تازەترین هەواڵ
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6bQWquzvFnzWboSolHAjReXDxiQeTo-l2ygeftgRcIC13Cjh2klvBoE5mz2Wgf2IGlnBtUgh8XznEJqgfKOQdbMa1P08xntmuvLnpeT1eS4WHVrvUqI3GZKSJP-Mc-UWXSURzlZNixyE/s1600/888.jpg
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhcIDu1TlR6t-3ahp2Foij1Lu4SCA81iy_v_exjmiXf9f_8Cn6IHZTR-m-CsELqqX8u7lFNxZDWrWGJ9MDC0MZ8aKwZJzZ3ddyfCYWU4dmJ4y_Sx-H63QUB8oM5NzreM2n7p6zQHMWmuk8/s1600/sarawar1.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEiyHvS8VMtE8vQbpl_999jDE114GbEXDnl2mW3QSomPWkcNoZFsMFKL2ybBU5rqmu81uGyh33pPcRcLdgwW4k5fiF-qGPkOu80jl_xuqv-5tjUQeBtHlVh00ngn_NJKFa3QrMs38Trrzoo/s1600/shahidan.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhw5fzoDaXYNAf-tQkCc6ZIYAT-08e1zQFL3Sc16foCSEEJGLaxrWgSX1gJXxs9EZxwzJebIkdll0c2AiH-KgtXaXud71OHK4eNYHL8hl4Js-dkD5zavPrtGIB-kfBR9EBNUfThipC1PEM/s1600/peshmarga.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6GScoWWodKoH1DcCloNtTUVzvdOV_Wb2H1tv5paW0LU3DpXGoPv7IyoajdVyneKVb0_vNJu96Dr6PbdWjem18nzOkGfGEGDQX3mf_b_XKAjXWf4WuaIlLLu6NatAf0JJHsNK5UyHMsQA/s1600/karikater.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhAeN7CRbm4krLN7ZyAZTqTk3IS_GG1H9fXZXIuJ5eJy5yjt3fN_0e8Qt2nibXKvz_9y13lgCDSL1j6aTo8fB4jFAmvJTg-nhIm-y1Juql31FsycdmwjLHJb6sbYMVxDB7dQTa_KCmxDK8/s1600/nawdaran.pnghttps://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEiH2UM211g7CkZBZxwW0vp8SzM59x9RGVDcX4QCFxFLotN9nBx96ok7-JksgLSJvFhHuhIB2acjPKzAB_fVWI0OGydkzthgZE7Aw7_bk9NJwEWGSlhIpy1BWE3B41rN9vyRpFdAOdlWkow/s1600/kodi+rang.png
https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEi6bQWquzvFnzWboSolHAjReXDxiQeTo-l2ygeftgRcIC13Cjh2klvBoE5mz2Wgf2IGlnBtUgh8XznEJqgfKOQdbMa1P08xntmuvLnpeT1eS4WHVrvUqI3GZKSJP-Mc-UWXSURzlZNixyE/s1600/888.jpg

1‏/1‏/2014

شەهید جەلال بێكەس

كاتێك جەلال بێكەس بۆ بێكەسی كورد كەس بوو، هەم لایەن و هەم زۆر خەڵكیش ئاگایان لەوەنەبوو یان نەیاندەویست بزانن كە بزاڤێكی شۆڕشگێڕی هەیە و لەبەرامبەر سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنی بەعسییانەدا راوەستاوە.

جەلال لەخۆڕا نازناوی بێكەسی بۆ خۆی دانەنابوو، هەم خۆی بە بێكەس دادەنا و هەم كوردی بە بێكەس دادەنا كە لەدنیادا دۆستێكی نەبوو! ئەو جۆرە نامۆییەك جومگەكانی ژیانی تەنیبوو، جۆرە نائاسوودەییەك تارای رەشبینی بەسەر هەستیدا دادەدایەوە، ئەو قۆناغە زوو گوزەرا و لەگواستنەوەیەكدا تێكەڵ بە هەواری ئاوەدانی خەبات بوو.. ئیتر بێكەسی ئەو نەما، میللەتێك شۆڕش بكات ئیتر بێكەس نییە، خۆی كەسی خۆیەتی! هەرچەندە تا شەهیدبوونیشی ئەو نازناوەی لەخۆی نەكردەوە!
ئەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو جارێكیتر خوێنی بە دەمارە سستبووەكانی هەستی نەتەوایەتیدا كردەوە و نەیهێشت پرۆژەكانی حیزبی بەعسی دەسەڵاتدار و ئاشبەتاڵكەری شۆڕشێكی زەبەلاح بەئاسانی تێپەڕێت.. ئەو سەردەمە ئەوە بە سەرچڵی و خۆكوژی سیاسی دادەنرا.
ئەگەر شۆڕشیش تێبگلێ‌ و لوولەی تفەنگەكانی خواربكاتەوە و مەیان چۆڵبكات ئەوە واتای ئەوەنییە كە كورد كۆتاییهاتووە .. هەرگیز رووینەداوە گەلی كورد لەبەرامبەر رووداوەكاندا تاسەر بەچۆكدابێ‌ و هەڵنەسێتەوە! ئەوە تەنیا ترسنۆكە زەندەقچوو و هەڵاتووەكان خۆیان لەو هەلومەرجە شۆڕشگێڕییە دەبوارد و ئەو توانایەی یەكێتیشیان نەدەنرخاند و هەوڵیاندەدا خرۆشی خەڵكی تێكۆشەر دامركێننەوە.
بڕیاری دەستپێكردنەوەی شۆڕش ئەركێكی گەورەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو.. یەكێتیی لە پلانە نگریسە داڕێژراوەكانی داگیركەرانی كوردستان و رۆژگارە نووتەكەكان نەترسا، لە چۆڵوهۆڵی گۆڕەپانی خەباتی دوای ئاشبەتاڵ دانەچڵەكا، لە نەبوونی چەك و تفاقی شۆڕشكردن و دارایی بەڕێوەبردنی جومگەكانی شۆڕش نەپرینگایەوە، چوون یەكێتیی هێزی لەبننەهاتوو و توانای تێكۆشەرانی هەبوو كە بەهیچ هەڕەشەیەكی ناوخۆ و دەرەكی نەدەسڵەمییەوە!
كە مەفرەزە پێشمەرگەكانی یەكێتیی بەناوچەكاندا بڵاوبوونەوە ئومێدێكی گەش لە ئاسۆوە هەڵهات و كوردستانی دەرەوشاندەوە.. گەرمیانیش ئەو دەڤەرە بریندارەبوو كە لە نزیكەوە و رۆژانە بە ئاگری ئەو سیاسەتی بەسووتماككردنی كوردستانە هەڵدەقرچا و دەبوا چیتر رێگەنەدرێ‌ حیزبی بەعس كەڵەگایی بەسەر كوردەوە بكات و هەناسەی ئازادی بچنێ‌ و لەناو بەزموڕەزمی ساتە خۆشەكانی سەركەوتن بەسەر شۆڕشی نوغرۆبوودا ئاهەنگبگێڕێ‌.
ئەوە بەڵگەی قارەمانێتییە لەو دەشتی كاكی بەكاكییەی گەرمیانی پڕلە جۆشوخرۆشەدا، رۆڵە پەرۆشەكانی یەكێتی سەنگەری رووبەڕووبوونەوەیان لێدەدا، رۆژانە زرمەی دەستیان دەهات و گوللەی تفەنگەكانیان لە دڵی قۆشەنی داگیركەردا نوقمدەكرد.

جەلال بێكەس یەكێك لەو پێشمەرگە مێرخاسانەی كەرتی سێی هەرێمی پێنجی قەرەداغ  بوو كە جێپەنجەی لە چالاكی و شەڕ و نەبەردییەكانی شاخ و شاردا دیاربوو.. هەموو جارێ‌ چاونەترسانە هەموو بەربەستەكانی ترسی دەبەزاند و خۆی بە كەلاری ئابڵۆقەدراوی ئەوكاتە بە هێزی سەربازی و دەزگا تۆقێنەرەكاندا دەكرد و هەرگیزیش بێدەستكەوت و نێچیرنەبووە.
جەلال بێكەس پێشمەرگەیەكی بەجەرگ، پابەند بە بەرنامە و دیسپلینی رێكخستن و كاری پێشمەرگانە، هەرگیز لە بڕیارەكانی سەرەوەی خۆی دەرنەچووە.. لەلای هەڤاڵە بەرپرسەكانی جێگەی دڵخۆشكەرە بووە تا لەئاییندەدا ببێتە فەرماندەیەكی بەرجەستە و لێهاتوو.. لەلای هاوڕێكانی زۆر خۆشەویستبوو، هەمیشە بەچاوێكی پڕلە رێزەوە تەماشایاندەكرد.


پەیوەندی من و جەلال بێكەس زۆر توندوتۆڵبوو، زۆرجار لەبارەی بارودۆخی شۆڕش و خەباتەوە دەكەوتینە دەمەتەقێوە.. ئەو تادەهات تاویدەسەند و لە هەڵكوتانەسەر دوژمن و دەستوەشاندن هەدادانی نەبوو.. دەیویست لە زۆر مەسەلەی تیۆری و هزری بەباشی تێبگات هەروەكو چۆن تفەنگی بەدەستەوە بوو ئەو چەكەشی پێبێت بۆ خۆمشتوماڵكردن و دەوڵەمەندكردنی بیروباوەڕەكەی لەپێناوی وەدیهێنانی ئازادی و مافی چارەنووس بۆ كورد و كوردستان.. ئەو زۆر حەزی لە قسەی كادیر بوو، زۆرتر گوێیدەگرت و كەمتر گفتوگۆیدەكرد.

جەلال بێكەس لەناو عەشقی خۆبەختكردنی كوردستاندا عەشقی یەكێك بووبوو لە باڵەخانەی دڵە بچكۆلانەكەیدا هێلانەیەكی بۆ چێكردبوو.. من لەنزیكەوە دەمزانی جەلال بێكەس عاشقە ، هەم عەشقی كوردستان و هەم عەشقی خۆشەویستێك بوو.. هەردوو عەشقەكە لای ئەو یەك واتایان هەبوو، بەڵام هەرگیز خۆی لە عەشقی كوردستان نەباننەدەكرد! ئەو عەشقی پاكی دەكرد چ عەشقی شۆڕشگێڕی و چ عەشقی مرۆیی!
ئەو لای من و هەندێ‌ هاوڕێی نزیكی باسی ئەو ئاگرەی دەكرد كە سەراپای هەست و هۆشی داگرتبوو، سۆزی خۆشەویستییەكی بێگەرد بەناو هەموو دەمارەكانی ژیانیدا تەشەنەیسەندبوو، ساتێك نەبوو تاپۆی ئەو خۆشەویستییە لە ئەندێشەدانیدا دووربكەوێتەوە تەنانەت لەوكاتانەشدا كە لە قەرەوڵی تفەنگەكەیەوە سێرەی لە دوژمن دەگرت و دەستی بە بەلەپیتكەدا دەنا.. دەیویست بەو ئاواتە بگات كە هەموو عاشقێكی مرۆیی بۆ بنیاتنانی ژیانیان دەیخوازن.

كاتێك لەسەرەوە داوای هێزێكیان لە گەرمیان كرد بۆ رزگاركردنی دەڤەری بێتواتە لە چنگی پیاوەكانی داگیركەر.. جەلال بێكەس یەكێك لەو پێشمەرگانە بوو كە دانرابوو بچێتەسەرەوە.
من لەناوچەوانیدا ئەوەم دەخوێندەوە كە ئەو لەچی دۆخێكدا گینگڵدەدا، بانگمكرد و لە سۆنگەی گرنگی ئەو چالاكییەوە داواملێكرد بچێتەسەرەوە و رۆڵی ئازایانەی خۆی لە رزگاركردنی ئەو دەڤەرەدا ببینێ‌ و دوای گەڕانەوە كارێكی بۆ دەكەین كە جێگەی دڵخۆشی ئەو بێت.

تەلاری ئەو سەركەوتنەی شاخی ماكۆك بە خوێنی جەلال بێكەس و چەند پێشمەرگەیەكیتر بنیاتنرا.. گوللەیەك دڵە گەرمەكەی دەپێكێ‌، بەسەر هەردوو لەپی دەستیەوە پەیكەری عەشقی كوردستانی بەرزكردبووەوە و لەناو هێلانەی دڵە بچكۆلانەكەشیدا تابلۆی ئەو خۆشەویستییە ناكامەی لەگەڵ خۆیدا بردە ژێرخاكەوە..
جەلال بێكەس ئاڵای شەهیدی و عەشقیشی بەدەستەوە گرت.. تائێستاش لەو بەرزییەی شاخی ماكۆكەوە داستانی ئازادی و عەشقی پاك دەگێڕێتەوە.
ئەمە حیكایەتی عاشقە دڵگەرمەكانی یەكێتییە لە كۆڕی خۆبەختكردندا.. ئەمە نیشانەی گەورەیی بەرنامەی گیانبازیی قارەمانەكانی یەكێتییە كە نەخشەی دواڕۆژیان بۆ كورد و كوردستان دەكێشا.
زیندووبێت ناوی جەلال بێكەسی پێشمەرگە و عاشق.. بەخێربێتەوە بۆ گەرمیان و مێژووی سەروەرییەكانی خۆی و یەكێتی.





م . عەلی پەرلەمان