دوای ئەوەی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەردانی بەغدای كردو، لەوێ لەگەڵ نوری مالیكی
سەرۆك وەزیرانی عێراق، كۆبووەوەو، باس لە قەیرانی دارایی هەرێم كرا، كەمێك
لەمەوبەر، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی مووچەی مانگی شوباتی
فەرمانبەرانی هەرێم.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوار شەممە، عادل موراد،
سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی، لەگەڵ نوری مالیكی كۆبووەوەو، لە
كۆبوونەوەكەدا، باسی لەو قەیرانە داراییە كرد كە لەئەنجامی درەنگ پێدانی
مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە چۆن كاریگەری نەگەتیڤی كردووەتە سەر ژیانی
هاووڵاتیان بەتایبەتی مووچە خۆران، بۆیە نوری مالیكیش لای خۆیەوە داوای
لەوەزارەتە پەیوەندیدارەكان كرد بە زووترین كات ئەو قەیرانە داراییەی
هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێتو مووچەی فەرمانبەران بەزووترین كات
بنێردرێت بۆ هەرێمی كوردستان.
كەمێك پێش ئێستا، وەزیری دارایی عێراق
بە وەكالەت، رایگەیاند: نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایسپاردین بە
رەوانەكردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم.
لەلایەكی ترەوەو، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی، تەوەرێكی
كۆبوونەوەكە تایبەت بوو سەبارەت بەدۆخی عیراقو چارەسەركردنی كێشەكانی
حكومەتی هەرێمو بەغداش، یەكێتیی، وەكو هەمیشە، بەدیالۆگ چارەسەری
كێشەكانو گەڕانەوە بۆ دەستور لەسەر كەیسی نەوتو بودجەو موچەو پشكی
هەرێم، بەئەركی هەموولایەك زانی، بەتایبەتی حكومەتی عیراق.
لەهەمانكاتدا، یەكێتیی نیگەرانە كە
كێشەی سیاسی، یان هەر كێشەیەكی دیكە، ببەسترێتەوە بە بەشە موچەو بودجەی
هەرێم، بەتایبەتی مووچەی خەڵك، موچە دابینكردن بۆ سەرانسەری وڵات، ئەركی
ئاساییو یاساییو مەدەنییە.