تازەترین هەواڵ
http://1.bp.blogspot.com/-tm6A1lUiFlA/UgZH80KcCYI/AAAAAAAAUOU/GCVNQvbUiAU/s1600/888.jpg
http://3.bp.blogspot.com/-hDYPrnsreLk/VQE643MVZdI/AAAAAAAAbsY/Teok57BxaKo/s1600/sarawar1.pnghttp://1.bp.blogspot.com/-BJZM5WSPCjY/VQE65bmkEMI/AAAAAAAAbsk/8jjf-pfEUzk/s1600/shahidan.pnghttp://2.bp.blogspot.com/-UE255vVBl-k/VQE64LF4oQI/AAAAAAAAbsQ/FO_GfHJkt0w/s1600/peshmarga.pnghttp://3.bp.blogspot.com/-1idXsU2UJMM/VQE63EDcX_I/AAAAAAAAbsI/v4kN56aC15I/s1600/karikater.pnghttp://2.bp.blogspot.com/-X7RrV86fPU0/VQE63M2gYLI/AAAAAAAAbsM/IRYATkRNyp0/s1600/nawdaran.pnghttp://2.bp.blogspot.com/-bfTrV0DY1bc/VQE63Ct_buI/AAAAAAAAbss/5zz63Jn3irk/s1600/kodi%2Brang.png
http://1.bp.blogspot.com/-tm6A1lUiFlA/UgZH80KcCYI/AAAAAAAAUOU/GCVNQvbUiAU/s1600/888.jpg

3‏/1‏/2014

شەهید خالید گەرمیانی

رۆژ نییە بۆنەیەكی دڵتەزێن تێنەپەڕی و یادی شەهیدێكی ئەم كوردستانە نەكەینەوە.. ئێمە گەلێكین مێژوومان بە رووباری خوێن نووسراوەتەوە.. لەوەتی هەین لەگەڵ دوژمناندا لە ململانێیەكی سەختداین... هەرگیز لە بەردەم ویستی قۆشەنی داگیركەراندا نەپساوین.. بەرگریمان لە مانەوەی خۆمان كردووە.. لەم رێگابەشدا كاروانی خۆبەخت و گیانفیداییمان هەڵیانكوتاوەتەسەر پێگەی چەوسانەوە و زەبری دەسەڵاتداران و رێچكەی خەباتیان رەنگینكردووە و قەڵای شەرەفەمەندییان بە لاشەی پیرۆزیان هەڵچنیوە كە تا رۆژگارێ‌ كورد مافی دەبێ‌ شانازی بە گیانبازیی دلاوەرانی خۆیەوەوە بكات و هەمیشە منەتباری  هەڵوێستی لە خۆبردووردییان بین و لەم رۆژگاری ئازادی و بەرپابوونی دیموكراسیدا دەبێ‌ میهرەجانی سەروەریمان بۆ بگیرین و لە قوڵایی ناخمان مەشخەڵانی یادكردنەوەیان بەرز داگیرسێنین.

وائەمڕۆ لە بەردەم شكۆی یادی گەورە پیاوی گەلەكەماندا خالید گەرمیانی رادەوستین.. ئەو كەسەی ژیانی خۆی تەرخانكرد بۆ بەرگری لە كورد و كوردستان و چینی رەنجدەران و هەژاران.

كێ‌ هەیە ناوی ئەم مەزنە پێشمەرگەیەی نەبیستبێ‌.؟
كێ‌ هەیە رۆژانە چاوەنواڕی گورزوەشاندنی خالیدی لە دامودەزگاكانی بەعس و سوپا دڕندەكەی نەكردبێ‌.؟
ئەمە لە كاتێكدا ئەسپی مەینەتی كورد تازە لەژێر تەپوتۆزی هەرەس راسابووەوە و رژێمی كوردكوژ هێشتا سەرمەستی بادەی كوژانەوەی ئاگری شۆڕشی كورد بوو, قەت بیری بۆ ئەوە نەدەچوو جارێكیتر كورد بتوانێت رابێتەوە گڵۆڵە لە لێژی بگرێتەوە.. دوور لە بیروبۆچونی دوژمنان و هەتا خەڵكی لەمەڕ خۆشمان یەكەم چەخماخەی شۆڕشی نوێ‌ لە لوولەی تفەنگی پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بزیسكی دا و دۆست و دوژمنی وەئاگاهێنایەوە.. سەلمێنرا كورد نابی بمرێ‌، پرۆژەی لەناوبردن نابێ‌ سەربگرێ‌.. ئەمجارەش تەحەدای مەرگ و بەعس و داگیركردن و پیلانی دوژمنان دەكەینەوە, پرۆسەی شۆڕشگێڕانە بەرپادەكەین.

وا هاتن كوڕانی تازە لەدایكبووی كورەی خەبات وا هەڵهات خۆری شەوەزەنگتارێنی مەیدانی كێبڕكێ‌, وا هاتن شێرەمەردانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەریەكە تفەنگێك و كۆڵێك كتێبی پێیە.. لە هەناویانا چراخانی شۆڕش داگیرساوە.. لە روویانا نەخشەی ئازادی كوردستان و مافی كورد كێشراوە.. گەر بمانەوێ‌ كوردستان رزگاربكەین, دەبێ‌ تفەنگ بنێینە تاریكی دڵی داگیركەرەوە، بە بیر و ئایدۆلۆژی نیشتمانپەروەرانە رێگای سەربەرزی و سەرفرازی بنەخشێنین, شۆڕش بە بەرنامە بێ، ستراتیژ و تاكتیكی روون و دیار و راشكاو بێ‌، حیساب بۆ دۆست و دوژمن بكرێ‌، بە عەقڵییەتی سەردەم مامەڵە لەگەڵ واقیع و دەوروبەر بكەین، سیاسەت بە هۆشیارییەوە بكرێ‌.. دەستلەملانێی ویستی كۆمەڵانی رەشوڕووتی كوردستان بین..
چونكە مەسەلەكەمان رەوایە خەباتیشمان راستە, دوژمن لەم عیشقە پیرۆزەی ئێمە بۆ نیشتمانەكەمان تێناگا و دەترسێ‌، كوننەببووی پیلان و شەڕفرۆشتن لە هێلانەی مێشكە وشكهەڵاتووەكەیدا بۆ قڕتێخستنی كورد دەخوێنێ‌.. كەچی رووبەڕووی شاڵاوی مەرگبەزێنیان دەبینەوە ئەو كەڵەسوارانەی ئاشیانەی بەرنامەی شێواندن و تەفروتووناكردنی دكتاتۆرییەت نغرۆدەكەن.

وا دڵسۆزانی كوردستان لە گەرمیانی گڕگرتووشەوە سەریانهەڵدا, تەنووری مەرگ بۆ سوپای داگیركەر و خۆفرۆشان دادەگیرسێن، مەفرەزەی پارتیزان لە بەرچاو دڵی خەڵكی ئاشنابوون.. جارێكیتریش پێشمەرگە و خاك و میللەت ئاوێزانبوونەوە تاكو لە یەكگرتنی هەمیشەییدا پێكەوە سەوزیی ژیان بڕوێننەوە.
خەڵكی بە تاسەوە پێشوازییان لە ئەویندارانی خەبات دەكرد, باوەشی خۆشەویستی و میهرەبانییان بۆ دەكەنەوە.. لەگەڵ دواخورپەی زەردەی خۆراوا مەسافەیاندەدا و بە وریاییەوە دەكشان, زەوی لەژێر نركەی هیمەتیانا دەلەرزی، لە سیمایانا گەورەیی داخوازی و ئاواتەكانی گەل دەبریسكایەوە و هەموو هۆبە و دەوارێكی ئەم كوردستانەی رۆشندەكردەوە.
دواكەس هەنگاوی وردی هەڵدەهێناوە و بە ئەسپایی دەبزوا، رواڵەتی كەسێكی مەزنی تیا بەدیدەكرا.. هەمووان تێیڕادەمان و لە سنووری عیشقی شۆڕشگێڕیدا دەتوانەوە.. پیاوێكی باڵاكورت.. وردیلە، بەڵام بەرز بەرز بە قەد بەرزی باڵای كوردستان دەهات و ئاوێزانی تەماشای چاوەڕوانی رەشوڕووتەكان دەبووەوە.
خالید گەرمیانی مەزن بوو بە قەد دڵسۆزی خۆی بۆ گەلەكەی.. بە قەد رەوایی مەسەلە گەورەكەی، بۆیە ناوی لەسەر زاران بوو، خۆشەویستی نێو كولوی دڵان دەبێ‌.

بۆ هەر قۆناغێكی خەبات جۆرە پڕباسكەیەكی كارمان لە كۆڵناوە بۆ هەنگاوهەڵگرتنی كاری شۆڕشی نوێ‌ شێوازی پارتیزانی هەڵبژیردرا، ئەمەش بەپێی هەلومەرج و شێوەی سەختی تێكۆشان و خۆگونجان لەگەڵ گەلانی ژێردەستە باوی هەیە.. لای خۆشمان ئەمە پەیڕەوكراوە شتی تازەش خراوەتەسەر خەرمانەی بەپیتی.
خالید هەر لە سەرەتای پێشمەرگایەتی شۆڕشی نوێوە بلیمەتیی دەركەوت.. لە پەلاماردان و زەبرلێدان و جموجووڵ و چالاكییە كەموێنەكانیەوە، ترس و سامی دەخستە هەناوی دوژمنەوە.. ئەو بە راستی بووە مامۆستای پارتیزانی .. ئەمە بێ‌ ئەوەی ئەم قارەمانە لە هیچ زانستگایەكی عەسكەریدا خۆیندبێتی، تەنیا هۆشیاری خۆی و زیرەكی لە كۆڕی خەباتدا قاڵیكرد بوو گورزی گورچكبڕ بوەشێنێ‌.. ئەوەندە ئازایانە بجوولێ‌ دوژمن نەتوانێ‌ شوێن پێیهەڵبگرێ‌.. پارتیزان هەر بریتی نییە لە هەندێ‌ رێوڕەسم و قاڵبی كاری پێشمەرگانەی وشك، بەڵكو لەوە زیاترە و لەو ئاقارەش دەپەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی كاری سیاسی و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی، كە خالید لەمانەشدا ئەسپی رەسەنی هەوڵی خۆی تاودەدا.. ئەو چالاكییە بێهاوتایەی گرتنی كوڕی قائمقامی كفری و گفتوگۆكردن لەسەر گۆڕینەوەی بە هەندێ‌ زیندانی سەر بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ یەكەمجارە تا ئەوكاتە لە مێژووی شۆڕشی نوێدا كاری وا بەسەر رژێمدا بسەپێنرێ‌ كە بەڵگەی بەهێزی كردار و بیری ئەو بلیمەتە بوو بۆ خزمەتی مەسەلەی گەلەكەی.
ئەوەی راستی بێ‌ ژیانی خالید تابلۆیەكی پڕ لە قارەمانەتی و جەربەزەییە، درامایەكی پڕ لە سەروەری و جونبوشی دڵسۆزانەیە , كاردانەوەی تایبەتی خۆی هەبوو لەسەر داهاتووی كاری شۆڕشگێڕانەی پێشمەرگایەتی كە چەندین گۆڕانی گەورە و دیاری بە خۆیەوە بینیوە هەر لە گرتنی زنجیرە رەبایە و شەڕی ناودێ‌ و شەڕی بەرەیی و گرنتی شارۆچكە و سەربازگە تا راپەڕینی سەرتاسەری.
خالید پێشمەرگایەتی وەكو عەشقێكی پڕ لە ئەمەكداری وەرگرتبوو, هۆیەك بوو بۆ لەقاونانی دەسەڵاتی رژێمی داپلۆسێنەر، كە پەلاماری دەدا بۆ ئەوە نەبوو عاشقی شەڕ و نەبەردی بووبێ‌، بەڵكو لێكدانەوەیەكی فیكری و سیاسی لە ناخیا چەسپابوو دەیویست رەگوڕیشەی زوڵم دەربكێشێ‌, خۆشی و ئازادی بەرپابێ‌، رەوەقەلەڕەشی چەوسێنەران لەسەر وێرانەی رەنجدەران قەلاچۆبكات.
لەگەڵ هەر هەڵمەتێكدا كەرەسەی ژیانێكی سەربەرزانەی بۆ كورد دەچاند, توورەكەی كفنی زەردی مردنی بۆ مێردەزمەی بەعسیین دەدووراند.. ئەو تا دواهەناسەی خەونی سەوزی دەدی، خەونی راماڵینی دەسەڵاتی چەوسێنەران بۆ بەدیهاتنی ئاواتی رەشوڕووتانی كوردستان.. هەمیشە دەجووڵا و چەپكە گوڵی سەركەوتنی لەسەر دوندی سەربەرزیی دادەنا.

رۆژی 8/12/1980 بوو.. ئاسۆ تەمومژ، هەواڵێكی دڵسووتێنەر، كۆستێكی گەورە كەوت.. وا بڵاوبووەوە كە خالید گەرمیانی گەیشتە كاروانی نەمران.. لە شەڕیكی دەستەویەخەدا گیانی بەخشیوەتە كوردستانەكەی، كە خۆی بۆ نەزركردبوو, بوو بە قوربانی ئامانجی رەنجدەرانی كوردستان..
شەهید بوونی خالید فرە كاریگەربوو، بەڵام كاروكردارەكانی ئەو، هەڵوێست و هەڵمەتەكانی ئەو، دڵسۆزی و خۆشەویستییەكەی لە یادمان، لە بیر و هەستمان، لە هەڵسوكەوت و كاری رۆژانەماندا، لە شەڕ و پێكادان و سەركەوتنمان، لە داستانی تۆڵە و راپەڕینی پڕ لە شكۆییماندا دەردەكەوێ‌ و رەنگدەداتەوە، بە زیندوویی خۆی دەنوێنێ‌ و لە هەرساتێكی بوونماندا، لە لەرینەوەی سۆزی پیرۆزیماندا دەشنێتەوە..