ئەمڕۆ 6-4-2015 دە ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك تاڵەبانی وەك
یەكەم سەرۆك كۆماری عیراق بە شێوەیەكی دیموكراسی لەدوای رووخانی رژێمی
رووخاوی بەعس تێپەڕدەبێت.
رۆژی 6ی نیسانی 2005 بۆ یەكەمجار لە مێژووی دەوڵەتی عیراقدا، كۆمەڵەی
نیشتمانی ئەوكاتەی عیراق لە هەڵبژاردنێكی ئازادو دیموكراتداو بە زۆرینەی
دەنگی ئەندامەكانی، سەرۆك مام جەلال-ی وەك یەكەم سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی
عیراق دەستنیشانكرد، بەمەش مام جەلال وەك یەكەم كەسایەتی كورد لە مێژووی
عیراقدا بە شێوەیەكی ئەو پۆستە گرنگەی پێ سپێردرا.لەو هەڵبژاردنەدا لەكۆی ٢٥٧ ئەندامی كۆمەڵەكە كە ئامادەی دانیشتنەكە بوون، سەرۆك تاڵەبانی ٢٢٧ دەنگی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بەدەستهێناو هەریەك لە (د.عادل عەبدولمەهدی و غازی عەجیل یاوەر)یش بە جێگیرانی سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردران.
لەو بۆنەیەدا سەرۆك تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عیراق لە وتەیەكیدا بەڵێنی دووپاتكردەوە كە دەستەی سەرۆكایەتی هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ تا هەمیشە لەجێی ئەو متمانەیەدا بن و گوێڕایەڵی ئیرادەی گەل بن و بە جددی و چاكی و دڵسۆزییەوە بەشداربن لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نیشمانی و ئەنجومەنی وەزیراندا لە هێنانەكایەی حوكمێكی دیموكراتی كە ئازادییەكان و مافە تایبەتی و گشتییەكانی مرۆڤ بۆ گەل دابینبكات.
هەر هەمان رۆژیش جۆرج دەبلیو بوش-ی سەرۆكی ئەوكاتەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پیرۆزبایی لە مام جەلال كرد، هاوكات چەندین بروسكەی پیرۆزباییش لە سەرۆكی وڵاتانی جیهان و سیاسەتمەدارو گەورە بەرپرسانی جیهانەوە ئاڕاستەی سەرۆك تاڵەبانی كران.
لەگەڵ راگەیاندنی هەواڵی بوونی مام جەلال بە سەرۆك كۆماری عیراق، دانیشتوانی سەرجەم شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بۆ دەربڕینی شادی و خۆشی رژانەسەر شەقام و شوێنە گشتییەكان و بۆ چەند رۆژێك ئاهەنگ و زەماوەندی خۆشیان سازدا.
جێی باسە، لە ساڵی 2003 لەلایەن ئەمریكاوە هێرشكرایە سەر عیراق بۆ لەناوبردنی رژێمی بەعس و پاش 20 رۆژ لە جەنگ زۆر بەئاسانی ئەمریكا توانی بیێتە ناو خاكی عیراقەوەو هەر لەوكاتەدا رژێمی بەعس لەناوچوو لەهەمان ساڵدا حكومەتی كاتی دامەزرێندراو پاش دوو ساڵ واتە ساڵی 2005 لە سەرجەم پارێزگاكانی عیراق یەكەم پرۆسەی دەنگدان بەأێوەچوو، پاش ئەو هەڵبژاردنەش لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتیمانی عیراق مام جەلال وەك سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردرا.
هەروەها مام جەلال یەكەم سەرۆك كۆماربوو پاش رووخانی رژێمی بەعس كە بەڕەسمی هەڵبژێردراو هەروەها یەكەمجاربوو سەرۆك كۆماری عیراقە كورد بێت.
پاش ئەوەش لە ساڵی 2010 بۆ جاری دووەم هەڵبژاردن لە سەرجەم عیراق بەرٍِێوەچوو لەو ساڵەشدا بەهەمانشێوە مام جەلال وەك سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردرایەوە.
جێی شانازییە، كە لە ئێستاشدا د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق كوردە.