(١٩٣٦-٧٧١٩٧٨)
شەھید عەلی عەسکەریی، کوڕی شێخ عەبدوڵڵاو برازای شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵەیە
کە شێخی تەریقەتە.
پاییزی ساڵی ١٩٣٦ لە گوندی (عەسکەر) لەدایکبووە، شێخ عەبدوڵڵای باوکی یەکێک
بووە لە لایەنگرە دڵسۆزەکانی شێخ مەحمودی نەمر.
شەھید عەلی عەسکەری لە سەردەمی لاوێتی دا و ئەو کاتەی خوێندکاری ئامادەیی
بوو لە کەرکوک پەیوەندیکردووە بە یەکێتی قوتابیانی کوردستان-ـەوەو دواتریش
بووە بە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان.
لە ئەنجامی چالاکییەکانی دا لەھەردوو رێکخراوی قوتابیانو لاوان دا بوو
بەئەندامی لیژنەی باڵاو دوای ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ بوو بەئەندامی لیژنەی ناوچەی
کەرکوکو لە یەکەمین کۆنگرەی ئاشکرای پارتی-دا ساڵی ١٩٦٠ بەئەندامی
کۆمیتەی ناوەندیی ھەڵبژێردرا.
بۆ خۆتەرخانکردن بۆ ئیشو کاری سیاسی خوێندنی زانکۆی وازلێھێنا. ئەو کاتەی
بارزان کەوتە بەرھێرشی خێڵە نەیارەکانی دەوروپشتی، سەرکردایەتی پارتی شەھید
عەلی عەسکەری-یان نارد بۆ بادینان بۆ سازدانی رێکخراوەکانی پارتیو
بەشداریکردن لە پاراستنی بارزانو بارزانییەکان دا.
شەھید عەلی عەسکەری ئەرکەکەی بەجۆرێک ئەنجامدا کە بووە جێگەی رێزی شێخ
ئەحمەدی بارزانو لە بادینان مایەوەک لەگەڵ عەلی حەمدیو ئەحمەد عەبدوڵڵا
دا کە ھەردووکیان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی بوونو کاروباری ئەو
ناوچەیەیان بەڕێوەئەبرد تا دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلول.
لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلول دا وەک لێپرسراوی پێشمەرگە لە بادینان
مایەوە تا ساڵی ١٩٦٢، رۆڵێکی گەورەی بینی لە رێکخستنی ھێزەکانو
بەرزکردنەوەی ورەی جەماوەری ناوچەکەو سەرکردایەتی چەندین شەڕیشی کرد، دواتر
گەڕایەوە ناوچەی سلێمانیو بوو بە فەرماندەی ھێزی خەبات.
ساڵی ١٩٦٤ پەیوەندیکرد بە باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی-یەوە.
ساڵی ١٩٧٤ کە شەڕ ھەڵگیرسایەوەو ھێرشی سوپای عێراق بۆ سەر ناوچەکانی نزیک
بارەگای بزووتنەوەکە دەستیپێکرد، پاراستنی ئەو ناوچەیە رووبەڕووی شەھید
عەلی عەسکەری کرایەوەو ناوچەکەی پاراست.
دوای راگەیاندنی رێککەوتننامەی جەزائیرو ھەرەسھێنانی بزووتنەوەکە عەلی
عەسکەری لەگەڵ ھەندێ ھاوڕێی نزیکیدا گەڕایەوە باشووری کوردستانو رێکخراوی
(بزووتنەوە)یان دامەزراند، حکومەتی بەغدا دوریخستەوە بۆ باشووری عێراق.
لە سەرەتای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-ـەوە پەیوەندی پێوە
کراو لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی نوێ دا خۆی گەیاندە ھێزی پێشمەرگەو بەمەش
تەوژمێکی گەورەی بەجوڵانەوەکە بەخشی.
لە یەکەمین کۆبوونەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا بە ئەندامی مەکتەبی
سیاسیو فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھەڵبژێردرا.
شەھید عەلی عەسکەری مرۆڤێکی ئازاو چاونەترس بوو، بەداخەوە لە کارەساتی
ھەکاریی-دا رۆژی ٧ی تەمموزی ساڵی ١٩٧٨ بەدیلی شەھیدکرا.