د.بەرهەم ساڵح جێگری سكرتێری گشتیی ی.ن.ك لەدیدارێكدا لەگەڵ
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت رایگەیاند: هەمیشە مام جەلال زامنی پاراستنی رەوشی
عیراق و كوردستان بووە، بەهەموو واتایەك، مام جەلال، كەسێكی مێژوویی
كاریگەرە.
یەكێتی حزبێكی زیندووە
د.بەرهەم وتیشی:
یەكێتی حزبێكی زیندووەو مشتومڕو گفتوگۆ لەنێو كادرو ریزەكانیدا هەیە، بۆیە
رای جیاواز سەبارەت بەڕەوشی ناوخۆو چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئیستحقاقەكانی
ئەم قۆناغە هەبووە، زۆرێك لەدەستكەوتەكانی كوردستان لەگەشەپێدان و
ئاوەدانكردنەوەو بنیادنانی دیموكراتی، پشكی گەورەی یەكێتی تێدابووەو
شانازیی بەو رۆڵەوە دەكەین كە لەو بوارەدا گێڕاومانە، بەڵام لەبەرامبەریشدا
شكست هەبووە كەناكرێت خۆمانی لێ لابدەین. یەكێتی هەمیشە حزبێكی كراوەبووە
بەڕووی نوێبوونەوەو چاكسازی و هەمیشە دیاردەی مەحسوبیەت و گەندەڵی و
خۆسەپاندنی رەتكردووەتەوە. هەندێك وای دەبینن ئەدای ماوەی رابردوودی ئێمە
لەگەڵ ئەو دروشمانەدا یەكی نەگرتووەتەوە، دەنگدەرانی كورد ویستیان پێمان
بڵێن كە قایل نین بەوەی ئێستا دەیبینن و دەیانەوێت بەخۆماندا بچینەوە،
ئەمەش خۆی لەخۆیدا كرۆكی دیموكراسییە، چونكە هەڵبژاردن سەنگی مەحەكە بۆ
بیروڕای خەڵك، حزبی زیندووش كە خەمی داهاتوویەتی، پێویستە بەوردی پەیامی
دەنگدەران لەبەرچاوبگرێ و كارلێكی لەگەڵدا بكات و لەوێشەوە چاو بەسیاسەت و
شێوازی ئیدارەكردنیدا بخشێنێتەوە، راشیگەیاند: یەكێتی بەشێكی سەرەكی هێزی
بەرەنگاری كورد بووەو شانازی بەڕۆڵی پێشەنگی خۆمانەوە دەكەین لەدامەزراندنی
قەوارەی هەرێمی كوردستان شانبەشانی پارتی دیموكراتی هاوپەیمان و لایەنە
نیشتمانییەكانی دیكە، وتیشی: ئەم رێگایە ئاسان نەبوو، بەڵكو قوربانییەكی
زۆری ویست. ئەمڕۆش پاش 22 ساڵ لە دامەزراندنی حكومەتی هەرێم، ئێستا
ئیستیحقاقی نیشتمانی قووڵ لەبواری چاكسازیی سیاسی و ئیداری و ئابووری
لەپێشە. ئەمە جگەلەوەی كۆمەڵی كوردەواری، كۆمەڵگەیەكە زۆربەی گەنجە، 70%ی
كۆمەڵگەی كورد لەخوار تەمەنی 30 ساڵییەوەن، بۆیە ناكرێت بە هەمان دروشم و
ئەدگاری كۆنەوە، مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییەدا بكرێت. ئەم كۆمەڵگەیە
لەجووڵەیەكی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریدایەو شانبەشانی
گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو جیهان كارلێك دەكات، حزبی زیندووش كە چاوی
لەداهاتووە، پێویستە زۆر بەباشی ئەم نەخشەیە بخوێنێتەوە. خواستەكانی
گەلەكەمان تەنیا لەوەدا قەتیس نابێ كە لەڕابردوو چی كراوە بەڵكو چیمان بۆ
ئایندە پێیە؟ هاووڵاتیان، وێڕای ئەوپەڕی رێزگرتن لەڕابردووی تێكۆشان و پڕ
مقاوەمەتو پڕ دەستكەوت، دەیانەوێت دڵنیایان بكەینەوە لەوەی چیمان بۆ
داهاتوو دەوێت؟.
رێكخستنەوەی ماڵی كورد
د.بەرهەم
راشیگەیاند: بۆ هەق بڵێم، سەرۆك مام جەلال پڕۆژەیەكی بۆ رێكخستنی نێوانی
حزب و حكومەت پێشكەشكرد، ویستمان جێبەجێی بكەین، بەڵام دووبارە چەندین
بەربەست هاتە رێگەمان، سەبارەت بەپەیوەندیی نێوان یەكێتی و گۆڕان-یش وتی:
ئێمە هەردوو لایەنی پەیوەندیدار پێویستە لەسەر بنەمای راستودروست چاو
بەپەیوەندییەكانمان بخشێنینەوەو پێناسەی بكەینەوە، ئەوەشی خستەڕوو
كە(هەرێمی كوردستان لەڕەوشێكی ئارامدا دەژی و بەقۆناغێكی ئاوەدانكردنەوەو
بنیادنان و پێشكەوتندا دەگوزەرێت كە مایەی رەچاوكردن و پێزانینە، بەڵام
لەبیرمان نەچێت لەژینگەیەكی ترسناكدا دەژین كە پڕە لەڕووبەڕوبوونەوەی
ترسناك كەپێویستی بەڕێكخستنەوەی ماڵی كوردو لێك تێگەیشتن و هاوكاریی نێوان
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەیە، ئەم لێك
تێگەیشتن و هاوپەیمانییە، پێویستییەكی زیندووە بۆ سەقامگیری و ئاییندەی
هەرێمی كوردستان.. ئەم هاوپەیمانێتییە خزمەتی گەلی كوردی كردووەو هاوكاریی
كردووین بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی شەڕی ناوخۆو هەستانەوە بەرەو ئەم
دەستكەوتانەی ئێستا، بەڵام لەبەر رۆشنایی نەخشەی سیاسیی نوێ و ئیرادەی
دەنگدەری كورد كەپێویستە رێزی لێ بگرین، وای دەبینم كە تەنها ئەم
پەیوەندییە لەنێوان ئەم دوو حزبە، بەس نییە، چونكە ئێستا لایەنی دیكەی
كاریگەر لەسەر شەقامی كوردی هەن، وەك بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنەكانی دیكە
كەسەركەوتنیان لەهەڵبژاردنەكان بەدەستهێناوە).
رۆڵی سەرۆك مام جەلال
سەبارەت
بەكاریگەریی غیابی سەرۆك مام جەلال، د.بەرهەم دەڵێت: بێگومان، غیابی سەرۆك
تاڵەبانی كاریگەریی گەورەی هەبوو، هەمیشە مام جەلال زامنی پاراستنی رەوشی
عیراق و كوردستان بووە، بەهەموو واتایەك، مام جەلال، كەسێكی مێژوویی
كاریگەرەو لەبیرمان نەچێت كە ئەو دامەزرێنەرو سەركردەی یەكێتییە، سەبارەت
بەشەخسی خۆم، مام جەلال كەسێتی باوكێكەو لەزۆر وێستگەی سیاسیدا پشتیوانیی
لێكردووم، ئەو چاكەیەم زۆر لەبەرچاوە، غیابی مام جەلال بۆشاییەكی گەورەی
دروستكردووەو هیوای شیفاو چاكبوونەوەی خێراو گەڕانەوەی بەسەلامەتی بۆ
دەخوازم، وتیشی: بێگومان غیابی ئەو كاریگەرییەكی گەورەی هەبوو، خەڵك لە
غیابی ئەودا چاویان لە ئەدای سەركردایەتیی یەكێتی بڕیووەو شتی زۆری لێ
چاوەڕوان دەكەن.
سەبارەت بەبارودۆخی یەكێتی-ش، د.بەرهەم وتی:
ئێمە كار بۆ بەستنی كۆنگرەی گشتیی یەكێتی دەكەین لەكۆتایی مانگی یەكی ساڵی
داهاتوو، چاوەڕێی زۆر شتی لێدەكەین، ئەم كۆنگرەیە هەلێك دەبێت بۆ
گەڕاندنەوەی یەكێتی بۆ پێگەی راستەقینەو مەبدەئە سەرەكییەكانی خۆی، ئەگەر
سەركەوتووبووین و پشت بەخوا سەركەوتووش دەبین، ئەوە دەبێت بەقۆناغێكی
سیاسیی نوێی رەوت و رێبازی یەكێتی ، راشیگەیاند: بەبۆچوونی من یەكێتی
حزبێكی زیندووەو كەسانی بەتوانای زۆری تێدایە كە هێزی هەستانەوەمان پێ
دەبەخشێت ئەگەر ئیرادەی سیاسیی هەبێت.