تازەترین هەواڵ
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6bQWquzvFnzWboSolHAjReXDxiQeTo-l2ygeftgRcIC13Cjh2klvBoE5mz2Wgf2IGlnBtUgh8XznEJqgfKOQdbMa1P08xntmuvLnpeT1eS4WHVrvUqI3GZKSJP-Mc-UWXSURzlZNixyE/s1600/888.jpg
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhcIDu1TlR6t-3ahp2Foij1Lu4SCA81iy_v_exjmiXf9f_8Cn6IHZTR-m-CsELqqX8u7lFNxZDWrWGJ9MDC0MZ8aKwZJzZ3ddyfCYWU4dmJ4y_Sx-H63QUB8oM5NzreM2n7p6zQHMWmuk8/s1600/sarawar1.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEiyHvS8VMtE8vQbpl_999jDE114GbEXDnl2mW3QSomPWkcNoZFsMFKL2ybBU5rqmu81uGyh33pPcRcLdgwW4k5fiF-qGPkOu80jl_xuqv-5tjUQeBtHlVh00ngn_NJKFa3QrMs38Trrzoo/s1600/shahidan.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhw5fzoDaXYNAf-tQkCc6ZIYAT-08e1zQFL3Sc16foCSEEJGLaxrWgSX1gJXxs9EZxwzJebIkdll0c2AiH-KgtXaXud71OHK4eNYHL8hl4Js-dkD5zavPrtGIB-kfBR9EBNUfThipC1PEM/s1600/peshmarga.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6GScoWWodKoH1DcCloNtTUVzvdOV_Wb2H1tv5paW0LU3DpXGoPv7IyoajdVyneKVb0_vNJu96Dr6PbdWjem18nzOkGfGEGDQX3mf_b_XKAjXWf4WuaIlLLu6NatAf0JJHsNK5UyHMsQA/s1600/karikater.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhAeN7CRbm4krLN7ZyAZTqTk3IS_GG1H9fXZXIuJ5eJy5yjt3fN_0e8Qt2nibXKvz_9y13lgCDSL1j6aTo8fB4jFAmvJTg-nhIm-y1Juql31FsycdmwjLHJb6sbYMVxDB7dQTa_KCmxDK8/s1600/nawdaran.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEiH2UM211g7CkZBZxwW0vp8SzM59x9RGVDcX4QCFxFLotN9nBx96ok7-JksgLSJvFhHuhIB2acjPKzAB_fVWI0OGydkzthgZE7Aw7_bk9NJwEWGSlhIpy1BWE3B41rN9vyRpFdAOdlWkow/s1600/kodi+rang.png
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6bQWquzvFnzWboSolHAjReXDxiQeTo-l2ygeftgRcIC13Cjh2klvBoE5mz2Wgf2IGlnBtUgh8XznEJqgfKOQdbMa1P08xntmuvLnpeT1eS4WHVrvUqI3GZKSJP-Mc-UWXSURzlZNixyE/s1600/888.jpg

28‏/9‏/2013

خوێنی كاوه‌ گه‌رمیانی

ئه‌مجاره‌یان ده‌ستی تیرۆرو كوشتن، به‌رۆكی گه‌نجێكی تری ئه‌م نیشتمانه‌ی گرته‌وه‌، ده‌ستێكی غه‌در كاوه‌ی جوانه‌مه‌رگی كرده‌ قوربانی مه‌رامێكی گڵاو، بیستنی مه‌رگی كاوه‌ هێنده‌ ناخۆشبوو تاساین، بۆیه‌ هه‌موومان گوێ هه‌ڵده‌خه‌ین تا گوێبیستی هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی بكوژه‌كانی ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌بین..
شه‌وی 5-12-2013 له‌شاری كه‌لار، كاوه‌ گه‌رمیانی رۆژنامه‌نوس و سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری رایه‌ڵ، له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆیدا و له‌لایه‌ن كه‌سانێكی نه‌ناسراوه‌وه‌ تیرۆركرا، ئه‌و كاره‌ساته‌ش ناڕه‌زایی به‌دوای خۆیدا هێنا.
ئیدانه‌كردنی ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ تا دێت زیاتر ده‌بێت، سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی گرته‌وه‌، كه‌سایه‌تی و به‌رپرسه‌ حزبی و حكومییه‌كانی گرته‌وه‌، حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌هه‌مان شێوه‌، رۆژنامه‌نوسان و رۆشنبیران، مامۆستاو خوێندكار، پیرو گه‌نج وه‌ك یه‌ك خه‌مباربوون به‌ بیستنی ئه‌و رووداوه‌.

مه‌كته‌بی سیاسی: به‌بێ هیچ بنه‌مایه‌كی به‌ڵگه‌دار رووی تاوانه‌كه‌ ئاڕاسته‌ی یه‌كێتی و هه‌ندێ له‌ هه‌ڤاڵانی ده‌كرێن
رۆژی 7-12-2013 مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبویه‌وه‌ ته‌وه‌رێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ رووداوی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووسی جوانه‌مه‌رگ كاوه‌ گه‌رمیانی، هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌و كه‌یسه‌وه‌ مه‌كته‌بی سیاسی نیگه‌رانی خۆی سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی به‌دواداچوونی میدیایی هه‌ندێك له‌ كه‌ناڵ و ماڵًپه‌ڕ و په‌یجه‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی نیشاندا، كه‌ به‌بێ هیچ بنه‌مایه‌كی به‌ڵگه‌دار رووی تاوانه‌كه‌ ئاڕاسته‌ی یه‌كێتی و هه‌ندێ له‌ هه‌ڤاڵانی ده‌كرێن و ئه‌و تاوانه‌ به‌ سیاسی ده‌كه‌ن و ئاڕاسته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش ده‌شێوێنن و به‌لاڕێدا ده‌یبه‌ن.
له‌و باره‌وه‌ مه‌كته‌بی سیاسی وێڕای ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی نه‌گۆڕی پشتیوانیكردنی یه‌كێتی سه‌باره‌ت به‌ ئازادی راده‌بڕین و ئازادی میدیاو میدیاكاران له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا، سه‌رنجی ئه‌و میدیاو میدكارانه‌ی بۆ ئه‌وه‌ راكێشا كه‌ پابه‌ندبن به‌ ئیتیك و پیشه‌یی بوونی كاری میدیایی، به‌ تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ كه‌یسی تاوانی له‌و جۆره‌.
هاوكات ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی مافی یاسایی به‌رگریكردن له‌خۆی له‌ به‌رامبه‌ر تۆمه‌تباركردنی بێ بنه‌ماو ناڕاست، به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌س و كه‌ناڵانه‌ ئه‌پارێزێت.

ناڕه‌زایی و ئیدانه‌ كردن

هه‌ر پاش ئه‌و كرده‌وه‌ قێزه‌ونه‌، سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 6-12-2013 سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئیدانه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌ نامرۆڤانه‌ی كرد و رایگه‌یاند كه‌ ناكرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك تیرۆر و كوشتنی خه‌ڵكی بێتاوان و رۆژنامه‌نووس له‌ وڵاتی ئێمه‌دا هه‌بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆی ئازاردانی خه‌ڵك و شێواندنی سه‌قامگیریی وڵات و تێكدانی ئاسوده‌یی هاووڵاتیان، كاریگه‌ریی زۆر خراپیشی له‌سه‌ر ناوبانگی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، پێویسته‌ یاسا سه‌روه‌ر بێت و ئازادی و ئاسوده‌یی خه‌ڵك بپارێزرێت.

عیماد ئه‌حمه‌د: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌رگیزا و هه‌رگیز پاشه‌كشه‌ له‌مه‌بده‌ئه‌كانی ئازادی و ئازادی راده‌ربڕین ناكات
له‌ هه‌مان كاتدا عیماد ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئیدانه‌ی ئه‌و رووداوه‌ی كردو راشیگه‌یاند كه‌ تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوس كاوه‌ گه‌رمیانی هه‌وڵدانێكی بێ هوده‌ی نه‌یارانی ئازادی و كاری رۆژنامه‌نوسانه‌ی ئازاده‌ له‌پێناو كپكردنی ئازادی و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئه‌و پانتاییانه‌ی ئازادی كه‌ له‌كوردستاندا به‌خوێنی هه‌زاران رۆڵه‌ی ئه‌م وڵاته‌ به‌دیهێنراوه‌، هه‌وڵدانێكی ئامانجداره‌ بۆ ناشرینكردنی روخساره‌ جوانه‌كانی ئازادی و دیموكراسی كه‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رپرسیارێتی پاراستن و گه‌شه‌پێدانی گرتۆته‌ ئه‌ستۆی، له‌م پێناوه‌دا هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ رێگه‌ ناده‌ین یاری به‌ئازادی به‌خوێن به‌دیهاتووی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورستان بكرێت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راده‌سپێرین كه‌ زوبه‌زوو سه‌ره‌داوی ئه‌م كاره‌ دڕندانه‌یه‌ ئاشكرا بكه‌ن و تاوانباران له‌هه‌ر پله‌ و پایه‌ و جێگایه‌كدابن بدۆزنه‌وه‌و راستی دادگایان بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی به‌سزای عادیلانه‌ی خۆیان بگه‌ن و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و نوسه‌ران و رۆژنامه‌نوسان و ئازادیخوازانی ئه‌و وڵاته‌ش دڵنیابن له‌وه‌ی كه‌ حكومه‌ته‌كه‌یان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌رگیزا و هه‌رگیز پاشه‌كشه‌ له‌مه‌بده‌ئه‌كانی ئازادی و ئازادی راده‌ربڕین ناكات.

فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان: هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ ئازادی هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆسه‌ر یه‌كێتی
فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌ره‌خۆشی فراكسیۆنه‌كه‌یان بۆ كه‌سوكاری رۆژنامه‌نووس كاوه‌ گه‌رمیانی جوانه‌مه‌رگ ناردو راشیانگه‌یاند: به‌ توندی ئیدانه‌و مه‌حكومی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس كاوه‌ گه‌رمیانی ده‌كه‌ین، ئه‌م رووداوه‌ به‌ یه‌كێك له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی تری سه‌ر ئازادی راده‌ربڕین ده‌زانین، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌زگا ئیداری و ئه‌منیه‌كانی گه‌رمیان به‌تایبه‌ت هه‌وڵه‌كانیان چڕتر بكه‌نه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران و راده‌ستكردنیان به‌ دادگا، ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ی كه‌ له‌ ئازادی و ئازادی راده‌ربڕین ده‌كرێن هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌وخۆن له‌سه‌ر ئه‌زمونی دیموكراسی حكومڕانی له‌ كوردستاندا، به‌تایبه‌تیش ئێمه‌ وه‌كو ئه‌ندام په‌رله‌مانانی یه‌كێتیی به‌شێك ده‌بین له‌ به‌دواداچوونی جددی بۆ ئاشكراكردنی تاوانباران جا له‌هه‌ر ئاست و شوێنێكدابن، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پره‌نسیپی ئازادییه‌كان دوانه‌یه‌كی له‌یه‌ك جیانه‌كراوه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ ئازادی هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆسه‌ر یه‌كێتی، له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ پێویسته‌ یه‌كێتی زۆر جددیتر ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان رابسپێڕێ بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و رۆژنامه‌نووسان و ئازادیخوازانی گه‌له‌كه‌مان دووربن له‌هه‌ر دڵه‌ڕاوكێ و مه‌ترسییه‌ك

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان: بكوژانی كاوه‌ گه‌رمیانی سه‌ر به‌هه‌ر لایه‌نێك بن سزابدرێن
له‌لایكی تریشه‌وه‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وێڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و كرده‌وه‌ نامرۆڤانه‌یه‌ و سه‌ره‌خۆشی كردن له‌ بنه‌ماڵه‌ی رۆژنامه‌نوس كاوه‌ گه‌رمیانی، حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی به‌رپرس كرد له‌دۆسێكه‌و دۆزینه‌وه‌ی هه‌رچی زووتری تاوانباران و به‌سزاگه‌یاندنیان، ئه‌و تاوانباره‌ ترسنۆك و بوده‌ڵانه‌ی كه‌ ره‌فتاری دڕندانه‌و شه‌رمه‌زارانه‌ی له‌م جۆره‌ زیاتریان پێ ئه‌نجام نادرێت، حاكم قادر حه‌مه‌جان كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان  رایگه‌یاند كه‌ ئه‌ركی حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه‌ ملكه‌چی دادگا بكه‌ن، هه‌ر كه‌سێك بن و سه‌ر به‌هه‌ر لایه‌نێك بن و هه‌ر پله‌و پایه‌یه‌كیان هه‌بێت، ئێمه‌ پشتیوانی سه‌رسه‌خت و داكۆكیار ده‌بین له‌ پرۆسه‌ی دۆزینه‌وه‌و شه‌رمه‌زاركردن و دانی تاوانباران به‌دادگا، تاوانباران له‌شه‌وی تاریكدا تاوان ئه‌نجامبده‌ن پێویسته‌ ئێمه‌ له‌ رۆژی رووناكدا له‌هۆڵی داداگادا به‌یاسا سزایان بده‌ین و بیانكه‌ینه‌ په‌ندو عیبره‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی خه‌ون به‌پاشه‌كشێی ئازادی رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ ده‌بینن له‌هه‌رێمی كوردستاندا، دیاره‌ ئه‌م ره‌فتاره‌ ترسنۆك و له‌رزۆكانه‌یه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و پێناسه‌یه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمه‌كه‌مانی پێ ناسراوه‌و وه‌ك هه‌میشه‌ دروشمی پارێزه‌ری راوبۆچوونی ئازادو رۆژنامه‌نووسان بووه‌.
حاكم قادر حه‌مه‌جان هیوداشی خواست هه‌موو لایه‌ك پشتیوانی لێكۆڵینه‌وه‌ی راست و دروست بكه‌ن و رێگا نه‌ده‌ن تاوانباران له‌م ته‌مومژه‌دا خۆیان حه‌شاربده‌ن، چونكه‌ جێگای ئه‌وان سه‌ره‌نوێلكی مێژوو زیندانه‌ و ئه‌م گه‌له‌و له‌پێشه‌نگدا ی.ن.ك وه‌ك پێشوو هه‌میشه‌ داكۆكیكار ده‌بێت له‌مافی راده‌ربڕینی ئازادانه‌و سه‌ربه‌ستانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان.

ئازاد جندیانی: تاوانباران به‌توندترین سزای یاسایی بگه‌یه‌نرێن
ئازاد جندیانی به‌رپرسی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ بروسكه‌یه‌كدا، ئیدانه‌ی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوس كاوه‌ گه‌رمیانی كردو راشیگه‌یاند: تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانی و له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆیدا، كارێكی قێزه‌ونه‌و به‌توندی ئیدانه‌ی ده‌كه‌ین و داواش له‌لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌ به‌رپرسه‌كان ده‌كه‌ین به‌زووترین كات تاوانباران بدۆزنه‌وه‌و راده‌ستی دادگایان بكه‌ن تا به‌توندترین سزای یاسایی بگه‌یه‌نرێن.
هاوكات ئازاد جندیانی پرسه‌و هاوخه‌می خۆی و مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی ئاراسته‌ی كه‌سوكارو هاوڕێیان و هاوپیشه‌كانی كاكه‌ كاوه‌ كرد.

د.به‌رهه‌م ساڵح: تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانی كاری مافیا ئاسایه‌
د.به‌رهه‌م ساڵح تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانی رۆژنامه‌نووس ئاماژه‌ی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ئازادی راده‌ڕبرین له‌ كوردستان، ئه‌م تاوانه‌ كاری مافیا ئاسایه‌و جێگه‌ی ناڕه‌زایی ئازادیخوازان و دڵسۆزانی دیموكراسیه‌ له‌ كوردستان، پێویسته‌ ده‌زگا به‌رپرسه‌كان ورده‌كاری لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ رای گشتی ئاشكرا بكه‌ن و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه‌ راده‌ستی یاسا بكه‌ن، ئه‌م تیرۆره‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند روداوی هاوشێوه‌ی ئه‌م دواییه‌، بونه‌ته‌ مایه‌ی نیگه‌رانی و به‌دگومانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، بۆیه‌ ئه‌ركی ده‌زگا به‌رپرسه‌كانه‌ زوو به‌ زوو وه‌ڵامی پرسیاری ره‌وای خه‌ڵك بده‌نه‌وه‌و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانانه‌ به‌سزای یاسایی بگه‌یه‌نن و دڵنیایی بده‌نه‌وه‌ خه‌ڵك كه‌ به‌ئه‌ركی خۆیان هه‌ڵده‌ستن بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و ئازادی خه‌ڵك و سزادانی تاوانباران.
          
مه‌لا به‌ختیار: هه‌ست ده‌كه‌م نزیكترین هاوڕێی ویژدانم شه‌هید كراوه‌
ئه‌مشه‌و، دوای چاوپێكه‌وتنم له‌كه‌ناڵی "روناهی" له‌بڕۆكسڵ، هه‌واڵی جه‌رگبڕی شه‌هیدكردنی "كاوه‌ گه‌رمیانی"یان پێڕاگه‌یاندم، ده‌ستبه‌جێ بروسكه‌یه‌كی ره‌ش ره‌ش، ره‌شتر له‌ مێشك ‌و دوكه‌ڵی لوله‌ی تاوانباره‌كان، مێشكی داگرتم، من كاوه‌ی جوانه‌مه‌رگ له‌نزیكه‌وه‌ ناناسم، به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌م نزیكترین هاوڕێی ویژدانم، شه‌هید كراوه‌، لای من قێزه‌وه‌نترین جۆری تاوان، تاوانی شه‌هیدكردنی نوسه‌رو رێبوارانی چه‌پكه‌ قه‌ڵه‌مه‌، هه‌تا لێكۆڵینه‌وه‌ش بكوژی شه‌هید ئاشكرا نه‌كات، تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌م پێ خراپه‌، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێم: به‌رپرسانی ئاسایشی گه‌رمیان، دوای چركه‌ ساتی ئه‌م تاوانه‌، كه‌وتونه‌ته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارییه‌تی یاسایی‌ و ئه‌خلاقی، ته‌نانه‌ت هی ناوچه‌كه‌ش، تاقه‌ یه‌ك رێگاش له‌به‌رده‌مییانه‌، ئه‌ویش دۆزینه‌وه‌ تاوانباره‌كانه‌، پێشم وایه‌ كاوه‌ تیرۆرستی عه‌ره‌ب شه‌هیدیان نه‌كردوه‌، له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كی شه‌خسی ‌و عه‌شایه‌ریش تیرۆر نه‌كراوه‌، كه‌وابێت تیرۆ كردنه‌كه‌ی له‌سه‌ر قه‌ڵه‌م ‌و ئازادییه‌، ئه‌مه‌ش زه‌نگێكی ترسناكه‌..له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی-دا.

سكرتاریه‌تی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال: هه‌موو پشتیوانییه‌ك دوپاتده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان 
سكرتاریه‌تی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال پرسه‌ نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی خانه‌واده‌و كه‌سوكاری رۆژنامه‌نوسی جوانه‌مه‌رگ كاوه‌ گه‌رمیانی كردو رایگه‌یاند: به‌ داخ و ئه‌سه‌فێكی زۆره‌وه‌ ده‌ستێكی ره‌ش و تاوان گه‌یشته‌ گیانی كاكه‌ كاوه‌ گه‌رمیانی، بۆ ئه‌و كاره‌ساته‌ جه‌رگ بڕه‌ی ئێوه‌ و بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزتان له‌ جیاتی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال وێڕای به‌ توندیی ئیدانه‌كردنی ئه‌و تاوانه‌ قێزه‌ونه‌، پرسه‌و ماته‌مینتان ئاڕاسته‌ ده‌كه‌ین و له‌ ناخه‌وه‌ به‌شداریی خه‌متان ده‌كه‌ین، لێره‌شه‌وه‌ هه‌موو پشتیوانییه‌ك دوپاتده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان  تا  به‌ وردی و به‌ چڕیی لێكۆڵینه‌وه‌و به‌ دواداچون بكه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانبار و به‌رپرسیارانی  ئه‌و تاوانه‌ ره‌ش و قێزه‌ونه‌و راپێچكردنیان بۆ به‌رده‌م یاساو دادگایكردنیان تا سزای عادیلانه‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێبكرێت.

قوباد تاڵه‌بانی: بكوژانی كاوه‌ گه‌رمیانی بدۆزرێنه‌وه‌
لای خۆیه‌وه‌ قوباد تاڵه‌بانی له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك رایگه‌یاند: پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆم ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی ڕۆژنامه‌نووس كاكه‌ كاوه‌ گه‌رمیانی ده‌كه‌م، خوای گه‌وره‌ سه‌بوری كه‌سوكاری بدات و كۆتاناخۆشیان بێت، داواكارم هه‌رچی زووه‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌هاوكاری ده‌زگائه‌منیه‌كان بكوژانی ئه‌م كاره‌ قێزه‌ونه‌ رووبه‌ڕوی یاسابكه‌نه‌وه‌و به‌كاری یاسایی خۆیان هه‌ستن.

ئیداره‌ی گه‌رمیان: بكوژان ده‌ستگیرنه‌كرێن په‌یاممان ده‌بێت
ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌ به‌یاننامیه‌كدا شه‌هیدكردنی رۆژنامه‌نووس (كاوه‌ گه‌رمیانی) ئیدانه‌ كردو راشیگه‌یاند: پێمان خۆشه‌ ئه‌وه‌ روونبكه‌ینه‌وه‌، كه‌ دوای رووداوه‌كه‌ و گه‌یشتنی ئه‌و هه‌واڵه‌ ناخۆشه‌ پێمان، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ی تاوانبارانی رووداوه‌كه‌، ده‌ستبه‌جێ ده‌زگاكانی ئاسایش و پۆلیس و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپاردووه‌ لێكۆلینه‌وه‌ی ورد بكرێت و ته‌واوی تواناكانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ ئاشكراكردنی بكوژانی رۆژنامه‌نووس (كاوه‌ گه‌رمیانی).
هاوكات وێڕای ئه‌وه‌ی جارێكی تر شه‌هیدكردنی رۆژنامه‌نووس (كاوه‌ گه‌رمیانی)  به‌توندی ئیدانه‌ ده‌كه‌ین، پێمان وایه‌ كوشتنی رۆژنامه‌نووسان زه‌نگێكی مه‌ترسیداره‌ و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدیه‌ بۆ سه‌ر ئارامی و ئازادی راده‌ربڕین و ئارامی ناوچه‌كه‌، لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ش دووپاتده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ رووداوه‌كه‌، له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا بكوژانی رۆژنامه‌نووس (كاوه‌ گه‌رمیانی) ئاشكرا نه‌كرد، ئه‌وا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان په‌یامێكی تری ده‌بێت بۆ رۆژنامه‌نوسان و رۆشنبیران و هاووڵاتیان.

پارێزگاری سلێمانی: رێگا ناده‌ین ده‌سكه‌وتی ئازادیمان له‌كه‌دار بكرێت
به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح پارێزگاری سلێمانی پرسه‌ نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی  رۆژنامه‌نووسی تیرۆركراو كاوه‌ گه‌رمیانی ده‌كات و وێرای ده‌ربرینی خه‌م و په‌ژاره‌  بۆ ئه‌و رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌، تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوس كاوه‌ گه‌رمیانی به‌ ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌روه‌رییه‌ نیشتیمانییه‌كان وه‌سفی كرد.
له‌ به‌شێكی پرسه‌نامه‌كه‌دا پارێزگاری سلێمانی  رایده‌گه‌یه‌نێت "یه‌كێك له‌ شانازی و ده‌ستكه‌وته‌ گه‌وره‌كانی ئێمه‌ له‌ پارێزگای سلێمانیدا ئازادی میدیا و ئازادی راده‌ربڕینه‌، هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ رێگه‌ ناده‌ین هیچ ده‌ستێكی ناحه‌ز و ره‌ش ئه‌و شانازیی و ده‌ستكه‌وته‌مان لێ بستنێته‌وه‌ یان له‌كه‌داری بكات".

مه‌ڵبه‌ندی گه‌رمیان: كه‌یسی كاوه‌ گه‌رمیانی بۆ موزایه‌ده‌ی سیاسی به‌كارنه‌یه‌ت
مه‌ڵبه‌ندی 11ی گه‌رمیانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی كرد  راشیگه‌یاند: ئێمه‌ له‌كاتێكدا ئه‌و كرده‌وه‌ دڕندانه‌یه‌ به‌توندی ئیدانه‌و مه‌حكومی ده‌كه‌ین، له‌هه‌مانكاتدا به‌ تاوانێكی قێزه‌ونی ده‌زانین كه‌ به‌ئاڕاسته‌ی تێكدانی ئاسایشی هاووڵاتیان و ئازادی تاك له‌ناوچه‌كه‌دا ئه‌نجامدراوه‌، پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاڕاسته‌ی خانه‌واده‌ به‌ڕێزه‌كه‌یان ده‌كه‌ین، داواش له‌ داموده‌زگا ئه‌منیه‌كانی سنوره‌كه‌ ده‌كه‌ین هه‌رچی زووه‌ هه‌وڵه‌كانیان چڕبكه‌نه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌ران و هه‌ر ده‌ست و بیانوویه‌ك له‌پشت تیرۆركردنیه‌وه‌ هه‌بووبێت، بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێن، داواش له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تریش ده‌كه‌ین، به‌ئاڕاسته‌ی سه‌ركه‌وتنی پڕۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه‌ كاربكه‌ن و كه‌یسی ئه‌م گه‌نجه‌ جوانه‌مه‌رگه‌ بۆ موزایه‌ده‌ی سیاسی به‌كارنه‌هێنن، هه‌روه‌ها ئێمه‌ ته‌واوی پاڵپشتیمان بۆ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌رده‌بڕین بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی تاوانی تیرۆركردنی "كاوه‌ گه‌رمیانی"، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ڕه‌سمی قسه‌مان له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی سنوره‌كه‌ كردووه‌و هه‌موو كه‌ناڵه‌ جیا جیاكانمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی پڕۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی تاوانی تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانی.

مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین: هاوخه‌مین به‌ له‌ ده‌ستدانی خاوه‌ن قه‌ڵه‌مێك
مه‌ڵبه‌ندی 8ی رێكخستنی خانه‌قین له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، ئیدانه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌ قێزه‌ونه‌ی كردو رایگه‌یاند: دڵته‌نگ و هاوخه‌مین به‌ له‌ ده‌ستدانی خاوه‌ن قه‌ڵه‌مێك و داواكارین له‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌وڵی خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و كرده‌وه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ كرده‌وانه‌ نامۆیه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا و له‌ خوای گه‌وره‌ داواكارین سه‌بوری و دڵَنه‌وایی به‌ كه‌سوكاری بدات و روحی به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شاد بكات.

سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان: تیرۆركردنی كاوه‌ زه‌نگێكی مه‌ترسیداره‌ بۆ ئازادی راده‌ربڕین
لێژنه‌ی داكۆكی له‌ ئازادی رۆژنامه‌نووسی مافی رۆژنامه‌نووسان به‌وپه‌ڕی نیگه‌رانییه‌وه‌ ئیدانه‌و مه‌حكومی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس (كاوه‌ محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د گه‌رمیانی)، ئه‌ندامی كارای سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌كه‌ین.
تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانی به‌تایبه‌تی له‌م ئانو ساته‌دا، زه‌نگێكی مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر ئازادی راده‌ربڕین و پێشێلكردنی مافی رۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی وه‌ك هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ناوخۆ به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌كه‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.
پێمان وایه‌ وه‌فا بۆ رۆژنامه‌نووس كاوه‌ گه‌رمیانی و هه‌موو شه‌هیدانی رۆژنامه‌نووس بریتییه‌ له‌ كاری به‌رده‌وام بۆ ئاشكراكردنی تاوانباران و سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌و په‌یامی ئه‌و میدیاكارانه‌ی له‌م پێناوه‌دا تیرۆركراون و قوربانیان داوه‌، له‌ كۆتاییشدا داواكارین دۆسیه‌ی تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانی لێكۆڵینه‌وه‌ی وردو پێویستی له‌سه‌ر بكرێت و تاوانباران ئاشكرا بكرێن و ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش بۆ رای گشتی رابگه‌یه‌نرێت.

گردبوونه‌وه‌ و رێپێوان

پاش تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوس كاوه‌ گه‌رمیانی، رۆژنامه‌نوسانی زۆربه‌ی شارو شاروچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، گردبوونه‌وه‌و رێپێوانیان ئه‌نجامدا.
 
رۆژنامه‌نوسانی چه‌مچه‌ماڵ: ده‌نگی ئازاد كپ نه‌كرێت
رۆژی 7-12-2013، رۆژنامه‌نووسان و رۆشنبیران و نوسه‌رانی شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامداو له‌و گردبونه‌وه‌یه‌دا داوای ئاشكراكردنی بكوژانی كاوه‌ گه‌رمیانی و هه‌موو ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌یان ده‌كرد كه‌له‌ماوه‌ی رابردودا كوژراون و تائێستا دۆسیه‌كانیان به‌ هه‌ڵواسراوی له‌دادگاكان ماوه‌ته‌وه‌، مه‌عروف مه‌جید یه‌كێك له‌رۆژنامه‌نوسه‌ به‌شداربوه‌كانی گردبونه‌وه‌كه‌ی چه‌مچه‌ماڵ به‌PUKmedia ی راگه‌یاند: گردبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی رۆژنامه‌نوسانی چه‌مچه‌ماڵ بۆ گه‌یاندنی په‌یامی ناڕه‌زایی رۆژنامه‌نوسانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كوشتن و هه‌ڕه‌شه‌ لێكردن له‌ رۆژنامه‌نوسان و ئاشكرا نه‌كردنی بكوژانی ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی كه‌ له‌رابردودا كوژران، هه‌روه‌ها به‌یاننامه‌یه‌كی ناڕه‌زایمان ده‌ركردووه‌و وێنه‌ی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌مان ئاراسته‌ی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هه‌رێم كرد له‌به‌یاننامه‌كه‌دا  داوامانكردوه‌ چیتر رای ئازاد كپنه‌كرێت و ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌ش نه‌كوژرێن كه‌ گه‌نده‌ڵییه‌كان ئاشكرا ده‌كه‌ن.

رۆژنامه‌نوسانی كه‌ركوك دژ به‌تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانی ده‌وه‌ستنه‌وه‌
له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ناره‌زایه‌تییانه‌ی به‌هۆی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوس كاوه‌ گه‌رمیانی كه‌وتنه‌وه‌، گردبونه‌وه‌یه‌كی ناره‌زایی به‌به‌شداری ژماره‌یه‌ك له‌رۆژنامه‌نوسان و راگه‌یاندكارانی شاری كه‌ركوك به‌رێوه‌چوو، له‌و گردبوونه‌وه‌یه‌دا رۆژنامه‌نووسانی كه‌ركوك ئیدانه‌ی تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانی-یان كردو له‌رێگای یاداشتێكه‌وه‌ داوایان له‌ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌تایبه‌تی كرد، بكوژانی كاوه‌ گه‌رمیانی بدۆزنه‌وه‌و راده‌ستی دادگایان بكه‌ن.
له‌چوارچێوه‌ی یاداشته‌كدا كه‌له‌گردبونه‌وه‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌و ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان و حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و ئه‌نجومه‌نی باڵای سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان كرابوو، تێیدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كرابوو تیرۆركردنی نوسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی بیری ئازاد سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و سه‌رده‌شت عوسمان و شێخ ستار كه‌به‌ناحه‌ق شه‌هیدكران و زێده‌باری ئه‌وه‌ش تۆمه‌تی نابه‌جێ و بێ بنه‌ما بۆ هه‌ندێكیان دروستكرا،  تا ئێستاش دۆسیه‌كانیان له‌سه‌ر ره‌فه‌ی ژووری لێكۆڵینه‌وه‌كانی پۆلیس و ئاسایش تۆزیان لێنیشتووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌كاتێكدا ئێمه‌ی رۆژنامه‌نووسان هێشتا هیوایه‌كمان مابوو و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان ده‌كرد، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌رۆڵی خۆیان هه‌ستن و بكوژانی ئه‌و سێ رۆژنامه‌نووسه‌ ئاشكرابكه‌ن، كه‌چی به‌داخه‌وه‌ شه‌وی 5-12-2013 ده‌ستێكی له‌رزۆك و ره‌ش گه‌یشته‌ گیانی رۆژنامه‌نووسێكی نه‌ترس و چالاك و خاوه‌ن قه‌ڵه‌مێكی به‌برشتی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیانی دایكی ره‌شپۆشی جگه‌ر سوتاوی ئه‌نفال و به‌ناحه‌ق له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیداو له‌پێش چاوی دایكی شه‌هیدكرا كه‌ئه‌ویش هاوڕێ و هاوپیشه‌مان، كاوه‌ گه‌رمیانی بوو.

به‌ كوشتنی گه‌رمیانی رانیه‌ شیوه‌ن ده‌گێڕێت
به‌ دروشمی (رانیه‌ شیوه‌ن بۆ گه‌رمیان ده‌گێڕێت) پێشنیوه‌ڕۆی دوێنی 7-12، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو رۆژنامه‌نوسان و چالاكوانانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و رۆشنبیرانی رانیه‌ له‌ به‌رده‌م ئیداره‌ی راپه‌رین گردبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانیان ئه‌نجامدا به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی چه‌ندان دروشم و پۆسته‌رو لافیته‌ی جۆراوجۆر ئیدانه‌ی ئه‌و كاره‌ دڕندانه‌یه‌یان ده‌كرد به‌ كوشتنی گشت ده‌نگێكی ئازادییان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ رۆژنامه‌نووسان و چالاكوانان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی رانیه‌، به‌یاننامه‌كه‌یان بڵاوكرده‌وه‌و وێنه‌كه‌یی بۆ PUKmedia  نێردراوه‌و تێیدا هاتووه‌، به‌ناوی سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نوسان و چالاكوانان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ناوچه‌ی راپه‌رینه‌وه‌ به‌توندترین شێوه‌ ئیدانه‌ی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوس كاوه‌ گه‌رمیانی ده‌كه‌ین، شه‌هیدكردنی ئه‌م رۆژنامه‌نوسه‌ بوێره‌ كوژاندنه‌وه‌ی چرایه‌كی دیكه‌یه‌ له‌ كاروانی قه‌ڵه‌م و خه‌مخۆرانی گه‌له‌كه‌مان و شكاندنی ئه‌و ئاوێنه‌یه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگا خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویستیه‌ خه‌ڵكی ئازادی خواز و رای گشتی رۆژنامه‌نوسان له‌ئاست ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌دا بێده‌نگ نه‌بن، ده‌سه‌ڵاتیش چیتر به‌دیار مه‌رگی ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ بوێرانه‌ ده‌سته‌وه‌ستان دانه‌نیشت.

هه‌روه‌ها له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ تیرۆركردنی گه‌رمیانی له‌و ئان و ساته‌دا زه‌نگێكی مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر رای ئازاد و بیری ئازاد و قه‌ڵه‌می ئازاد وه‌ زیندوكردنه‌وه‌ی شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌كانی تاریكستانه‌كه‌ چاویان به‌ تیشكی ئازادی و رۆشنی ئه‌م هه‌رێمه‌دا هه‌ڵنایه‌ وه‌ك باقی رۆژنامه‌نوسان و قه‌ڵه‌م به‌ ده‌ستانی رانیه‌، داواكارین لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ كه‌مترین ماوه‌دا تاوان باران بدۆزنه‌وه‌و راده‌ستی دادگایان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم كاری جدی له‌م باره‌وه‌ نه‌كه‌ن ئه‌وا جارێكی تر ده‌كه‌ونه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ دووباره‌ ره‌شكردنه‌وه‌ی گه‌رمیان ره‌ش پۆش كردنه‌وه‌ی كوردستانه‌ وه‌ ئه‌م كاره‌ سته‌مێكی گه‌وره‌یه‌ ده‌رهه‌ق به‌ ئازادی ئه‌م هه‌رێمه‌، له‌ كۆتایدا به‌ڵێن دووپاتده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ درێژه‌پێده‌ری رێگای گشت ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ ئازادانه‌ین و مه‌رگی له‌و شێوه‌یه‌ سڵمان ناكاته‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ مریه‌م سه‌مه‌د ئه‌ندام په‌رله‌مانی كوردستان له‌ سه‌رفراكسۆنی سه‌وز كه‌ ئاماده‌ی ئه‌م گردبوونه‌وه‌یه‌ بوو تایبه‌ به‌ PUKmedia  ی راگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنی سه‌وز به‌یاننامه‌مان ده‌ركردووه‌ تێدا ئیدانه‌ی ئه‌و كاره‌ نامرۆڤانه‌یه‌مان كردووه‌، دوباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ رای ئازادین ده‌نگی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ پاڵ گشت ده‌نگه‌ دلێرو بڵنده‌كانی ئازادی و رۆژنامه‌نوسان داوا ده‌كه‌ین كه‌ گشت لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كاری جدی بكه‌ن گشت هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ تا تاوانباران ده‌سگیربكه‌ن بیانده‌ن به‌ دادگا.
وه‌ له‌ ناحیه‌ی چواڕقورنه‌ش گردبوونه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌نجامدرا و واشبڕیاره‌ سه‌عات 3 دوای نیوه‌ڕۆ له‌ ناو بازاڕی رانیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان چالاكیه‌ك ئه‌نجام بدرێت.
جیگه‌ی ئاماژه‌ پێكردنه‌ كاوه‌ گه‌رمیانی رۆژنامه‌نوس له‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆیدا تیرۆركرا، دوای تیرۆكردنه‌كه‌شی كاردانه‌وه‌ی جیاجیای به‌ دوای خۆیدا هێنا له‌ گشت هه‌رێم به‌ تایبه‌ت كاربه‌ده‌ستانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.

رۆژنامه‌نووسانی سلێمانیش رێپێوانیان ئه‌نجامدا
رۆژی 7-12-2013 رۆژنامه‌نوسانی شاری سلێمانی، به‌هه‌موو ده‌نگ و ره‌نگه‌ جیاوازه‌كان و به‌ئاماده‌بوونی ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی راگه‌یاندن، به‌مه‌به‌ستی ئیدانه‌ی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس كاوه‌ گه‌رمیانی، به‌رێپێوان له‌شه‌قامی سالم (سه‌هۆڵه‌كه‌وه‌) به‌ره‌و به‌رده‌م نوسینگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌رێكه‌وتن.
پاش گه‌یشتنیشیان بۆ به‌رده‌م نوسینگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ نوێنه‌رو سه‌رۆكی سه‌رجه‌م لیسته‌كانی په‌رله‌مان و له‌تیف شێخ عومه‌ر وه‌ك لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كی رێكخستنی سلێمانی ئاماده‌یبوون، مه‌راسیمێكی وتار خوێندنه‌وه‌ رێكخرا گه‌شه‌ دارا حه‌فیدیش به‌ناوی فراكسیۆنی سه‌وز، وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد به‌ڵام به‌هۆی چه‌ند كه‌سانێكه‌وه‌ رێگه‌ نه‌درا وتاره‌كه‌ی به‌ته‌واوه‌تی پێشكه‌ش بكات .
گه‌شه‌ دارا: ئه‌وانه‌ی به‌ناو به‌رگری له‌ئازادی ده‌كه‌ن رێگه‌یان نه‌دا قسه‌ بكه‌م
له‌وباره‌یه‌وه‌ گه‌شه‌ دارا حه‌فید به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند : به‌هۆی ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووس كاوه‌ گه‌رمیانی كراو تیرۆر كرا، من وه‌كو ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی سه‌وز له‌په‌رله‌مانی كوردستان ویستم به‌شداری ئه‌و خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تییه‌ بكه‌م له‌شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام ئه‌وه‌بوو رێچكه‌ی خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ره‌و نوسینگه‌ی په‌رله‌مان هێنرا بۆیه‌ ئێمه‌ش ویستمان وه‌كو په‌رله‌مانتاران پێشوازیان لێبكه‌ین، هه‌ر په‌رله‌مانتارێك و نوێنه‌رایه‌تی فراكسیۆنی خۆی كرد و قسه‌یكرد، منیش وه‌كو په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی ویستم به‌ وته‌یه‌ك به‌شداری بكه‌م.

روونكردنه‌وه‌ی مه‌حمود سه‌نگاوی و عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا
هه‌روه‌ك پێشتر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كرابوو كه‌ هه‌ندێك سایت و كه‌ناڵی راگه‌یاندن سه‌باره‌ت به‌تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس كاوه‌ گه‌رمیانی هه‌واڵه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك داده‌ڕێژن كه‌ په‌نجه‌ی گومان بۆ یه‌كێتیی و چه‌ند هه‌ڤاڵێكی یه‌كێتی درێژ ده‌كه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كیش هه‌واڵه‌كه‌ تێكهه‌ڵكێشی هه‌ندێك كه‌یسی دیكه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ره‌وتی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌لاڕێدا به‌رن و گومانی بێ بنه‌ما دروست ده‌كه‌ن.
له‌وباره‌یه‌وه‌ مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا وێڕای ئیدانه‌كردنی شه‌هیدكردنی رۆژنامه‌نووس كاوه‌ گه‌رمیانی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆی ئاڕاسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی جوانه‌مه‌رگ و رۆژنامه‌نووس و هاوپیشه‌كانی ده‌كات، راشیده‌گه‌یه‌نێت هاوكار و پشتیوانی هه‌موولایه‌ك ده‌بن بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌ ره‌شه‌ی ئه‌و تاوانه‌ دڕندانه‌ی ئه‌نجامداوه‌.
هه‌ر له‌ باره‌ی رووداوی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس كاوه‌ گه‌رمیانی، له‌روونكردنه‌وه‌یه‌كدا عه‌دنان حه‌مه‌ی مینا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ی.ن.ك بۆ رای گشتی وێڕای ئیدانه‌كردنی تاوانه‌كه‌ ده‌ربڕینی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی بۆ خانه‌واده‌ی رۆژنامه‌نووس كاوه‌ گه‌رمیانی، رایگه‌یاند ئه‌م تاوانه‌ قێزه‌ونترین كاره‌ كه‌ دژ به‌ ئازادی راده‌ربڕین و مه‌ودای رۆژنامه‌وانی ده‌كرێت و داوای كرد هه‌موو لایه‌ك هاوكار بن بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباری ئه‌و رووداوه‌ دڕندانه‌یه‌.

لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانی ده‌ستبه‌كاره‌كانی ده‌كات        
ئه‌مڕۆ 8-12-2013 ئه‌و لیژنه‌یه‌ی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوس كاوه‌ گه‌رمیانی پێكهێنراوه‌ ده‌ستبه‌كاره‌كانی ده‌كات و فه‌رمانگه‌ی داواكاری گشتی گه‌رمیانیش چاوه‌ڕوانی كه‌سوكاری كاوه‌ گه‌رمیانی ده‌كات تا له‌به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌دا وته‌ی خۆیان له‌باره‌ی روداوه‌كه‌وه‌ بڵێن.
موقه‌ده‌م حه‌سه‌ن محه‌مه‌د وته‌بێژی پۆلیسی ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌ PUKmediaی راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ 8-12 به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی گه‌رمیان سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیان كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان كۆببێته‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوس كاوه‌ گه‌رمیانی پێكهێنراوه‌و ده‌ستبه‌كاره‌كانیان بكه‌ن، به‌ڵام دڵنیانیم ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ له‌ كێ و كێ پێكهاتووه‌، ئایان ته‌نها ئه‌ندامانی له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی گه‌رمیان پێكدێن یان ئه‌ندامیشی تێدا ده‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی گه‌رمیان.
لای خۆشیه‌وه‌ هه‌ڤاڵ ئیبراهیم وته‌بێژی ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌باره‌ی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوس كاوه‌ گه‌رمیانی به‌ PUKmediaی راگه‌یاند: بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ 8-12 لیژنه‌كه‌ ده‌ستبه‌كاره‌كانی بكات و ئیداره‌ی گه‌رمیانیش هه‌ر دوای روداوی تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی راسپاردوه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له‌باره‌ی ناسنامه‌ی بكوژانی كاوه‌ گه‌رمیانییه‌وه‌.

له‌باره‌ی لیژنه‌كه‌شه‌وه‌، وته‌بێژی ئیداره‌ی گه‌رمیان وتی: ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی ناوخۆو فه‌رمانگه‌ی داواكاری گشتی گه‌رمیان به‌هاوكاری لاینه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌شداری له‌لیژنه‌كه‌دا ده‌كه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و به‌ده‌ستێهنانی زانیاری له‌باره‌ی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوس كاوه‌ گه‌رمیانی .
له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ حاكم نزار حه‌سه‌ن جاف به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی داوكاری گشتی گه‌رمیان به‌ PUKmediaی راگه‌یاند: تائێستا نوسراوی ره‌سمیمان پێنه‌گه‌یشتوه‌ بۆ ده‌ستبه‌كاربوونی لیژنه‌كه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك داوكاری گشتی به‌هاوكاری پۆلیسی ناوچه‌كه‌ له‌كاره‌كانی خۆمان به‌رده‌وامین بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ روداوه‌كه‌.
ئه‌وه‌شی وت: له‌ئێستادا چاوه‌ڕوانی كه‌سوكاری كاوه‌ گه‌رمیانین تا سه‌ردانی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی وته‌كانیان له‌باره‌ی روداوه‌كه‌وه‌و ئه‌و سكاڵاو به‌ڵگانه‌ی له‌لایانه‌و دوار دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر وته‌ی كه‌سوكاری گه‌رمیانی بڕیاری لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ده‌ن.
كاوه‌ محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ناسراو به‌ كاوه‌ گه‌رمیانی ساڵی 1982 له‌ قه‌زای كه‌لار له‌دایكبووه‌ و خێزانداره‌.
كاوه‌ گه‌رمیانی سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری رایه‌ڵ و په‌یامنێری رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ بووه‌.


تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوسان تیرۆركردنی ئازادییه‌
به‌داخه‌وه‌ جارێكی تر ده‌ستی ره‌شی تیرۆر گه‌یشته‌وه‌ سه‌ر گیانی رۆژنامه‌نوسان‌و ئه‌مجاره‌ كوڕه‌ گه‌رمیانییه‌كی خوێنگه‌رم‌و چالاكیان كرده‌ ئامانج‌و ژیانیان لێسه‌نده‌وه‌و جوانه‌مه‌رگیان كرد.

به‌وپێیه‌ی زانكۆی سلێمانی وه‌ك گه‌وره‌ترین ده‌زگای ئه‌كادیمی‌و روناكبیری له‌كوردستاندا هه‌میشه‌ لانكه‌ی بیری ئازادو فره‌ده‌نگی‌و قبوڵكردنی جیاوازییه‌كان‌و  ناوه‌ندێكی گرنگی پێگه‌یاندنی رۆژنامه‌نوس‌و راگه‌یاندنكاری پیشه‌یی بووه‌‌، هه‌ربۆیه‌ بڕوامان وایه‌ پێویسته‌ وه‌ك هه‌میشه‌ له‌سه‌نگه‌ری به‌رگریكردن له‌ قه‌ڵه‌می ئازادو سه‌ربه‌خۆدابین‌و  پشتگیری له‌ ئازادی‌و بیری ئازاد بكه‌ین‌و له‌ هه‌وڵی فراوانكردنی مه‌وداكانی ئازادیدابین.

ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سلێمانی وێڕای هاوخه‌میمان بۆ خانه‌واده‌ی شه‌هیدی رۆژنامه‌نوس (كاوه‌ گه‌رمیانی)، ئیدانه‌ی ئه‌و تاوانه‌ قێزه‌ونه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م رۆژنامه‌نووسه‌ گه‌نجه‌ كرا‌.

داواش له‌ ده‌زگاكانی پۆلیس‌و ئاسایش‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی جدی له‌م كه‌یسه‌ بكه‌ن‌و تۆمه‌تباره‌كان بدۆزنه‌وه‌و بیانده‌نه‌ دادگا. هه‌روه‌ك ئه‌ركی داواكاری‌ گشتییه‌ كه‌ له‌م جۆره‌ رووداوانه‌دا بێته‌ ده‌نگ‌و به‌شێوه‌یه‌كی كارا رۆڵی خۆی ببینێ.

نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی