كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به بۆنه‌ی رۆژی ژنانه‌وه له په‌یامێكدا رایگه‌یاند: "له رۆژی 8ی مارس، رۆژی جیهانی ژنان پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له ته‌واوی ژنانی جیهان به‌گشتی و ژنانی كورد به تایبه‌تی ده‌كه‌م".
ده‌شڵێت:" ئه‌مساڵ یادكردنه‌وه‌ی 8ی مارس بۆ ئێمه ته‌واو جیاوازه، 8ی مارس له‌نێو كه‌ژاوه‌ی قاره‌مانییه‌تی ژنه شه‌ڕڤانه‌كان و به‌رگریكردن له خاك و پیرۆزییه‌كانی، 8ی مارس له نێو كه‌ژاوه‌ی پاڵپشتی و پشتیوانی خوشكان و دایكان بۆ برا پێشمه‌رگه‌كان، ئه‌مساڵ ژنانی ئێمه به خه‌بات و به‌رخودانی خۆیان به ته‌واوی دنیایان وت ئه‌وه ئێمه‌ین هاوشانی براكانمان كۆڵناده‌ین و به‌رگری له خاك و پیرۆزییه‌كانی ده‌كه‌ین".
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات: "پیرۆزباییه‌كی تایبه‌ت ئاراسته‌ی خوشك و دایك و خێزانه شه‌هیده‌كان ده‌كه‌م، هه‌روه‌ك لێره‌وه تاجه گوڵینه‌ی وه‌فاو قاره‌مانیه‌تی له‌سه‌ر گڵكۆی سه‌رجه‌م ژنه شه‌هیدانی رێگای رزگاری داده‌نێم و پێیان ده‌ڵێم: ئه‌وه خوێنی ئێوه و برا پێشمه‌رگه‌كانتان بوو به جیهانی وت "ژن و پیاو" به‌یه‌كه‌وه بۆ یه‌ك ئامانج تێده‌كۆشین و قوربانی ده‌ده‌ین له پێناوی دایكی گه‌وره‌مان كه نیشتمانه".
ده‌قی په‌یامه‌كه....
به‌ناوی خوای گه‌وره و میهره‌بان
له رۆژی 8ی مارس، رۆژی جیهانی ژنان پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له ته‌واوی ژنانی جیهان به‌گشتی و ژنانی كورد به تایبه‌تی ده‌كه‌م.
ئه‌مساڵ یادكردنه‌وه‌ی 8ی مارس بۆ ئێمه ته‌واو جیاوازه، 8ی مارس له‌نێو كه‌ژاوه‌ی قاره‌مانییه‌تی ژنه شه‌رڤانان و به‌رگری كردن له خاك و پیرۆزییه‌كانی، 8ی مارس له نێو كه‌ژاوه‌ی پاڵپشتی و پشتیوانی خوشكان و دایكان بۆ برا پێشمه‌رگه‌كان، ئه‌مساڵ ژنانی ئێمه به خه‌بات و به‌رخودانی خۆیان به ته‌واوی دنیایان گوت ئه‌وه ئێمه‌ین هاوشانی براكانمان كۆڵناده‌ین و به‌رگری له خاك و پیرۆزییه‌كانی ده‌كه‌ین.
ژن باوه‌شی گه‌رمی دایك و سۆزی نه‌بڕاوه‌ی خوشك و خۆشه‌ویستی ئه‌به‌دیه‌تی هاوسه‌ره، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ژنانی كورد به درێژایی مێژوو له‌پاڵ ئه‌رك و كاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌میشه پاڵپشت و پشتیوان و به‌شداری سه‌ره‌كی سه‌رجه‌م كایه‌كانی كۆمه‌ڵگا بوون و جێگای ئومێدی هه‌موو لایه‌ك بوون، مێژووش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه له گۆڕه‌پانی سیاسه‌تدا گه‌له‌كه‌مان خاوه‌نی ده‌یان ژنه سه‌ركرده و شۆڕشگێڕ و سیاسه‌تمه‌داری بوێر بووه، كه كونجی زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌و ئازار ساردی نه‌كردوونه‌ته‌وه له خه‌باتكردندا.
له‌كۆتاییداو له پاڵ دووباره پیرۆزبایی به بۆنه‌ی 8ی مارس، پیرۆزباییه‌كی تایبه‌ت ئاراسته‌ی خوشك و دایك و خێزانه شه‌هیده‌كان ده‌كه‌م، هه‌روه‌ك لێره‌وه تاجه گوڵینه‌ی وه‌فاو قاره‌مانیه‌تی له‌سه‌ر گڵكۆی سه‌رجه‌م ژنه شه‌هیدانی رێگای رزگاری داده‌نێم و پێیان ده‌ڵێم: ئه‌وه خوێنی ئێوه‌و برا پێشمه‌رگه‌كانتان بوو به جیهانی گوت"ژن و پیاو" به‌یه‌كه‌وه بۆ یه‌ك ئامانج تێده‌كۆشین و قوربانی ده‌ده‌ین له پێناوی دایكی گه‌وره‌مان كه نیشتمانه".
كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان