەستە پێشمەرگەکانی ئەو دەوروبەرە، ھەر کە ‌ھەواڵەکەیان زانی ‌بوو، خۆیان دەگەیاندە لامان. ھەریەکەیان بە جۆرێک دڵتەنگی خۆی دەردەبڕی.
لەسەر (گویت سوێ) پشوویەکمان دا، نانیان خوارد، من نانم بۆ نەخورا، ئازاد وتی: «شنۆ پاروویەک نان بخۆ، با وزەیەکت تیا بێت، بتوانیت ڕێ بکەیت.» دواتر بەڕێکەوتین، دەبووایە بە ‌لاپاڵی چیاکەوە داگەڕێین، بۆ ناو دۆڵەکە، لە ‌بەرزاییەکەدا دوکتۆر ھێمن وتی: «ھاوڕێ شنۆ مەترسە، تەنیا ئێسکی گرتووە.‌» لە ڕێگا وتم: «دوکتۆر ھێمن شوێنەکەی ئازاد خراپ نییە؟» لەوکاتەدا وتم ئازاد.. ئازاد، وەڵام نەبوو، وتم دوکتۆر ھێمن بۆ ئازاد وەڵام ناداتەوە، ئەویش بانگی کرد وتی کاک ئازاد، وەڵام نەبوو، بە تووڕییەوە بە ‌پێشمەرگەکانی وت: «دایگرن!»، ھێستریاکە جارێکی ‌تر گرتمیەوە، لەبەرخۆمەوە دەموت چییە؟ چییە؟ دەمزانی ئازاد دواھەناسەی سپاردووە، بەڵام نەمدەتوانی بڕوا بکەم، پڕ بەو چیاو دۆڵە ھاوارم کرد ئازاد... ئازاد. کاتێک بە ھۆش خۆم ھاتمەوە.‌ لە سەقز بووم. تەرمەکەی شەھید ئازادیان لەسەر ڕاسپاردەی خۆی گواستەوە بۆ (سەکران) لەوێ بە خاکیان سپارد.

کاک کۆسرەت-یش دەربارەی دواساتەکانی شەھیدبوونی کاک ئازاد دەڵێت:

ئەو ڕۆژە یەکێک بوو لە ڕۆژە ناخۆشەکانی ژیانم

شەھید ئازاد ھەورامی یەکێک بوو لە سەرکردە دیارو لاوەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. مرۆڤێکی ھەستناسک، ھونەرمەند، نووسەرو سیاسەتمەدار بوو، شەھیدبوونی زیانێکی گەورە بوو لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کەوت.
من لە ساڵی ١٩٨٢ شەھید ئازادم ناسی، ئەو سەردەمە لە نێوزەنگ بوو. تابڵێیت مرۆڤێکی قسەخۆش‌و خۆشەویست بوو لەناو شۆڕش و پێشمەرگەدا.
ئێمە لە ساڵی ١٩٨٨ لە مەڵبەندی سێ بووین، کە پاش ھەموو مەڵبەندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بڕیاری مەکتەبی سیاسی لە شەوی ٢٨/٢٩-٨-١٩٨٨ بۆ سەر سنوور کشایەوە لە بناری قەندیل. شەھید ئازاد لێپرسراوی مەڵبەندی چوار بوو،
بە سەردان گەڕابووەوە بارەگای مەکتەبی سیاسی‌و کە شەڕ لە قۆڵی دۆڵی باڵەییان دەستیپێکرد شەھید ئازادیان وەک لێپرسراو ناردبووە ئەم بەرەیە، بەڵام کە ئێمە کشاینەوە بۆ دۆڵی باڵەییان بەرەکەمان لە شەھید ئازاد وەرگرت. من‌و کاک ملازم عومەر پێکەوە سەرپەرشتیی بەرەکەمان دەکرد.
ڕۆژی ١٩٨٨/٨/٣٠ خەریکی کۆکردنەوەی بارەگاکانی شەھید ئازاد ھەورامی بووین تا بگەڕێتەوە لای مەکتەبی سیاسی، لەناکاو چەند ھەلیکۆپتەرێکی ڕژێمی بەعس ھاتن قەسفی بەرەکەیان کرد. شەھید ئازاد لەگەڵ شنۆخان-ی ھاوسەری بۆ خۆپاراستن لە قەسفەکە چوونە بن شاخێکی ئەو دەوروبەرەو منیش لەگەڵ پێشمەرگەکان لەسەر کانیاوەکە کە شوێنی نانخواردنمان بوو، وەستا بووین. قەسفەکە ھێندەی نەبردو شنۆخان ھاواریکردو وتی: "کاک ئازاد بریندار بوو." منیش یەکسەر چووم. کە گەیشتمە لای، بینیم ھەردوو قاچی لە پشتی بە خوارەوە زۆر بە سەختی بریندار بووبوو. لەم کاتەدا کاک ملازم عومەریش دیار نەبوو، لەبەر ئەوە زۆر ترسام‌و وامزانی ئەویش شەھید بووە، بەڵام پاشان ھاتەوە. ئەمجا دکتۆرەکانمان بانگکرد. شەھید دکتۆر ھێمن‌و دکتۆر جەلال ھێندەی بۆیانکرا چارەسەریان کردو لەنێو خۆیاندا بە ئینگلیزی قسەیان لەگەڵ یەکتر دەکرد؛ شەھید ئازاد وتی: "من ئینگلیزی دەزانم، بە کوردی قسە بکەن." پاشان من‌و کاک شێخ جەعفەرو کاک ڕەھبەر ھەریەکەمان بتڵێک خوێنمان پێداو ڕەوانەمان کرد بۆ شێخ ئایش‌و لەوێوە بۆ ئێران. پێش ئەوەی بڕوات، داوای کرد من‌و کاک ملازم عومەر بە تەنھا قسەی لەگەڵدا بکەین، وەسیەتیکردو منیش وتم: "کاک ئازاد ھیچ نییە ئینشاللـە سەلامەت دەبیت!" وتی: "کەس بە وەسیەت نەمردووە." و قسەکانی بۆ ئێمە کرد. بەڕاستی ڕۆژێکی ناخۆش بوو لە ژیانم دا کە کاک ئازادم وا بینی‌و برینەکەی شوێنی حەساسی نەگرتبوو، بەڵام لوولەی ئێسکی ڕانی شکابوو مۆخ‌و چەوریی ناو ڕانی لەگەڵ خوێنی تێکەڵاو ببوو، ھەر ئەوەش بووە ھۆی شەھیدبوونی لە ڕۆژی ١٩٨٨/٨/٣١ لە شێخ ئایش.
لە پێش ئەوەی ڕەوانە بکرێت سروودی (ڕێی خەباتمان) ـی دەوت. ئەو ڕۆژە یەکێک بوو لە ڕۆژە ناخۆشەکانی ژیانم.
ھەزار سڵاو لە گیانی پاکی کاک ئازادو ھەموو شەھیدانی کوردو کوردستان.